=KTML_Bold=ڕۆژێکی خوێناوی=KTML_End=
#ئانۆ جەوهەر عەبدول مەسیح عەبدۆکا#
کوردستانی ئەمڕۆ بە موجامەلە، بەرژەوەندییەکان، پەیوەندییە فەرمییەکان و لە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێی سیاسیی و ڕێککەوتنی حیزبی بوونیات نەنراوە، بەڵکوو کوردستان لە ناخی نەهامەتی و قوربانیدان و ئەو خوێنانەی کە لەسەر خاکە بێگەردەکەیدا چۆڕدراون هاتووەتە ئاراوە.
کوردستانی ئەمڕۆ درووستکراوی ڕووبارگەلێکی خوێنە کە بەسەر خاکەکەی چۆڕدراوە و شاخ و دۆڵ و شەقام و شار و گوندەکانی سوور هەڵگەڕاندووە و قووڕەکانیشی بەگۆشت و ئێسقانی باوان و خۆشەویستان ئاوێتە بووە. خوێنی کورد، تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، کریستیان، موسوڵمان، کاکەیی، ئێزدی، زەردەشتی و سابیئەی مەندایی هەمووان پێکەوە تێکەڵبوون. بەمشێوەیە کۆڵەکەکانی ئەم قەوارە ویژدانییە بەر لە دەستووری بوونییەوە سەرباری هەموو ئاڵنگارییەک دانراون. گەلێک قەڵغانەکانی کەللەی سەر و خوێن بێ، هەموو دونیا تێکبچێ، ئەو تێکناچێ.
زیاتر لە نیو سەدەیە، بەدیاریکراویش لە بەیانی ڕۆژی #16-09-1969# هێزێکی سوپای ئێراق بەسەرکردایەتیی ملازم عەبدولکەریم جحێشی دوای تەقینەوەی مینێک بە کاروانێکی سەربازیی لە نزیک گوندەکە، دەستیانکرد بەهێرشکردنە سەر گوندی (صوريا)ی کریستیانی کلدانی کاسۆلیکی.
ئەو گوندە پێنجەمین گوندە دەکەوێتە باشووری خاڵی بەیەکگەیشتنی سنووری نێودەوڵەتیی ئێراق و تورکیا و سووریا. لە هێرشەکەدا تەواوی گوندنشینەکانیان لە باخێکی بچووکدا دەستبەسەرکرد. چەند کەسێک نەبێت، کە توانییان خۆیان بشارنەوە و هەڵبێن.
لە سەرەتادا، قەشەی شەهید حەننا قاشا ویستی لەگەڵ فەرماندەی هێزە سەربازییە بەعسییەکە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگات، بەڵام ملازم جحێشی ئەخچەمی کلاشینکۆفەکەی دەستی ڕاکێشا، لەو کاتەدا کچێکی گوندەکە کە شەهیدی قارەمان لەیلای کچی مام خەمۆ-ی موختاری گوندەکە بوو، هەڵمەتی بۆ برد تاوەکوو کلاشینکۆفەکەی دەستی ملازمەکە بسەنێت، بەڵام ئەو، پاڵی پێوەنا و خستییە سەر زەوی و دەستڕێژی گوللەی لێکرد و بووە سەرقافڵەی شەهیدان.
دواتر قەشە حەننا قاشا-ی کوشت. پاشان سەربازەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵکی گوندەکەیان گوللەباران کرد بەبێ جیاکاری لەنێوان منداڵ، ژن، بەساڵاچوو، گەنجان و بەبێ زانینی ئایین و نەتەوەکانیان. لە دابەشکردنی ستەم، ڕژێمی دیکتاتۆر دادپەروەر بوو.
ئەو کات زۆربەی زۆری خەڵکی گوندەکە کۆمەڵکوژ کران و بەشێکیشیان بەسەختی تا مردن خەڵتانی خوێن کران و لەم نێوەندەشدا، سەربازەکان دەستیانکرد بەسووتاندنی دەغڵ و دان و ڕەز و باخەکانی گوندەکە بۆ ئەوەی بریندارەکان کە لەژێر تەرمی خۆشەویستانیان مابوونەوە لەنێو ئاگرەکەدا بسووتێن و یان بەدووکەڵی ئاگرەکان بخنکێن. هەر لەو کاتەشدا ملازم جحێشی و گرووپەکەی خەریکی سووتاندن و تاڵانکردنی گوندەکە بوون.
تەرمی پاک و بێگەری شەهیدەکانیان بۆ چەندین ڕۆژ لەم کاولکارییەدا هێشتەوە بۆ ئەوەی ببنە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵە دڕندەکان. دواتر لەنێو گۆڕی بەکۆمەڵ نێژران. تەنانەت بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ نەکرا، چونکە بە یاخیبوو هەژمار دەکران.
(صوريا) ئەو گوندەی کە یەکێک لە ڕۆڵە پێشمەرگە کۆچکردووەکانی بە ناوی یۆنان هورموز پێناسەی دەکات، لەبارەیەوە گوتوویەتی (صوريا) ئەو گوندە بچکۆلانە، تابلۆیەکی بچووککراوی کۆمەڵگەی کوردستان و نموونەیەکی زیندووی جوانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینگەرایی بووە. گوندەکە مایەی سەرنجی دراوسێکانی بووە، خەڵکەکەی وەک ئەندامانی یەک خێزان بوون لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوە بوون. تەنانەت گوندنشینە موسڵمانەکان پێیان باش بوو، یەکێک لە کریستیانەکان یاوەر و هاوخوێنیان بێت بۆ لەباوەشکردنی منداڵەکانیان لە کاتی ڕێوڕەسمی سوننەتکردنیاندا.
ئەمڕۆ پەنجا و یەک ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی (صوريا) تێپەڕدەبێت، کە یەکێکە لەو کۆمەڵکوژیانەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان لە کورد و کلدان و ئاشووری و سریان تێیدا بوونە قوربانی. گەلەکەمان دوای کۆمەڵکوژی (صوريا) ئازاری تاڵی چەشت بەدەست هۆڤیت و دڕندەیی و تیرۆر لە کۆمەڵکوژییەکانی سیفۆ و سیمێل. لە دوای (صوريا)ش هەمان نەهامەتییان چەشت لە شاڵاوەکانی ئەنفال و شەهیدکردنی هەڵەبجە و چەندین تاوانی دیکە. گەلی کوردستان باجی ئازادیی بەخوێن بەخشی.
کوردستان نیشتمانێک نییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بوونیاتنرابێت، بەڵکوو نیشتمانێکە فرمێسک و خوێن و جەستە و پرووسک لە خاکە پیرۆزەکەیدا ئاوێتە بووە و نیشتمانێکی وەک چیایەک بوونیاتناوە لە ویژدانی ڕۆڵەکانی نەوە دوای نەوە. نیشتمانێک لەسەر جەستەی شەهیدان بوونیاتنرا، کۆڵەکەکەی بەهێزە و هیچ کات درز نابێت لە بەردەم هەر جۆرە پیلانگێڕییەک کە دوژمنەکانی بەردەوام پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هاوبەش دەکەنە ئامانج.
نە برسیکردن، نە ئەشکەنجەدان، نە درۆ، نە ڕق و کینە و نە بەرژەوەندییە تەسکەکان ناتوانن یەک چرکەش لە ئازارە هاوبەشەکانمان کە پێکەوە چەشتوومانە دوورمان بخەنەوە. بەتێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ و ساڵ و بەگۆڕانی دۆخەکان و ڕووخسارەکانیش، هەرگیز بناخەی وڵاتێک ناهەژێ کە لە ڕۆژێکی خوێناوی بوونیاتنرابێت! [1]