=KTML_Bold=ئامانج لە هێرشکردنە سەر ئێران=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لە گرتنەدەستى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامییەوە، ئێران بە درووشمى 'مەرگ بەر ئیسرائیل' و بەڵێنى سڕینەوەى قەوارەى زایۆنى، خۆی وەک نەیار و دوژمن بە ئیسرائیل ناساندووە. لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل ئێرانى لە ڕیزبەندى دوژمنە یەکەمەکانى داناوە. هەردوولا یەکتریان بە هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر یەکتریى دەزانى، بەڵام چاوەڕوانى ئەوە نەدەکرا ڕۆژێک بکەونە ناو جەنگێکى ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو.
ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەى ئەوەى دەکرد ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى، بۆیە چاوەڕێ دەکرا ڕۆژێک ئیسرائیل بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران بکاتە ئامانج، جا لە ڕێگەى هێرشى سایبەرییەوە بووایە، یاخود هێرشى ڕاستەوخۆ. هەروەها بۆ ئێرانیش چاوەڕوانییەکان تاوەکوو ئەو ئاستەبوون کە لە ڕێگەى گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییە وابەستەکانى خۆیەوە لە فەلەستین، یەمەن، لوبنان، سووریا و ئێراق، بەردەوامى بە هێرشە مووشەکى و درۆنییەکانى بدات دژ بە ئیسرائیل.
بەڵام لە #07-10-2023# بە هێرشى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو زیانە گەورەیەى بە ئیسرائیلى گەیاند، دەرگاى بۆ ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل ستراتیجى خۆى بگۆڕێت، لە جۆرى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکان، لە تۆڵەکردنەوە و تەمبێکردن و تەنانەت لەناوبردنى مەترسییەکانیش زیاتر بڕوات. پلانى ئەوەى خستە ڕوو کە دەیەوێت نەخشە و هاوکێشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگۆڕێت.
نەتەنیاهووى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل چەند جارێک لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دیدار و لێدوانەکانی دواتریدا، بەڕوونى ئاماژەى بەوە دەکرد سەرلەنوێ نەخشەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست دادەڕێژنەوە، بەڵام نە ئیدارەى ئەو کاتى ئەمریکا و نە دۆستە ئەوروپییەکانى پشتیوانییان بۆ پڕۆژەکەى دەرنەبڕى. تەنیا لەو چوارچێوەیەدا ڕەوایەتییان بە کار و کردەوەکانى ئیسرائیل دەدا کە مافى خۆیەتى بەرگرى لەخۆى بکات.
پێدەچوو ئیسرائیل چاوەڕوانى گەڕانەوەى ترەمپ بکات بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکەى، بۆیە لە لایەک وەک یاریکردن بە کات و لە لایەکى دیکەشەوە وەک زەمینەخۆشکردن بۆ پلانەکەى، ئەو 6 گرووپەى کە وەک هەڕەشە و مەترسى دیاری کردبوون، کردنى بە دوو بەش. سەرەتا مەترسیى حەماس و حیزبوڵڵا و سووریاى نەهێشت، حووسییەکانى یەمەن و ئێراق و ئێرانی هێشتەوە بۆ قۆناخى دواى گەڕانەوەى ترەمپ.
لێرەدا ئەوەى جێى هەڵوێستەکردنە ئەوەیە کە هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوە بوو ئیسرائیل دواى کۆتایى مەترسى حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینى ئەسەد، پەلامارى حووسییەکان و حەشدى شەعبى بدات، نەک ڕاستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئێران. بەتێگەیشتن لە گۆڕینى ئەم ڕیزبەندییە باشتر لە ئامانجى نەتەنیاهوو تێدەگەین لەم جەنگەى هەڵیگیرساندووە.
ئەگەر حووسییەکان و حەشدى شەعبى پێشبخستایا، ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سازشى دەکرد و بە هەموو مەرجەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەمریکا قایل دەبوو، چونکە کەسى بەدەستەوە نەدەما تاوەکوو بەوەکالەت شەڕى بۆ بکەن و نەشیدەویست خۆى بچێتە هیچ شەڕێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل. بەو جۆرە پاساو نەدەمایەوە بۆ ئیسرائیل دەست بە هێرشەکانى بکات بۆ سەر تاران. هەروەها ئەگەر حووسییەکان پێشبخراپان، ئەى کێ مووشەکى بگرتایەتە کەشتییەکان لە دەریاى سوور، تاوەکوو جیهان ڕەوایەت بە ئیسرائیل بدات بۆ درێژەدان بە جەنگەکەى.
ئیسرائیل بە مەبەست شەڕى ئێرانى پێشخست، پێش ئەوەى ئێران سازشبکات و کارتى هێرش و پەلامارەکان لەدەستى ئیسرائیل دەربێنێت. چونکە ئیسرائیل ئێستا ئەوەى ناوێت کە ئێران وڵاتێکى نا ئەتۆمى بێت، چونکە دەزانێت لە هەر ڕۆژگارێکى دیکەدا بۆ ئێران هەلومەرج لەباربێت بە ئاسانى دەبێت بە خاوەن چەکى ئەتۆم. لەم ڕۆژانەى شەڕیشدا دەرکەوت تواناکانى ئێران لەوە زیاترە کە لانی کەم ڕاى گشتى دەیزانى. مەترسیی مووشەکە کیشوەربڕەکانى لە چەکى ئەتۆم کەمتر نین. هەروەها بوونى درۆنى پێشکەوتووى لەو جۆرەى کە تواناى بڕینى 7 هەزار کیلۆمەترى هەیە، ئاماژەى بەخێرایى پەرەپێدانى توانایەکى لە چاوەڕوانى بەدەرە بۆ ئێران. بۆیە ئەگەر هەر وڵاتێک لەبەر لاوازى لە جەنگدا بڕووخێت، ئێران لەبەر مەترسیى بەهێزبوونى دەیڕوخێنن.
ئەو مەترسییانەى سەرکردە و سیاسییەکانى تورکیاش بۆ هەژمونى ئیسرائیل و پلان و نەخشەکەى بۆ گۆڕینى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەیخەنەڕوو، ئاماژەى ئەوەیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت لە پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى نوێدا، دەوڵەتى بەهێز و گەورە نەمێنێت.
دەرکەوتەیەکى دیکەى ئەم شەڕەى نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە ئەوە دەسەلمێنێت پڕۆژەى گۆڕینى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەى نەتەنیاهوویە و بە گەڕانەوەى ترەمپ بۆ حوکم، ئەمریکاش بووەتە هاوبەشى، پڕۆژەیەکى جیدی بڕیارلێدراوە، هەڵوێستى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپایە لە پشتیوانیى بێبەرانبەرى ئیسرائیل و بێمنەتى و قبووڵنەکردنى پشتیوانییەکانیانە لە لایەن ئیسرائیلەوە.
لە یەکەم ڕۆژى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر تاران، کە هێشتا ئێران هیچ وەڵامێکى نەدابووەوە، هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی کە ئامادەن هاوکاریی ئیسرائیل بکەن بۆ پاراستنى وڵاتەکەى، بەڵام دواى سێ ڕۆژ، ئیمانوێل ماکرۆن وەک دەربڕینى گلەیى ئاماژەى بەوەکرد کە هیچ داوایەکمان لێناکرێت بۆ پشتیوانیى ئیسرائیل. ئەمە ئاماژەیەکى گرنگە بەوەى ئیسرائیل و ئەمریکا نایانەوێ دۆستە ئەوروپییەکانیان لەگەڵیاندا بەرى سەرکەوتنەکان بچننەوە. هەر وەک بە دیوێکى دیکەشدا ئاماژەى ئەوەیە کە فەرەنسا و بەریتانیا وەک داڕێژەرى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستى کۆن، لە پڕۆژەى سایکس بیکۆ، خۆیان بە خاوەن ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەزانن و دەیانەوێت لە دیزاینکردنەوەى ئەمجارەى ناوچەکەدا نەخرێنە پەراوێزەوە.
هێشتا جەنگەکە لە هەفتەى یەکەمدایە، بەدیاریکراوى نازانرێت ئەمریکا کەى ڕاستەوخۆ دێتە ناو جەنگەکەوە، بەڵام دێت. ئیسرائیل بەشێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێرانى کردووەتە ئامانج، بەڵام هەمووى نا. بەشى ئەوەى هێشتووەتەوە وەک بیانوو بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ. ئامانجى شەڕەکە ڕوونە، نازاندرێت کەى و چۆن بەدى دێت، بەڵام بە یەقینەوە ئامانجى ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا نەهێشتنى بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانى تاران نییە، هەر وەک ئامانجیان تەنیا لەنێوبردنى توانا مووشەکى و درۆنەکانى نین، بەڵکوو دەیانەوێت بە بەردەوامیدان بە شەڕ، هەلومەرجى گۆڕینى دەسەڵات بڕەخسێنن، وەک ئەوەى لە سووریا کردیان. بە ئەگەرى زۆرەوە ناهێڵن دواى ئەوەش دەوڵەتێکى گەورە لەسەر نەخشەى ئێران بوونیاتبنرێتەوە. [1]