=KTML_Bold=وەعدى بەغدا، هەر قسەى ڕووتە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
بەهۆى هەڵمەت و هاوارى (نوخبە)یەکى کەم لە نووسەر و ڕۆشنبیرانى کورد و چەند میدیایەکى بەرپرس، لە خستنەڕووى مەترسییەکانى پڕۆسەى سەرژمێریى گشتى لە ئێراق بەو جۆرەى بەغدا نەخشەى بۆ کێشابوو. تا ئەندازەیەک خەڵک و حیزب و حکومەت و دەسەڵاتداران لە هەرێمى کوردستان درکیان بە مەترسییەکانى ئەو پڕۆسەیە کرد و کەوتنە دەربڕینى نیگەرانى، بەڵام وەک هەموو جارێک بەغدا بەگفتى بێبنەما، کوردى لە خشتە بردەوە.
لەبەر ئەوەى بەغدا زۆر بە وردى و بە پلان کار لەسەر پرسى کورد دەکات، وەک شەترەنج و داشى دامە هەموو هەنگاوەکانیان پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسى کورد، پێکەوە بەستراونەتەوە. لە تێکچوونى یەک هەنگاویاندا ئەگەر ڕیسى ڕابردووشیان نەبێتەوە بە خوری، ئامانجەکانى داهاتوویان نایەنەدى. بۆیە زۆر مەبەستیانە پڕۆسەى سەرژمێرى وەک ئەوەى نەخشەیان بۆ کێشاوە بەسەرکەوتوویى تێیبپەڕێنن، چونکە بۆ داهاتوو کارى گەورەیان پێیەتى.
بەڵام کاتێک هەستیانکرد هەرێمى کوردستان خەریکە بەخەبەر دێتەوە و لێیان تێکدەدات، بەپەلە کەوتنە هەوڵى دۆزینەوەى فێڵێکى دیکە بۆ ڕەواندنەوەى نیگەرانییەکانى هەرێمى کوردستان. داوەتى شاندی هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ وەرگرتنى تێبینى و سەرنج و ئەو مەترسییانەى کورد هەیەتى. لەبەر ئەوەى پڕۆسەکە بۆ بەغدا زۆر جێى مەبەستە، هیچ کات ئاوا بەخێرایى وەڵامى نیگەرانیی کوردیان نەداوەتەوە، لە هەفتەیەکدا لە چەندین ئاست بە ئەنجوومەنى وەزیرانى ئێراقیشەوە لەسەر نیگەرانییەکانى کورد کۆبوونەوە و ڕێگاچارەیەکى سووک و ئاسانیان بۆ قایلکردنى کورد دۆزییەوە. بەحساب بڕیاریانداوە سەرژمێری کاریگەریى لەسەر ئەو ڕێکارە یاسایى و دەستووریانە نابێت کە بۆ چارەسەرى کێشەى ناسنامەى ئەو ناوچانە دیاریکراون. دواى سەرژمێریى گشتیش، ئەو عەرەبانەى هێنراون و لەسەر جوگرافیاى کوردستان نیشتەجێکراون، ناوەکانیان دەگوێزنەوە بۆ شوێنى پێشووترى خۆیان.
هەرێمى کوردستان بەم بەڵێنە ڕازى بوو، لە کاتێکدا ئەو مەترسییانەى بەهۆى پڕۆسەى سەرژمێرییەوە وەک هەڕەشە کەوتوونەتە سەر ناسنامە و دیمۆگرافیاى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، مەترسیی ڕووکەش نین، تا بە گفت و بەڵێن بڕەوێنەوە. بەغدا پێشوەختە و لەسەر (ئەرزى واقیع) چەندین ساڵە توانایەکى زۆرى خستووەتە خزمەتى هێنانى عەرەبەوە بۆ ئەم ناوچانە، لە (#شنگال#ەوە تا بەدرە و جەسان) بە نزیکى دوو ملیۆن عەرەب لە هاووڵاتى و لە کەسوکارى چەکدارانى حەشدى شەعبى نیشتەجێکراوون. ئەوان لەسەر (ئەرزى واقیع) و بەمەبەستى گۆڕێنى دیمۆگرافیا، ئەم ژمارە عەرەبەیان هێناوە و لە پڕۆسەى سەرژمێریى گشتى لەو شوێنەى لێى دەژین تۆمار دەکرێن. گفتى درۆى (دواى سەرژمێریى ناوەکانیان لەسەر ئەم ناوچەیە دەگوێزرێنەوە) بەچى دەچێت. بەتایبەتیش بەهۆى ئەم گفتەوە کوردێکى زۆرى خەڵکى ناوچە کوردستانییەکانى دەروەى هەرێم کە نیشتەجێى ناو هەرێمى کوردستانن، دواى بڵاوبوونەوەى ئەم قسەیە ئەگەرى زۆرە نەچنەوە شوێنى ڕەسەنى خۆیان و بڵێن لە هەر شوێن خۆمان تۆمارکەین ناومان دەخرێتەوە سەر شوێنى ڕەسەنمان. لە کاتێکدا مەرج نییە بەغدا لەمەدا ڕاستگۆ بێت.
ڕێگاى ڕاست و تاکە بژاردە ئەوە بوو هەرێمى کوردستان ڕێگا نەدات ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم پڕۆسەى سەرژمێرى تێدا ئەنجام بدرێت. وەک ئەو دەرفەتەى لەدەست خۆیدا و کەوتەژێر متمانە و بەڵێنى بەغداوە بۆ ڕەواندنەوەى نیگەرانییەکانى، هیچ نەبوایا با ئەو گفت و بەڵێنەى ئەنجوومەنى وەزیران ببرایەتە پەڕڵەمانى ئێراق و بکرایەتە بناخەى یاسایەک کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەریى لەسەر ڕێکارەکانى مادەى 140ى دەستوور نابێت. کە ئەمەش لاوازترین متمانە بوو وەک جۆرێک لە دڵنیایى. چونکە ئەوان مادەى دەستوور هەیە پەیوەست بە کێشەى ئەم ناوچانە جێبەجێى ناکەن، چ جاى یاسا. بەڵام بوونى یاسایەکى تایبەت بەوەى سەرژمێریى گشتى ناکرێتە بنەما بۆ داهاتووى ئەم ناوچانە، باشتربوو لەوەى بەڵێنێکى سەرۆکوەزیران بکرێتە مەرجى شەرعیەتپێدانى کورد بەم پڕۆسەیە.
بەڵام ئەوەشیان نەکرد و بە وەعدى قسەى ڕووتى بەغدا کوردیان خستە چاڵەوە. ئەمەیە کە دەوترێت (کورد پەند لە ڕابردوو وەرناگرێت) ئەگەر ئەزموونەکانى پێشوترى بکردایا بەپێوەر، دەبوو هۆنراوەەکەى #ئەحمەد موختار بەگى جاف# بۆ هەمیشە لەگوێى دەسەڵاتدارانى کورد بزرەنگایەتەوە کاتێک لەسەردەمى بەزۆر لکاندنى باشوورى کوردستان بە ئێراقى عەرەبییەوە، کە خەڵکانێکى خۆشباوەڕ و خەڵەتاو بەوەعدى (عوسبەت ئومەم) خەون بە خۆشبەختى کوردەوە دەبینن، ئەحمەد موختار بە هۆنراوەیەک وەڵامى خۆشخەیاڵیى ئەوانە دەداتەوە و دەڵێت: (خەڵکى دەڵێن ئەم قەرارەى عوسبە بۆ کورد دەبێت، هەر قسەى ڕووتە و قسەش ناچێتە گیرفانەوە).
تازە کات ناگەڕێتەوە و دەرفەتى ڕێگاچارەى دیکە نەماوە، یەک شت نەبێت، ئەویش ئەوەیە هەر بەتەنیا هانى کوردانى ناوچە کوردستانییەکان کە دانیشتووى هەرێمى کوردستانن نەدرێت بۆچوون بۆ خۆ ناونووسکردن، بەڵکوو با بەخێرایى بە سەتان هەزار کورد لە شارەکانى دیکەى هەرێمى کوردستانەوە ببردرێن لەو گوند و شار وشارۆچکانەى ناوچە کوردستانییەکان لە پڕۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتووانى ئێراقدا ناونووسبکرێن. بۆ هاتوهاوارمانە بەوەى عەرەب لە خوار و ناوەڕاستى ئێراقەوە هاتوون لە #کەرکووک# و دەشتى نەینەوا و لە گەرمەسێر خۆیان تۆمار دەکەن، با کوردیش خەڵکى هەر ناوچەیەکى دیکەیە، بچن لە ناوچە کوردستانییەکان خۆیان تۆمار بکەن. ئەگەر بڕیار بوو سبەى ناوى هەرکەس بگێڕنەوە بۆ شوێنى پێشووى خۆى، ئەوە هەر کەس ناوى دەگەڕێتەوە سەر شارەکەى خۆی، ئەگەر بەغدا لەمەشدا کڵاویکردبووە سەر کورد، با سەتان هەزار کوردى شارەکانى دیکەش ببنبە کەرکووکى و #خانەقین#ى و شنگالى. [1]