=KTML_Bold=پرسى دەستبەرداربوونى #پەکەکە# لە خەباتى چەکداریى=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەم بانگەوازەى #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆمارى تورکیا و دەوڵەت باخچەلى، سەرۆکى پارتى بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئێستا دەیکەن، بۆ ئەوەى پەکەکە دەستبەردارى چەکەکانیان بن، تازە نییە. بەدرێژایى دوو دەیەى ڕابردوو هەرکاتێک ڕووداو و پێشهاتێک لە ناوچەکە دا ڕوویاندابێت، کە هەلومەرجێکى بۆ ورووژاندنى پرسى کورد هێنابێتە ئاراوە، تورک ئەم بەیت و بالۆرەیەیان وەکوو مەرج و ماکى چارەسەریی پرسى کورد خستووەتەڕوو. لە کاتێکدا لەڕووی کردارییەوە هیچ هەنگاوێکیان بەو ئاڕاستەیە نەناوە نەوەک پەکەکە، بەڵکوو تەنیا یەک گەریلاش بخەنە بەردەم ئەو پرسیارەوە: 'ئایا، هێشتا پێویستە چەکم پێبێت؟'
خەسڵەتێک بەسەر کۆى وێناى کورددا زاڵە، کە میللەتێکى شەڕانگێز نین. هیچ گەلێک بەئەندازەى کورد ژیاندۆست نییە. کورد عاشقى تفەنگ نییە و لەخۆڕا نەیداوەتە ئەو شاخ و کێوانە. بزووتنەوەى چەکداریی کورد لە کۆن و ئێستاشدا هەڵقوڵاوى هەلومەرج و قۆناخێک بووە، وەکوو پێویستییەک بۆ مانەوە دەستى داوەتە چەک. سەربارى نابەرانبەریی هێزى کورد و هێزى دەوڵەتى نەتەوە داگیرکەرەکانى ناوچەکە، بەڵام ئەوەى کوردى هێشتووەتەوە، چەکەکەى دەستى بووە. لە هەرکات و دەرفەتێکیشدا پێى وابووبێت ڕێگەیەکى دیکە هەیە بۆ خەبات، چەکەکانى بێدەنگ کردووە.
ئێستاش، کە پێشکەوتنەکانى تەکنەلۆژیاى سەربازیى و چەکى زیرەک گەیشتوونەتە ئاستێک، ڕۆبۆت و درۆن و مووشکى دوورمەودا، شەڕەکان یەکلادەکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە خەباتى چەکداری لەتەواوى دونیادا کەوتووەتەژێر پرسیارەوە، بەڵام هێشتا پێویستیی مانەوەى چەکى دەستى کورد، پێویستییەکى حەتمییە. کورد دەبێت کاتێک دەستبەردارى چەکەکەى بێت، ئەو ئامانجانەى بەدیهات بن کە لە پێناویاندا چەکى بۆ هەڵگرتبوو.
تورکیا و هەریەک لە دەوڵەتانى دیکەى داگیرکەرى کوردستان، کاتێک ئەو مافەیان هەیە بە کورد بڵێن دەستبەردارى خەباتى چەکدارى بە، کە هەلومەرجێکیان ڕەخساندبێت کورد پێویستى بەچەک نەبێت. یان لانی کەم بەشى ئەوە زەمینەى خەباتى سیاسیان بۆ کورد هێشتبێتەوە، کە پێى وابێت بە خەباتى سیاسى و مەدەنى دەتوانێت بۆ مافەکانى تێبکۆشێت. بەڵام دەوڵەتێک نەوەک دەستبەردارى داگیرکاریى نەبووبێت، بەردەوامیش بێت لە هەوڵەکانى بۆ پاکتاوکردنى گەلى کورد، داواش بکات کورد دەست بۆ چەک نەبات بۆ بەرگرى لەخۆکردن، ڕێک وەک ئەوە وایە گورگێک گللەیى لە نێچیرەکەى بکات، بۆچى ڕادەکەیت کاتێک من دەمەوێ، بتخۆم.
پێچەوانەى هەریەک لە دەوڵەتانى ئێراق، سووریا و ئێران، تورکیا دەرفەتى ئەوەى بۆ ڕەخسابوو بتوانێت لەگەڵ بزووتنەوەى مەدەنیی سیاسى کورد لە تورکیا، لە دەرەوەى بزووتنەوە چەکدارییەکەى باکوور ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەى کورد بدۆزێتەوە، بە جۆرێک هەلومەرج و پێویستى خەباتى چەکدارى بەکۆتا بێنێت. بەڵام نەک ئەوەى نەکرد، بەڵکوو ئەو کوردانەشى ناچارکرد کە باوەڕیان بە خەباتى مەدەنى و سیاسى هەبوو، ئاڕاستەکە بدەنەوە دەست ئەو بزووتنەوە چەکدارییەى، تورکیاى گیرۆدەى دەرد کردووە.
بزووتنەوەى سیاسیی کورد لە بەشەکانى دیکەى کوردستان، بریتی بووە لەو حیزب و کارەکتەرە سیاسییانەى بە شاخەکانەوە بوون. واتا بزووتنەوەى سیاسى و بزووتنەوەى چەکداریى یەک شت بوون. لە دەرەوەى ئەم بزووتنەوە چەکدارییە، هیچ کوردێک لەژێر هیچ ناوێکدا نەیتوانیووە نوێنەرایەتیی پرسى کورد بکات لەگەڵ دەوڵەتانى نەتەوەى سەردەستە. تەنانەت، چەند کوردێکى دڵسۆز و بەخەمیش بووبێت بۆ پرسى نەتەوەکەى، هەر مامەڵەکردنێکى لەگەڵ دەوڵەت، وەک جۆرێک لە خیانەت ناوزەد کراوە.
بەڵام لە تورکیا شانبەشانى بزووتنەوەى چەکداریی کورد، بزووتنەوەیەکى سیاسیی مەدەنیی کوردیش هەبووە. چەندین حیزب لەژێر ناو و ئایدۆلۆجیاى جیاواز، هەروەها چەندین کارەکتەرى سیاسیی سەربەخۆش هەبوون، وەک کورد خەباتى سیاسیان کردووە. کەس ناتوانێت لە نیشتمانپەروەریى و گیانفیدایى لەیلا زانا، ئەحمەد تورک، #سەڵاحەدین دەمیرتاش#، #عوسمان بایدەمیر# و دەیان ناوى دیکە کەم بکاتەوە، لەبەر ئەوەى لە دەرەوەى بزووتنەوەى چەکداریی کورد لە باکوور، خەباتى سیاسییان کردووە.
تورکیا دەیتوانى لەگەڵ ئەو ڕەوت و ئاڕاستە سیاسییانەى باکوورى کوردستان، پرسى چارەسەرى کێشەى کورد بەرێتە پێشەوە، مافى یەکسان بۆ گەلانى تورکیا بڕەخسێنێت، کورد لانى کەم بە نیوەى مافە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى بگەیشتایا، پێویستى بەوە نەبوو تورکیا داوا بکات دەستبەردارى خەباتى چەکدارى بێت، ئەو کات بزووتنەوە چەکدارییەکە خۆى دەخستە بەردەم ئەو پرسیارەوە 'ئایا بوون و مانەوەى چەک پێویستە؟' بەڵام تورکیا ئەوەى نەویست.
گومان دەکرێت ئاڕاستەیەک لەنێو دەوڵەت و سوپاى تورکیا، بەرژەوەندییان لەوەدابێت ئەم پرسە بەو جۆرە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت. ئەگینا کورد لە باکوورى کوردستان، لە دەرەوەى خەباتى چەکداریی، ئامادەى گرتنەبەرى هەموو ڕێگە ئاشتى و دیموکراسى و سیاسییەکانن و، بەلایەنى کەمى دەستەبەرکردنى مافەکانیش ڕازی بوون. ئەوەى دەرگەکانى دیکەى بەڕووى کورددا داخستووە، دەوڵەتە.
بۆ مێژوو؛ دەبێت ئەوە بگوترێت کاتێک پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) هاتنە سەر دەسەڵات و بانگەشەی ئەوەیان کرد دەرگا بەڕووی چارەسەریی پرسى کورد دەکەنەوە. بە ملیۆنان کورد پشتیوانیی ئاکپارتیان کرد، چوونە ڕیزەکانى ئەو حیزبەوە و بوونە ئەندامی. لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگیان پێدان و بەشى نزیکەى 80 ئەندامى پەڕڵەمان، لە ناوچە کوردییەکانەوە بە دەنگى کورد چوونە پەڕڵەمان، بەڵام زۆرى نەبرد نائومێد بوون. لە دەرەوەى ئاکپارتیش لە هەر خوولێکى پەڕڵەماندا هەرجارە و بەناوێکەوە حیزبێک وەک نوێنەرایەتى یاخود نزیک لە پرسى کورد، خۆى وێناکردبێت، ملیۆنان کورد لەدەورى کۆبوونەتەوە. چونکە باوەڕیان بە ڕێگەى دیموکراسى و ئاشتى هەبووە بۆ بەدەستهێنانى شتێک لە مافەکانیان. بەڵام هەموو جارەکان، دەوڵەت دەرگەکانى داخستووە.
کارەکتەرى سیاسیی کورد نەماوە چەندین جار نەخرابێتە زیندانەوە، لە هەر خوولێکى پەڕڵەماندا چەندین ئەندامى کورد لە پەڕڵەمانى تورکیا، پارێزبەندییان لێ وەرگیراوەتەوە و دادگایى کراون و لە زیندانەکان دا تووندکراون. لە ساڵى 2014وە بۆ ئێستا، نزیکەى 200 سەرۆک شارەوانیی کورد کە بە هەڵبژاردن بوونەتە سەرۆکشارەوانى، لە پۆستەکانیان لابراون و (قەیووم) لە شوێنینان دا دانراوە.
لەم چرکەساتەشدا، کە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار (ئاکپارتى و مەهەپە) ئەردۆغان و باخچەلى وەک ترۆپى دەسەڵاتى حیزب و حکومەت، کە پرسى چارەسەرى کوردیان هێناوەتەوە ئارا و داواى چەکدانانى بێمەرج لە پەکەکە دەکەن. کە پێدەچێت #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#یشیان لە زیندانى ئیمرالى گەیاندبێتە ئەو باوەڕەى قۆناخى خەباتى چەکدارى کۆتایى پێبهێنێت و بانگەوازى دەستبەرداربوونى چەک لە پەکەکە بکات، بەڵام ئێستا لە ناوخۆی تورکیا لە هەمووکات زیاتر دەرگەکانیان بەڕووی خەباتى سیاسى و مەدەنیدا داخستووە. پڕۆسەى دوورخستنەوەى سەرۆکشارەوانییەکان و دانانى قەیووم لە شوێنیان، لە هەموو سەردەمەکانى پێشوو چڕتر و بەرفراوانتر کردووە.
لە ڕۆژاواى کوردستانیش درۆن و فڕۆکەى تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و خوێنى ژن و منداڵى کورد دەڕێژن، بەپشتیوانى و ڕێنمایى تورکیا، گرووپە چەکدارە ئیسلامییە تووندڕەوەکانى ئۆزبەکى، ئەفغانى، چیچانى و تاوەکوو ئیگۆرییە چینییەکان، شانبەشانى عەرەب و تورکمانى سووریاى بەرداوەتە گیانی کورد و پەلامارى ناوچە کوردییەکان دەدەن. هەموو هەوڵێکى خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەى چەک لەدەستى کورد نەمێنێت و بخرێنە ژێر دەستى ئەو گرووپانەوە، کە چەندین تاوانى کۆمەڵکوژیان ئەنجام داوە.
لە باشووریش بەدەر لەوەى بە قووڵایى دەیان کیلۆمەتر سوپاى هێناوەتە نێو جوگرافیاى هەرێمى کوردستانەوە، ڕۆژانەش بەبەرچاوى دونیا، خوا و خەڵکەوە بە درۆن لە شوێنە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان هاووڵاتى شەهید دەکات. هیچ گومان و شارەواییەکیش لەوەدا نییە لە ژوورە داخراوەکان و کۆبوونەوەى پشت پەردەى نێودەوڵەتى و هێزگەلە هەرێمایەتییەکانیش، خەریکى پیلانگێڕییە لەدژى کورد. لەم هەلومەرج و چرکەساتەدا، لە هەموو کاتێک زیاتر باسى برایەتیی کورد و تورک دەکات و داواى ئەوە دەکات کورد کۆتایى بە خەباتى چەکدارى بهێنێت.
پێویستە کورد بە گشتى و پەکەکە بەدیاریکراوى، لە هەمووکات زیاتر ئاگایان لەم پیلانگێڕییانە بێت، نابێت بکەونە ژێر کاریگەریى سۆز بۆ ڕابەرەکەیان لە ئەگەرى ئەوەى داواى چەکدانان لە گەریلا بکات، کورد دەبێت کاتێک چەک دابنێت، کە پێویستى بە خەبات نەمابێت بۆ گەیشتن بە مافەکانى. [1]