=KTML_Bold=هەندێک جار ئاشتى پێویستە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
باوەڕم بەوە نییە پرسى کورد نە بەشێوەیەکى گشتى وەک پرسى نەتەوەیەکى دابەشکراو و خاک داگیرکراو لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، نە کێشەى هیچ کام لە پارچەکانى کوردستان لەگەڵ دەوڵەتى نەتەوەى سەردەستە، بە ئاشتى چارەسەر ببێت. ئەویش نەک لەبەر ئەوەى ڕێگەى ئاشتى بە ڕێگەیەکى گونجاو نازانم، یاخود پێم وابێت کورد باوەڕى بەو ڕێگایە نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەى نەتەوە سەردەستەکانى دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستان (فارس، تورک و عەرەب) هێشتا نەگەیشتوون بەوەی باوەڕیان بە چارەسەرکردنى کێشەى کورد هەبێت تا گفتوگۆمان لەسەر ئەوەبێت کام ڕێگەیان باشترە.
هەرکات ئەوان گەیشتن بەو قەناعەتەى دەبێت کێشەى کورد چارەسەر بکرێت، بێگومان ئەو کات باشترین ڕێگە و بژاردە، ڕێگەى ئاشتییە، بەڵام تا ئێستا ئەوان نەک لەگەڵ چارەسەردا نین، بەڵکوو هێشتا دەستبەردارى ئەو سیاسەتانەش نەبوون کە پێیان وایە بەهۆیانەوە دەتوانن کورد بسڕنەوە. تەنانەت هەندێکیان هێشتا هەر نکوڵى لە بوونى کێشەى کورد دەکەن. کاتێک کێشەیەک چارەسەر دەکرێت کە بە پلەى یەکەم دان بە بوونى کێشەکەدا بنرێت، دووەمیش ئامادەیى هەبێت بۆ چارەسەرکردن.
لە قۆناخەکانى ڕابردووى خەباتى ڕزگاریی نیشتمانیی کورد، لە هەموو پارچەکانى کوردستاندا، هەرکاتێک دەوڵەتانى داگیرکەر ئامادەى ئاشتى بووبن لەگەڵ بزووتنەوەى چەکداریى و سیاسى کورد، ئەزموون سەلماندوویەتى (گفتوگۆ و دانووستاندن) بۆ ئەوە نەبووە بەدواى چارەسەردا بگەڕێن، بەڵکوو وەک وێستگەیەک بۆ خۆئامادەکردن و پەلاماردانێکى سەختتری کورد بەکاریان بردووە. یاخود کەوتوونەتە بارودۆخێکەوە نەیانویستووە کێشەى کورد ببێتە هۆکارى ناسەقامگیریى زیاتر بۆیان، وەک یاریکردن بە کات هەوڵیانداوە مەترسییەکان لەسەرخۆیان کەمتر بکەنەوە تا ئەو کاتەى مەترسى و هەڕەشەکانیان لەسەر نەماوە، دواتر کەوتوونەتەوە وێزەى کورد. بۆیە هیچ ئاشتییەکى درێژمەودا لە هیچ بەشێکى کوردستان نەبووە، هەموو گفتوگۆ و قۆناخێکى ئاشتى پەیوەست بووە بە هەلومەرجێکى کاتییە وە، بە تێپەڕبوونى ئەو هەلومەرجە کاتییە، بە هەر بیانوویەک بووبێت شەڕ درووستبووەتەوە.
هەموو ئاشتییەک لەنێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، هەمیشە لە بەرژەوەندیی داگیرکەردا بووە. ڕاستە کورد وەک قوربانییەک لە هەندێک هەلومەرجى ئاشتى و قۆناخى گفتوگۆدا، بە دۆخێکى سەقامگیر و ئارامدا تێپەڕیوە و لانى کەم لەو ماوەیە کوشتار لەسەرى هەڵگیراوە، بەڵام هەموو جارەکان و لەدواى تێکچوونى هەر قۆناخێکى ئاشتى، دەوڵەت بەشێوەیەکى سیستماتیک جیاوازتر و بەهێزتر لە پێشتر پەلامارى کوردى داوەتەوە.
ئێستا لە تورکیا بێ هیچ ئامادەسازییەکى پێشوەختە و لە چرکەساتێکدا کە ڕۆژانە فڕۆکەى تورکیا لە باشوور و ڕۆژاواى کوردستان بۆردوومان دەکات، تەوقەکردنێکى سەرۆکى پارتى نەتەوەپەرستى تورک (مەهەپە) لەگەڵ ژمارەیەک پەڕڵەمانتارى کورد لە تورکیا، هەڵایەکى میدیایى بەدواى خۆیدا هێنا کە تورکیا دەرگەى ئاشتى بەڕووی کورددا کردووەتەوە، چونکە ئەو پێشتر پەڕڵەمانتارە کوردەکانى بە تیرۆریست ناودەبرد و ئومێدى ئەوەى بۆ دەخواستن هەموویان لە کونجى زینداندابن نەک لە پەڕڵەمان. بۆیە زۆر ناوەندى چاودێریى و شرۆڤەکارى ڕەوشى تورکیا ئەمەیان وەک خاڵى وەرچەرخان لە سیاسەتى تورکیا وێنا کرد.
دواتر هەندێک هەواڵى دزەپێکراویش ئەم باسەیان گەرمتر کرد بەوەى گوایە ڕێگە دراوە هێڵێکى گەرم لەنێوان ئۆجەلان، سەرۆکى زیندانیکراوى #پەکەکە# لە ئیمراڵى لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە لە #قەندیل# درووستبێت. هێشتا ئەم هەواڵانە پشتڕاستنەکرابوونەوە، بەدواى ئەوەدا لە کۆبوونەوەى سەرۆکى مەهەپە و فراکسیۆنى پارتەکەى لە پەڕڵەمانى تورکیا، داوای کرد ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە بچێتە هۆڵى پەڕڵەمانى تورکیا، پارتەکەى لە هێزێکى چەکدارییەوە هەڵوەشێنێتەوە و دەست بە خەباتى سیاسى بکات. دواى نزیکەى چوار ساڵ لە گۆشەگیریش، 23ى ئۆکتۆبەر ڕێگە درا (عومەر ئۆجەلان) وەک کەسێک لە بنەماڵەکەى لە ئیمراڵى سەردانى (ئاپۆ) بکات.
ئەم ڕووداوە کوتوپڕ و ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە لە هەڵوێستى دەسەڵاتدارانى تورکیا، بەتایبەتیش گۆڕینى هەڵوێستى دەوڵەت باخچەلی جێى هەڵوێستە و تێڕامانە. هێشتا نازانرێت ئەمە گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیە لە دید و تێڕوانینیان بەرانبەر بە کێشەى کورد و بەتایبەتیش بەرانبەر بە پەکەکە، یاخود تاکتیک و ستراتیجێکى تازەى تورکیایە بۆ تێپەڕاندنى قۆناخێکى دیکە؟ هەندێک لە چاودێران و ناوەندەکانى توێژینەوە، ئەم گۆڕانکاری و هەڵوێستانەى تورکیا پەیوەست دەکەن بە ڕووداوەکانى ناوچەکەوە، بەتایبەت دواى ئەوەى ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە کۆبوونەوەى سەرکردەکانى وڵاتاندا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەیەکى خستە ڕوو وەک ئاماژەى گۆڕانکارى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، تورکیا ترسى ئەوەى بۆ درووستبووە ئاگرى ئەو شەڕە پێى ئەویش بگرێتەوە. تەنانەت سەرۆککۆمارى تورکیاش چەند جارێک وەک مەترسى بۆ سەر تورکیا ئاماژەى بەو نەخشەیەى ناتەنیاهوو کرد.
لەلایەکى دیکەوە ئەم هەڵوێستانەى تورکیا پەیوەست دەکرێت بەوەوە کە بەپێى دەستوورى تورکیا هەر کەسێک حوکمى زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا بسەپێندرێت، پاش 25 ساڵ دەبێت ئازاد بکرێت، #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# کۆتایى ئەمساڵ ئەو 25 ساڵە لە زیندان تەواو دەکات و تورکیا دەیەوێت لە لایەک بۆ ئامادەسازیى ڕاى گشتى ناوخۆ و بەتایبەتى نەتەوەپەرستە تووندڕەوەکان، هەروەها بۆ ڕاکێشانى سەرنجى کورد دەیەوێت ئەم پرسە وەک پڕۆسەیەکى ئاشتى و دەستپێکردنى قۆناخێکى نوێ لە ژیانى سیاسى تورکیا وێنا بکات و ئازادکردنى ئۆجەلان بکات بە دەستکەوتێکى سیاسى. لێکدانەوەیەکى دیکەش ئەوەیە کە ئەردۆغان دەیەوێت دەستوورى وڵاتەکەى جارێکى دیکە هەمواربکاتەوە بۆ ئەوەى دەرفەتى مانەوەى لە حوکم بۆ بڕەخسێت، بۆ ئەمەش پێویستى بە کوردە و دەیەوێت لەم ڕێگایەوە کورد پشتیوانیی مانەوەى بکات لە دەسەڵات. زۆر شرۆڤەى دیکەش هەن کە هەندێک جدیەت لە هەڵوێستى تورکیا دەبینن و هەندێکیش بە گومانەوە لێى دەڕوانن.
ئەوەى بەلاى منەوە گرنگە و دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى چارەسەرى کێشەى کورد لە ئاشتیدا نابینم و هەموو پڕۆسەیەکى ئاشتیش بەتایبەت کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە پێشنیاز بکرێت وەک جۆرێک لە تەڵە و (موماتەڵە) دەبینم، بەڵام لەبەر هۆکارێکى دیکە بە گرنگى دەزانم کورد بەپیرى ئەم هەڵوێستەى تورکیاوە بچێت و یارمەتیدەربێت لە کردنەوەى دەرگەی ئاشتى ئەگەر سەت لە سەتیش دڵنیایە ئەمە تاکتیکە و تورکیا دەیەوێت وەک یاریکردن بە کات دۆخێکى سەقامگیر بەرقەرار بکات، بەڵام پێم وایە لەم هەلومەرجەدا ئاشتى بۆ کورد ئەگەر هەر بۆ تێپەڕینى کاتیش بێت بەکەڵکە، چونکە هەموومان ئەوە دەبینین لە دواى پەلامارەکانى ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا، ناوەندە گرنگەکانى وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى بایەخێکى ئەوتۆیان نەماوە. شەڕى حەماس و ئیسرائیل، پەڕینەوەى بۆ لوبنان و ئەو چاوەڕوانییانەى هەن بۆ پەرەسەندنى بۆ سووریا و ئێراق و ئێران، زیاتر ئەوەى سەلماند کە سەروەری و سنوور و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان هەر قسەن، سەنگى مەحەک بوونى هێزە، نەک هێزى مەنتق.
بۆیە لە هەلومەرجێکى وادا کە هێزى تورکیا تاوەکوو قوڵاییەکى زۆر هاتووەتە نێو باشوور و ڕۆژاواى کوردستانەوە و ڕۆژانە بە فڕۆکە لە #گەرمیان#ەوە بۆ #عەفرین# پەلامارى ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەدات، هەڕەشەى ئەوەشى دەکرد پەلامار و هێرشەکانى زیاتر دەکات، نە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش قسەیەکیان لەم بارەیەوە نییە، ڕۆژ لەدواى ڕۆژیش ئەگەرەکان بۆ فراوانبوونەوەى شەڕى ئیسرائیل لە ناوچەکە زیاتر دەبن و ئەگەرى ئەوەش هەیە گۆڕانکاریی ڕیشەیى لە نەخشەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بێتە ئاراوە. بۆیە لە بارودۆخێکى وادا سەقامگیری و ئارامى بۆ کورد لە هەموو لایەک پێویستتر و گرنگترە. لەبەر ئەوە هیواى ئەوە دەخوازم سەرکردایەتیی پەکەکە و کورد لە باشوور و ڕۆژاواى کوردستانیش هەرچییەکیان پێ دەکرێت بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتى، هەنگاوى خێراى بۆ بنێن. [1]