پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا
نووسەر: عەزیز نەسین
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە ڕۆژنامەی پاشکۆی ئێراق، ژ 25، ساڵی 1979 بڵاوکراوەتەوە.
دەبێت بۆ تۆش ڕێکەوتبێ لە ئاهەنگێکی ڕەسمی یا کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا گوێت لە وتار و ئاخاوتنی یەکێک لە گەورە و مەزنەکان بووبێ؟ هێندێ لەمانە ئەوەندە باش دەدوێن کە ئینسان سەری سووڕ دەمێنێ و، بەغیلی بە هێز و توانای ئاخاوتنیان دەبا، بەڵام ئەگەر تۆش سەرت لە تەقەڵ و تەریب دەرچێ، لەم جۆرە کاتانەدا زۆر زوو تێدەگەی کە ئاخێوەر و وتاردەر ئەم قسە نەرم و شل و جوان و پڕ و کاکڵ و مانایانە لە خۆیەوە ناڵێ، وتار و ئاخاوتنەی ئەو لە پێشدا چەند کەس بەوردی ئامادەیان کردووە، چەند جاریش ڕێکوپێک کراوە و، ئاخێور دوای چەند حەوتوو حەوڵ دان و زمان ڕاهێنان، وشە بە وشە لەبەری کردووە. ئەگەر ئاوا نەبوایە ئاخاوتنەکانی ئەوان شتێکی بێمانای لێ دەردەچوو. لەبەر ئەمەیە کە ئەم ڕۆژانەش زۆربەی سیاسەتگێڕ و سەرلەقێنەکان لە سەفەرەکان و سەردانەکانی خۆیاندا یەک دوو کەسی خوێندەوار و زانا لەگەڵ خۆیان دەبەن...
سەرەڕای ئەمەش جاری وا هەیە شتی خەفەتاوی و گەپجاڕ لەم ئاهەنگانەدا ڕوودەدا. بیست ساڵ لەمەوپێش، هەوەڵین جار ئەم چارەڕەشییە تووشی خۆم هات. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا خۆم بە هاوبەش لە تاوانی کوژرانی ئاخێوەرێکی بەستەزماندا دەزانم کە ئاخاوتنەکەی ئەوم ئامادە کردبوو. ئەوسا ئێمە لە شاری بچووکی «تاشرا» دەژیاین، من شاگردی قوتابخانەی ناوەنجی بووم و بەهرەی نووسەرایەتیم هەبوو. سەروتارەکانی ڕۆژنامە بچووکەکەی شارەکەمانم دەنووسی. لە جێگای بچووک خەڵک خێرا یەکتر دەناسن و هەمووان لە ماڵی یەکتر ئاگادارن. منیش خێرا بە ناوی نووسەری باش لە هەموو جێگایەک ناسرام. دەچوومە هەر کوێیەک تاریفی قەڵەم و لێزانی منیان دەکرد. لەو کاتەدا کێشانی ڕێگەی ئاسن بەخێرایی بەرەو پێش دەچوو، بەم زووانە ڕێگەی ئاسن دەگەیشتە شارەکەی ئێمەش... لەبەر ئەمە تەواوی خەڵک، ژن و پیاو، ورد و درشت، باسی ئەم کارە بە کەڵکەی دەوڵەتیان دەکرد. منیش لەم بارەیەوە سەروتارێکی قایمم نووسی کە دەنگێکی عەجایبی داوە و هەمووان بە ئافەرینەوە دەیانڕوانییە من. ڕۆژێک سەرۆکی ئەنجوومەنی شار کە پیاوێکی سەنگین و مەند و لەسەرخۆ بوو، نزیکەی شەست ساڵ لە تەمەنی ڕادەبرد، منی بانگ کردە دایرەکەی خۆی. ڕاستەکەی ئەوەیە من لەم بانگ کردنە سەرم سووڕما، هیچ بۆنە و پەیوەندییەک لەنێوان من و ئەودا نەبوو، ئاغای سەرۆکی ئەنجوومەنی شار لاوانی وەکوو ئێمەی بە ئینسان نەدەژمارد! بەڵام بە هەر جۆر بە دەنگییەوە چووم.. کاتێک چوومە هۆدەکەی ئاغای سەرۆک، لەو ڕێزە زۆرەی لە منی گرت و لە تەنیشت خۆیەوە داینام پتر سەرم سووڕما و پەشێو بووم. ئاخرەکەی سەری قسەی دامەزراند و دەرکەوت من دەبێت ئاخاوتنێک کە قەرار وایە ئەوان لە ئاهەنگی گەیشتنی هەوەڵین قەتار بۆ شارەکەمان بیفەرموون ئامادەکەم. ئاغای سەرۆک هەڕەشەی لێ کردم لەم بارەیەوە لای هیچ کەس قسە نەدرکێنم. بەڵێنیشی دابێ ڕێگام بۆ ناو کۆڕی گەورەکان بکاتەوە و هۆی پێگەیشتن و پێشکەوتنم ڕێکخا...
-زۆر باشە، کوێر لە خوا چی دەخوازێ؟ دوو چاوی ساغ بۆ منیش دەرفەت لەمە باشتر هەڵنەدەکەوت، بەڵام لەگەڵ کەموتاڵایی و سەردەرنەکردن لە ڕێ و شوێنی پێویست و باو، ئەم کارە بۆ من کە تا ئەو ڕۆژە لە شارەکەی خۆمان دەرنەکەوتبووم و تەنانەت بچمی قەتاریشم نەدیبوو، لە ڕادەبەدەر قورس و گران بوو. بە هەر مەینەتێک بوو وتارێکی جوان و بەتینی وام ئامادە کرد کە شایانی ئاغای سەرۆکی ئەنجوومەنی شار بێ.
ئەو ڕۆژەی هەوەڵ قەتار دەگەیشتە شارەکەمان جێژنێکی گەورەیان گرت، تەواوی خەڵکی شاریان لە مەیدانی وێستگە کۆ کردەوە تا ئەم ماشینە گەورەیەی هۆی پێشکەوتنی ئەم سەنعەت و بازرگانییە لە نزیکەوە ببینن. من ئەم ئاهەنگەم لە هەمووان پێ خۆشتر بوو، ڕۆژ و پەلە کەوتبووم تا وتارەکەی خۆم لە دەمی ئاغاوە ببیستم. لە پێشدا «حاکم» و سەرۆکی شارەوانی، هەر کامێکیان وتارێکی کورتی گوت. پاشان نۆرەی ئاغای سەرۆکی ئەنجوومەن هات، بە سەنگین و ڕاشکاوییەکی تایبەتییەوە چووە پشت «تریبۆن» ەکە و زۆر بە ڕێکوپێکی و بزاوتنی سەرودەستەوە، نووسراوەکەی منی کە لەبەر کردبوو خوێندەوە: هاونیشتمانەکان! ئەمڕۆ بە گەیشتنی هەوەڵ قەتار بۆ شارەکەمان پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا دەکرێتەوە. من باش دەزانم کە ئێوە چەندە ئارەزووی کردنەوەی ئەم ڕێگەیەتان هەیە! هەقتانە، ئەم جێژن و شادییە گەورەیە و ئەم سۆز و تامەزرۆییەی ئێوە خۆڕایی نییە. کرانەوەی ئەم ڕێگەیە دارایی و ڕێز و ماقووڵی بۆ ئێوە پێکدێنێ. دەبێت قەدری ئەم گەنجینە خواداوە بزانن. ئەگەر ئەم ڕێگەیەی کراوەتەوە باش بپارێزن و چاوەدێری بکەن بەم زووانە دەبنە خاوەنی هەموو شتێک. دیارە کردنەوەی ئەم ڕێگایە زۆر دژوار بوو، بەڵام ئێستا ئەوا لە سایەی خواوە و، بە یارمەتیی پیاوانی ئازا و دلێر ئەم کارە کراوە! لە بیرتان نەچێت ئەم ڕێگەیە بۆ سوودی گشتییە و هەمووان دەبێت کەڵکی لێ وەربگرن. نابێت کەمتەرخەمی بکەن و خراپی کەن. بە تایبەتیی لە کاتی سوار بوون و دابەزیندا وریا بن پیس و چەپەڵی نەکەن. هیوادارم بەم زووانە هەمووتان لەم ڕێگەیەوە سەفەر بکەن تا بزانن چەندە خۆشە و چ لەزەتێکی هەیە. دەنگی چەپڵە لێدان و دەربڕینی شادی و خۆشی خەڵکەکە، کە بەپەلە چاوەڕوانی گەیشتنی قەتار بوون، وتاری ئاغای سەرۆکی بڕی و ڕایان کرد بۆ لای واگۆنەکان. مانگێک دوای ئەوە دایرەی ڕێگەی ئاسن بۆ ئەوەی خەڵک هان بدا بۆ ئەوەی بە قەتار سەفەر بکەن و کاڵا و شتومەکی خۆیان بهێنن و بەرن، کارێکی شایانی سەرنجی کرد. خەرجی زەماوەندی یەکێک لە پاڵەوانەخۆشەویستەکانی وڵاتی داو، بووک و زاوای بۆ ڕابواردنی هەنگوینە مانگ، بە قەتار ناردە شارەکەی ئێمە. بووکەکە بە ڕاستی جوان بوو. زاواش کە یەکێک لە پاڵەوانەکانی مست وەشێن بوو لەو نەدەمایەوە. ئەو بووک و زاوایە کە بەیانی خۆش و بەختەوەرییان بۆ خەڵکی شارەکە هێنابوو، زۆر بە ڕێزەوە برانە هۆڵە گەورەکەی وێستگەکە.
وەکوو باوە، داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی شار کرا کە لە وتارێکی کورتدا بەخێرهاتنیان بکا. ئاغای سەرۆک داوای لێبوردنی کرد، بەڵام خەڵکەکە وا تێگەیشتن لەبەر ئەمە کە پیاوێکی بەڕێز و بە ئەدەبە وا دەڵێت، پتر شێلگیر بوون و ناچاریان کرد وتار بدا. ئاغای سەرۆک بە ناچاری قوبووڵی کرد. بەڵام لەبەر ئەوە کە وتاری ئامادە کراوی نەبوو ئیشارەی بۆ لای بووک و زاوا کرد و وتارەکەی کرانەوەی ڕێگای ئاسنی کە لەبەربوو، سەرلەنوێ دەستی پێ کردبوو: هاونیشتمانەکان! بە گەیشتنی قەتار بۆ شارەکەمان پەنجەرەیەک بەرەو ڕۆژئاوا کراوە. من باش دەزانم ئێوە چەندە ئارەزووی کرانەوەی ئەم ڕێگەیەتان هەیە. قاقای پێکەنین لەملا و لەولاوە بەرز بووەوە، زاوا کە لە تووڕەییان سوورهەڵگەڕابوو، بە پەشێوی شانی هەڵدەتەکاند، ئاغای سەرۆک بێ ئەوەی سەرنجی وەزعی کۆڕەکە بدا ئیشارەی بۆ بووکەکە کرد و لەسەری ڕۆیشت:
دەبێت قەدری ئەم گەنجینە خواداوە بزانن، ئەگەر ئەم ڕێگەیەی کە کراوەتەوە باش بیپارێزن و چاوەدێری بکەن بەم زووانە دەبنە خاوەنی هەموو شتێک.
دیارە کردنەوەی ئەم ڕێگایە زۆر دژوار بوو، بەڵام ئێستا ئەوا لە سایەی خوارەوە و بە یارمەتیی پیاوانی ئازاد و دلێر ئەم کارە کراوە. لە بیرتان نەچێت ئەم ڕێگایە بۆ سوودی گشتییە و هەمووان دەبێت کەڵکی لێوەربگرن!.
پاشان ئیشارەی بۆ زاوا کرد:
بە تایبەتیی کاتی سوار بوون و دابەزین وریابن پیس و چەپەڵ نەبێ!.
دەنگی پێکەنین و ڕەخنەی خەڵکەکە لە هەموو لایەکەوە بەرز بووەوە، مستێکی قورس و قایم کە زاوا لە دەمی ئاغای سەرۆکی ئەنجوومەنی دا، جگە لەوە کە پەکی وتارەکەی ئەوی خست، هەناسەشی لەو پیرەمێرد بێچارەیە بڕی. من هەر بەو قەرتارە ڕامکرد بۆ ئەستەمبۆڵ، لێرە بیستم کە لە پرسە و سەرەخۆشیی ئەو ڕەحمەتییەدا، هێندێکیان بە شوێن مندا گەڕاون تا وتارێکی گەرموگوڕ بۆ ڕێز گرتن لە ڕەحمەتییە کە ئامادەکەم. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=