ئاسیاوەکانی گوندی فەقێ مستەفا
لە کۆندا لە گوندی (#فەقێ مستەفا#) پێنج ئاسیاو (ئاشی ئاو) هەبووە، لەسەر چەمی #ئاوەسپی#، خەڵکی ناوچەکانی #سەنگاو#، زەنگەنە، ڕۆغزایی جاف، دەهاتنە ئەم ئاسیاوانە و گەنمیان دەکردە ئارد و ساوەر و ئالیک بۆ ئاژەڵ، کە بۆ ئەو کات و زەمانە زۆر گرنگ بوونە و ڕۆڵی گەورەیان هەبووە، خۆزگە کارێک دەکرا بۆ پاراستنی پاشماوەی ئەم ئاسیاوانە وەک پاشماوەی دێرین دەپارێزران، ئەم ئاسیاوە ئاسیاوی دۆ وشکەی پێدەڵێن و یەکێکە لەو پێنج ئاسیاوە کە پاشماوەکەی تا ئێستا ماوە، بەداخەوە ئەوانی تر نەماون.
بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایی بە هۆی گەڕان بەشوێن شوێنەوار و کاڵای بەنرخی کۆنەوە ئاشەکە شێوێنراوە و تەنیا کەڵەک و بەردەکەی شوێنەواری ماوەتەوە، ناوچەی #سەرشاتە# وڵاتی ئاشەکانە چونکە بەشێکی زۆری بنەماڵەکان ئاشیان هەبووە، ئەوەی تا ئێستا زانراوە بۆ نزیکەی (17) ئاشی تێدابووە و هەر لە سەرەتای بنیادنانی گوندەکەوە تاوەکوو ڕۆژی #1978-08-14# ڕاگواستنی گوندەکە ئاشی ئاوی تێدا بووە. [1]