=KTML_Bold=خۆبەخاوەنکردنەوەی مێژوو، جەژنی نۆڕۆژ وەک نموونە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
کورد تەنیا نیشتمانەکەی داگیرنەکراوە، بەتەنیا سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی خاکەکەی نەدزراوە، بەڵکوو مێژوو، زمان، کولتوور، ئایین، بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی و تەنانەت ئاواز و گۆرانییەکانیشی دزراون. وەک چۆن پێویستە و ڕەوایە خەبات بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانەکەی بکات، دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەوتکراوانەی دیکەشی تێبکۆشێت.
یەکێک لە دیارترین و گەورەترین ئەو دزییانەی لێیکراوە، جەژنی نۆڕۆژە. نۆ واتە نوێ، ئێمە ئێستاش دەڵێین نۆبەرە و ئاسایی، بەڵام بە داتاشینی ئەفسانەیەکی چەواشەکارانەی فارسەکان، مێژووی ئەم جەژنە پیرۆزەی کوردیان شێواندووە. گوایە پاشای مادەکان مار و ئەژدیها لەسەر شانەکانی ڕوواون و ڕۆژانە پێویستیان بە خوێن و سەری لاوێک بووە، گەلانی چەوساوە دەردەخوارد دراونەتە مار و ئەژدیهاکانی پاشای مادەکان. تا ئاسنگەرێکی فارس بە چەکوشەکەی دەستی سەری پاشای پانکردووەتەوە و ئازادی بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی مادەکان هێناوە و خۆری ڕۆژێکی نوێ بە سەرکردایەتیی فارسەکان لە ناوچەکە هەڵهاتووە. نەورۆزیان وەک یادەوەری ئەو ئەفسانەیە چەسپاندووە.
لە کاتێکدا مێژووی کورد لە ناوچەکە دە هەزار ساڵ پێش فارسەکانە، نۆڕۆژیش لە 10 هەزار ساڵ پێش پەیدابوونی فارسەوە لەم ناوچەیە، وەک هێمای ڕۆژی نوێ و زیندووبوونەوە بەرز ڕاگیراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد دەوڵەتی نەبووە تاوەکوو ئەم بۆنە و یادانە وەک بڕیاری دەوڵەتی بچەسپێنێت، ئەوان وەک حیکایەتێکی دەوڵەتخوازی خۆیان کردووە بە خاوەنی و نۆڕۆژی کوردیان کردووە بە نەورۆز و وەک جەژن و بۆنەیەکی ئێرانی لە مێژووی نوێدا تۆماریان کردووە. سەدان ساڵە ئەم بەیت و بالۆرە نالۆژیکی و چەواشەکارانەیە وەک ئەفسانەیەک بڕاوە بەسەر نۆڕۆژی کورداندا و وەک هێمای سەرکەوتنی فارسە قوربانییەکان بەسەر کوردە ستەمکارەکاندا، بڵاودەکرێتەوە. بەدرێژایی سەدەکانی دوای دەوڵەتی ماد، هەموو ئەو ئیمپراتۆر و دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە و حوکمی ناوچە کوردییەکانیان کردووە، ئەگەر بەشێوەی فەرمیش ئەم جەژنەیان قەدەخە نەکردبێت، ڕێگەیان نەداوە بە فەرمی وەک بۆنە و جەژنێکی نەتەوەی کورد یادبکرێتەوە.
شانبەشانی ئەم پڕۆسەی زەوتکردنەی نۆڕۆژ (نەورۆز) لەلایەن فارسەکانەوە، لە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و هاتنی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان، برا موسڵمانە عەرەبەکانیش جەژنی نەورۆزیان بە ئاگرپەرستی و غافڵبوون و دوورکەوتنەوە لە خودا، لە قەڵەم داوە. ئەوانیش تاوەکوو پێیان کرابێت، هەوڵیانداوە کورد لەم جەژنە دووربخەنەوە. تورکەکانیش تا ئەم ساڵانەی دوایی، لە هەموو بۆنەیەکی نۆڕۆژدا زیندانەکانیان پڕ دەکرد لەو لاوە کوردانەی ئەم یادەیان پیرۆز دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە باوانیانەوە (سۆمەرییەکان) نەوە لە دوای نەوە، ئەم جەژنەیان وەک هێمای زیندووبوونەوە و ڕۆژێکی نوێ لەگەڵ خۆیان هێناوە. بۆیە سەرباری هەموو ئەو هەوڵە دەوڵەتییانەی دراون بۆ دابڕینی کورد لەم بۆنەیە، بێئاکام بووە. ئەم یادە بۆ کورد وەک بابەتێکی ڕۆحی و پیرۆزییەک کە پەیوەندی بە بوون و مانەوەیەوە هەبێت، بەو جۆرە بەرگریی لێکراوە، بۆیە بەدرێژایی هەزاران ساڵ ماوەتەوە.
ئەوەی ئێستا مایەی سەرنجە و زۆر جێگەی خۆشحاڵییە، درووستبوونی هەستی خۆبەخاوەنزانینەوەی ئەم بۆنە و یادەیە لای بەشی هەرە زۆری تاک بەتاکی نەتەوەی کورد، جا لەسەر خاکی کوردستان بژێت یان پەڕاگەندەی هەر جێگەیەکی جیهان بووبێت، ئەم یادە وەک جەژنێکی کورد دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر لەناو ماڵەکەی خۆیشی بێت و بە داگیرساندنی مۆمێکیش بێت. گەورە ئاهەنگی ساڵانەی #ئامەد#، #مەهاباد# و قامشلۆ و #ئاکرێ#، کوردانی دیاسپۆرا لە ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت لە ئەفریقاش، سەلمێنەری خاڵێکی گرنگی سەردەمی بێدەوڵەتی کوردە کە ئەم گەلە خۆڕسکانە بەدوای خاڵی کۆکەرەوەیەکدا دەگەڕێت.
کورد بەهۆی سەدان ساڵ بەردەوامی لە داگیرکاریی خاکەکەی، بەهۆی دابەشبوونی بەسەر چەندین دەوڵەت نەتەوەی جیاوازدا، هەروەها بەهۆی ئەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش بەردەوام کاریان لەسەر ئەوەکردووە سنوورەکانی نێوان یەکبوونی کوردان بەهێز بکەن و زۆرتر و زیاتر لێکیان دووربخەنەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خاڵی هاوبەش و پێکەوەبەستنی کورد لاوازتر دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو هەستی خۆبەخاوەنکردنەوەیەی مێژوو کە لە نۆڕۆژدا بەرجەستەبووە، هەموو سنوورەکانی تێکشکاندووە. بەتایبەتیی لە دیاسپۆرا، کە بێجگە لە بەشداریی کوردی بەشە جیاجیاکانی کوردستان، لەیەک کاتدا کوردی خۆراسان و ئازەربایجان و ئەرمینیا و جۆرجیا و ڕووسیا و کرواتیا و تەنانەت کوردەکانی ئیسرائیلیش پێکەوە ئەم یادە دەکەنەوە.
ئەم هەستی پێکەوەبوونە خۆڕسکانەیە بۆ ئێستای سەردەمی بێدەوڵەتی کورد، زۆرزۆر گرنگە. ئەوەی سەلماند کە ئیرادەی کورد لە ئیرادە و توانای دەوڵەتەکان زیاترە. ئەوەی دەوڵەتانی ئێران بە پلەی یەکەم و ئینجا تورک و عەرەبەکان کردبوویان بۆ زەوتکردن و لێسەندنەوەی مافی خاوەندارێتی کورد بەسەر نەورۆزەوە، ڕەنجی سەد ساڵەیان وەک بەفری بەر هەتاو توایەوە. کورد بەم جۆرە بەردەوام بێت لە خۆبەخاوەنکردنەوەی ئەم یادە، زۆری دیکە ناخایێنێت تەواوی مرۆڤایەتی بەوە دەزانن نەورۆز جەژنی کوردەکانە. ئەم هەستی بەئاگاهاتنەوەیە دەبێت پەرەی پێبدرێت و تەنیا پەیوەست نەبێت بە هەستی خۆبەخاوەنزانینەوەی نۆڕۆژ (نەورۆز)ەوە. پێویستە کورد خۆی بکاتەوە بە خاوەن ئەو مێژووە شاردراوە و لێزەوتکراوەی کە دایکی شارستانییەتی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییە، سۆمەرییەکان.
فارسەکان 10 هەزار ساڵ و عەرەبەکان 11 هەزار ساڵ و تورکەکان 12 هەزار ساڵ دوای ئێمەی کورد، هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. پێیان شەرم نییە مێژوو و میراتی ئێمە داگیربکەن و خۆیان بکەن بە نەوە و میراتگری سۆمەرییەکان، بەڵام کورد کە هەر لە شوێنی ژیانی خۆی لەسەر نیشتمان و جوگرافیای خۆی وەک نەوەی سۆمەرییەکان ماوەتەوە و زمان و کولتوور و دابوونەریتی ئەو سەردەمەی بۆ ئێستا و مرۆڤایەتی گواستووەتەوە، بە نەنگی دەزانێت پارێزگاری لەو ناسنامە ڕاستەقینەیەی خۆی بکات و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی مێژوویی چەواشە و حیکایەتی دەوڵەتی نەتەوە داگیرکەرەکانی ناوچەکەوە. دەبێت ئەم هەستی خۆبەخاوەنزانینەی نەورۆز کە هەستێکی خۆڕسکانەی کوردانەیە، ڕێگە و زەمینەخۆشکەری ئەوە بێت بمانبات بەرەو خۆ بەخاوەنکردنەوەی مێژوو، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە دامەزراوەی زانستی و هێزێکی ڕێکخراوی دەوڵەتی هەیە. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی نەتەوەیی کوردی، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت. [1]