=KTML_Bold=کام گۆڕانکارى بۆ کورد گەورەیە؟=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ەدیاریکراوى لەدواى گۆڕانکارییەکانى سووریاوە، زۆربەى سیاسییەکانى کورد و شرۆڤەکارانى کوردستان و هەندێک لە ناوەندە جیهانییەکانیش، باسى ئەوە دەکەن ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکارى گەورەدایە و پێویستە کورد خۆى بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە بکات. بەڵام ئەگەر لە هەر یەکەیان بپرسیت ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانە چین کە ئەگەرى ڕوودانیان نزیکە، کەس وەڵامێکى درووستت ناداتەوە.
لە ڕاستیدا هەموو ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەى لە جیهاندا ڕوو دەدەن، کەسانێک هەن پێشووتر دەیزانن، چونکە ڕووداوەکان خوڵقێنەرى دەستى مرۆڤەکانن. هەرچەندە ئێستا جیهان گەیشتووەتە دۆخێک نەک ڕووداوە دەستکردەکان، بەڵکوو زانیاریی پێشوەختەى ڕووداوە سرووشتییەکانیشى هەیە.
جیا لەوانەى وەک ئاگاداربوونى پێشوەختە زانیارییان دەربارەى ڕووداو و پێشهاتەکان لایە، کەسانێکى دیکەش هەن بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەى پێدراوەکان، خوێندنەوەى پێشوەختە بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان دەکەن و زۆر جاریش ڕووداوەکان بەو جۆرەیە کە ئەو شرۆڤەکار و لێکۆڵەرەوانە پێشبینیان بۆ کردووە.
بۆیە کورد وتەنی کە دەڵێت: (هیچ دوکەڵێک بێ ئاگر نییە)، ئەم چاوەڕوانییانەش بۆ ڕووداو وگۆڕانکاریی ناوچەکە، پێناچێت لە خۆوە سەرچاوەى گرتبێت. بەتایبەتى کە جیاواز لە لێکدانەوەى شرۆڤەکاران کە پشت بەزانیارییە دزەپێکراوەکان و پێدراوەسیاسییەکان دەبەستن، هەندێک کارەکتەرى سیاسى کوردیش کە بەشێکن لە درووستکردنى بڕیار، ئەوانیش ئاماژە بە گۆڕانکارى گەورە دەکەن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چى گۆڕانکارییەکى ناوچەکە، بۆ کورد گۆڕانکارى گەورەیە؟
پێش ئەوەى بەدواى وەڵامى ئەو پرسیارەدا بچین، دەبێت بزانین کێ گۆڕانکارى پێ دەکرێت. بەتایبەت کە چاوەڕوانى گۆڕانکارى گەورە بکرێت، بێگومان دەبێت هێزى گەورە خوڵقێنەربن. ئایا ئەو هێزە گەورانە لە ناوچەکە بوونیان هەیە؟ یاخود چ ئاسۆیەک هەیە بۆ ئەوەى هێزى گەورەى جیهانى گۆڕانکارییەکان بە قازانجى کورد بکات؟ بەتایبەت کە ئەزموونى تاڵى دواى یەکەم جەنگى جیهانى و کێشانەوەى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، هێشتا وەک تەوقێک لە گەردنى کورد ئاڵاوە. بەدرێژایى سەدەى ڕابردووش هەر ئەوان داڕێژەرانى نەخشەى ڕۆژهەڵات کە نیشتمانى کوردیان پارچەپارچە کرد، پاسەوانى ئەو سنوورە دەستکردانە بوون و هەر دەستکاریکردنێکى سنووریان وەک بەزاندنى هێڵى سوور بینیوە.
گەرچى ئێستاش هیچ ئاماژەیەکى ڕوون و ئاشکرا دیار نییە بۆ ئەوەى بەلایانەوە ئاسایى بێت دەستکارى سنوورى نەخشەى سایکس پیکۆ بکرێت، جگە لەوەى دواى پەرەسەندنەکانى شەڕى غەززە و ئیسرائیل، پشتیوانەکانى چارەسەرى دوو دەوڵەتى فراوانتر بوون. بەریتانیا و فەرەنسا وەک ئەندازیارى نەخشەى ڕۆژهەڵات چوونەتە پاڵ پشتیوانەکانى درووستکردنى دەوڵەتى فەلەستین و دەیانەوێت لە چەند مانگى داهاتوو بڕیار لەو بارەیەوە بدرێت.
بێگومان کۆتایهاتنى ناکۆکیی عەرەب ئیسرائیل و درووستکردنى دەوڵەت بۆ فەلەستینییەکان ڕووداوى گەورەیە، بەڵام ئایا ئەم ڕووداوە چى لە کێشەى کورد دەگۆڕێت تا پێویست بێت کورد خۆى بۆ ئامادە بکات؟
درووستکردنى هەر دەوڵەتێکى تازە لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، شکاندنى تابۆى دەستکارێکردنى ئەو سنوورە دەستکردانەیە کە لە نەخشەى سایکس پیکۆدا چەسپاندیان. بۆیە ئەگەر دەوڵەت بۆ فەلەستین درووست بکرێت، دوو جار دەبێتە شانس بۆ کوردستانیش. یەکەمیان کردنەوەى دەرگە بەڕووى گۆڕانکاریی دیکەى نەخشەى ناوچەکە و دووەمیش ئەو پرسە دێتە ئاراوە، چارەسەرى پرسى کوردیش بکرێت وەکوو گەورەترین کێشەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست.
لێرەشدا خاڵى گرنگ ئەوەیە کە ئێستا زلهێزەکانى جیهان وەک سەت ساڵى ڕابردوو لە دژى کورد نین، بەپێچەوانەوە بەشێکیان پشتیوانى لە کورد دەکەن. هەروەها کورد خۆیشى ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەترە لەو قۆناخ و هەلومەرجەى کە کوردستان دابەشکرا بەسەر وڵاتاندا.
بەپێى ئەو پێدراوە سیاسییانەى هەن لە ناوچەکە، هێشتنەوەى دۆخى کورد لە ڕۆژاواى کوردستان دواى گۆڕانکارییەکانى سووریا، هەروەها ڕێکخستنەوەى ناو ماڵى کوردى لە ڕۆژاوا. لەلایەکى دیکەشەوە گوشارەکانى ئەمریکا لەسەر پارتى و یەکێتى بۆ خێراکردنى پڕۆسەى یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە لە هەرێمى کوردستان، کەینوبەینى نێوان ئەنقەرە و ئیمراڵى و هەوڵى دەسەڵاتدارانى تورکیا بۆ ڕاکێشانى سەرنجى کورد لەو وڵاتە کە دەتوانن لە داهاتوودا وەک دوو هاوبەش و برا پێکەوە بژین. ئەگەرى زۆرە تورکیا ئاگادارى پشتەوەى سیناریۆکانى ناوچەکە بێت.
بەتایبەتى بەهۆى بوونى سەرچاوەکانى گازى سرووشتى لە هەردوو بەشە جوگرافیاى باشوور و ڕۆژاواى کوردستان، شانسى ئەوە بە کورد دەدات کە جیان جۆرێک لە سەربەخۆییان بۆ دەستەبەر بکات لەبەر بوونى وەک سەرچاوەیەکى وزەى بەردەوام کە گازى سرووشتییە. چونکە ئەگەر سەدەى ڕابردوو سەدەى نەوت بووبێت، ئەم سەدەیە سەدەى گاز دەبێت. هەموو ململانێ و ناکۆکى نێوان زلهێزەکانیش لەسەر زاڵبوون و هەژموونیانە بەسەر سەرچاوەکانى وزە و ڕێڕەوەکانى بە بازاڕکردنێتى. ئەم دوو بەشەى کوردستان وەک سەرچاوە و لە هەمانکاتدا وەک ڕێڕەویش پێگەیەکى گرنگیان لە نەخشەى وزەى جیهانى هەیە.
بۆیە پێدەچێت ئەمریکا و ئەوروپا پلانێکى جیاوازیان بۆ کوردستان هەبێت و دوور نییە چارەسەرى دوو دەوڵەتى بۆ چارەسەرى کێشەى عەرەب ئیسرائیل، شێوەى داڕشتنى بیرۆکەى دوو دەوڵەتى لە ماناى دەوڵەتى ئیسرائیل و دەوڵەتى فەلەستینەوە بگۆڕێت بۆ درووستکردنى دوو دەوڵەت بۆ هەردوو کێشە گەورەکەى ڕۆژهەڵات و بە درووستکردنى دەوڵەتى فەلەستین و دەوڵەتى کوردستان لەسەر جوگرافیاى باشوور و ڕۆژاوا، کۆتایى بە ستەم و کێشەى دواى سایکس پیکۆ بهێنن.
هەرچەندە کوردستان تەنیا لەم دوو پارچەیە پێک نایات و بەشى گەورەى جوگرافیا و نەتەوەکەشى لە تورکیا و ئێرانن، بەڵام هەردوو دەوڵەتى تورکیا و ئێران بەراورد بە ئێراق و سووریا، دوو کارەکتەرى بەهێزترن لە ناوچەکە و ڕۆڵ و پێگەیان لە جیهان و ناوەندەکانى بڕیاردا زیاترە. بۆیە ئەگەرى زۆر هەیە تورکیا و ئێران لەسەر حسابى ئێراق و سووریا، بەو چارەسەرە ڕازى بووبن کە لە هەردوو بەشى باشوور و ڕۆژاوا، ماڵێک بۆ کوردیش درووست بکرێت. بەتایبەتى کە هەردوولاشیان ئەوە دەزانن ئەمڕۆ بێت یان سبەى، هەر دەبێت کوردیش وەک نەتەوەکانى دیکەى ناوچەکە و جیهان خاوەن قەوارەى خۆى بێت. ئەوەش دەزانن کە لە هەر هەلومەرج و دەرفەتێکدا دەوڵەت بۆ کوردستان درووست بکرێت، کورد یەک دەوڵەتى دەبێت، جا ئەو دەوڵەتە لەسەر هەر بەشە خاکێکى کوردستان دامەزرا، کۆتایى بەوە دێت لە بەشێکى دیکەى کوردستان دەوڵەتێکى دیکەى کوردى دابمەزرێت. ئەمەش بەدیوێکى دیکەدا بەو مانایە دێت ئەگەر دەوڵەت لە هەر بەشێکى کوردستان درووست بوو، مەترسى لەسەر دابەشبوونى جوگرافیاى دەوڵەتانى دیکە نامێنێت کە کورد و کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. بۆیە ئەگەر لە هەر گۆشەنیگایەکەوە بڕواننە مەترسییەکانى دەوڵەتى کوردى، ئەو دەستکەوتەشى بۆ ئەو دوو وڵاتە دەبێت کە چیتر مەترسى دابەشبوونى وڵاتەکانیان نامێنێت. [1]