=KTML_Bold=دوو خەڵاتی نۆبڵ بۆ ترەمپ=KTML_End=
#هێمن عەبدوڵڵا#
کاتێک وێنەی دانیشتنی زێلێنکسی و سەرکردەکانی ئەوروپات لەسەر کورسی و بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ لە پشت مێزێکەوە بینی، یەکەم شت کە بەخەیاڵتدا هات چی بوو؟ بۆ من هیچ کە لەگەڵ پرۆتۆکۆڵە تاوەکوو ئێستا باوەکانی پێشوازیی سەرۆکان لە سەرۆکان و سەرۆکوەزیران یەکنەدەهاتەوە، زۆرتر هەستی ئەوەشی دامێ کە کۆمەڵێک کڕیاری شوققە بەرانبەر فرۆشیارێکی خانووبەرە دانیشتوون و دەیانەوێت قایلی بکەن پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ئۆکراینا) نەداتە دەست ڕووسیا.
سەرلەقاندنە موجامەلەئامێزەکانی ئەو سەرکردانە بۆ ترەمپ و شۆخییەکانی ئەو لەگەڵیان، هەر لە هێنانی چا و ئاوێکی کەم بوو کە لە نووسینگەیەکی خانووبەرە لە #هەولێر# یان #سلێمانی# یان #دهۆک# دەیبینیت!
وێنەیەکی دیکە کە بەخەیاڵمدا هات ئەوە بوو کە زێلێنکسی بۆ جاری دووەم چووەتە خوازبێنییەک و باوکی کچەکە (واتە ترەمپ) جاری ڕابردوو خراپی بەسەرهێناوە. بۆیە ئەم جارە هەرچی قەوم و قیلەیە وەدوای خۆی خستووە بۆ ئەوەی وەک جاری ڕابردووی بەسەرنەهێنێت.
ئەمە وێنە سادە و شۆخیئامێزەکەیە. وێنە گەورە و ئاڵۆزەکە ئەوەیە کە ئەو دنیایەی تێیدا دەژین، چارەنووسی زۆربەی جەنگەکان و تەنانەت ئاییندەی نەوەکانی پاش خۆشمان تێیاندا بوونەتە موستیلەیەک و سەرۆکی ئەمریکا بە کەیفی خۆی بایدەدات. جا وای بە حاڵی ئەو گەل و سەرکردە و وڵاتانەی ترەمپ لە پێچێکی موستیلەکەدا لە ڕەوڕەوەکە دەریاندەخات و بۆ هەستانەوە ئامادە نین!
ئەو چەند مانگەی دوایی دنیا زۆر گۆڕدراوە. ئەوەی لەو ماوەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و ئاسیا و تەنانەت نێوەوەی ئەمریکاش ڕوویداوە، ڕەنگە لە دۆخی ئاسایی و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی هەر کەسێکی دیکەدا لە ئەمریکا ڕووینەدابووایە. ئێستا ئەمریکا سەرۆکێکی هەیە کە بۆ جاری دووەم چووەتەوە کۆشکی سپی و هەردوو جارەکە بەو دەنگانە گەیشتووەتە ئەوێ کە پێیانوابووە نابێت ئەمریکا خۆی بە دنیاوە خەریک بکات و دەبێت. خەریکی نێوەوەی خۆی بێ. کەچی سەرۆک نایشارێتەوە کە دەیەوێت کارێک بکات لە جیهاندا، کە لەنێوەوەی ئەمریکا نا بەڵکوو لە ئەسکەندەناڤیا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بدرێتێ.
ئەمریکایەک کە پێش ترەمپ ئەجێندای بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و بۆ هاوکێشە جیۆپۆڵەتیکییەکان لە هەر زۆنێکی جیهان هەبوو و هەندێک جار تووشی شەڕیش دەبوو، ئێستا لە پێناوی خەڵاتەکە تەنیا خەریکی سوڵحە. جا سوڵح بە هەر نرخێک بێت گرنگ نییە. کێ تێدادەچێ، کوردەواری و ئێوە خۆش!
ترەمپ بە زیلینسکی و سەرکردەکانی دیکەی دەوت لەو چەند مانگەدا شەش جەنگی ڕاگرتووە. جا ڕاستە یان نا، ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کۆترە سوورەکەی کۆشکی سپی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت.
ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا خەریکی ئاشتییە شتێکی زۆر باشە. هیچ نەبێت بەوهۆیەوە خەڵکی کەمتری سڤیل و بێگوناﮪ دەکوژرێن و برسی دەکرێن و هەڵوەدا دەبن، بەڵام بەداخەوە ئەم جیهانە و ناکۆکی و جەنگەکانی ناوی لەوە ئاڵۆزترن کە بە پێچی موستیلەیەک بۆ هەمیشە یەکلایی ببنەوە. ئاو بە ئاگرەکاندا دەکرێت، بەڵام دارەکان وشکبنەوە دیسان ئاگر دەگرنەوە. بۆ نموونە ڕاستە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بە فەرمانی ترەمپ ڕاوەستا، بەڵام وەک بەرپرسێکی گەورەی سەربازیی ئێرانی لەمڕۆژانەدا دەیوت: ”ئەوەی هەیە ئاگربەست نییە، بەڵکوو تەنیا ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە“. چونکە وەک ئەو دەیوت ئاگربەست دەبێت. لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ بێ و ئەوەی ئێستا هەیە لە هەر کاتێکدا دەکرێت دیسان بتەقێتەوە.
نموونەیەکی دیکە شەڕڕاگرتنەکەی نێوان پاکستان و هیندستانە کە ئەویش گەرەنتی نییە لە هەر چرکەیەکدا نەتەقێتەوە. نموونەکانی دیکەش هەروان.
گەورەترین ئاڵنگاری بۆ نەهێشتنی جەنگەکان کە لەپێش ترەمپ و ئیدارەکەی بێ شەڕە تاقەتپرووکێنەکەی ئۆکراینا و ئەو جەنگە نامرۆڤانەیەیە کە لە غەززە هەیە. بۆ هەردوو جەنگیش گوێ لە هەر شارەزایەکی سەربازی، ستراتیژی، ئابووری و تەنانەت شارەزایانی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکان لە وڵاتانی ئەورووپیش دەگریت دەڵێن بۆ ئەوەی هەر لەنێو ئۆکراینا و غەززە نا، بەڵکوو لە ئەوروپاش دەرهاویشتە کوشندەکانی دەرنەکەون، پێویستە بەزووترین کات ئەو دوو جەنگە ڕابوەستن.
بۆ ئۆکراینا دنیا کراوەتە بەهار و ئاو هێنراوەتە چۆکان، بەڵام وەک بەکردەوە دەردەکەوێت شتەکە ئاڵۆزە. کەس ناتوانێت پێشبینی بکات کە لە هەفتەکانی داهاتوودا شەڕ ڕادەوەستێت یان لەوەی هەیە ئاڵۆزتر دەبێت. خۆی کاتێک شەڕەکەش دەستی پێ کرد تاوەکوو دوایین کاژێرەکان تەنانەت بڕیارسازە سەربازییەکانی ڕووسیاش نەیاندەزانی پووتین بەتەمای چییە. ئێستاش هەر وایە و موستیلەی ڕاگرتنی ئەو جەنگە لە دەستی پووتیندایە و ترەمپ دەتوانێت هانی بدات بە باشە بیسووڕێنێ، بە باشە نەیسووڕاند، چی ڕوودەدات؟ ئەگەر بە باشە سووڕاندی، نرخەکەی چەندە؟ هێشتا نازانین.
بۆ غەززە هیچ مرۆڤێکی بەویژدان بەرگەی شایەتبوونی ئەو هەموو ژان و نەهامەتییە ناگرێت کە بەسەر خەڵکە سڤیلەکەیدا دێت. دوو هێز بەرانبەر یەکدین کە هیچ نرخێک بۆ کەرامەتی مرۆڤەکانی ئەوێ دانانێن و کردوویاننەتە کاڵا و کارتی گوشار لەسەر یەکدی. ڕاستییەکەی ئەگەر ئەم دنیایە بەپێوەری مرۆڤانە و بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بەڕێوەچووبایە، دەبووایە پێش ئۆکراینییەکان خەڵکی ئەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو کۆمەڵەمەرگییەی تێیدان دەرباز بکرێن. هەرچەندە هەستناکەم بەمزووانە ئەمە ڕووبدات، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر ترەمپ بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا شایانی خەڵاتێکی نۆبڵ بۆ ئاشتی بێ (کە بێگومان شایانی دەبێ)، ئەوە بە ڕاگرتنی شەڕی غەززە شایانی دوو خەڵاتی نۆبڵە. [1]