ناونیشانی بابەت: چارەڕەشەکان
نووسەر: ڤیکتۆر هۆگۆ
وەرگێڕانی: #حەسەن قزڵجی#
ئەم بەرهەمە لە گۆڤاری #هیوا#، #بەغدا#، ژ 2-3، کانوونی یەکەمی ساڵی 1959، ل87-94 دا بڵاوکراوەتەوە.
ئەو شەوە شەوێکی بە با و بۆران بوو. زنجە نابووتەکە تاک و تەنیا لە قەراخ دەلیا مابووەوە، لەو تاریکاییەدا ژوورەوەی زنجەکە ڕۆشن و ڕووناک بوو، لە لایەکەوە تۆڕی ماسیگرتن بە دیوارەوە هەڵاوەسرابوو، لە لایەکی تریشەوە قەرەوێڵەیەک دەبینرا لە تەنیشتییەوە پێنج منداڵی بچکۆلە لەسەر جێگە و بانێک کە لە سەری قەرەوێڵەکە ڕاخرابوو نووستبوون، بڵێسەی ئاگری سووری ئاگردانەکە کە ڕووناکیی دابووە بنمیچەکە.. دایکی منداڵەکان کە ژنی ماسیگرێک بوو، سەری نابووە سەر سەرین، و لەسەرخۆ دووعای ئەخوێند.
وت و وێرەی خەفەتاوی و خەیاڵی بە ترس و سام ئارامی لێ هەڵگرتبوو، ژنەکە تاک و تەنیا، هەر بە تەواو تەنیا و زۆر بەوردی و شپرزەیی گوێچکەی لە هەرا و هوریای دەرەوە گرتبوو ترس و پەشێوی تەنگەتاوی کردبوو، خەم و خەفەت دڵەتەپەی پێخستبوو.
لە دەرەوە، لە پشت دەلاقەی زنجەکە دەریای شڵەژاو ئەیلرفاند، هەموو جێگەیەکی لە چنگی خۆیدا ئەگڵۆفی، دەریا هاژەی دەهات و، بە شەپۆلە سپییە کەفاوییەکانییەوە خۆی بە قەراخدا ئەدا، لە هاژەی دەلیا ترس و پەشێوی و، لە ناڵەی با و بۆران خەم و خەفەت هەست ئەکرا، خاوەنی زنجەکە کابرایەکی ماسیگر بوو کە ئەو ڕۆژە دەمی خۆراوا چووبووە دەلیاوە و هێشتا نەگەڕابووەوە، چەند ساتێکی دوورودرێژ بوو لەگەڵ با و بۆراندا دەستەویەخە بوو، لەتەک شەپۆلەکاندا ئەجەنگا.
لە ساڵانی هەرە زووی منداڵییەوە ناچار بوو مل بۆ فەرمانی ژیان ڕاکێشێت و خەریکی کاری پڕ لە مەترسیی ماسیگری بێت. لەمێژ بوو خووی بەم ژیانەوە گرتبوو، بە باران، بە با و بۆران، بە کڕیوە و گەردەلوول و سەهۆڵبەندان، تەنانەت لە سەختترین و ئاڵۆزترین کاتی دەلیادا دەچووە دەلیاوە، وەک مەرگ بە لایەوە شتێکی باو و بەردەم و دەستان بێت، گوێی بە هیچ شتێک نەئەدا و هەمیشە بە خۆی ئەوت:
منداڵەکان نانیان دەوێت، نابێت لە باو و بۆران بترسم، دەبێت بڕۆم بەربەرەکانێ لەگەڵ ژیان و لەتەک شەپۆلە ورووژاوەکاندا بکەم، هەمیشە بەم بیروڕایەوە تاک و تەنیا سواری گەمیەکەی دەبوو. ئەڕۆیشتە ناو گێژاوەوە، شەپۆلی دوابڕاوەوە.
چەند ئازایی دەوێت؟ چەند کامەرایی دەوێت کە ئینسان بتوانێت خۆی بە شەپۆلەکانی دەلیا بسپێرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بە گژ شەپۆلەکاندا بچێت، چەند گرانە ئینسان بتوانێت بەربەرەکانیی گێژاو و دەلیای شڵەژاو بکات؟ ئەم کارە شان و باهۆیەکی بەهێز و بتەوی دەوێت، کاتێک گەردەلوول شەپۆلەکان وەک ماری شەڕانی بە لێواری گەمیەکەدا هەڵئەگەڕێن و ڕەنگ بێ لە ترسی با بێت کە شەپۆلەکان ئەناڵێنن و بە کەفی سپی ئەڕشێنەو.
«ژانی» ی ژنی ماسیگر هێشتا نەخەوتبوو، بە خەبەر بوو، حەزیشی بکردایە نەیدەتوانی بخەوێ، شپرزەیی و پەشێوی بواری نەئەدا ئارام بگرێت، گرمەگرم و ناڵە و نرکەی ئەم شەوە پڕ لە گەرد و لوولەی دەهاتە گوێ و ناچاری دەکرد لە کەمترین و بچووکترینی ئەوانە گوێ بگرێت.
جاروبار دەنگی گڕ و بێفەڕی مەلە دەلیاییەکان دەهات و ئەم قاووقیژە مێردەکەی ئەهێنایە بەرچاوی کە لە گەمییەکەیدا دانیشتووە و لەناو شەپۆلانی سامناکدا بەرز و نزم دەبێتەوە، ژانی سەری خۆی نابوو بە سەرینی منداڵەکانییەوە و کەوتبووە پەرۆش و پەژارەیەکی قووڵەوە...
لە دڵی خۆیدا ئەیوت: ئای ژیان بەهەژاری و دەستەنگی چەند سەختە، دەستەویەخە بوون لەگەڵ بێپارەیی و نەبوونیا چەند گرانە؟ ئێمە بەم هەموو ڕەنجدان و مەینەتکێشانەوە تەنیا نانی جۆمان دەس دەکەوێت خێزانەکەمان هەموو پێخاوسن، بە درێژایی عومرمان دەبێت سەبر بگرن، ڕەنج بدەن، مل لە ملی هەژاری بنێن، بچی؟ ئاخر بۆچی؟ لەبەر چی؟
بۆران توندتر دەبوو. دەلیا ئەیلرفاند، شەپۆلەکان وەک کێو ئەدران بە قەراخا، پرش و بڵاو دەبوو.ەوە، لەناو هەور و مژی دەریادا، جاروبار ئەستێرەیەک کوتووپڕ ئەدرەوشایەوە، وەک پزیسکێک لە کوورەی ئاسنگەردا لەناو دووکەڵدا بریقە بداتەوە و لەناوبچێ، ئەم ئەستێرەش خێرا گوم دەبوو.
شەوگار شەق بووبوو، بێگومان لەو کاتەدا بەختەوەران، دەوڵەمەندە پارەدارەکان، بەخۆشی و شادی خەریکی ڕابواردن و خواردنەوە و سەما و هەڵپەڕکێ بوون، بەڵام لەم ساتەدا ماسیگر لە چ حاڵێکدا بوو؟
ئەو بەدبەختە، بێچارە، ڕەنگ هەڵبزرکاوە، پاڵتاوە چەرمینەکەی بە شانیا دابوو، لە تاریکایی تەم و مژاوی دوا بزاوی شەودا لە گەمیەکەیدا دانیشتبووچاوەڕوانی چارەنووس دەکرد...
پەیتاپەیتا بەرەو پێش ئەڕۆیشت، بەڵام نیشانەیەک لە قەراخ نەبوو، ژانی، ژنە چارەڕەش و چاوەڕوانەکەی تارمایی سامناک و دزێو و بە ترسی یەک لە دوای یەک دەهاتە بەرچاو، دڵی بەپەرۆش و پەژارە تەنگ و گیرابوو، چاوی فرمێسکی هەڵئەوەراند و بە ناچاری و بە لێوە لەرزە پەیتاپەیتا ئەیوت:
خوایە! چەندە ماسیگر لە بنکی دەلیادا خەوتوون، ئەوانە هەموویان لە شەوێکی وەک ئەم شەوەدا ڕۆیشتوون و نەگەڕاونەتەوە.
ژانی فانۆسی هەلگرت: بە بیریا هات وەختێک ئەوە هاتووە بچێ بە پێشوازیی مێردەکەیەوە. لە دڵی خۆیدا ئەیوت: دەبێت دەلیا هێشتا ئارام نەبووبێتەوە؟ بەشکم هەوا ڕوون بووە و باران لە توندوتیژی کەوتووە، با بڕۆم بزانم بورجی چاوەدێڕی ڕووناک بووە؟ لە زنجەکە هاتە دەر، بۆ بەیانی زۆری مابوو.. مژێکی توند سەرانسەری ئۆقیانووسی داپۆشیبوو، دەلیا هەر وەک پێشوو بەڵکوو توندتر ئەیلرفاند و بارانیش دایکردبوو...
ژانی بەزەحمەت وەک کوێر بە پەلەکوتە ئەڕۆیشتە پێشەوە، کوتووپڕ تووشی زنجێکی تاریک هات، ئەم زنجە تەواو لە تاریکاییدا نوقم بووبوو، نە چرایەکی تێدا ئەسووتا و نە ڕۆشناییەکی لێوە دەبینرا، با بەتوندی لە بانە پڕ لە کون و کاژێرەکەی دەدا و گڤەگڤی دەهات و نزیک بوو بە جارێ زنجەکە لە بن هەڵکەنێت.
ژانی پشوویەک وەستا و بیری کردەوە: ئەمە زنجی دراوسێ نەخۆشەکەمانە، ژنە چارەڕەشەکەی لە شەوێکی وادا و لەم تەنگانەیەدا تەنیایە. با بچم بزانم پێویستییەکیان نییە؟ بە ڕاستی خەم و دەردی ژیان و بەدبەختی بە جارێک ئەوی لە بیر بردوومەتەوە. دوێنێ مێردەکەم ئەیوت زۆر تەنگانەیەتی دەبێت هەر بیبینم... ژانی توند لە دەرگای دا، دەنگ نەبوو، لە دڵی خۆیدا ئەیوت: زگم پێی ئەسووتێ! هەژارە... ئەو لە ئێمە هەژارترە، منداڵەکانی باوکیان نییە و بێکەسن، دیارە ئەوانیش وەک خۆمان هیچیان نییە بیخۆن! هەر هەژارانن دڵیان بۆ حاڵی یەکتر ئەسووتێ، ژانی لە دەرگای دەدا و بانگی دەکرد، بەڵکوو کەسێک گوێی لە دەنگی بێت و دەرگاکەی لێ بکاتەوە، بەڵام دەنگی لەناو گرمە و گڤەی با و بۆراندا گوم دەبوو. وەڵامێک نەئەگەیشت، لەناکاو لەبەر توند کوتانی ئەو دەرگاکە کرایەوە، ژانی چووە ژوورەوە، زنجە تاریکەکەی بە ڕۆشنایی فانۆسە کزەکەی خۆی ڕووناک کرد، بەڵام هەوەڵ هەنگاو لە ترسا لە جێی خۆی وشک بوو، لە قوژبنێکا ژنە دراوسێکە بێ چرکە کەوتبوو، قاچی نوشتابووەوە و دەمی داچەقابو، گیانە بەدبەخت و ڕەنجاوەکەی، ئەوی بەجێ هێشتبوو، لە هەموو ژیان پاش عومرێک بەربەرەکانیی هەژاری و دەستەنگی تەنیا ئەم لەشە سارد و سڕەی لێ بەجێ مابوو، لە تەنیشت ئەم لەشە سارد و سڕەوە، دوو منداڵەکەی خەوێکی خۆش و شیرینیان لێ کەوتبوو، دایکەکە وەختی خەوتن سەرپۆشە شڕەکەی خۆی پیا دابوون، تا سەرمایان نەبێ.
لە پاش تاوێک ژانی لەوێ هاتە دەرەوە، دەستی ئەلەرزی و بەتانییەکی پێچابووەوە و بەزەحمەت هەڵیگرتبوو..
بۆچی وا دڵەتەپەی پێکەوتبوو؟ بۆچی لنگی ئەلەرزێ؟ بۆچی لە ترسانا ئەیڕوانییە دەوروبەری خۆی؟ کە گەیشتە ماڵەوە تەم وردەوردە لە قەراخ دەلیا ئەڕەوییەوە.. ژانی بە پەشۆکاوی و ڕەنگ بزڕکاوی لەسەر کورسییەک لە تەنیشت جێگەوبانەکەوە دانیشتبوو، هێشتا چاوەڕێی مێردەکەی بوو، دیسان پەرۆشی و پەژارەیی هوروژمی هێنابووە سەری ئەوەندەی نەمابوو لە خەفەتا دڵی بتەقێ، لەژێر لێوەوە ورتەورتی بوو، بە خۆی ئەوت:
ئەم کارە چی بوو من کردم! مەگەر مێردەکەم دەرد و خەمی کەم بوو؟ ئەو بۆ بەخێو کردنی خۆم و پێنج منداڵەکەم لە مەینەتایە، ئێستا ئەمانەشی لێ زیاد بوو، ئای خوایە... ئەڵێی مێردەکەم هاتەوە، نەء خاترجەم داڵغە لێ دەدەم، وا دیارە هیچ کەس نییە، ڕۆژگارێکی ڕەشە، ئێمە خۆمان هیچمان نییە بیخۆین، کارێکی باشم نەکرد، بەڵام ئەی چیم بکردایە؟ بێگومان مێردەکەم لێم ئەدا، خۆم ئەزانم شایانی لێدانم، ئەڵێی هاتەوە! نەء دەنگی بایە! خوایە من چەند گەوجم، بە درێژایی شەو چاوەڕێی بووم کەچی ئێستا لە هاتنەوەی دەترسم! ژانی، دڵتەنگ و ماندوو، سەری کردبووە سەر دەستی و خەوێکی ئاڵۆزی لێکەوتبوو.
ئیتر لرفەی دەلیا و ناڵەی با نەئەبیسرا، لە پڕێکا دەستێکی قورس و قایم دەرگای زنجەکەی کردەوە، ڕووناکیی کەم ڕەنگی بەیانی لە لابەلای دەرگاکەوە دایە ناو زنجەکە و لەگەڵ ئەم ڕووناکییە کابرای ماسیگریش هاتە ژوورەوە بانگی کرد: هاتمەوە!..
ژانی ڕاپەڕی و بە دڵخۆشی هەستا و دەمی نا بە پاڵتاوە زبر و خووساوەکەیەوە و ماچی کرد مێردەکەشی ئەوی گرتە باوەش و ئەیڕوانییە چاوەکانی. ژانی بە هەناسەبڕکەوە وتی: خۆشەویستەکەم ئاخرەکەی هاتیتەوە! خۆ بێوەی و ساغی؟ نێچیرێکت دەست کەوتووە؟
ماسیگر وتی: نێچیر نەبوو! سەوڵەکەم لە دەست دەرچوو! تۆڕەکە دڕا! زۆری نەمابوو تیابچم، چارە چییە؟ ئێستە پێم بڵێ بزانم منداڵەکان ساغن! هەوایەکی چەند ناخۆشە! وەخت بوو نوقم بم! چەند جار کەوتمە گەرووی مەرگەوە! ئەی تۆ پاش من خەریکی چی بووی؟
ژانی وتی: چاوەڕێی تۆ بووم، تۆزێ درومانم کرد، وەخت بوو لە ترسا بمرم، زۆر پەرۆشی تۆ بووم، بە درێژایی شەو دەلیا ئەیلرفاند، منداڵەکان چاکن، تۆ دەزانی شتێکی زۆر خراپ ڕوویداوە؟ من دەمەو بەیان چوومە لای دراوسێکەمان، چارەڕەشە دوێ شەو مردووە! منداڵەکانی تەنیا و بێسەرپەرشت ماون. ژانی هەژار کە ئەم قسانەی دەکرد لەبەر شپرزەیی و پەشێوی ڕەنگی بزڕکابوو. نەیدەتوانی قسەکانی بە ڕێکوپێکی بکات، لە لێدان ئەترسا، وەک کارێکی خراپی کردبێت. دیسان وتی:
منداڵەکان زۆر وردن، کچە گەورەکەی تازە پێی هەڵگرتووە!
ماسیگر تاوێک بیری کردەوە و لە پاشان وتی: قوڕبەسەرانە چەند خراپیان لێ قەوماوە! بێگومان ئەفەوتێن! کێ بەخێویان ئەکات؟ خەڵکی ئەم دێیە هەموویان هەژارن! هیچیان نییە خۆیان بیخۆن. من زۆر حەز دەکەم ڕایان بگرم، بەڵام خۆمان پێنج منداڵمان هەیە.. چی بکەین؟!
ماسیگر بە خەم و خەفەتەوە کڵاوە جووساوەکەی فڕێدایە قوژبنێک و لەژێر لێوەوە وتی:
نەء! بیر کردنەوەی ناوێ! ئێمە پێنج منداڵمان هەیە! ئەوانیش دوانن.. باشە دەبنە حەوت، ناتوانین وازیان لێبێنین ئەم منداڵانە وەک تووتە سەگ بمرن خۆ ئێمە ئینسانین! ئەمجار دەنگی هەڵبڕی و وتی: ژانی! ڕاکە بچۆ بیانهێنە! بێگومان زۆر ئەترسن! دایکیان لە سەرەمەرگا لای وابووە ئێمە نایەڵین تەنیا بن. من ڕایان ئەگرم! بەڵکوو خوا سەبارەت بەوان نەچیری باشمان بداتێ! گەورە دەبن و یارمەتیمان دەدەن، ژانی کە لای جێگە و بانەکەوە هەڵتروشکابوو، و فرمێسکی شادی لە چاوی هەڵئەوەری، بەتانییەکەی لەسەر لادان و وتی: منداڵەکان دەمێکە لێرەن!.. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=