مەرگی فەرمانبەر
نووسەر: چێخۆف
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە گۆڤاری
بەیانبەیان، #بەغدا#، ژ 170، ساڵی 1993 بڵاوکراوەتەوە.
شەوێکی خۆش، ئیوان دیمیتر یۆیچ چێرڤیاکۆف، فەرمانبەری عەدلییە لە ڕیزی دووەمی تیئاتردا دانیشتبوو، بە دووربینە، دەستییەکەی، کپ و بێدەنگ تەماشای نواندن «ئاقووسەکانی کرنوێل» ی دەکرد و لە خۆشییانا بە خەیاڵ بە ئاسماندا دەگەڕا بەڵام کوتووپڕ... بە ڕاستی لە چیرۆکەکاندا ئەم وتەیە: «بەڵام کوتووپڕ» زۆر دەبینرێ. بێئینسافی دەکەین نووسەرەکان هەقیانە. چونکە ژیان لە ڕاستیدا پڕە لە ڕێکەوتی تێبینی نەکراو... ئاخرەکەی کوتووپڕ ڕووکاری چێرڤیاکۆف چرچ و لۆچ بوو، چاوی ئاڵۆزا، پشووی لێبڕا. دووربینە دەستییەکەی لە چاوی دوور خستەوە... ئابتشێ. وەکوو دیتت پشمی. پشمین لە هیچ جێگەیەک و لە هیچ کەس قەدەغە نییە. وەرزێڕەکان، سەرۆکەکانی پۆلیس، جاری وا هەیە کاربەدەستە پایەبەرزەکانیش دەپشمن. چێرڤیاکۆفیش هیچ تەریق نەبووەوە. بە دەستەسڕ لووتی خۆی خاوێن کردەوە. بەڵام سەبارەت بەوە کە پیاوێکی بەئەدەب بوو ڕوانییە دەوروبەری خۆی تا دڵنیا بێ کەسی سەخڵەت نەکردووە. لێرەدا تووشی خەجاڵەتی هات و تەریق بووەوە لە ڕیزی پێشەوە پیرەمێردێک لە بەردەمی ئەو بە سەبرێک بە دەسکێشەکانی سەرە ڕووتاوەکەی و ملە ئەستوورەکەی خاوێن دەکردەوە و لەبەر خۆیەوە بۆڵەبۆڵی بوو. چێرڤیاکۆف پیرەمێردەکەی ناسی: سەرتیپی ئەهلی بوو، ناوی بریزژاڵۆف بوو، لە وەزارەتی ڕێوبان کاری دەکرد. لە دڵی خۆیدا وتی: پڕیشکم پڕژاندە ئەو پیاوە. هەرچەند سەرۆکی من نییە و، سەرۆکی کەسێکی ترە، بەڵام باش نییە، دەبێت عوزرخوایی لێ بکەم. چێرڤیاکۆف کۆکی و سەری بردە پێشەوە و بە ئەسپایی بە گوێی سەرتیپیدا چپاند:
-جەنابی سەرتیپ، ببوورە، من بە ئەنقەست پڕیشکم نەپڕژاندە ئێوە.
-قەی ناکا، هیچ نییە.
-توخوا ببوورە. خوا دەزانێت نەمدەویست.
-ئاغا، فەرموو دانیشە. وازبێنە با گوێمان لێ بێ. چێرڤیاکۆف خۆی زۆر بە خەجاڵەت و شەرمەزا زانی. بزەیەکی گەوجانە کەوتە سەر لێوی و دووبارە دەستی کردەوە بە تەماشاکردنی شانۆی تیئاترەکە. تەماشای دەکرد، بەڵام ئیتر ئەو کەیف و لەزەتەی پێشووی نەبوو. زۆر شپرزە و پەشێو بوو، کاتی پشوودان خۆی گەیاندە بریزژاڵۆف. تاوێک بەدەوریدا هەڵخولا، پاشان غیرەتی نا بەر خۆی و شەرمی نا بەلاوە و بە سەرتیپی وت:
-جەنابی سەرتیپ، من پڕیشکم پڕژاندە ئێوە... ببوورە... من ئاخر...
-ئاخ، دە بیبڕەوە، هەر لە بیریشم نەماوە، کەچی تۆ هێشتا واز نایەنی! چێرڤیاکۆف بە چاوێکی بەدگومانییەوە ڕوانییە ڕووکاری سەرتیپ و لە دڵی خۆیدا وتی... «دەڵێت لەبیرم نەماوە، بەڵام نگریسی و ناڕەسەنی لە چاوی دەبارێ. تەنانەت فیزی نایەنێ قسەش بکا. ئاخر دەبێت تێی بگەیەنم کە من هەرگیز حەزم نەدەکرد... ئەمە شتێکی تەبیعییە... ئەگینا وا خەیاڵ دەکات کە من ویستوومە تفی لێ بکەم. ئەگەر ئێستاش وا خەیاڵ دەکات، قسەی تێدا نییە پاشان ئەمەی بە خەیاڵدا دێ.
چێرڤیاکۆف کە چووەوە ماڵەوە کردەوەی گەوجانەی خۆی بۆ ژنەکەی گێڕاوە. لای وابوو ژنەکەی سەرسەرەکی گوێی لێ گرت و بە گرنگی نەزانی. ژنی چێرڤیاکۆف نەختێ ترسا، بەڵام کە تێگەیشت بریزژاڵۆف سەرۆکی مێردەکەی نییە دڵی حەساوە. سەرەڕای ئەوەش بە مێردەکەی وت:
-بچۆ عوزرخوایی لێ بکە. ڕەنگە لای وابێت تۆ ڕێوشوێنی هەڵسوکەوت و تێکەڵی نازانی و، ناتوانی لەناو خەڵکدا جێی خۆت بکەیەوە.
-ڕاستە، تەواو وایە. عوزرخواییم لێکرد، بەڵام کردەوەی ئەو عەجایب بوو، تەنانەت تاقە قسەیەکی حیسابیشی نەکرد. جگە لەوە جێگاکەش بۆ قسە کردن نەدەبوو.
چێرڤیاکۆف سبەینێ جلوبەرگی نیوەڕەسمی تازەی کردەبەری، سەری شانە کرد و چووە لای بریزژاڵۆف. لە هۆدەی چاوەڕوانیی سەرتیپ، هێندێ کەس کە بۆ کاری خۆیان هاتبوون دانیشتبوون. سەرتیپ خۆی خەریکی کۆ کردنەوەی نامە و عەرزوحاڵەکان بوو. دوای ئەوە کە بە شکات و داوای چەند کەس ڕاگەیشت، چاوی بە چێرڤیاکۆف کەوت.
فەرمانبەری عەدلییە بەو دەموکاوێژەی کە ڕاپۆرتی پێ دەدەن، وتی:
-جەنابی سەرتیپ ئەگەر لە بیرتان بێ لە تیئاتر من پشمیم و پڕیشک پەڕییە ئێوە... ببوو... ڕە.
-ئەم قسانە چن؟ مەگەر خوا خۆی بزانێت تۆ چەندە شڕی و بڕی دەڵێی!
چێرڤیاکۆف ڕەنگی چڕوچاوی بزڕکا و لە دڵی خۆیدا وتی: «نایەوێت قسە بکات، وا دیارە تووڕەیە. نەخێر نەدەبوو ئەوە بقەومێ. ئێستاش ناکرێت هەروا بمێنێتەوە، دەبێت تێی بگەیەنم».
کە سەرتیپ بە عەرزوحاڵی هەمووان ڕاگەیشت و بەرەو هۆدەکەی خۆی کەوتە ڕێ، چێرڤیاکۆفیش کەوتە دوای و نووزەنووز وتی:
-من سەبارەت بە هەستی پەشیمانییەکە بە خۆمدا دەپەرمووم جەنابتان سەغڵەت کەم. ئێوە، جەنابی سەرتیپ خۆتان دەزانن کە من نیازێکم نەبوو.
-تۆ منت کردووەتە گەپجاڕ!
سەرتیپ لە هۆدەکەوە دەرکەوت. چێرڤیاکۆف لە دڵی خۆیدا وتی: ئێرە جێگەی گەپوگاڵتە نییە. سەرتیپە، بەڵام نایەوێت تێبگا. ئێستا کە وای لێ هات منیش لەم کابرا بەفیز و دەعیەیە عوزرخوایی ناکەم، قیروسیا، نامەی بۆ دەنووسم، بەڵام خۆم نایەمە لای. خوا شایەتە ئیتر پێم نانێمە ئێرە.
چێرڤیاکۆف بەدەم ئەم بیر و خایاڵانەوە گەڕاوە ماڵەوە. ئەوەندەی هەوڵی دا نەیتوانی ئەو نامەیە ڕێکخات کەوا دەیەویست بۆ سەرتیپی بنووسێ. ئاخرەکەی ناچار بوو خۆی بچێتەوە لای سەرتیپ. کە سەرتیپ بە چاوی پرسیارەوە ڕووانییە بیچمی چێرڤیاکۆف، چێرڤیاکۆف بە نووزەنووزەوە وتی:
-من دوێنێ هاتم جەنابتانم سەخڵەت کرد، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی فەرمووتان بە هیچ کلۆجێ نیازی گاڵتە و پێکەنینم نەبوو. من عوزرخوایی ئەوەم کرد کە پشمیم و پڕیشکم پڕژاندە ئێوە.
بە هیچ جۆرێک نیازی پێکەنین بە خەیاڵمدا نەهات. من چۆن دەوێرم پێبکەنم؟ ئەگەر وای لێ بێ ئێمەمانان پێبکەنین، ئیتر ڕێز و حورمەتی پیاوی گەورە چۆن دەمێنێ؟
سەرتیپ کە لە تووڕەیییان ڕەشوشین هەڵگەڕابوو، دەلەرزی، وتی:
بڕۆ، لاچۆ لەبەر چاوم!
چێرڤیاکۆف بە دەنگێکی زۆر نزم و ترس و لەرزەوە پرسی:
-چتان فەرموو؟
-سەرتیپ کە بە جارێ لە دن دەرچووبوو، زرم لاقی لە زەوی کوتا و دووبارە نەڕاندی:
-بڕۆ، لاچۆ لەبەر چاوم!
چێرڤیاکۆف جەرگ و هەناوی داکەوت، گوێی زرینگاوە، چاوی کەوتە ڕەشکەوپێشکە. پاشەوپاش بۆ لای دەرگاکە کشاوە و خۆی گەیاندە جادە. بەلەقەلەق بەرەو ماڵ کەوتەڕێ. کە گەیشتە ماڵەوە بێئەوەی جلوبەرگە نیوەڕەسمییەکەی داکەنێ، لەسەر قەرەوێڵەکەی پاڵکەوت و... مرد. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=