ناونیشانی بابەت: دەستەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی
نووسەر: چودۆمیر
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق، #بەغدا#، ژ 12-13، شوبات و ئاداری ساڵی 1978دا بڵاوکراوەتەوە.
ناوی ڕاستەقینەی خاوەنی ئەم چیرۆکە «دیمیتر چۆرباجی بێسکی» یە «چودۆمێر» ی کردووە بە نازناوی خۆی، ساڵی 1880 لە گوندی «توورییا» لە نزیک شاری «کازانلیک» لە دایکبووە. تا تەمەنی چل ساڵان مامۆستای وێنەکێشان و نەخش بووە، کوتووپڕ لە ساڵەکانی سیی ئەم سەدەیەدا ڕووی کردووەتە ئەدەبیات. قانوونێکی چەوت و چەوێڵی ئەو سەردەمە کە دەیوت «نابێت.ژن و مێرد هەردووکیان مامۆستا بن» چارەنووسی ئەوی گۆڕی. چودۆمێر قوتابخانەی بەجێهێشت و بۆ بەڕێوەچوونی ژیان ناچار بوو ڕێگایەکی تر بگرێتە بەر. گەلێ جار خۆی دەیوت: «هەوڵدان بۆ نان منی بۆ ئەم لایە ڕاکێشا». دیارە ئەمە گاڵتە بوو دەیکرد، چونکە ئەو لە زووەوە خەریکی کاری ئەدەبی بوو.
چودۆمێر لە ژیانی خەڵکەکە زۆر شارەزایە. قارەمانەکانی چیرۆکەکانی ئەو ئینسانی عادەتی و خەڵکی کۆڵان و بازاڕن. گاڵتە و گەپی ئەو لە شان سووک و بەتامە، کەس ناڕەنجێنێ و کەس تووڕە ناکا. چودۆمێر لەگەڵ خوێنەری چیرۆکەکانی، بە کار و کردەوەی قارەمانەکانی خۆی پێدەکەنێ.
چودۆمێر گەلێ کورتە چیرۆکی نووسیوە. ئەم نووسەرە بۆڵگاریاییە ڕۆژی 26ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1967 کۆچی دوایی کردووە.
لەگەڵ براکەم بە جادەدا دەڕۆیشتین. هەر کامێکمان بیری بەلای کاروباری خۆیەوە بوو. لەناکاو زرم... یەکێک خۆی لە ورگم کوتا. کابرا وەستا. وەکوو گوێدرێژێک بڕوانێتە ناڵبەندی خۆی، نەختێ لە من ڕاما.
پاشان پشووی هاتەوە بەر خۆی. من وتم:
-ببوورە.
کابرا پێکەنی، ددانە زێڕەکانی لەبەر خۆرەتاو وەکوو قاوغە فیشەکی ڕاوکەر دەدرەوشانەوە.
-چی ببوورم؟ نامناسیتەوە؟
ناسیمەوە.
-ئاهای... دیچکۆ! ئەوە خۆتی؟ پایزە برا، چەندە قەڵەو بووی
-خۆمم! ئەی تۆ چۆنی؟ ڕوویکرد بە لای براکەمەوە و پرسی:
-ئەم... ئەم... ئاغایە... لە ڕاستیدا کێ بێ؟
«دیچکۆ پاپۆنچێڤ» ی دۆستم نەختێ زمانی دەگیرا. لە هەر جێگایەک گیری دەخوارد بە «لە ڕاستید»- کە گەلێ وەخت وەڵامەکەشی دەجاوی- بۆشایی قسەکەی پڕدەکردەوە.
وتم:
-برامە... برا گەورەمە... لە دێ کار دەکا. وەرزێڕە.
دیکچۆ لە خۆشیاندا وەک گوڵ گەشایەوە.
-لە کاتێکی باشدا ئێوەم دەس کەوت. وەرە بابچینە ئەو چایخانەیە شتێک بخۆینەوە.
دەستی گرتم و وتی:
-دەی، دەی ها، ل... ل... لە ڕاستیدا چاوەڕوانی چیی؟
دیچکۆ قۆڵی خۆم و براکەمی گرت و بردینییە چایخانەکە دانیشتین. لە منی پرسی:
-باشەە، ئێستا بڵێ بزانم چۆنی؟ چ دەکەیت؟
-ئێی... ئەوا ماوین. ئیشکەری دەوڵەت بووم. دەریان کردم؟
-کەی؟ ل... ل... لە ڕاستیدا بۆچی؟ چیت کردبوو وا دەریان کردی؟
-چوزانم... دەریانکردم ئیتر. وتیان تۆمان پێویست نییە.
-باشە، تۆ... تۆ... لە ڕاستیدا نەهاتیتە لای من؟ بۆچی بە منت نەوت تا بە تاقە سەعاتێک کارەکەت بۆ جێبەجێ بکەم؟ تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا نازانی ئێستا من چ کارەم؟
-چوزانم، دیچکۆ! لە کوێ دەزانم؟
سپاردی یەکی بیرەیەکمان بۆ بهێنن. حیکایەتی کاری خۆی بۆ کردم سپاردی یەکی بیرەیەکی دیکەشمان بۆ بهێنن. پاشان دەستەسڕی دەرهێنا و ئارەقی تەوێڵی سڕی.
-گوێت لێبێ. لە بارەی کارەوە خاترجەم بە، من وەکوو ئاو خواردنەوە کاری تۆ جێبەجێ دەکەم. تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا وابزانە کارەکە جێبەجێ بووە. ئێستا دەبێت. تۆ کۆمەک بکەی و ئیشەکان جێبەجێ ببێ. من و براکەم ڕوانیمانە یەکتر... دیچکۆ وتی:
- ئێستا پێت دەڵێم کام کار. لە شاری ئێمە، شاری من نییە. لەو جێگایەی قەرار وایە پایز ببمە نوێنەر، دەیانەوێت ڕێگەی ئاسن ڕابکێشن لەسەر ئێستگەیەک لەنێوان دوو دێدا کێشەیە. لەنێوان شگۆڤۆییەکان و کۆکۆڤییەکاندا، شگۆڤۆ سەنگەری منە. ل... ل... لە ڕاستیدا من بەڵێنم داوە کەوا کارەکەیان جێبەجێ بکەم. ئەمان دەیانەوێت ئێستگەکە لەوێ درووست بکرێ. هەق و حیسابی خۆیشیان تا دوا فلس داوە. ئێستا ئەمڕۆ دەس بە کار دەکەم... ل... ل... لە ڕاستیدا دەمەوێت بچمە لای وەزیر، بەڵام لام وایە یەک دوو کەسم لەگەڵ بێ خراپ نییە. ئەوا دەمەوێت دەستەیەکی نوێنەرایەتی درووست کەم. باش بوو چاوم بە ئێوە کەوت. براکەت پان و پۆڕ و چوارشانەیە و سمێڵیشی هەیە. کوێخای شگۆڤۆ بێت و تۆیش سەرۆکی مامۆستاکان. دەچینە لای وەزیر. من قسە دەکەم و ئێوەش سەر دەلەقێنن. هەر کاتێک وتم بەڵێ، ئێوەش دەڵێن بەڵێ، هەر کاتێکیش وتم نا، ئێوەش ل... ل... لە ڕاستیدا دەڵێن نا. کار لەمە ئاسانتر نابێت. ئا ئەمەم لە ئێوە دەوێت.
وتم:
-ئێمە چۆن ببینە دەمڕاست و سەروەسیەتی خەڵک! ئەم کارە بە کاری چەتوون دەزانم. ئێمە خەڵکی «کارابوونار» ین و «شگۆڤۆ» وا لە باکوور. ئێستا کاکم ببێتە کوێخا و من ببمە مامۆستا؟ نا، نا، دیچکۆ ئەم کارە کاری ئێمە نییە. مەترسیی تیایە. ئەگەر ئێمە ئەو گوندەمان دیبوایە ئەگەر ڕێگامان تێکەوتبووایە، دیسان شتێک بوو. بەڵام... قسەکەی پێ بڕیم:
گرنگ نییە... هەر بۆ ڕواڵەتی کارە. کەس ئێوە ناخوا.
وتم:
-ناتوانم. ویژدانم ڕێگام نادا ئەم کارە بکەم.
دیچکۆ لە دین دەرچوو:
-کابرایەکی زۆر سەیری. بەم ویژدانەشەوە دەتەوێت کاری دەوڵەت بکەی! هەر لەبەر ئەمەیە ل... ل... لە ڕاستیدا دەریان کردووی... هەستە. هەستە، ماتڵم مەکە. بە یەک دوو سەعات کارەکە تەواو دەکەین. ئێوە بە خێر و من بە سڵامەت. هەقی ماندوو بوونەکەشتان دەدەم.
-وا نابێت.دیچکۆ! من دیپلۆمم نییە. قوتابخانەم تەواو نەکردووە هەروا لە خۆت و خۆڕایی مامۆستا؟
-هیچ نییە. پاشان تێدەگەی چەندە سادە و ئاسانە. ئەگەر دەتەوێت یارمەتیی من بدەی، ئەگەر دەتەوێت تا ئێوارە پێنج سەد «قۆشە» ت دەستکەوێ بشتگێڕمەوە سەر کارەکەت... هەستە بکەوە ڕێ. ل... ل... لو ڕاستیدا درەنگە. وەختەکەمان دەڕوا.
من و براکەم ڕوانیمانە یەکتر. ئەو بناگوێی چەپی خوراند و من بناگوێی ڕاستم و کەوتینە ڕێ. سواری تاکسییەک بووین. ڕاست ڕۆیشتین تا لەبەر دەرگای وەزارەتخانەدا دابەزین. هەرسێکمان چووینە ژوورەوە. من وەکوو بیی ناو ئاو دەلەرزیم. خەڵکێکی زۆری لێبوو. دەرزیت هەڵاویشتایە نەدەکەوتە زەوی. دیچکۆ دەستی منی گرتبوو. منیش دەستی کاکم. ئەو پێشمان کەوت و دەستی کرد بە ڕێگا کردنەوە. دیچکۆ دڕی بە خەڵکەکە دەدا و دەیوت «ڕێگای دەستەی نوێنەرایەتی بدەن... دڕدەن ڕێگای دەستەی نوێنەرایەتی بکەنەوە». ئاخرەکەی گەیشتینە بەر دەرگای هۆدەی ئاغای وەزیر. دیچکۆ لە دەرگای دا و پاڵی پێوە ناین بۆ ناو هۆدەکە. خۆیشی لە دوای ئێمەوە هاتە ژوورەوە. وەزیر کە چاوی بە دیچکۆ کەوت لە جێی خۆی ڕاستەوە بوو و بزەیەک کەوتە سەر لێوی و هەر لە دوورەوە بانگی کرد:
-ئێی... پاپۆنچێڤ! بەخێر هاتی... سەد ساڵت بە ئەم ساڵانە.
دیچکۆ سەری دانەواند و وتی: مێرسی... مێرسی جەنابی وەزیر. پاشان ئێمەی پیشان دا و وتی:
-دەیانناسێنم... ل... ل... لە ڕاستیدا کوێخای شگۆڤۆ و ئاغای سەرۆکی مامۆستاکان. پیاوی خۆمانن، خوێندەوار، بە ئەمەگ، بەڕێز. تەواوی گوندەکەیان ل... ل... لە ڕاستیدا وەکوو ئەنگوستەویلە لە دەستدایە. بۆ مەسەلەی ئەو ئێسگەیە هاتوون. نوێنەری خەڵکی شگۆڤۆن.
لەم کاتەدا دیچکۆ دەستی کرد بە قسەی قەڵەمی کردن:
-وەکوو ئاگاتان لێیە چەند ئەندازیار بۆ ڕاگەیشتن بە کارەکە چوونە «کۆکۆڤ» ی خواروو. لەوێ خواردوویانە و خواردوویانەتەوە. تانانەت بەرتیلیشیان وەرگرتووە. پاشان بەڵێنیان داوە گوایە ئێسگەکە لە کۆکۆڤ درووست دەکەن کە ل... ل... لە ڕاستیدا پێچەوانەی قانوونە. مەسەلەکە وەکوو تەماشای دەفەرمووی زۆر گرنگە.
دیچکۆ دیسان هەوای دەمی خۆی گۆڕی:
-خەڵکی کۆکۆڤ پتریان لە دژی ئێمەن. بەڵام شگۆڤۆییەکان لە ڕاستیدا تەنانەت مریشک و کەڵەشێریشیان هیی خۆمانن. بەم پێیە وەکوو تەماشا دەفەرمووی مەسەلەکە دەبێت. بە جۆرێک چارە بکرێت، ئەگینا ئێمە لە پشتیوانی کۆمەڵێک خەڵکی باش و بەشەرەف بەشبڕاو دەبین.
وەزیر گەلێ خۆمانە وتی:
-ها، ئا بەم جۆرە... بەڵام لە ڕپۆرت وا دەردەکەوێت کە لە شگۆڤۆ هەورازێکی ئەوەندە لێژ هەیە ئەگەر کەریشی پێدا بڕوا خلار دەبێتەوە. چۆن دەگونجێ لەوێ ئێسگە درووست بکرێ.
-ل... ل... لە ڕاستیدا بەو جۆرەیە کە دەفەرمووی. ناڵێم وا نییە، بەڵام ئێمە ئەو جێگایە تەخت دەکەین. ئێمە خۆمان ئەم کارە دەکەین، ئەم کارە ئێمە خۆمان دەیکەین.
منیش وتم:
-بەڵێ ئەم کارە خۆمان دەیکەین.
کاکیشم وتی:
-بەڵێ ئەم کارە خۆمان دەیکەین.
پاشان دیچکۆ قۆڵی وەزیری گرت و بردیە گۆشەیەکی هۆدەکە و دەستی کرد بە چپە کردن لەگەڵی. ئەوسا هەردووکیان پێکەنین. وەزیر دەستێکی دا لە شانی دیچکۆ. دیچکۆش دەستێکی دا لە شانی وەزیر و خوا حافیزیان لە یەکتر کرد. لە وەزارەتخانەکە هاتینە دەرەوە ئوتۆمبیل چاوەڕوانمان بوو.
من پرسیم:
-ئێستا ئیتر بۆ کوێ؟
دیچکۆ وتی:
-دەچینە لای وەزیری ئاوەدانی و سەکناندن. پاشان لای وەزیری زانیاری و هونەر. لەوێیشەوە سەرێک لە وەزیری بازرگانی دەدەین. بڕیاریان داوە وەزارەتخانەکەیان خاوێن کەنەوە. دەچین بە ناوی گەل پشتیوانییان لێ دەکەین. ل... ل... لە ڕاستیدا کارێکی گرنگ نییە.
وتم:
-گوێت لێ بێ دیچکۆ. ئێستا کە هەوساری خۆمان داوەتە دەست تۆ، بۆ هەر کوێیەکمان دەبەیت بمانبە. بەڵام من نایەمە لای وەزیری بازرگانی. لەو وەزارەتخانەیە من دەناسن. باش نییە، ئابڕووم دەچێ. من هەموو ڕۆژێ لەوێم.
دیچکۆ گرژ بوو:
-تۆ ل... ل... لە ڕاستیدا پیاوێکی سەیری! ڕۆژی دوو سەد کەس دەچنە لای وەزیر. ئێستا بە تاقی تەنیا تۆ دەناسێتەوە؟
چووینە لای هەموو وەزیرەکان. کوڕنشمان برد. لە کاتی پێویستدا وتمان: بەڵێ. لە کاتی پێویستدا وتمان: نا. چووینە لای وەزیری بازرگانیش. تا لە لای وەزیر وێستابووم وەکوو بیی ناو ئاو دەلەرزیم. بەڵام بە خێر گەڕا و نەیناسیمەوە. شەو پاپۆنچێڤ بردینییە ڕیستۆران، نانی دایبنێت، عەرەقی دایبنێت، یەکی پاکەتێ سیگاری گەڵاشی بۆ کڕین. پاشان لە جیاتیی پێنج سەد قۆشە، یەکی سەد قۆشەی نایە مشتمان و وتی: خوا حافیزتان بێ.
بەیانی چوومە لای تا کارەکەم بۆ جێبەجێ بکا. هەر کە دیمی یەخەی گرتم و بە ناوی دەستەی نوێنەرایەتی بردمیە شارەوانی. لەوێشەوە ناردمیە گومرگ تا چەند بەستە شتومەک ڕزگار کەم. دوای چەند ڕۆژ دیسان کردمیە دەستەی نوێنەرایەتی و بردمیە ئەنجوومەنی کڵێسەکان. ڕۆژێکیش بە کەتان سەری پێچام و بردمی بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە دژی حیزبی نەیار «موعارەزە» شکاتی پێ کردم...
پرسیم: باشە، ئێستا ئیتر چ دەکەیت؟ وەڵامی دامەوە:
-تۆ لەسەر کاری خۆت دەمێنیتەوە... ل... ل... لە ڕاستیدا دەستەی نوێنەرایەتی هەمیشە لەلایەن باکووری بوڵگاریاوە.
بە کورتی، ئێستا پاپۆنچێڤ بووەتە نوێنەری منیش بە دەوریدا هەڵدەخولێم. هەر کاتێک پێویست بێ بە ناوی دەستەی نوێنەرایەتی لەم دائیرەوە دەمباتە ئەو دائیرە. لە جێیەک بە ناوی کوێخا دەمناسێنێت و لە جێیەکیش بە ناوی ئەندامی پایەبەرزی دائیرەی خەرج و باج. لە جێیەک یارمەتیدەری پزیشکم و لە جێیەک دەفتەردار. خراپ نییە. شتێکی لێ پەیدا دەبێت. ڕازیم. ئەوانی تریش منیان ناسیوە. مەبەستم نوێنەرەکانی دیکەیە. ئەوانیش کەڵکم لێوەردەگرن. لەم ماوەیەدا بوومەتە هەرچییەکی دەتەوێ. تەنیا نەبوومەتە قەشە. وابزانم دەبمە ئەویش. دەزانم دیچکۆ ڕۆژێک بە ناوی قەشەش کەڵکم لێ وەردەگرێت. لەبەر ئەوە هەر لە ئێستاوە ڕیشم بەرداوەتەوە، با بۆ ڕۆژی خۆی درێژ بێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=