=KTML_Bold=شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا=KTML_End=
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
=KTML_Bold=کێ دەزانێت، لەوانەیە ساڵێک بەر لە ئێستا و ڕێک لەم ڕۆژانەدا، ئەو خەریکی نوێژی ئیستیخارە بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم ڕۆژانەدا هەقە نوێژێکی شوکرانەش بکات کاتێک ئاوڕ لە ساڵی ڕابردووی دەداتەوە.=KTML_End=
باسی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەکەم کە وەک ئەستێرەی کۆڕبەندی ئەم ساڵی دۆحە دەرکەوت. وەزیر و بەرپرسی باڵا بەو ناوەدا هاتن و چوون، بەڵام هیچ کامیان وەک ئەو نەبوونە جێی سەرنج؛ هۆڵی (دەفنە) کە کریستیان ئامانپوور تێیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرد، جمەی دەهات.
بە هەنگاوی قورس و پڕ متمانەوە، کەمێک بە درەنگەوە هاتە نێو هۆڵەکەوە. بە پاساو، زۆر جاریش بە تەنز و گاڵتەوە بەرگری لە ئایدیا و ڕابردووی خۆی دەکرد، وەک ئەوەی بیەوێت بە زمانی جەستە بڵێت: من ئەو پیاوەی ساڵی پار نیم، شوێنپێم قایمترە لە جاران.
لە ڕاستیدا، دەرکەوتنی شەرع تەنیا گوزارشت لە خۆی و ڕابردووەکەی ناکات، بەڵکوو سیمبووڵی وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکییە کە دەشێ لە گۆڕانی دکتۆرینی ئەمریکادا کورت بکرێتەوە: کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی ڕژێمەکان و سپاردنی چارەنووسی ناوچەکە بە سیستەمێکی هەرێمی. هەر ئەمەشە وا دەکات دۆنالد ترەمپ، شەرع بە ئازا ناو ببات.
هەر لەو کاتانەدا و لە دیوێکی دیکەی هۆڵەکەوە، تۆماس باراک (کەسایەتی نزیک لە ترەمپ) لە بەردەم میدیاکاندا چارەسەری خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست فورمولە دەکرد: وازهێنانی ئەمریکا لە گۆڕینی ڕژێمەکان، پشتیوانی لە شەرع، مانەوەی سوودانی لە ئێراق، ئاشتکردنەوەی وڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران. وەک بڵێی کێشەکانی ئەم ناوچەیە تەنیا بە هەبوون و نەبوونی ئەمریکاوە پەیوەست بن! هەرچۆنێک بێت، لەوانەیە پشتگیریی شەرمنانەی ئەمریکا، خەلیج، تورکیا و تەنانەت ئەوروپاش، داینەمۆی ئەو متمانە بەخۆبوونەی شەرع بێت.
هەندێک جار کۆنە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان بۆ قسە دانامێنێن، هەروەها ئەوەندەش پراگماتیک دەبن کە خەڵک پێشبینی نەکەن. شەرع باش دەزانێت کە مان و نەمانی لە دەسەڵات پەیوەستە بە گونجانی لەگەڵ هێزە گەورەکانەوە، نەک بە ڕۆمانتیزمی ئایدۆلۆژی. ئەو پێویستی بە 250 بۆ 400 ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا، دەشزانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەم پارەیە خەونە. هەر بۆیە کاتێک باسی ڕێککەوتنی 1974ی بەرزاییەکانی گۆلانی کرد و بە سەرکەوتوو ناوی برد، ڕاستەوخۆ پەیامی بۆ تەلئەڤیڤ نارد: من مەترسی نیم، من کلیلی سەقامگیریم.
لە چاوپێکەوتنەکەشدا، پرسیارەکانی کریستیان ئامانپوور هاوشێوەی سیاسەتی ئەمریکایی، خاتری شەرعی زۆر دەگرت و دەرفەتی پێدەدا سەکۆکە بقۆزێتەوە. شەرع زیرەکانە پرسیار لەبارەی ڕابردووە تیرۆریستییەکەی کردە دەرفەتێک بۆ سپیکردنەوەی ڕووخسارە سیاسییەکەی و وتی: تیرۆر دەستەواژەیەکی سیاسییە؛ بۆچی کوژرانی هەزاران بێ تاوان لە غەزە تیرۆر نییە، بەڵام بەرگریی ئەوان تیرۆرە؟.
شەرع وتی سووریای نوێ سووریای خێڵ نییە و بەشبەشێنە موحاسەسەی تێدا نابێت. وتی پێنج ساڵمان دەوێت بۆ ئەوەی سووریا بکەوێتە سەر ڕێڕەوی خۆی، بەڵام بەپێکەنینەوە وتی هێشتا یەک ساڵی ڕۆیشتووە؛ وەک بڵێی حەزبکات بێژێ سووریای نوێ سووریای خۆمە و جارێ هەر خۆم حەساوم! ئامادەبووانیش زووزوو جەپڵەیان بۆ لێدەدا وەک بڵێی لە کۆنگرەیەکی حیزبیدا قسە بکات.
شەرع بەوردی باسی ئەوەی نەکرد کە داهاتووی کێشەی دروز، عەلەوی و کورد چی دەبێت، تەنیا لە دەرەوەی هۆڵەکە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان و تیمی ڕووداوی گوتبوو کە یەک دەگرین.
بەڵام ڕێک دوای ئەو، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد و پەردەی لەسەر گرێکوێرەکە لادا. فیدان بە دیاریکراوی باسی کادیرە بیانییەکانی #هەسەدە# و، پرسی قەبارەی هێزەکە و ڕۆڵی ئۆجەلانی کرد.
مەرجی سەرەکیی ئێستای ئەنقەرە دەرکردنی کادیرە بیانییەکانە؛ واتە ئەو فەرماندە ناسوورییانەی کە بڕبڕەی پشتی هەسەدەن. پێشتر مەزڵوم عەبدی گرێکوێرەی کشانەوەی #پەکەکە#ی لە ڕۆژاوا کردبووە بەرپرسیارییەتی ئیمرالی و، ئۆجەلانیش بەم دواییانە ئاماژەی بەوە دابوو کە دەتوانێت چارەسەری بکات، بەڵام فیدان لە دۆحە دەریخست کە متمانەیەکی زۆری بەمە نییە و وتی: نازانم قسەکانی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# [لای پەکەکە] قبوڵ دەکرێت یان نا، چونکە جاری پێشوو کاریگەریی نەبوو.
ئەم گومانەی فیدان ئەو پرسیارە جدییە دەورووژێنێت: ئەگەر ئەنقەرە بڕوای بەوە نەبێت کە ئیمراڵی دەتوانێت کۆنترۆڵی #قەندیل# و ڕۆژاوا بکات، ئایا تورکیا چی لەم پڕۆسەیە دەکات کە بەردەوامە؟ ئایا ئەمە زەنگێک نییە بۆ گەڕانەوەی شەڕی هەردوولا ، ئەگەر پڕۆسەکە سەرینەگرت؟ [1]