=KTML_Bold=ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویى کوردستان=KTML_End=
#عارف قوربانی#
گەرچى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان نایانەوێ دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و ئیدارییەوە لە قەیراندایە و خەریکە تووشى چەقبەستن دەبێت، بەڵام ئیعتراف نەکردنى ئەوان، ناکاتە ئەوەى یاریکردن بەکات، کوردستان لەو تەڵەزگەیە ڕزگاربکات کە پارتى و یەکێتی بۆ ئەزموونى باشوورى کوردستانیان درووستکردووە. لە ڕووى سیاسییەوە هیچ کات بە ئەندازەى ئێستا شێواو نەبووە، تەنانەت لەو سەردەمانەش کە شەڕى ناوخۆ هەبوو، دۆخى سیاسیی کوردستان وەک ئێستا لێکترازا و نەبوو، چونکە ئەو کات بە حوکمى جوگرافیا، دابەشبوونە سیاسییەکە وەک دوو بەرەى سیاسى بەسەر زۆنى زەرد و سەوز دابەش بووبوون، واتا کوردستان لە ڕووى سیاسییەوە دوو بەرەو دوو ئاڕاستەى سیاسى بوو.
قۆناخى دواى ململانێى پارتى و یەکێتی کە هەلومەرج بەرەو ڕێککەوتنى ستراتیجى بردن، ئەو کاتیش پارتى و یەکێتى لە بەرەیەک و هێزە سیاسییەکانى دیکە وەک بەرەیەکى دیکەى ئۆپۆزیسیۆن لە گۆڕەپانى سیاسیی هەرێمدا کاریان دەکرد. وەلێ ئێستا کورد واتەنى (کەس بەکەس نییە) نە پارتى و یەکێتی کە هێشتا هاوبەشى حوکمڕانین، پێکەوە ماونەتەوە لە بەرەیەکى سیاسیدا، نە هێزەکانى دیکەش وەک سەردەمى شەڕى ناوخۆ بەسەر دوو ئاڕاستە جیاوازەکەى پارتى و یەکێتیدا دابەش بوون و نەخۆشیان لە بەرەیەکى دیکەى سیاسیدا ڕێکخستووە تا هیچ نەبێت وێناکە وەک سێ کوچکەیەکى سیاسى لێبێت. پارتى و یەکێتی ئاڕاستەکانیان ڕوون و ئاشکرا دیارە هەریەکە و ڕوو لە دۆڵێکە، هێزە سیاسییەکانى دیکەش پەرتەوازە و سەرگەردانن. سەربارى ئەوەى هەمووشیان باس لەوە دەکەن ناوچەکە ڕوو لە پێشهات و گۆڕانکارى و ئاڵنگارى گەورەیە و هاوهەڵوێستی و یەکڕیزى کورد دەخوازێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى دڵخۆشکەر نییە ئەم پاشاگەردانى و ناکۆکى و ململانێیە لە شوێنێکدا بگاتە خاڵى کۆتایى.
لە ڕووی ئیداریى و حوکمڕانیشەوە جگە لەو دەردە گەورەیەى سێ دەیەیە نەیانتوانى لەسەر دەستوورێک بۆ ئیدارەدانى باشوورى کوردستان ڕێککەون، وا یەکەیەکە کۆڵەکەى ڕەوایەتى دامەزراوەکانى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بنکۆڵ دەکرێت و دادەڕووخێت. ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک دامەزراوەیەکى شەرعى بۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، بە بڕیارى بەغدا هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە بڕیارى دادگە بەناو فیدراڵییەکەى ئێراقی عەرەبی، شەرعیەتى لێسەندراوەتەوە و پارتى و یەکێتی هیچ مەیل و ئارەزوویەکیان نییە بۆ درووستکردنەوە و ڕەوایەتى پێدانەوەى. پەڕڵەمانى کوردستان وەک چەتر و ناسنامەى شەرعى و دەستووریى قەوارە تاقانەکەى کورد لەسەر گۆى زەوى، ئەویش هەر لەلایەن دادگەکەى بەغداوە هەڵوەشێندرایەوە، سەرەڕای پەرۆشیی گەلى کورد بۆ ڕەوایەتى پێدانەوەى، زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕى بەسەر پڕۆسەى هەڵبژاردندا بۆ درووستکردنەوەى پەڕڵەمان، کەچى هێشتا نەیانتوانیوە ئەم دامەزراوە گرنگەش بەگەڕبخەنەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش وەک دوو دەزگاى بەڕێوەبردن کە شەرعیەتیان لەلایەن گەلى کوردستانەوە بۆ چوار ساڵ پێدراوە، ئەوە وا نزیک دەبێتەوە لەوەى چوار ساڵى دیکەش بە ناشەرعى بچێتە سەر تەمەنیان، ئەم دوو حیزبە لە خەمى نوێکردنەوەى ڕەوایەتییەکەیدا نین.
بەهێزیی هەر دەسەڵاتێک لە ڕەوایەتى سەرچاوەکەیدایە، خەڵکى کوردستان سەرچاوەى شەرعیەتپێدانى دام و دەزگا حوکمڕانییەکانى هەرێمى کوردستانن. گەرچى چەند ساڵێکە نائومێدى خەڵک بەپڕۆسەى سیاسی وای کردووە هێزى ئەو سەرچاوە میللییەش بکەوێتە ژێر پرسیارەوە و کەمتر لە نیوەى وەک پشت و پەناى ڕەوایەتى دەسەڵاتى خۆبەڕێوەبەرى کورد بمێنێتەوە. بەدیاریکراوى نەدەبوو پارتى و یەکێتی هێندە بێباک و بێدەربەست بن لە ئاستی متمانەى ئەو نیوە پشتیوانییەى گەلەکەیان کە هێشتا لە پشتیان ماونەتەوە.
بەڵام ئەزموونى تاڵى ئەم ماوەیەى دواى هەڵوەشاندنەوەى پەڕڵەمان و ئەو هیوا و ئومێدانەى هەبوون بۆ بەگەڕخستنەوەى ئەم دامەزراوەیە، دواى زیاتر لە شەش مانگ لە هەڵبژاردن و ڕەوایەتى و مەشروعیەتى درووستکردنەوەى پەڕڵەمان، هێشتا نە ئەم دوو هێزە سەرەکییە هەستى بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و نیشتمانییان بە ئەندازەى ئەوە جوڵاوە بۆ ڕەوایەتیدانەوە بە دەسەڵاتە حیزبییەکانى خۆیان، پەڕڵەمان بەگەڕبخەنەوە. پەڕڵەمانتارانیش کە خەڵک بۆ ئەرکێکى گرنگى قۆناخى دواى هەڵوەشاندنەوەى پەڕڵەمان، بۆ بوونیاتنانەوەى ئەم دامەزراوەیە متمانەى دەنگیپێداون، ئەمانیش نەیانتوانیوە لە بازنەى وابەستەیى و سەردەمى نوێى کۆیلایەتى خۆیان دەربازبکەن و لە ئاستى متمانەى دەنگدەرەکانیان بن، ئازایەتیی ئەوە بنوێنن لەو بازنەیە خۆیان دەربازبکەن و بچنە سەر کارەکانیان لە پەڕڵەمان.
ئەم هەڵوێستە خراپەى پەڕڵەمانتاران کە ئامادەنین بچن پەڕڵەمان بەگەڕبخەنەوە، جێى تێڕامانى قوڵە بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگەى کوردى و ئاستى وابەستەیی و کۆیلایەتیی نوێى سەردەم. ڕەنگە لە ساڵانى داهاتووى دواى بە ئاگاهاتنەوەى کۆمەڵگە، تێگەیشتن لەم (نوخبە)یە پێویستى بە چەندین لێکۆڵینەوە و نامەى زانستى دکتۆرا بێت. گەرچى وەک جۆرێک لە بێدەنگکردنى خەڵک و درووستکردنى هیواى بێبنەما، پارتى و یەکێتى خەریکى کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەکن بۆ ڕەوایەتیدانەوە بە دەسەڵات و بەگەڕخستنەوەى پەڕڵەمان، بەڵام بۆ کەسانى هۆشیار، پڕۆسەکە ڕوون و ئاشکرا دیارە کە تەنیا یاریکردنە بەکات. ناتوانن لەو تەڵەزگەیە خۆیان دەربازکەن کە خۆیان بۆ خۆیان و بۆ گەلى کوردستانیشیان درووستکردووە.
کورد دەڵێت گرێیەک بەدەست نەکرێتەوە دەبرێت بۆ دەم، ئەمان کردنەوەى گرێکە دەبەن بۆ بەغدا، دەیانەوێت پڕۆسەى شەرعیەتدانەوە بە پەڕڵەمانى کوردستان ببەستنەوە بەو ناوەندەوە کە شەرعیەتەکەى لێزەوتکردن. چاوەڕێن و یارى بەکات دەکەن بۆ نزیکبوونەوە لەوەى هەڵبژاردنى ئێراق بکەن بە پاساو و بیانووى پێکنەهێنانەوەى حکومەت و پەڕڵەمان سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان و دواتر بیبەستنەوە بە پێکهێنانى دامەزراوەکانى بەغداوە. لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستاندا نیوەى خەڵکى کوردستان متمانەى پێداون بۆ ئەوەى شەرعیەت بداتەوە بە دامەزراوەکانى حوکمڕانیی کوردستان. چى ڕەوایەتییەک دەمێنێتەوە کە ئێوە ئامادەى وەرگرتنى ئەو متمانە و ڕەوایەتییە نەبن و بتانەوێت بیبەستنەوە بە ڕەوایەتیی دامەزراوەکانى بەغداوە کە هیچ ئاماژە و دڵنیاییەکیش نییە دواى ئەوەش بتوانن بەسەر ناکۆکى و ململانێکاندا زاڵبن.
نابێت هێزە سیاسییەکانى دیکەى هەرێمی کوردستان ئەگەر چەند قەبارە و پێگەیان لە پارتى و یەکێتى کەمتریش بێت، ئەم یاریکردنە بە چارەنووس و ڕەوایەتیی دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان قبووڵ بکەن. ئەگەر ناشتوانن هیچ لە هاوکێشەکە بگۆڕن بەوەى پەڕڵەمانتارانى خۆیان بنێرن بۆ دەوامى ئاسایى و ڕۆژانە لە بیناى پەڕڵەمان، با هیچ نەبێت گوشار بکەن بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەى پەڕڵەمانى کوردستان، هاوکات لەگەڵ پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى ئێراقدا.
لە هەموو دونیادا هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێت بتواندرێت بەهۆیەوە پەڕڵەمان و حکوومەتى نوێ پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەش بەپێى یاسا و ڕێسا دەستوورییەکان کات و ماوەى دیاریکراو هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت کە لەو وادەیە تێپەڕی، پێویستە پەنا بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن ببرێت بۆ سەرلەنوێ پێدانەوەى ڕەوایەتى بە هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەى بتوانن حوکمڕانى بگرنە دەست. ئەم خولەى هەڵبژاردنى پەڕڵەمان، جۆرێک لە چەقبەستنى درووستکردووە کە هێزەکان نەتوانن کابینەى نوێ پێکبهێنن، چارەسەر ئەوە نییە ئەم پڕۆسەیە بەقەدەر بسپێرن، ناشبێت ببەسترێتەوە بە میزاجى حیزبەکانەوە، کەى کابینەى نوێ پێکدەهێنن.
باشترین بژاردە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویى سیاسى و ئیدارى هەرێمى کوردستان کە خۆى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و یاساى هەڵبژاردنى نەماوە و مەحکومە بەوەى بە کۆمیسیۆن و یاسا و ڕێساى بەغدا هەڵبژاردن بکات، چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنى بەغدا، هەڵبژاردن بۆ پەڕڵەمان دووبارە بکاتەوە. هەروەها دەرفەتیشە ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش زیندوو بکاتەوە. دەتوانێت لە یەک کاتدا ئەو پڕۆسەیەى بڕیار وایە پاش شەش مانگى دیکە لە ئێراق ئەنجام بدرێت بۆ پەڕڵەمان، لە هەرێمى کوردستان بکرێت بە یەک پاکێج، خەڵک دەنگ بۆ پەڕڵەمانى ئێراق و کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش بدات، ئەگەر دەتانەوێ دەسەڵات و دامەزراوەکانى حوکمڕانیی هەرێمى کوردستان زیندوو بکەنەوە و شەرعیەت لە خەڵکەوە وەربگرێت. [1]