=KTML_Bold=وەک کریستیانیەک نامەوێت بەشێک بم لەم ئێراقە=KTML_End=
#ئانۆ جەوهەر عەبدول مەسیح عەبدۆکا#
لەم ڕۆژانەدا یادی هەشتا و چوارەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئاشووری کلدانی سریانی لە سێمێل دەکەینەوە کە تێیدا نزیکەی پێنج هەزار کریستیان بوونە قوربانی و زیاتر لە 67 گوندی کریستیاننشین بە دەستی پیسی سوپای دەوڵەتی ئێراق لەژێر سەرکردایەتی و سەرپەرشتی ئەمیر غازی، ڕەشید عالی گەیلانی و بەکر سدقی خاپوورکران.
ئەو کات سوپای دەوڵەتی تازە لەدایکبووی ئێراق لە منداڵدانی ئیمپراتۆریەتی شکستخواردووی عوسمانییەکان لە پیتاندنی هەرسێ ویلایەتی موسڵ، بەسرە و بەغدا بە مامانییەتی وڵاتە زلهێزەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بەبێ ویستی گەلانی ناوچەکە لەدایک بوو.
یەکەمین کاری نەگریسی دەوڵەتی ئێراق دوای دەرچوونی لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دەستی پێ کرد، ئەویش جینۆسایدیکردنی ئاشوورییەکان بوو تەنیا لەبەر ئەوەی ئاشوورییەکان داوای مافی ژیانێکی ئازاد و ئۆتۆنۆمییان لە وڵاتی خۆیان و زێدی باوک و باپیرانیان دەکرد.
دوای نزیکەی 100 ساڵ لە دامەزراندنی ئەو وڵاتەی ناوی ئێراقە، گەلی کلدانی سریانی و ئاشووریی کریستیان چی بەدەستهێنا؟ مەگەر تەنیا مردن و نەهامەتی و کوشتن و بڕین و تاڵان و ئێش و ئازار نەبێت! نموونەی بەرچاوی ئەم نەهامەتییانە لە مێژوودا تۆمارکراون:
ساڵی 1933 جینۆسایدی سێمێل و ساڵی 1969 جینۆسایدی سووریا و ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان سەدان ڕوڵەی ئەم گەلە کوژران، تەنیا لەبەر ئەوەی پشتگیرییان لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان کرد. سەرەڕای ئەمەش زیاتر لە 100 گوندمان بۆردوومانکران، 132 کریستیان ئەنفالکران و سەدانیشیان لە ڕیزەکانی پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
سەدانی دیکە لە شەڕی بێمانای ئێراق و ئێران و ئێراق و کوێت کوژران و بێسەروشوێن بوون. نزیکەی دوو هەزاری دیکە لە دوای 2003 لەنێوەڕاست و باشووری ئێراق لەسەر ناسنامەی ئایینی تیرۆرکران و تاڵانکران. لەم نێوەندەشدا مەترانێک و چەندین قەشە ڕفێنران و تێرورکران. هەروەها موڵک و ماڵی کریستانەکان زەوتکران و لە لایەن میلیشیا شیعەکان دەستیان بەسەردا گیرا. هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێراقی لە ئەمریکا، لەنێوان ساڵانی 2003-2014، لە باشوور و نێوەڕاستی ئێراق زیاتر لە 110 جار پەلاماری کڵێسەکان و دێرەکان درا.
دوای ئەم هەموو ڕووداوانە ئەمجارەیان لە قۆناغی هاتنی تیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەتی #داعش# ژمارەیەکی دیاری کریستیان کوژران و ڕفێنران و زیاتر لە 170 هەزار کریستیان لە گوندەکانی خۆیان دەرکران و تاڵانکران و گوندەکانیان خاپوورکران.
سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی و تیرۆرە بەردەوامەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، کریستێدانییەکانی کلدانی، سریانی و ئاشووری کاریگەرترین بنیاتنەری دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بوون و دەستێکی باڵای خزمەتیان لە گشت بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و تەندرووستی و زانست و هتد.
بەڵام ئەنجامەکە چی بوو؟ تیرۆر دوای تیرۆر، نەهامەتی دوای نەهامەتی، فەرامۆشکرن و پشتگوێخستن...هتد! ئەنجامەکەی ئەوە بوو ژمارەی کریستیانەکان لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ تەنیا 450 هەزار کەس کەمبێتەوە، لەو ژمارەیەش زۆربەیان بە ڕێژەی 90% لە سنووری هەرێمی کوردستاندا دەژین.
وەک کریستیانیەکی کلدانی سریانی ئاشووری بڕیارمداوە دەست لەنێو دەستی هاونیشتمانییەکانم لە کورد و تورکمان و شەبەک و عەرەبی کوردستانی بنێم و وڵاتێکی نوێ لەسەر خاکی کوردستان دابمەزرێنم، ئەو خاکەی #فرەنسۆ هەریری#، هورمز مەلەک، جکو، سۆران و کارزان و سەدان ڕوڵەی میللەتەکەم خوێنیان بۆی ڕشتووە.
ئامادەم وڵاتێک دابمەزرێنم لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و دادپەروەری و عەلمانییەت و شارستانییەت درووست بکرێت. وڵاتێک کە دەبێت لە ئاڵاکەی و لە سروودی نیشتمانییەکەی و لە سیستەمی پەروەردەکەی و لە دەستوورەکەی نوێنەرایەتیم بکات. وڵاتێک کە جوگرافیا و دیموگرافیای گەلەکەکم دەپارێزێ و ئۆتۆنۆمیم وەک گەلێک پێدەبەخشی تاوەکوو بتوانین ئیدارەی خۆمان لەژێر چەتری حوکمێکی دیموکراتی و ئازاد بکەین.
من بڕوام بەوەیە ئەمە لە ڕێی کارکردنێکی جددی لەگەڵ هاونیشتمانییەکانم و سەرکردایەتیی سیاسی لە کوردستان دێتەدی و بە کەمتر لەمە جێگای قبووڵ نییە، ئەگەرنا دەبێتە دووبارەکردنەوەی هەڵەکەی 100 ساڵی ڕابردوو!
بەڵێ لە ڕیفڕاندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەم و بڕیاردەدەم لە کوردستانێکی سەربەخۆ و لە ئاییندەدا بژیم، نەک لە ئێراقێک بژیم کە بۆ نزیکەی 100 ساڵ دەبێت هەر بۆنی خوێنی لێ دێ، ئەو ئێراقە شکستخواردووەی گۆڕەپانێکی گەورەیە بۆ تەعەسوبی تایفگەری و ئایینی.
وەک کریستیانیەکی کلدانی، سریانی و ئاشووری نامەوێت بەشێک بم لە ئێراقێکی بنیاتنراو لەسەر بنەمای کوشتن و جینۆسایدی باوک و باپیرانم.
نامەوێت بەشێک بم لە ئێراقێک کە لە لایەن کەسانێک بەڕێوەدەبرێ هیچ بڕوایەکیان بە پێکەوەژیانی ڕاستەقینەی ئیتنیک و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان نییە.
نامەوێ بەشێک بم لە ئێراقێک کە لە لایەن پارتە تووندڕەوە ئایینەکان بەڕێوەدەبرێ کە بڕوایان بە جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت نییە.
نامەوێت بەشێک بم لە ئێراقێک کە هاووڵاتی پلە دوو و سێ بم تێیدا.
وەک کریستیانەک ئامادە نیم چیدی قوربانی بۆ وڵاتێک بدەم کە نزیکەی 100 ساڵە شکست و لێکترازنی خۆی سەلماندووە.
وەک کریستیانیەک نامەوێت بەشێک بم لەم ئێراقە، ئیدی بەسە...! [1]