=KTML_Bold=بۆچی کریستیانەکان لە ئێراق لە مەترسییەکی گەورەدان؟=KTML_End=
#ئانۆ جەوهەر عەبدول مەسیح عەبدۆکا#
=KTML_Bold=دۆخی خراپی کۆمەڵگەی کریستیانی=KTML_End=
ئەوەی کۆمەڵگەی کریستیان لە ئێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە، دەتوانرێت وەک ڕقلێبوونەوەی قووڵ و دوژمنکاری پێناسە بکرێت. کریستیانەکانی نێوەڕاست و باشووری ئێراق لە ساڵی 2003ەوە ڕووبەڕووی کوشتن، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان، ڕفاندن، جیاکاری و ئاوارەکردن و دەربەدەرکردن بوونەتەوە.
لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە سەتان کڵێسەی کریستیانەکان هێرشیان کراوەتە سەر و دەیان کەس لە پیاوانی ئایینیی کریستیان، لەوانەش مەتران و ئوسقۆف و قەشە کوژراون، ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون. لە ساڵی 2003ەوە نزیکەی 1350 هاووڵاتیی کریستیان لە ئێراق کوژراون و لە تێکڕای نزیکەی 2.1 ملیۆن کریستیانیش، نزیکەی 80٪یان ئێراقیان بەجێهێشتووە و چوونەتە وڵاتانی دیکە، ئەوانی دیکەش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوەش دوای دەستپێشخەرییە مێژووییەکەی سەرۆک #مەسعود بارزانی# لە ساڵی 2003دا کە ئامانج لێی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بوو بۆ هەموو پێکهاتە ئایینییەکانی ئێراق.
=KTML_Bold=تەنیا دژی پاتریارک نییە=KTML_End=
ئەو گێژاوە بەردەوامەی ئەمڕۆ کریستیانەکان تێیکەوتوون، ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە پێشتر جوویەکان لە ئێراق ڕووبەڕووی بووبوونەوە. میلیشیاکان کە ئامانجیانە دەست بەسەر ماڵ و موڵک و زەوی کریستیانەکان بگرن لە ناوچەکانی وەک دەشتی نەینەوا و شارەکانی دیکەی ئێراق دا، ڕووبەڕووی بەربەستێکی سەرەکی بوونەتەوە لەو هەوڵەیان دا، ئەویش لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسەی کاسۆلیکی کلدانى بوو.
لویس ساکۆ ڕێبەری ڕۆحی گەورەترین کڵێسەی ئێراقە، کە کلدانەکان نوێنەرایەتی نزیکەی 80٪ی کریستیانەکانی ئێراق دەکەن، دژی درووستکردنی میلیشیای کریستیانی بوو. بەڕێزیان هەمیشە هانی حکومەتی ئێراقی دەدات کار بکات بۆ ڕێگەگرتن لە درووستبوونی گرووپی لەو جۆرە، چونکە کریستیانەکان لەگەڵ هەبوونی حکومەتێکی سەقامگیر و تەندرووستن، نەوەک حکومەتێکی لاواز.
کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک مەترانەکان (ئەنجوومەنی مەترانەکانى نەینەوا)ش دژی درووستکردنی میلیشیا و قۆرخکردن و بەدەستهێنانی نوێنەرایەتیی سیاسیی کریستیانن لە پەڕڵەمانی ئێراق لە ڕێگەی دەیان هەزار دەنگی دەرەوەی پێکهاتەی کریستیانەوە. ئەو دەنگانە لە لایەن میلیشیاکانەوە کۆکراونەتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە کەس و هێزە نزیکەکانیان کە بەسەر کریستیانەکاندا سەپاندوویانن. ئامانج لەوەش بەهێزکردنی پێگەی سیاسی ئەو میلیشیایانەیە.
خۆڕاگریی کریستیانەکان، میلیشیاکانی تووشی شۆک کرد و، وای کرد سەرۆکی بەهێزترین کڵێسەی کریستیان بکەنە ئامانج. ئەوان ئامانجێکیان لەو کارەیان هەبوو، ئەویش ساردکردنەوەی خەڵکی دیکە بوو لە دژایەتیکردنی سیاسەتە هەژموونییە خۆسەپێنییەکان لە دەشتی نەینەوا. ئەو کارەی ئەوان درێژەی هەبوو و بە ناچارکردنی هاوپەیمانەکانیان بۆ کاریگەریی خستنە سەر بڕیاری دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار گەیشتە لووتکە، ئەوەش لە ڕێگەی دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە لایەن سەرۆککۆمار لەتیف ڕەشیدەوە بۆ کشاندنەوەی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی پەیوەست بە لویس ساکۆوە کە 10 ساڵ لەمەوبەر دەرکرابوو.
=KTML_Bold=بێدەنگکردنی کریستیانەکان=KTML_End=
لە کاتێکدا مەرسوومەکانى دیکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراق تایبەت بە ئوسقۆف و ڕێبەرانی دیکەی کریستیان هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتووە، بەئامانجکردنی لویس ساکۆ ئامانجێکی هەیە و پەیامێکی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت کریستیانەکان بێدەنگ بن و تەنانەت هاوکاری هەڵمەتی میلیشیاکانیش بن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای زەوی باووباپیرانیان لە دەشتی نەینەوا ! لە تەممووزی 2023ەوە لویس ساکۆ ڕوویکردووەتە #هەولێر#؛ بەڕێزیان لە هەولێر لە لایەن حکومەت و خەڵکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. بژاردەی ئەو، ئاماژەیە بۆ ناڕەزایی لە کارەکانی سەرۆککۆماری ئێراق و میلیشیاکان. هەزاران کریستیان لە ئێراق، هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە بەرانبەر ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە دەنگیان هەڵبڕیوە. سەرەڕای ئەو ناڕەزاییانە، نە حکومەتی ئێراق و نە سەرۆکایەتیی ئێراق هەنگاویان نەناوە بۆ وەڵامدانەوە و نەهێشتنی ئەو مەینەتییە یان کۆتاییهێنان بەو گۆڕینە دیمۆگرافیایەی لە ناوچە کریستیاننشینەکان لە دەشتی نەینەوا هەیە.
=KTML_Bold=دەشتی نەینەوا بووەتە دیلی دەستی میلیشیاکان=KTML_End=
ڕۆژی #04-08-2023#، (ئەنجوومەنی مەترانەکانی نەینەوا) خۆپێشاندانێکیان ڕێکخست و داوای هەنگاوی دەستبەجێیان لە لایەن حکومەتی ئێراقەوە کرد بۆ وەستاندنی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە بەردەوامەکان لە دەشتی نەینەوا. ئەو گۆڕانکارییانە هەڕەشە لە بوونی کۆمەڵگەی کریستیانی ناوچەکە دەکەن. لەوەش زیاتر، ئەنجوومەنەکە داوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی کرد کە دڵنیایی بدات لەوەی کریستیانەکان لە پەڕڵەمانی ئێراق نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەیان دەکرێت و کورسيیەکانيان بە دەنگى دەنگدەرانی غەيرە مەسيحی نەکەوێتە کۆنترۆڵی میلیشیاکانەوە. قەشەکان و هەزاران کەسی بەشدار لە خۆپێشاندانەکە تووشی شۆک بوون کاتێک بینیان میلیشیاکان دەستیانکرد بە داخستنی بازگەکان و ڕێگەگرتن لە ڕۆژنامەڤانان، هەروەها ڕێگەیان بە کریستیانەکانی شار و گوندەکانی دیکە نەدا بۆ ئەوەی بەشداربن لە خۆپێشاندانەکەدا.
=KTML_Bold=دەبێت کریستیانەکان چی بکەن؟=KTML_End=
پێویستە کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە هەوڵەکانیان یەکبخەن و بزووتنەوەکەیان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕێکبخەن. پێویستە لایەنە کریستیانەکان (کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەنەکان) لەگەڵ ئێزدی، کاکەیی و تورکمانەکان لەوە تێبگەن کە ئەگەر بە تەنیابن، ئەوا دەدۆڕێن، بەڵام ئەگەر پێکەوەبن و یەکگرتووبن، دەرفەتی گەورەی سەرکەوتنیان هەیە؛ هەروەها پێکەوەبوونیان گەرەنتیی مانەوەیانە لە نیشتمانە دێرینەکەیاندا کە شوێنی باووباپیرانیانە.
=KTML_Bold=مان يان نەمان؟=KTML_End=
گرنگە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش هەنگاو بنێن بە ئاڕاستەی پاراستنی کۆمەڵگەی کریستیانی هەڕەشەلێکراو لە ئێراق، بەتایبەتیی لە دەشتی نەینەوا. کاریگەرترین چارەسەریش بریتییە لەوەی ناوچەکە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێت و بەوردی چاودێری بکرێت؛ هەروەها گرنگە ڕێککەوتنی #شنگال# جێبەجێ بکرێت. هەنگاونەنان ئەو مەترسییە درووست دەکات کە جیهان یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵگە کریستیانەکانی لەدەستبدات. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات کە کریستیانەکان لە ئێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە و جینۆسایدی بەردەوامی حەشد بوونەتەوە. [1]