قەڵای خۆشاو، لە ناوچەی خۆشاوی سەر ڕێگەی #وان#ە. قەڵایەکی دێرینە، لەسەر گردە بەردێکی نوک تیژ درووستکراوە، ناوەکەی لە ناوی ڕووبارەکەوە هاتووە، بەواتای قەڵای ئاوە پاکەکە. ڕووبارێکی پاکە و ئاوێکی شیرینی هەیە. گوندەکە کەوتووەتە تەنیشتی قەڵاکەوە. دەروازەی سەرەکی قەڵاکە لە بەشی ڕۆژهەڵاتە، لەسەر دەروازەکە، بەردێکی گەورەی پان وەک دیمەکی بەستنەوەی دوولای دەروازەکە دانراوە، لەسەر بەردەکە نیگاری شێرێک هەڵکۆڵراوە، بەڵام هیچ نووسینێکی لەسەر نییە، پێدەچێت سەردەمی ئۆراتوییەکان بێت، چونکە ئەوان هێمای شێریان بەکار هێناوە.
بەڵام لە سەردەمی میر سلێمان بەگی میری ناوچەکە، هەندێک لە شوێنەکانی قەڵاکە نۆژەنکراونەتەوە و ناوی خۆی لەسەر نۆژەنکردنەوەکە نووسیوە.
کاتێک گەیشتمە خۆشاو، سەر لە ئێوارە بوو، شاخەکانی تەنیشتی گوندەکە وشکن، جۆرە خۆڵێکیان هەیە، کەمێک زەرد و چەورە، کانەبەردەکان زۆرزۆرن، تەواوی شاخەکانی دەوروبەری داگیرکردوون، بۆیە کەمترین درەختی تێدایە.
پەنجەرەکانی قەڵاکە پان نین، پەنجەرەی درێژی لاکێشەیین، یان درێژی سەرکەوانەیی. لایەکی قەڵاکە تاشەبەردە و لایەکی لێژێکی سەخت، تەنیا لای دەروازەکەی چوونە ناوەوەی ئاسانە، بەشەکانی تری سەختن و ئاسان نین، بە شێوەی ناوچەکەیدا پێدەچێت قەڵایەکی سەربازی بووبێت، نەک قەڵایەک بۆ نیشتەجێ بوون، چونکە قولەکان و شوێنەکەی و جۆری پەنجەرەکانی، نیشانەن بۆ قەڵایەکی سەربازی. [1]
نەبەز گۆران، لە ڕۆمانی/ گەشتەکەی دێواری برادۆستی