=KTML_Bold=هەڵبژاردن و نادڵنیاییە ستراتیژییەکانی بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان=KTML_End=
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
لەم ڕۆژانەدا دەستەواژەی جیاجیا لەبارەی هەڵبژاردن دەگوترێت. نووری مالکی گوتویەتی بەشداری نەکردن لە واتای ڕادەست بوونە بە شەیتان، هادی عامریش وەک شەڕی مانەوە ناوی بردووە. قەیس خەزعەلی باسی لە هەبوونی پڕۆژەی مەترسیدار بۆ ئێراق کردووە و گوتوویەتی دەشێ خەڵک بەشداری بکەن، ڕێک پێچەوانەی ئەو داوایەی موقتەدا سەدر کە بۆ بایکۆت کردبووی. لەبەرەی سوودانی هەوایەکی تر هەیە و، ئەو داوا لە دەنگدەران دەکات کە ڕێگەی بدەن کارە نیوەچڵەکانی تەواو بکات. دواجار ئامانجی درووشمەکان ڕاکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کە لەوانەیە یەکێک لە گەورەترین تەگەرەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارە بێت، بەڵام تەنیا ئەوە نییە! پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئێراق لە دۆخی نادڵنیاییەکی ستراتیژیدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات.
لە ماوەی کورتخایەندا، لانی کەم ماوەی یەک ساڵی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت سەبارەت بەوەی کە دۆخەکەی باشتر دەبێت یان بەرەو ناسەقامگیرییەکی نوێ مل دەنێت. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی کە ئایا دوای هەڵبژاردن بە هۆی دۆخی نێوخۆیی، پاشلەرزەکانی گرژی - پێکدادانە ناوچەییەکانەوە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەڕوات یان بە پارێزراوی ئەم قۆناخە تێپەڕ دەکات.
=KTML_Bold=ئایدیای یەکەم جار ئێراق لە گرژییەکاندا دەیخوات؟=KTML_End=
لەوانەیە درووشمی یەکەمجار ئێراق کە پێدەچێت سوودانی بە قەرز لە ترەمپی وەرگرتبێ، لە هەڵبژاردندا بە کەڵک بێت، بەڵام ئەستەمە لە گرژییە گریمانەییەکانی داهاتوودا بیخوات. ئەم درووشمە هەڵگری ئایدیایەکە سەبارەت بەوەی کە بەغدا دەتوانێت لە گرژییەکانی ناوچەکەدا سەرەتا لە بیری خۆیدا بێت وەک ئاماژەیەک بۆ بێلایەنبوون. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق پێشتر گوتبووی لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل دا 29 جار ڕێگەی لە هێرشی درۆن و مووشەکی گرووپە چەکدارییەکانی ئێراق بۆ سەر ئیسرائیل گرتووە بۆ ئەوەی شەڕەکە داوێنی بەغدا نەگرێت. هەرچەند دەکرێت سەرۆکوەزیران لەم بابەتەدا، هاوشێوەی بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان و هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی شیعە وەک نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی جیاوازی هەبێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر دوورهێشتنەوەی ئێراق لە شەڕی 12 ڕۆژە، بەرهەمێکی ئەمریکایی-ئێرانی بوو نەک تەنیا خواستێکی ئێراقی. هەر لە بنەڕەتدا لایەنە سەرەکییەکان بڕیارێکیان نەبوو کە شەڕ بخەنە سەر خاکی ئێراق و هەردوولا بۆ ئاسمانەکەی پێ گیرابوون. ئیسرائیل بۆ فڕۆکە دەیویست و ئێرانیش بۆ تاقاندنی مووشەک، بەڵام وا دیارە ئێستا لە سێبەری باسەکانی ئەگەری و شەڕ و ناشەڕدا، بایەخی خاکی ئێراق لە ستراتیژی لایەنە جیاوازەکاندا زیاتر بووبێ و ئەوەش کاری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو قورستر دەکات.
شەش سزای ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران گەڕایەوە و ئەمەش لە سادەترین واتای خۆیدا- ئەگەر بە تووندی جێبەجێ بکرێن - واتای دۆخێکی ئابووریی قورس، درووستبوونی تەگەرە بۆ فرۆشتنی نەوت و دەستکەوتنی دۆلار و کڕینی چەکەمەنی دێت. بە هۆی هەبوونی تاڵیبان لە ڕۆژهەڵات و ئازەربایجانی هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ملی باکوورەوە، ئێراقی دەوڵەمەند بە نەوت بایەخێکی ئێجگار گەورەتری بۆ تاران پەیدا کردووە، بەڵام ئێراقیش لەژێر زەڕەبینی ئەمریکادایە؛ چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا واشنتن کۆمپانیای موهەندیس و چەندین بەڕێوەبەری دیکەی بانکە ئێراقییەکانی بە پاساوی یارمەتیدانی دارایی ئێران خستە ژێر گەمارۆوە. پێشتریش هەر بەو پاساوە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەیست بە ڤیزاکارت و ماستەرکارت لە لایەن بەشێک لەبانکە ئێراقییەکانەوە سنووردارکردبوو. باسی ئەوەشی کردبوو کە لێناگەڕێت ئێران لە ڕێی ئێراقەوە بە قاچاخ نەوت بفرۆشێت. هەڵبەت سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێراق یەکێک لە دوایین دەرفەتەکانی ئێرانە و پێناچێت سەرەڕای گوشاری ئەمریکا هەروا بەئاسانی کۆڵی لێ بدات. بەدەر لە گرنگییە ئابوورییەکەی لە دۆخی گەمارۆکاندا، بایەخی گوزەرگایی ئێراق لە ستراتیژی نوێی ئێراندا زیادی کردووە.
بەگشتی پێدەچێت هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئێران لە دوای شەڕی 12 ڕۆژە، درێژەپێدان بە هاوکاری لەگەڵ چین و ڕووسیا، تووندکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی ناوچەیی و دەستگرتن بە ئێراق و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ شەڕی مووشەکی بێت.
ڕابەری ئێران گوتویەتی کێشەی ئەوان و ئەمریکا چارەسەرێکی نییە و ئەوانەش کە داوای گفتوگۆ دەکەن، ڕووکەشانە سەیری شتەکان دەکەن. پێدەچێت ئەمەش ڕەتکردنەوەیەکی قسەکانی بەرەی ڕیفۆرمیستەکان و کەسانی وەک حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران بێت کە گوتبووی کەمکردنەوەی گرژییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێویستە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا سەرۆککۆماری ئێران عەلی لاریجانی کرد بە سکرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی کە بە یەکێک لە ئەندازیارەکانی نیگای ئێران بەرەو ڕۆژهەڵات سەیر دەکرێت وەک ئەو ڕۆڵە تایبەتەی لە ڕێککەوتننامەی 25 ساڵەی چین و ئێراندا هەیبوو، یان ئەو ڕێککەوتننامە 20 ساڵییەی کە تاران و مۆسکۆ واژۆیان کرد.
لادانی عەلی ئەکبەری ئەحمەدیان و دانانی لاریجانی لە شوێنەکەی، هەروەها دانانی عەلی شەمخانی و سەعیدی جەلیلی لە ئەنجوومەنی بەرگری، دەتوانن نیشانەی ئەوە بن کە ئێران لە سیاسەتی ناوخۆدا لە جیاتی گوێگرتن لە ڕیفۆرمیستەکان بایەخ بە باڵی ئوڵتراموحافزەکاری سیستمەکەی دەدات کە دەشێ سەعیدی جەلیلی یەکێک لە نوێنەرەکانی بێت. لە ئاستی ستراتیژی سەربازیشدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئێرانییەکان باس لە بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرزکردنەوەی مەودای مووشەکەکانیان دەکەن، لەوانەیە ئەم جارە زیاتر گرنگی بە ستراتیژەکانی وشکانی و دەریایی بدەن، ئەمەش بەدەر لەوەی کە شەڕ ڕوو بدات یان نا. عەلی شەمخانی پێشتر ڕابردووی فەرماندەیی هێزی دەریایی ئێرانی هەیە و عەلی لاریجانیش یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسدارانە کە بۆ خۆی لە نەجەف لە دایکبووە! لاریجانی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی یەکەم سەردانی دەرەوەی خۆی بۆ ئێراق و لوبنان کرد. محەمەد باقری قاڵیباف، سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێرانش کە خۆی کۆنە سوپاییە، گوتوویەتی ئێمە ئەگەر لە گۆلان شەڕی ئیسرائیل نەکەین دەبێت لە #جەلەولا# شەڕ بکەین. عەلی لاریجانیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەوان گرووپەکانی موقاوەمە درووستناکەن، بەڵام پشتگیرییان لێ دەکەن. لە ڕاستیدا ئەمانەش دەریدەخەن کە بایەخی ئێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ستراتیژی ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە. وەک چۆن بنیامین نەتەنیاهووش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی ئێراق کرد ئەگەر بێت و بە قسەی خۆی هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
=KTML_Bold=ترسی ئێراق لە سووریا؛ بەهێزبوونی خێڵەکان و ئەگەری خورتبوونەوەی #داعش#=KTML_End=
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە کۆتایییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵدا دەستی بە جێگۆڕکێی هێزەکانی کرد لە ئێراق و بەرەو هەرێمی کوردستان کشایەوە. ئەمە لە لایەک دەستی سوودانی بەهێزکرد بەرانبەر وتاری گرووپە چەکدارەکان کە دەرچوونی ئەمریکایان لێ کردبوو بە مەرج. لە هەمانکاتیشدا دەتوانێت دەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئاوەڵا بکات کە ئازادتر لە جاران بجووڵێنەوە. ئەمریکا گوتوویەتی گواستنەوەیەکی بەرپرسیارانە دەکات لە ئێراق وەک ئاماژەیەک بە کشانەوە جەنجاڵییەکەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەفغانستان کە زۆر جار ترەمپ ڕەخنەی لێگرتووە. ئەمە دەتوانێت سەرنج بۆ ئەگەری هەستانەوەیەکی دیکەی سووننەش لە ئێراق ڕابکێشێت، ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا دەسەڵاتێکی (ئیسلامی–سوننی) لەودیوی سنوورەکانی ئێراقەوە خەریکە جێ پێی خۆی قایم دەکات. ئەمریکاش وەرگۆڕانێکی گەورەی کردووە بەوەی کە لە شەڕی دژی تیرۆرەوە خەریکی ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەوانەی کە جاران بە تیرۆریست ناوی دەبردن هاوکاری بکات. لە ئەفغانستان سەودای بنکەی ئاسمانی بگرامی لەگەڵ تاڵیبان لەسەردایە و لەگەڵ جۆلانیش بەرنامەی ڕێگرتن لە نفوزی ناوچەیی ئێرانی هەیە. ئەمەش دڵەڕاوکێیەکی لای بەرپرسانی شیعەی ئێراق درووست کردووە.
لە لایەکی دیکەوە هێرشی هەزاران چەکداری خێڵە بەدەوییەکانی سووریا بۆ سوەیدا لە مانگی 7ی ئەمساڵ چەندەی بابەتێکی ناوخۆیی سووریاش بێت ئەوەندەش پەیوەندی بە ئێراقەوە هەیە، چونکە بەشێک لەوانە خزم و کەسوکاریان لە ئێراق هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانێت وەک مۆدێلێکی نوێی هەستانەوەی سوونی لە سیاسەت سەیر بکرێت. سەرۆککۆماری سووریا بەو دواییانە (ئەبو ئەحمەد زکور)ی سەرکردەی پێشووی هەتەشەی وەک ڕاوێژکاری خۆی بۆ کاروباری خێڵەکان داناوە کە پێدەچێت نیشانەیەک بێت بۆ دامەزراوەیی کردنی ڕۆڵێ خێڵەکان لە سیاسەتی سووریای نوێ. خێڵەکان لە پرسە نێوخۆییەکانی وەک گوشار دانان لەسەر #هەسەدە# و دروزییەکان بە کەڵکی شەرع هاتوون، بەڵام ئەمە بۆ ئێراق چ واتایێکی دەبێت بە تایبەت ئەگەر ڕۆژێک بێت و دیمەشق لە سیاسەتی دەرەوەشدا بەکاریان بهێنێت.
بێجگە لە پرسی خێڵەکان، داعشیش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئێراق. هێشتا نزیکەی 1500 چەکداری داعش لە ئێراق و سووریا ماون و هەزاران کەسیش لە زیندانەکانی سووریان. دەوری 30800 کەس لە زیندانی و بنەماڵەکانی داعش لە هەردوو کەمپی ڕۆژ و ئەلهۆل لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا ماون کە 8072 کەسیان خەڵکی ئێراقن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکەش گەڕێندراونەتەوە. ئێراق ترسی لە ئێستای سووریا کەمترە، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەم لە داعش هەمیش لە خێڵەکان نیگەرانە بۆیە دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا و بەپەرۆشەوە چاودێری دۆخەکەی دەکات. لە ماوەی کورتخایەنیشدا چارەنووسی هەسەدەشی بەلاوە گرنگە. پرسیارەکانی وەک ئەوەی کە ئایا هەسەدە بە ناوێکی دیکەوە هەموو یان بەشێک لە سنوورەکانی سووریا دەپارێزێت وەک ئەوە پێشنیارانەی کە ئێستا وەک چارەسەرێکی مامناوەندی لەنێوان هەڵوەشاندنەوە و هێشتنەوەی هەدەسەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت یان بە جۆرێکی دیکە تێکەڵاوی سوپای سووریا دەبێت، ئایا هێزێکی سوپایی بۆ خێڵە بەدەوییەکان درووست دەکرێت یان نا، لە ڕیزی ئەو پرسیارانەن کە ڕەنگە ئێراقیش مەراقی وەڵامەکانی بکات.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
ترس و دڵەڕاوکێ لە کاریگەریی ڕووداوە ناوچەییەکان لەسەر ئێراق، دیاردەی سوودانی و بایکۆتەکەی سەدر لە ڕیزی گرنگترین ئەو بابەتان کە دەشێ ئاڕاستە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەن کە پێدەچێت بۆ هەریەک لە ئەکتەر ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش جێی سەرنج بێت. لە کۆی 29,450,000 دەنگدەر لە ئێراق، تەنیا 21,404,291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە دەوری 19 ملیۆن کەسن. واتا هەر لە ڕێیەوە 10 ملیۆن و 450 هەزار کەس بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە هێشتا دیار نییە چ ڕێژەیەکی ئەو 19 ملیۆنەی کە ماون بەشداری دەکەن. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ملیۆنێک بە هۆی سەدرەوە بەشداری نەکات و ڕێژەی بەشداریکردنیش تەنانەت لە دەوری 50% بێت- کە ڕەنگە زۆریش بێت- ئەوسا ئەنجامەکان دەتوانن لە سێ کەس تەنیا نوێنەرایەتی کەسێک بکەن، ئەمەش دەتوانێت تەگەرەکەیەکی گەورەبێت بۆ سیستمی سیاسی. خاڵی دووەم ئەوەیە کە گرووپە نەریتییەکان شیعە چۆن ڕووبەڕووی سوودانی دەبنەوە کە سەرەتا وەک کەسێک خۆیان هێنایانە سەری کار و ئێستا وەک ڕکابەرێکی گرنگ لێیان دەخوێنێ. بەشێک لە گرووپە نەریتییەکانی شیعە لە 2021دا لە ڕکابەریی هەڵبژاردنیدا لەگەڵ سەدر بەرەو نابووتی ملیان نا و پێدەچی ئەمجارەش سوودانی بەشێکی دیکەیان بتوێنێتەوە، بەڵام واتای ئەوە نادات کە بەئاسانی دەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
نەک تەنیا بۆ گرووپە شیعییەکان بەڵکوو بۆ کورد و سوننەش لە ناوخۆ، هەروەها بۆ تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەوروپا و خەلیجیش گرنگە کە کێ دەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران. پێدەچێت هەوای ئێستا بە قازانجی سوودانی بێت، بەڵام بێشک ئەو ڕووبەڕووی ڤیتۆی ڕکابەرە شیعییەکانی خۆی دەبێتەوە هەرچەند کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا پشتیوانێکی زۆریشی هەبێت. بۆیە دوور نییە پێشبینی دانووستاندنی تووند بۆ پۆستی سەرۆکوەزیری داهاتوو بکرێت ئەگەر ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو لە سندوقەکان دەرنەکەون. هەڵبەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردان و دانووستاندنەکانی دوای هەڵبژاردن هەرچۆنێک بن، نادڵنیاییەکی گەورەتر لە پێشەڕۆژی ئێراقەوە دیارە. [1]