=KTML_Bold=ئێراق ناتوانێت تێوەنەگلێت=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگى ڕاستەوخۆى نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە ئەندازەى سەرنجەکان لەسەر هێرش و پەلامارە مووشەکی و ئاسمانییەکانى هەردوو وڵات بۆ سەر یەکدی، جیهان چاوى لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم جەنگە فراوانتر دەبێتەوە، یاخود نا؟ چونکە لە واقیعدا سرووشتى ناکۆکیى و ململانێى نێوان وڵاتان، جیهانى بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، ئێران و ئیسرائیلیش لەم دابەشبوون و ململانێیەدا هەریەکە و سەربە یەکێک لە بلۆکە جیهانییەکەن. بۆیە پرسیارى گرنگ لەم بارودۆخەدا ئەوەیە ئایا چاوەڕوان دەکرێت جەنگى نێوان ئەم دوو وڵاتە سەربکێشێت بۆ بەریەکێکەوتنى بلۆکە جیهانییەکان، یاخود لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا دەمێنێتەوە.
وەک پێدراوێک ئەگەر لە جەنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت، کە ئەوانیش لەو هاوسەنگییە جیهانییەدا نەک هەر سەربە دوو بەرە جیاوازەکەى جیهانن، بگرە ڕووسیا سەرکردایەتیی جەمسەرێک دەکات و ئۆکرایناش نوێنەرایەتیی جەمسەرەکەى دیکە، سەربارى ئەوەى کۆریاى باکوور لەڕووى کردارییەوە بەهێزى سەربازى بۆ پشتیوانى ڕووسیا چووەتە جەنگەکەوە و وڵاتانى ئەوروپاش بە چەک و پارە پشتگیریى ئۆکراینا دەکەن، بەڵام جەنگى نێوانیان پەلی نەکێشاوە بۆ وڵاتانى دیکە. بۆیە ئەگەر تەنیا ئەو دابەشبوونە بەسەر جەمسەرەکان پێوەربێت، چاوەڕوانى ئەوە ناکرێت جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیل فراوان بێتەوە.
هەرچەندە سرووشتى ململانێ و ناکۆکیی نێوان ئیسرائیل و ئێران پاشخانێکى دوورودرێژى هەیە لە کێشەى نێوان عەرەب - ئیسرائیلەوە بۆ ناکۆکیی جیهانى ئیسلامى و ئیسرائیل و دواتر چڕبوونەوەى بۆ ململانێى تاران و تەلئەڤیڤ، بەڵام لێرەشدا ناتواندرێت هاوکێشەکە بەو شێوە گشتگیرە وێنابکرێت کە شەڕى جیهانى ئیسلامى و جوولەکەیە، چونکە دواى ئەوەى لە چەند دەیەى ڕابردوودا کۆمارى ئیسلامی خاوەندارێتیی خۆى بەسەر کێشەى فەلەستیندا سەپاند، وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى، یەک لەدواى یەک خۆیان لەو ململانێیە کشاندەوە و کێشەکەیان بۆ شیعە بەجێهێشت. جیا لەوەش بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى، ئێستا لە بەرەى ئیسرائیلدان نەک لە بەرەى ئێران. بۆیە لەم تێڕوانینەشەوە هیچ ئەگەر و چاوەڕوانییەک نییە بۆ فراوانبوونەوەى جەنگى ئێران و ئیسرائیل.
ئەوەى وا دەکات ئەم جەنگە لە هەموو ئەو پێوەر و لۆژیکانە بەدەربێت و ئەگەرى تێوەگلانى چەند وڵاتێک ببێتە ئەمرى واقیع، پێشینەى ئەم جەنگەیە، کە چەند ساڵێکە لەنێوان ئیسرائیل و وەکیلەکانى ئێراندا بەڕێوەدەبرێت. بەدیاریکراوى لە حەوتى ئۆکتۆبەرەوە شەڕى ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران و تەلئەڤیڤ هەڵگیرساوە، بەڵام ئێران کارتێکى زۆرى هەبوو، یەک لەدواى یەک وەک لەمپەڕ و دیواربەند بەکارى دەبردن تاوەکوو نەهێڵێت پریشکى ئاگرەکە بگاتە تاران. واتا جگە لە ئێران، چەند وڵاتێکى دیکە تەرەفن لەم کێشەیە و کارتى ئامادەى دەستى ئێرانن بۆ فراوانکردنەوەى بەرەى جەنگ دژى ئیسرائیل.
لەم چرکەساتەدا کە ئێران وەک کارت ئەو تەرەفانەى دیکە بەکارنابات، بۆ ئەوەیە بەدیاریکراوى ئەمریکا پەلکێشى ناو شەڕەکە نەکات، کە بەتاکتیکى گفتوگۆى ئەتۆمى تا ئەندازەیەک خۆى لە هێرشى ڕاستەوخۆى ئەمریکا پاراستووە. دەشزانێت ئەگەر چەند وڵاتێکى دیکە شانبەشانى ئێران بەشداربن دژى ئیسرائیل، لەو حاڵەتەدا وەک گەلەکۆمە لەسەر ئیسرائیل دەردەکەوێت و ئەو کات ڕاستەوخۆ ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا بۆ پشتیوانیی تەلئەڤیڤ دێنە جەنگەکەوە. ئێران دەزانێت بەهاتنە ناوەوەى ئەمریکا بۆ ناو شەڕەکە، ڕۆژگارەکانى تەمەنى مانەوەى دەسەڵاتەکەى کورتتر دەبنەوە، بەڵام لێرەشدا پرسیارى گرنگ ئەوەیە ئەى ئێران ئەو کارتانەى بەدەستییەوە ماون، بۆ کەى هەڵیگرتوون؟ چەندین ساڵە ئەو گرووپە چەکدارییانە پەروەردە دەکات، مەشق و ڕاهێنان و پڕچەکى کردوون، بۆ ڕۆژێکى ڕەشى واى نەبێت، بۆ چییەتى؟ وەڵامەکەى سادەیە، ئێران نایەوێت دەستپێشخەربێت لە پەلکێشکردنى ئەمریکا، هەرکات زانى ئەمریکا دێتە شەڕەکەوە، بەدڵنیاییەوە دوایین تیرى خۆى دەهاوێژێت و هەموو پاشماوەکانى حەماس و حیزبوڵڵا، حووسییەکانى یەمەن و حەشدى شەعبى دەخاتەکار.
ئایا ئەمریکا تاکەى وەک تەماشاکار لەم جەنگە دەڕوانێت، ئیدارەى ترەمپ تاوەکوو چەند بەرگەى گوشارە ناوخۆییەکانى لۆبى جوو دەگرێت؟ بانگەواز و هاوارى نەتەنیاهوو بەوەى بەرگەى ئەو هەزاران مووشەکە بالیستییەى ئێران ناگرین، بۆ درووستکردنى گوشارە لەسەر ترەمپ، دوور نییە جۆرێک چاوپۆشیش هەبێت لەوەى مووشەکەکانى ئێران هەندێک لە ئامانجەکان بپێکن، بۆ ئەوەى زیانەکانى ئیسرائیل، ئەمریکا ناچار بکات ڕاستەوخۆ بێتە ناو جەنگەکەوە.
ئەوەى سەنگى مەحەکە لێرەدا بەردەوامى و درێژەکێشانى جەنگەکەیە، ئەگەر پێبنێتە هەفتەى دووەم و سێیەمەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمریکاش دەبێتە بەشێک لە جەنگەکە و ئێرانیش حووسییەکانى یەمەن و ئێراقیش وەک دوو دوایین کارتى دەستى پەلکێشى ناو شەڕەکە دەکات، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمان تەرەفن لە کێشەکە و لە ساڵانى ڕابردوو بە درێژایى شەڕى غەززە، گرووپەکانى ناو حەشدى شەعبى لە ئێراق و حووسییەکان لە یەمەن کەمتەرخەمییان نەکردووە لە پشتیوانیکردنى ئێران و لێدان لە بنکە و بەرژەوەندیى ئەمریکا و ئیسرائیلیش.
یەکێک لە خەسڵەتەکانى ئێران لە سەردەمى پێش کۆمار و دواى هاتنە سەر حوکمى مەلاکانیشدا، ئەوەبوو هەمیشە دەیانەوێت کێشەکان فڕێبدەنە دەرەوەى خۆیان. چى لۆژیکێک لەوەدایە ئەو کاتەى پزیشکى ئاگر نەگەیشتووەتە جەستەى ئێران، تاران هەموو ئەم گرووپانە لە دەرەوەى خۆى بەکاربەرێت بۆ لێدان لە دوژمنەکەى، بەڵام کە ئاگرەکە بگاتە ناو هەناوى وڵاتەکەى، نەیەوێ ئەم کارتانە بۆ فراوانکردنەوەى جەنگ بەکاربەرێت، بەتایبەت کە ئەم قۆناخەى شەڕ بۆ ئێران شەڕى مان و نەمان بێت.
بە یەقینییەوە ئێران هەموو تواناکانى دەخاتەکار بۆ بەرگرى لە مانەوەى سیستم و دەسەڵاتەکەى کە یەکێک لە کارتە بەهێزەکانى، بەتەرەفکردنى ئێراقە لە فراوانکردنەوەى شەڕەکەدا. لە ناوخۆى ئێراقیشدا زەمینەى ئەم بە تەرەفبوونە ئەگەرێکى بەهێزى کراوەیە، چونکە ئەوانەى بڕیاریان بەدەستە، هەموویان دەستەمۆى ئێرانن و بەدەست بەپشتەوەگرتنى ئێران پێیان لە حوکم گیربووە و دەزانن مانەوەیان بەستراوە بە پێگەى ئێرانەوە. لە دەرەوەى جومگەکانى دەسەڵاتیشدا گرووپگەلێکى چەکدارى تووندڕەو هەن کە ڕاستەوخۆ وابەستەى تارانن و بڕیار لەوانەوە وەردەگرن. بۆیە ئاسان دەتواندرێت ئێراق بکرێتە بەشێک لە جەنگەکە.
ئێراق بۆ ئیسرائیلیش ئامانجێکى دیکەیە، لە درێژەى شەڕى غەززەدا، دەیان جار گرووپەکانى ئێراق بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، بە پێى ڕاگەیێندراوى ڕەسمیی خۆیان، چەندین گورزیان لە سوپاى ئیسرائیل داوە. بۆیە بۆ ئیسرائیلیش دەرفەتە هاوشێوەى حەماس و حیزبوڵڵا، کۆتایى بە مەترسیی حەشدى شەعبیش بهێنێت. تەنانەت بۆ ئەمریکاش هەر ڕاستە، چونکە لە دەرەوەى کردەوەى چەکدارى دژ بە بنکە و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، لەژێر گوشار و هەژموونى حەشدى شەعبیدا پەڕڵەمانى ئێراق یاسایەکى تایبەتى دەرکرد بۆ دەرکردنى ئەمریکا لە ئێراق، تەنانەت داواى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا و دەرکردنى شەریکات و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشیان دەکرد. لە کاتێکدا ئەمریکا هەزاران سەربازى بەکوشتدا بۆ ڕووخاندنى سەدام. واى نابینم ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمانەیان بیرچووبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەى گۆڕینى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست کە ئەمریکا و ئیسرائیل دیزاینى دەکەنەوە، شوێنى گرووپى چەکدارى نادەوڵەتى تێدا نابێتەوە. بۆیە جیا لەوەى لە بنەڕەتەوە ئێراق بەشێکە لە کێشەکە و ناتوانێت نەبێتە تەرەف، لەبەر بوونى ئەو هەموو گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەش بێت، پێشهاتى هەرە نزیک ئەوەیە چارەنووسى بەسترابێتەوە بەم جەنگەى ئێران و ئیسرائیلەوە. [1]