=KTML_Bold=رێککەوتنی ئیبراهیمی و پلانی چۆڵکردنی غەززە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
دەمەوێت سەرنجتان ڕابکێشم بۆ چەند دێڕێکی وتارێکی پێشووتری خۆم کە لە چرکەساتی هێرش و پەلامارەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەر نووسیوم، ڕۆژی دواتر لە پۆرتاڵی ڕووداو لەژێر ناونیشانی (تۆفانی ئەقسا لە تاران خۆش دەکاتەوە) بڵاوکراوەتەوە.
لەوێدا نووسیبووم: لە سەردەم و هەلومەرجێکی وەک ئێستای پێشکەوتنی ئامرازەکانی زانیاری و تەکنەلۆژیای سەربازی و هەواڵگری، قورسە باوەڕ بەوە بهێنرێت ئیسرائیل لە نزیکترین دەروازەی جەستەی خۆیەوە بەو ئەندازەیە بێئاگابووە لە خۆپڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنانەکانی بزووتنەوەی حەماس. بەڵام لەوەش قورستر ئەوەیە بگوترێت ئیسرائیل چاوپۆشی کردووە لەوەی حەماس ئەو دەستپێشخەرییە بکات لە وەشاندنی گورزێکی لەو شێوەیە. بۆ گەل و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی وەک دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێجگار قورسە هیچ سەرکردە و سیاسییەک بتوانێت (مساوەمە)ی لەو جۆرە بە گەلی ئیسرائیلەوە بکات، مەگەر لە پێناو ئامانجێکدا بێت کە بەلای ئیسرائیلەوە زۆر چارەنووسساز بێت و لە داهاتوودا ئەنجامەکانی دەرکەون.
تێزێکیش هەیە دەگوترێت هەموو کار و کردەوەیەک بە ئەنجامەکانی هەڵدەسەنگێندرێن. ئەگەر دوور لە کاریگەریی وتاری لەخشتەبەری هەندێک بزاڤی ئیسلامی ناو بەرەی موقاوەمە کە هێشتا پێیان وایە براوەن و زایۆنیزم بەچۆکدا هاتووە، بە دیدێکی واقیعییەوە بڕوانینە ئەنجامی شەڕی 15 مانگی دوای 7ی ئۆکتۆبەر. لێکەوتەکانی لەسەر ئەرزى واقع لە غەززە و لوبنان، بڕینی دەستی ئێران لە ناوچەکە، هەروەها کەوتنی دەسەڵاتی پەنجا ساڵەی شیعە لە سووریا و هاتنە سەر حوکمی ڕەوتێکی سەلەفی جیهادی سوننی لە شام، وەک خۆی هەڵسەنگێنین، ئەنجامەکان بۆ ئیسرائیل بەشی ئەوەی تێدا بەدەستهاتووە گومانت بۆ ئەوە بچێت، 7ی ئۆکتۆبەر (مساوەمە)یەک بوو بە چەند سەرباز و هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییەوە لە پێناو دەستکەوت و ئامانجگەلێکدا کە هێشتا بەشێکی کەمیان دەرکەوتوون.
یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگی غەزە، ئاشکراکردنی ئەو پلانەیە کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەمیانەی سەردانی نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆشکی سپی، لە زاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کەوتە بەرگوێی جیهان، (پلانی چۆڵکردنی غەزە). هەرچەندە لە دوای ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکاوە، بەشی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژاوا کە هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکان، بەتووندی دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕی کە ترەمپ وەک چارەسەرێک بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێنای کرد. بەڵام ئایا هەر بەڕاستی جیهانی عەرەبی و ڕۆژاوا دژی چۆڵکردنی غەزەن؟
دەمەوێت یادەوەریتان بگێڕمەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ترەمپ لە خولی پێشووتری سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا، ساڵی 2020 پڕۆژەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بە چاودێریکردنی ئەمریکا وەک پڕۆژەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی، ڕێککەوتن و پەیماننامەیەکی گشتگیر لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیێندرا. هەرچەندە لە یاداشت و بڵاوکراوە فەرمییەکاندا هیچ بەند و بڕگەیەک نەبوو لەبارەی چۆڵکردنی غەززە، بەڵام ئەو کاتیش بەشێوەیەکی بەربڵاو قسەیەک کەوتە نێو میدیای عەرەبی، کوردی و جیهانییەوە کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنامەیەدا خەڵکی غەززە دەگوێزرێنەوە بۆ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی. تەنانەت باس لەوە دەکرا بەشێکیان دەبرێن بۆ #عەفرین# و لە ئێراقیش لە ڕومادییەوە بەدرێژایی سنووری نێوان سووریا و ئێراق تا دەشتی نەینەوا بڵاودەکرێنەوە.
با بپرسین ئایا ئەو کات و ئێستا و بۆ داهاتووش هیچ پاساوێک هەیە تا کۆدەنگیی ئەوەی لەسەر درووست ببێت بۆ چۆڵکردنی غەززە؟ یاخود چ هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بیانەوێت خەڵکی غەززە بگوێزنەوە؟ ئایا بابەتەکە تەنیا پەیوەستە بە ئاساییش و سەقامگیریی ئیسرائیلەوە؟ ئەگەر پرسەکە تەنیا ئاساییشی ئیسرائیلە، نەدەکرا ئاشتییەکی هەمیشەیی بچەسپێندرێت؟ یاخود کارێکی گەورەتریان بە جوگرافیای غەززە هەیە؟
پێم وایە کەس گومانی لەوەدا نییە هەموو کێشە و شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان، لەسەر بەرژەوەندی ئابوورییە. لە سەردەمی ئێستاشدا بەرژەوەندییە گەورەکانی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوەکانی بازرگانین. ناکۆکی و ململانێی نێوان زلهێزەکانی دونیایش بۆ دەستڕاگەیشتنە بە سەرچاوەکانی وزە و دەستگرتنە بەسەر ڕێڕەوەکاندا، بەتایبەتیی کەناڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکان.
لە لایەک هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمز، هەروەها لە دوای بەهاری عەرەبی و کێشە نێوخۆییەکانی یەمەن و کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن حووسییەکانەوە، درووستکردنی مەترسی لەسەر گەرووی باب ئەلمەندەب و دەریای سوور. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەک بەرهەمهێنەری سەرەکیی وزە و وڵاتانی ڕۆژاوا وەک بەکاربەری سەرەکی، کەوتنە بەردەم ئاڵنگاری و بژاردەی ئەوەوە بەدوای ڕێگای جێگرەوە دا بگەڕێن.
لە لایەکی دیکەشەوە دوای ئەوە چین گەشە و پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و خەریکە هەژموونی بەسەر ئابووریی جیهاندا دەسەپێنێت. ئەمریکا و ڕۆژاوا و وڵاتانی کەنداوی یەکخست لەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی بەستنەوەی کەنداو بە ڕۆژاواوە، کە لە هەمانکاتدا ڕێگەی (گەشە)ی چینییە بۆ ئەوروپا، بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بۆ ئەمەش دەبێت خۆیان لە (گەرووی هورمز و بابولمەندەب) دوور بخەنەوە. پڕۆژەی چۆڵکردنی غەززە پەیوەندی بە پڕۆژەی گۆڕینی ڕێڕەوی ئاویی بازرگانی جیهانییەوە هەیە.
پڕۆژەکە ئەوەیە بە درووستکردنی کەناڵێکی ئاوی، کەنداوی عەرەبی و دەریای سوور و دەریای سپی نێوەڕاست ببەستن بەیەکەوە. کە لەلایەک ڕێگەی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا کورت دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئاساییشی ڕێگاکە دەکەوێتە دەرەوەی مەترسییەوە. لە قۆناخی یەکەمدا لە هەردوو دیوی گەرووی هورمزەوە کەنداوی عەرەبی ببەستنەوە بە دەریای سوورەوە. ڕێگەیەکیان لەنێوان قەتەر و ئیماراتەوە بۆ بیابانەکانی سعودیە، ڕێگەی دووەمیش لە عومانەوە بۆ سەر هەمان بیابان، بە درووستکردنی کەناڵێک بەناوی (کەناڵی سەلمان) ڕێڕەوێکی ئاوی درووستبکەن بۆ بەستنەوەی کەنداو بە دەریایی سوورەوە بەناو خاکی سعودیەدا. بەمەش گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەخەنە دەرەوەی ڕێرەوی ئاوی بازرگانیی جیهانی. ئەوەی لەم پڕۆسەیەشدا پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە، درووستکردنی کەناڵێکە لە عەقەبەوە بۆ سەر دەریای سپیی نێوەڕاست بەناوی (کەناڵی بێنگۆریۆن) بەنێو جوگرافیای غەززەدا تێپەڕ دەبێت.
ڕەنگە بۆ خوێنەر ئاسان نەبێت بڕوا بەوە بکات ڕێگەیەکی دوورودرێژی چەند هەزار کیلۆمەتریی وشکانی بکرێت بە کەناڵی ئاوی و بتواندرێت کەنداوی عەرەبی ببەسترێتەوە بە دەریایی سپی نێوەڕاستەوە. بەڵام ئەگەر بڕواندرێتە ئەو سەردەم و کاتەی کە هێشتا کەرەستە و ئامرازەکانی پیشەسازی بەراورد بە ئێستا زۆر سەرەتایی بوون و کەناڵی (سوێس) بە هێز و بازووی سەدان هەزار کرێکار وەک کەناڵێکی دەستکرد درووستکراوە، بۆ ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ کە شۆڕشی پیشەسازی گەیشتووەتە لووتکە و ئامرازەکانی بڕین و هەڵکەندن زۆرن و ئاسان بەردەست دەکەون. دەگەیتە ئەو باوەڕەی کارێکی مەحاڵ نییە.
غەززە یەکەم قوربانیی ئەم نەخشە نوێیەی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیلە کە لە منداڵدانی ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە هاتووەتە ئاراوە. بۆیە ئەگەر بە شەڕ و کاولکاری بێت یان ئاشتی، ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئامانجەکە ئەوەیە جوگرافیای غەززە دەبێت بە کەناڵێکی ئاوی و ڕێڕەوی کەشتییە زەبەلاحەکانی گواستنەوەی نەوت و کاڵای بازرگانی. [1]