=KTML_Bold=رۆڵى تووندڕەویی ئیسلامی لە باڵاکردنى ڕەگەزپەرستیی ئەوروپادا=KTML_End=
#عارف قوربانی#
یەکێک لەو مەترسییانەى ئێستا بەرۆکى هەموو وڵاتانى ئەوروپاى گرتووە، سەرهەڵدان و گەشەکردنى فکرى ڕەگەزپەرستییە. پێشتر ئەگەر کارەکتەرێکى سیاسى یان (نوخبە)یەکى دیاریکراو لەنێو ئاڕاستەیەکى سیاسیدا هەڵگری ئەو فکرە بووبن، وەک دەنگێکى ناشاز دەبینران و ژینگەى سیاسى و کۆمەڵایەتى وڵاتەکانیان بە جۆرێک بوو نەیاندەتوانى ئازادانە بانگەشە بۆ بیروباوەڕەکانیان بکەن، بەڵام ئێستا بوەتە دیاردەیەک خەریکە ڕێلێگرتنى دەبێتە کارێکى زەحمەت.
لە هەموو وڵاتانى ئەوروپا ئەگەر ڕاستەوخۆ حیزبێکى سیاسى درووست نەبووبێت بۆ نوێنەرایەتیکردنى ئەم ئاڕاستەیە، ئەوە (نوخبە)یەک هەیە بەئاشکرا بانگەشەى بۆ دەکات. بەشدارى لە پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن و ساڵ لەدواى ساڵیش ژمارەى دەنگ و ڕێژەى کورسى و پێگەیان لەنێو ناوەندەکانى دەسەڵاتدا زیاتر دەبێت.
سەرهەڵدان یاخود زیندووبوونەوەى فکرى نەژادپەرستى بە شێوەیەکى تووندڕەوانە، بێگومان هۆکارەکانى ناتواندرێت ببەسترێتەوە بە یەک پرس و بابەتەوە، هۆکارگەلى زۆر هەن، کە ئەشێ لە سەرووى هەموویانەوە سیستمى سیاسى و ئابوورى ئێستاى جیهانى ڕۆڵى سەرەکى هەبێت، بەڵام ئەوەى لە هەموو هۆکارەکان زیاتر ژینگەى بۆ گەشەکردنى ڕەخساندووە، پرسى کۆچبەرانە. بابەتى کۆچبەر بە جۆرێک بووەتە کەرەستە و ئامرازى دەستى گرووپە ڕاستڕەو، ڕەگەزپەرست و تووندڕەوەکانى وڵاتانى ئەوروپا، تەنانەت حیزبە چەپ و سۆسیال دیموکراتەکانیشى ناچارکردووە خۆیان لەبەرەى بەرگریکردن لە سیاسەتى کۆچبەرى بەدوور بگرن.
هەموو ئەوانەى پێشووتر بەرگرییان لە سیاسەتى کۆچبەرى وڵاتەکانیان دەکرد، وەک شانازییەک دەیانبینى بۆ وڵاتەکانیان لە پەیڕەوکردنى بەهاکانى مافى مرۆڤ و پاراستن و داڵدەدانى لێقەوماوانى دنیا، ئێستا دەنگیان لاواز بووە. ئەوانەیش کە بابەتى کۆچبەرانیان بە سەرچاوە و وزەیەکى گرنگ دەزانى بۆ ئابوورى وڵاتەکانیان، لانى کەم وەک هێزێکى دەستکاریی هەرزان، هەڵوێستى ئەوانیش گۆڕاوە. هۆکارى ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕێژەى ئەنجامدانى تاوان، وەک کوشتنى ژن، کوشتنى منداڵ، پەلاماردان و دەستدرێژی و ڕەفتار و دیاردەى قێزەون لەنێو کۆچبەراندا بەردەوام لە زیادبووندایە.
ڕەفتارى توندڕەوی و ئەنجامدانى تاوان و یاساشکێنى لەنێو پەنابەراندا، ژینگەیەکى ڕەخساندووە، کۆمەڵگەى ئەورووپى خستووەتە دۆخێکەوە لەنێوان ئەو بەها و دەستکەوتانەى لە سیاسەتى کۆچبەرى دەستیان کەوتووە بەراورد بکات بەو هەڕەشە و مەترسییانەى بۆ سەر کۆمەڵگەکانیان درووست بووە. ئەمە بەئاشکرا لەنێو هەموو چین و توێژێکیاندا هەستى پێ دەکرێت و بووەتە سەرچاوەى هێز بۆ گرووپە ڕاستڕەو و تووندڕەوەکان تا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندابێت.
تەنانەت ئەو ناوەندانەى لە ڕووى ستراتیجییەوە بە بایەخێکى زیاترەوە لە پرسى کۆچیان دەڕوانى، وەک چارەسەرێک دەیانبینى بۆ ڕێگری لە کەمکردنەوەى ژمارەى دانیشتووان کە بەهۆى پێکنەهێنانى خێزان و کەمخستنەوەى نەوەوە، مەترسى کەوتبووە سەر وڵاتەکانیان. هەروەها ئومێدى زۆریان لەسەر ئەوە بوو ئەوانەى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتەوە ڕوو دەکەنە وڵاتەکانیان و تێکەڵ بە کولتوور و کۆمەڵگەى ئەورووپى دەبن و خۆیان دەگونجێنن، دواجار دەبنە هاووڵاتى ئەورووپى، بەهۆى ئەوەى ئەمان لە ڕووى وابەستەیى خێزانى و خستنەوەى نەوەوە هێشتا وابەستەى کولتوور و ئایینى وڵاتانى خۆیان بوون، دەرفەتى ئەوەیان دەدا بە وڵاتى خانەخوێ کە جۆرێک لە هاوسەنگى لە ڕێژەى دانیشتووان لەنێوان مردن و لەدایکبوون درووست بێت. ئێستا ئەوانیش کەوتوونەتە بەردەم هەڵوێستێکەوە بەدواى چارەى دیکەدا بگەڕێن.
دڵنیام ئەگەر ڕەوەندى وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى بەوردیى کار لەسەر ئەوە نەکەن کۆتایى بەو ڕەفتارە تووندڕەوی و تاوانکاریانە بهێنرێت کە لەلایەن پەنابەرانى سەر بەو کۆمەڵگە عەرەبى و ئیسلامیانەوە ئەنجام دەدرێت، چەند ساڵێکى دیکە وڵاتانى ئەوروپا دەخەنە بەردەم بژاردەیەکەوە کە ناچاربن بە جۆرێک چاو بە سیاسەت و یاساکانیاندا بخشێننەوە، ئەگەر بەتەواوى بەرانبەر بە کۆچ و پەنابەری هەڵوێست وەرنەگرن، ناچاربن جیاکارى بکەن لەنێوان کۆچبەرى کۆمەڵگەى باش و کۆچبەرى کۆمەڵگەى خراپدا. کە ئێستا باوەڕێکى تەواویان لا درووست بووە هەموو ئەو تاوانکاریانەى لەنێو خودى پەنابەران ئەنجام دەدرێت و ئەو تاوانکاریانەش کە پەنابەر بەرانبەر بە هاووڵاتى وڵاتانى ئەورووپى ئەنجامى دەدات، ئەگەر هەموویشى نەبێت بەشى هەرە زۆرى پەنابەرانى سەربە وڵاتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامین. لە کاتێکدا لەنێو ئەم کۆمەڵگەیانەدا بە هەزاران کەسى سەرکەوتوو و هەڵکەوتوو لەنێو کۆمەڵگەى ئەورووپى دەبیندرێن، بەڵام ڕەفتارى خراپەکارەکان خەریکە وێناى هەموو ئەم جیهانى عەرەبى و ئیسلامییە ناشرین دەکات.
دەیان ملیۆن هیندى و چینى لە وڵاتانى ئەوروپا کار دەکەن، لە ئێستادا گەورەترین هێزى دەستى کارى ئەوروپا لەوان پێکدێت. نەبوونەتە سەرچاوەى هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر هیچ بەهایەکى کۆمەڵگەى ئەورووپى. خاوەن ئایین و کولتوورى تایبەت بە خۆیانن و هیچ گوشارێکیان نییە بۆ سەپاندنى ئایین و کولتوورەکەیان بەسەر کۆمەڵگەى ئەورووپیدا. ڕووینەداوە گوشار بکەن بۆ کردنەوەى پەرستگەى ئایینى تایبەت بە خۆیان، ڕووینەداوە ڕۆژێک پەلامارى پیرۆزییەکى کۆمەڵگەى ئەورووپى بدەن، ئەگەر چەند لەگەڵ بەهاکانى ئەوانیش ناکۆک بووبێت.
بەڵام بووەتە دیاردەى ڕۆژانە، دەبیستین لە فڵان شار پەنابەرێکى ئیسلامیى عەرەبى سووری، مەغریبى، جەزائیری، میسرى، یان ئەفغانى و پاکستانى... ئەوانی تر، پەلامارى باخچەیەکى ساوایانى داوە. هەڵیکوتاوەتە سەر قوتابخانەیەک، شۆفێرى پاسێکى کوشتووە، لە مۆڵێکدا چەند ژن و منداڵێکى بریندار کردووە. یاخود دەبیستین پەنابەرێک ئاڵاى وڵاتەکەى سووتاندووە، لە بەردەم کڵێسەیەکدا سووکایەتى بە ئایینى مەسیحى کردووە. یا دەیەوێت ئایین و کولتوورى خۆى بەسەر دەرودراوسێکەى بسەپێنێت. یان گوشاریان خستووەتە سەر شارەوانى بۆ درووستکردنى مزگەوتێک. تا دەگاتە هەڕەشەى سەپاندنى مۆدێلى جلوبەرگیش.
هەموو ئەم تاوانکاریانەش خزمەت بە باڵاکردنى گرووپە ڕاستڕەو و تووندڕەوەکانى وڵاتانى ئەوروپا دەکات، کە ئەگەر دڵخوازى نێو کۆمەڵگەکانى خۆیشیان نەبن، بەڵام ڕەفتارى هەندێک کۆچبەرى کۆمەڵگەى عەرەبى و ئیسلامى وا دەکات، هاووڵاتییانى وڵاتانى ئەورووپى چارەسەر و ڕێگری لەو تاوانکاریانە لە باڵاکردنى گرووپە ڕاستڕەوەکاندا ببیننەوە. ئێستا لە هەڵبژاردنەکانى هەموو وڵاتانى ئەوروپادا هەست بەمە دەکرێت. واتا ئەوەى ڕەوەندى جیهانى ئیسلامى و عەرەبى دەیکات، باسکى ئەوانە بەهێز دەکات کە دژ بە بوونى پەنابەرانن لە وڵاتەکانیان.
بەڵام لەبەر ئەوەى لەڕووی واقیعیشەوە بوونى پەنابەر بووە بە پێویستییەکى حەتمى بۆ بەشێکى زۆر لە وڵاتانى ئەوروپا، ئەگەرى هەرە چاوەڕوانکراو ئەوەیە لەنێوان ئاساییش و سەقامگیری و پاراستنى بەها ئایینى و کۆمەڵایەتییەکانى خۆیان و ئەو پێداویستیانەى دەخوازن بەهۆى کۆچبەرەوە دەستەبەرى بکەن. کۆمەڵگەى کۆچبەران دابەش بکەن بەسەر کۆمەڵگەى باش و خراپدا. چانس بدەن بە کۆمەڵگە باشەکان و وردەوردە دەرگا بەڕووی کۆمەڵگە خراپەکاندا دابخەن. [1]