ناونیشانی بابەت: کاک ئیدریس.. ئومێدبەخش، ئاشتیساز و خاکەڕا
نووسینی: #ئاریان فەرەج#
لە یاد و بیرهاتنی کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیدا، هەمیشە ڕەوشت و ئاکارە کەسیی و ئینسانییەکانی لە دید و ڕوانگا و باوەڕە سیاسییەکانی زیاتر دێنە بەرباس و یاد دەکرێنەوە، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت زۆرترین هاوڕێ و هاودەمی سەفەرە کورتەکەی ژیانی، پێشمەرگەی ساده و ئاوارەکانی دوای نسکۆ بوون و بە لای ئەوانیشەوە ڕەوشت و ئاکارە ئینسانییەکانی سەرکردە وەک (مەردی و جوامێری و خاکەڕایی و خەمخۆری و بەدەمەوەبوونی خەڵک)، لە دید و تیۆر و ڕوانگا سیاسییەکەی لەپێشترن.
پێشمەرگە و خەباتکارانی ئەوێ ڕۆژی شۆڕش و بەرخۆدان، کە دەربارەی کاک ئیدریس دەدوێن، هەر یەکە و سەربوردە و سەرگوزشتە و یادێکی تایبەتیی لەگەڵ هەیه و هەر نەبێت نامەیەکی ئەوی لە سینه و ئەرشیڤیدا پاراستووە. کاتێک لەو هەموو یادەوەری و چیرۆک و نامانە ڕادەمێنێ، لەو تۆڕە فراوانەی پەیوەندییەکانی ئەو سەرکردەیە ورد دەبیەوە، سەرت سڕ دەمێنێ چۆن پەرژاوەتە سەر ئەو هەموو خەڵکە و لەگەڵ دانەبەدانەیان هەستی هاوڕێیەتی و لێکنزیکی و بەخەمەوەبوونی چاندووە و لەو کەم دەرفەتی و دۆخە سەختەی شۆڕش و نسکۆدا، هەموو ئەو پەیوەندیانەی ئیدارە و ئیدامە پێداوە!
ئەو تویژەر و چاودێرە سیاسییانەی لە کەسایەتیی ئیدریس بارزانی دەکۆڵنەوە، هەمیشە سەرچاوەی ڕەوشت و ڕەفتار و خەسڵەتەکانی بۆ دیدە سیاسییەکەی دەگێڕنەوە. لە دیدی ئەودا سەرکردە دەبوو خزمەتکاری ئەو خەڵکە بێت کە خۆیان خسووەتە خزمەتی کوردستان، دەبوا هەمیشە قەرزبار و منەتباری پێشمەرگە و جەماوەر بێ. لە دیدی ئەودا سەرکرده لەناو میللەتێکی شۆڕشگێڕدا تەنیا بە ویست و بڕیار و قبووڵی خەڵک درووست دەبێت، سەرکردایەتیکردنیش هیچ نییە جگە لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریی و چوونەژێرباری ئەرکی سەختتر لەو ئەرکەی لە ئەستۆی هاوسەنگەرانییەتی، سەرکردە ئەو کەسەیە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدا، پێشەنگی هەمووان و لە پشوودان و حەوانەوەدا لە دوای هەمووانە. هەر لەو پێودەنگەوەیە کە سەرۆک #مەسعود بارزانی# دەڵێت: ئیدریس هەڵگری تەواوی سیفەتەکانی بارزانیی نەمر بوو.
هەر ئەو دیدە بەرپرسیارە بوو ئیدریسی نەمری کردە شانی بەر زەحمەتترین ئەرکەکانی دوای نسکۆ: لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی نسکۆ و چوونە ژێرباری ئاکام و شوێنەوارەکانی، لە یەککاتدا خەمخواردن لە گوزەرانی ئەو خەڵکە زۆرەی نسکۆ ئاوارەی کردن، هاوکات ئاڵانگاریی سەختی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و دووبارە ژیاندنەوەی گیانی ئومێد و هەستانەوە.
کاک ئیدریس باوەڕی ڕەهای بە درووستیی ڕێبازی حیزبەکەی هەبوو، بەڵام بە هەمان ڕەهاییش باوەڕی واقیعبینانەی بەو ڕاستییە هەبوو کە ئەگەر کۆی هێزە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات پێکەوە لەژێر یەک چەتری نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆنەبنەوە و کۆتایی بە تەفرەقە نەهێنن، کوردایەتی ڕەنج بە خەسارە. ئاشتبوونەوەی گشتی لای ئەو ستراتیژێک بوو کە باوەڕی وابوو بە هەر نرخێک بووە دەبێت سەربگرێت، دواجاریش هەر ئەو دیدە بوو بەرەی کوردستانی لێ بەرهەم هات و کوردستان و کوردەواری لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە گواستەوە.
ئەگەر لە تەمەنی (بەساڵان) کەم و (بە ڕۆڵ و کاریگەریی) زۆری کاک ئیدریس بڕوانی و بتەوێت بە چەند وشەیەک پێناسەی بکەیت، ڕەنگە (ئاشتیسازی، ئومێدبەخشی، خاکەڕایی و نزیکیی لە خەڵک) پڕ بە پێست بن. [1]