هاندەرانی #یانەی وەرزشی زاخۆ# خەڵاتی باشترین هاندەری فیفایان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییەی کە بۆ پشتیوانی لە منداڵانی نەخۆش ئەنجامیاندا و دەنگدانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا.
لە پاش ئەو هەوڵ و بەشدارییە کارایەی کوردانی ناوە و دەرەوەی وڵات بۆ دەنگدان بە یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری جیهان، یانەی زاخۆ توانی ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت.
سایتی ڕەسمی فیفا نووسیوێتی: ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ #13-05-2025#، کاتێک پێش دەستپێکردنی یاری نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی ئێراق، هاندەرانی زاخۆ هەزاران بوکەڵە و یاری منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاوە. ئەو یارییانە دواتر لە لایەن یانەکەوە کۆکرانەوە و بەخشرانە ئەو منداڵانەی کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
یانەی زاخۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: هەڵدانی یاری منداڵان بۆ ناو یاریگا، گیانێکی مرۆیی نموونەیی نیشاندا کە لە لایەن کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان، ئێراق و ئاسیاوە ستایش کرا.
یانەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هاندەرانیان بڕبڕەی پشتی تیمەکەن و بەردەوام بە چالاکییە داهێنەرانەکانیان سەرنجی هەمووان ڕادەکێشن، هیوای خواستووە ئەو پشتیوانییە بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر.
هاندەرانی زاخۆ دوای کێبڕکێ لەگەڵ دوو کاندیدی دیکە، توانییان خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. خەڵاتی هاندەری فیفا لە ساڵی 2016وە دابەش دەکرێت و تایبەتە بەو هاندەر یان گرووپانەی کە پابەندبوونێکی ناوازە یان هەڵوێستێکی کاریگەر لە جیهانی تۆپی پێدا تۆمار دەکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی خول، ڕەگەز، یان نەتەوە. [1]