ناونیشانی بابەت: نامەیەک لە سەنگەرەوە
نووسەر: #ئالان ڕەحمانی#
پاییز، مانگێکی تەواو کردبوو. وردە وردە گەڵاکان لەبەرزوە خۆیان فڕێ ئەدا خوارەوە و هەر گەڵایەک وای نەکردبا، دار، خۆی ئەیتەکاند.
کەش و هەوا بەرەو ساردی نزیک ئەبووەوە.
نەشمیل و بنەماڵەکەی ڕۆیشتبوون بۆ سەیران و گەڕیان؛ لە سەرەتاکانی ڕێگادا بیریان کەوتبۆوە هەندێ کەل و پەلیان جێ هێشتووە.
گەڕانەوە، (جادە چۆڵ و سێبەر بوو). گەیشتەوە ماڵ و ویستیان بچنە ژوورەوە کە کوڕێکی گەنج، بە جلی ئیدارەی پۆستەوە بەرەو ماڵیان نزیک بووەوە و پرسیی: ماڵی ژمارە 21، ئەمەیە؟
نەشمیل لای کردەوە و وتی: بەڵێ! فەرموون.
کوڕە وتی: پاکەتێک هاتووە بۆ خاتوو نەشمیل، ئێوەن؟
نەشمیل وەڵامی داوە: بەڵێ بەڵێ، خۆمم.
کوڕە پاکەتەکەی دا بە نەشمیل و ئەویش فۆرمی وەرگرتنەکەی واژۆ کرد.
چووە ماڵەوە. وتی: تا ئێوە کەل و پەلەکە ئەبەن منیش سەیرێکی ئەم پاکەتە ئەکەم بزانم چییە؛ گەر زەحمەت نەبێ!
چووە ئاشپەزخانەکەوە و لەسەر کورسییەک دانیشت و ئانیشکەکانی خستە سەر مێزەکەوە و پاکەتەکەی باز کرد. دوو کاغەزی تێدا بوو، یان باشتر بڵێین، دوو نامە!
نامەی یەکەمی کردەوە و دەستی کرد بە خوێندنەوە:
***
من ئەتوانم چ وشەیەک وەکوو (سڵاو) بە کار ببەم، کە هاوتای ناو و مانای وجوودت بێ، نەشمیل گیان!
هەر (سڵاو) شک ئەبەم و، سڵاو! نازانم ئەمڕۆ چەنەمین ڕۆژ و مانگە کە بۆ پاراستنی تۆ و خاکەکەت، لێت دوور کەوتووم. دڵم وەکوو لوولەی تفەنگەکەم تەنگە بۆت؛ عەینەن وەکوو خۆی ئاگرە بۆت؛ بۆ هەمووت تەنانەت بۆ قەڵس بوونەکانیشت، پێکەنینەکانیشت، بووکڵەکانیشت…
خۆزگە ئەکرا وەڵامی ئەم نامەیە ئازا بهاتایەتەوە بۆم. مەسەلەن کۆترێکمان هەبووایە و ڕۆژانە چەندین جار هاتووچۆی نێوانمانی بکردایە. یان (بادی سەبا)! ئەی بە لەعنەت بێ! هەمووی فشەی شیعرییە، دەردی هیچ ناخوات.
من حاڵم باشە باوانەکەم. لێرە گەر بارودۆخ تایبەت نەبێ، لەسەر کاتی خۆی نان و ئاو و جگەرەمان پێئەدەن. تەنیا دڵم کاتی ئیسراحەت و پشوو و کار و شەڕ و تۆڵە و باشتر بڵێم هەموو کاتێ ئێش ئەکات، لەبەر دووریی تۆ…
با هەواڵێکی خۆشت پێ بدەم، بڕیارە بەم زووانە پشوویەک وەربگرم. هاوڕێیەکم پێی وتم کە هاتیتەوە سەرێکم لێ بدە، هەر لە شار خزمەتێکی ئاسان و پشتی مێزیت بۆ حەول ئەدەم. ئیتر پێویست ناکا بچمەوە سەنگەر نەشمیلم! هەر لە شار ئەمێنمەوە. دەستی ئەڕوات! جێی متمانەیە خەمت نەبێ.
چرکە ئەژمێرم هەرچی زووتر بێمەوە. تا وەکوو ئەوسا بتگرمە کۆڵەوە و لە هەوراز و نشێوەکانی تەپۆڵکە و دەشتەکانی گوند، لای گوڵەگەنمەکان کۆلارە سوورەکەمان بفڕێنین و (با) قژەکانت شانە کا.
وەکوو دواجار نیم ئیتر! ئێرە هیچی نەبووبێ ئەوەی هەبوو کە بەهێزی کردم! چیتر زوو ماندوو نابم، ئیسە ئەتوانم هەر لە سەرەتای دەشت و چۆڵەوانییەکان تا ناوەندی گوند ڕا بکەم و موویەکیش کۆلارەکە نزم نەبێتەوە. ئەسڵەن کێ ئەزانێت، شایەد هێندە خێرا بووین خۆیشمان بە کۆلارەکەوە فڕین!
هەروەها زەماوەنیش ئەکەین و هەزاران ڕووداوی جۆراوجۆر و خۆش…
ئەوە فەرماندەکەمان هات، وتی زووبن کات نییە. بەداخەوە بەس هەندێ کات پیاوێکی پۆست ئەنێرن بۆ ئێرە و دیار نییە چ کاتانێکە بۆیە ناوەڵ ناو نامە ئەنێرم، تەنیا یەک لاپەڕەش ئەدەن و ناشیەڵن لە پشتیەوە بنووسین!
لاپەڕەی خۆشمان وەرناگرن. ئاوا پاداشمان ئەدەنەوە…
بە هەر حاڵ، خۆشم ئەوێی نەشمیل گیان. بەو زووانە ئەگەڕێمەوە. چاوەڕێ بە…
***
چاوەکانی نەشمیل، گۆمی خوێن بوون و دڵی، کەلاو لە مەراق و خولیای با بردوو… ئەو لاپەڕەکەی سەیر کرد:
***
ئەم نامەیە لە شێتخانەی مەرکەزی، بەشی نەخۆشەکانی جەنگ دێت.
ئەگەر ئەتانەوێ وەڵامی ئەم نامەیە بدەنەوە، یان ئەگەر داواتان هەیە چیتر لە نەخۆشەکەتان نامە وەرنەگرن، ئەتوانن کاغەز بنووسن و بینێرن بۆ ئەم ناونیشانە:……..
…………….
***
شووەکەی نەشمیل لە لای ماشینەوەکەوە بانگی کرد و وتی: وەرە کەل و پەلەکەمان هەڵگرت زووبە.
نەشمیل کە خەریکی خوێندنەوە بوو، بە دەنگی شووەکەی ڕاچڵەکی، وتی: باشە ئەوە هاتم. منداڵەکان سوار بوون؟
یەکێ لە منداڵەکانی وەڵامی داوە: ئێمە لێرەین دایە، وەرە دێرە!
نەشمیل لە خوار لاپەڕە دووەمینەکەوە نووسیی: لە بیرم بێت بگریم…
هەردوو کاغەزەکەی وەکوو خۆی دەق داوە و خستیەوە ناو پاکەتەکەوە و هەڵیگرت.
دەست و دەموچاوی شۆرد و چوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=