=KTML_Bold=سەردەمى سەدرە، ئەگەر بیەوێت=KTML_End=
#عارف قوربانی#
هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هەڵوێستى موقتەدا سەدر سەرۆکى (ڕەوتى نیشتمانى شیعى) بەو جۆرەیە، کە بایکۆتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراق دەکات، کە بڕیارە لە مانگى پێش کۆتایى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت. بەڵام گۆڕینى لەناکاوى بڕیار و هەڵوێستى سەدر، جێى سەرسووڕمان نییە. بۆیە هێشتا وەک ئەگەرێکى کراوە، بەدوور نازاندرێت لە چرکەساتێکدا بڕیارى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان بدات.
دەگوترێت ئەو نیگەرانى دۆخى دواى هەڵبژاردنى کۆتایى ساڵى 2021ە، کە وەک براوەى یەکەم بە ڕێژەیەکى زۆر لەپێش ڕکابەرەکانییەوە بوو، بە تەنیا لە هەموو کوتلە شیعەکان کورسى زیاترى بەدەستهێنا. هەروەها توانیبووى هاوپەیمانێتییەکى سیاسى لەگەڵ کوتلەى زۆرینەى کورد و سونەکان پێکبهێنێت، بەڵام لەژێر گوشارێکى زۆردا ڕێگە نەدرا حکومەت بگرێتە دەست.
هێشتاش نازاندرێت وەک نەیانهێشت دەسەڵات بگرێتە دەست، ئایا ڕێگەشیان نەدا ببێتە بەشێک لە حوکمڕانى، یاخود ئەوە ڕاست بوو کە دەیوت ئامادەى هاوبەشیکردنى گەندەڵکاران نابێت و گۆڕەپانەکەى بۆ ئەوانە بەجێهێشت کە پێى وابوو ئێراق دادەدۆشن. نەک هەر حکوومەتى بەخشییە دۆڕاوەکانى هەڵبژاردن، تەنانەت کورسییەکانى پەڕڵەمانیشى بۆ جێهێشتن. لە کاتێکدا دەیتوانى وەک کوتلەیەکى پەڕڵەمانى بەهێز بمێنێتەوەو لە پەڕڵەمانەوە کار بۆ ئەوە بکات نەیهێڵێت وەک خۆى دەیوت (ئێراق دابدۆشرێت).
من نازانم هەڕەشە و گوشارەکان لەچى ئاستێکدا بوون، بەڵام باوەڕم وایە کشانەوە و دوورکەوتنەوەشى تاوەکوو ماوەیەک لە سیاسەت، هۆکارەکەى ئەوە نەبوو کە لە ڕاگەیێندراو و پەیامى ڕەوتەکەیدا بڵاوکرایەوە، ڕوون بوو لەژێر گوشاردا ئەوەیکرد، چونکە پێش ئەوەى گوشار بخرێتە سەر سەدر، هەڕەشە و گوشارى زۆر خرایە سەر #هەولێر# و سونەکان بۆ کشانەوە لە هاوپەیمانێتى سێقۆڵى کە لەگەڵ سەدر پێکیکان هێنابوو، هەولێر و ئەنبار دەستبەردارى سەدر نەبوون، بەڵام کە گوشار خرایە سەر سەدر، سەدر ئەوانى بەتەنیا بەجێهێشت.
بۆ هێزێکى سیاسى کە لە دەستپێکى قۆناخى تازەى ئێراقى دواى کەوتنى سەدامەوە، بەشدارى کاراى کردبێت لە پڕۆسەى سیاسى و تەنانەت هێزى چەکدارى تایبەت بەخۆشى هەبووبێت (پێشتر سوپاى مەهدى و ئێستاش سەرایا سەلام)، لە هەڵبژاردنەکانى پەڕڵەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەشدار بووبێت، لە کابینەکانى حکومەت بە وەزیر و تەنانەت تا پۆستى جێگرى سەرۆکوەزیرانیشى وەرگرتبێت، لۆژیک نییە لە شەو و ڕۆژێکدا هەڵوێستى بەو جۆرە بگۆڕێت، هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەو هێزە و ڕەوتە سیاسییانەى تا ئەو کات هاوبەشى بوون، بەتاوان بزانێت و لە پێناو ناچار نەبوون بۆ هاوبەشیکردنى ئەو هێزانە، دوور بکەوێتەوەو پشت بکاتە سیاسەتیش. بە عەقڵى هیچ کەسێکى خاوەن هۆش و بەئاگاوە ناچێت بەبێ هیچ هەڕەشە و گوشارێک سەدر گۆڕەپانەکەى بۆ نەیارە سەرسەختەکانى جێهێشتبێت.
سەرچاوەى گوشار و هەڕەشەکانى سەر سەدر ڕوون بوو، ئەو لایەنە دەرەکییە بوو کە پشتیوانى لایەنەکانى دیکەى شیعەى دەکرد، واتا ئێران بوو. بۆ ئەو کات یاخى بوون لە بڕیارى ئێران، یاخود نەچوونە ژێر هەژمونى ئێرانەوە، باجى قورسى لەسەر بوو. بەتایبەت لەناو هێزە شیعییەکان. موقتەدا سەدریش لە ڕووى تێڕوانینى مەزهەبى و سیاسیشەوە لاى ئێران پەسەندکراو نەبوو. ململانێیەکى قوڵ و شاراوە هەیە لەنێوان مەرجەعیەتى قوم و نەجەف، هەروەها لە ڕووى سیاسیشەوە لاى ئێرانییەکان بەو چاوە تەماشاى سەدر دەکرێت، کە شیعەیەکى ئێراقى و عەرەبییە، قوڵایى فکر و (وەلائ)ى بۆ وڵاتانى عەرەبى زیاترە وەک لە ئێران.
بێگومان بۆ هەلومەرج و سەردەمێک کە ئێراق لەسەر سینییەکى زێڕ پێشکەش بە ئێران کرابێت و بەهۆى کۆنترۆڵى ئێراقەوە وەک ئاڕاستەى ڕووبار هەژموونى بەرەو ناو قوڵایى وڵاتانى عەرەبى ڕێبکات، چۆن ڕێگە دەدات کۆسپێک لە بەغدا لە بەردەمى قوتبێتەوە و ڕیسەکەى لێبکاتەوە بە خوریى. ئەگەر تا ئەو ئاستە بەرکەنارخستنى سەدریش چاوەڕوانکراو نەبووبێت، بەڵام چاوەڕوانکراو بوو ئێران ڕێگە نادات دەسەڵاتى ئێراق لەدەستى شیعە (وەلائ)ییەکانى ئێران دەربهێنرێت.
بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە، شەڕى غەززە و ئیسرائیل هاوکێشەى ناوچەکەى بە زیانى ئێران هەڵگێڕاوەتەوە. هێزە وابەستەکانى ئێران لە فەلەستین و یەمەن و لوبنان و سووریا و تەنانەت لە ئێراقیش، یەک لەدواى یەک دەکەون. هاتنە ناوەوەى ڕاستەوخۆى ئیسرائیل بۆ ناو کێشەکانى ناوچەکە، هەروەها گوشارەکانى ئەمریکا لەسەر خودى ئێران، هەلومەرجێکیان ڕەخساندووە، کە ئێران ڕۆڵى نەک لاواز بووە، خەریکە ڕۆڵى لەسەر هاوکێشەى هەرێمایەتى نامێنێت.
ئەگەر ناکۆکى و ململانێى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نەشگاتە شەڕى ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو، بەدڵنیاییەوە لەو ئاستە بەردەوام دەبێت کە ئێران دەبێت لەناو سنوورى وڵاتەکەى خۆى قەتیس بکرێت. ئەمەش دەرفەتى ئەوە دەڕەخسێنێت جیهانى عەرەبى بۆ وەرگرتنەوە و گەڕانەوەى مەرجەعیەتى شیعى کە بەدرێژایى سەتان ساڵ لە نەجەف بووە، لە قومەوە بگێڕنەوە بۆ نەجەف. ئامرازى هەرە پێویست و گرنگى شەڕى وەرگرتنەوەى مەرجەعیەت، دەسەڵاتى بەغدایە. کورسى مەرجەعیەتى نەجەف، بەستراوە بە کورسى دەسەڵاتى بەغداوە. واتا تا کورسى دەسەڵاتى بەغدا لەدەستى شیعەى (وەلائ)یى ئێران دەرنەهێندرێت، مەحاڵە بتواندرێت شەڕى وەرگرتنەوەى مەرجەعیەت بکرێت.
موقتەدا سەدر لە ڕووى ئایینى و سیاسییەوە کەرەستەى ئەم شەڕەیە. لە تێڕوانینە مەزهەبى و ئایینییەکەوە ڕێباز و ڕەوتى سەدر تاکە هێزى ئایینییە ڕەوایەتى وەرگرتنەوەى مەرجەعیەتى هەبێت. لە ڕووى سیاسیشەوە تاکە هێزى سیاسییە خاوەن نفوز و پێگەیەکى سیاسى هێندە بەهێز بێت، بتوانێت بە هەڵبژاردن لە شیعە (وەلائ)ییەکانى بەرێتەوە. سەربارى ئەوەى هێشتا هەولێر و ئەنبار ئازارى برینى خەنجەرەکەى سەدریان بیر نەچووەتەوە، بەڵام دەرفەتى ئەوە کۆتایى نەهاتووە جارێکى دیکە لەگەڵ سەدر ببنەوە هاوپەیمان.
بۆیە ئەگەر سەدر بە کشانەوە و ماوەیەک خۆ دوورخستنەوەشى لە سیاسەت بۆ ئەوەبووبێت چاوەڕێى هەل و دەرفەت بکات تا بەهێزەوە بێتەوە گۆڕەپانەکە، کورد واتەنى ئەمڕۆ ڕۆژى سەدرە، چونکە هێزە ڕکابەرەکانى سەدر لە ڕووى پێگەى سیاسى و جەماوەرییەوە، ئەمڕۆ لە چوار ساڵى ڕابردوو زۆر پەرتەوازەتر و لاوازترن. ئەو پشتیوانییە دەرەکییەش کە وەک کۆڵەکەیەکى بەهێز پشتیان پێوەدابوو، وەک جاران پتەو نییە. ئێران ئێستا هێزى هەڕەشە و گوشارى بەو ئەندازەیە نەماوە بتوانێت هێزێکى کاریگەرى وەک سەدر، بنێرێتە ماڵەوە.
بەشێوەیەکى گشتی شکستى پڕۆژەى حوکمڕانى شیعى (وەلائ)ى گەیشتووەتە ئاستێک کەوتنى تەنیا پاڵپێوەنانێکى پێویستە.
هەڵبژاردنى کات گرنگە، ئەم چەند ڕۆژ و مانگەى داهاتوو بۆ سەدر و شیعەى ئێراق، چارەنووسسازن. ئێستا ئەو کاتەیە ئەگەر سەدر بیەوێت دەتوانێت بە تیرێک دوو نیشان بپێکێت. بەڵام چاوەڕوانیکردن بۆ دەرفەتى باشتر و کاتى گونجاوتر، دوور نییە ئەم دەرفەتانەى لەدەست دەربهێنرێت. وەک دەگوترێت لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە. نەقۆستنەوەى ئەم دەرفەتە، ڕەنگە ببێتەوە دەرفەت بۆ ڕکابەرەکانى سەدر. [1]