=KTML_Bold=ئایا دەنگدەر دۆخى سیاسى دەگۆڕێت؟=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و 'بەرەى مقاوەمە' لەم هەفتەیەى داهاتوو ئێراق پەلکێشى نێو جەنگ نەکات، وا بڕیارە 20ى ئۆکتۆبەرى ئەم ساڵ، خەڵکى کوردستان بچنە سەر سندووقەکانى دەنگدان و پەڕڵەمانێکى نوێ بۆ هەرێمى کوردستان هەڵبژێرن.
لەم هەڵبژاردنەشدا لەلایەک بەهۆى ئەوەى ناڕەزایەتى و نیگەرانى خەڵک گەیشتووەتە لووتکە و لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى ناکۆکى و ململانێى نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو پێکهێنەرى سەرەکیی حوکمڕانیی 32 ساڵى ڕابردوو، تا ئەندازەیەکى زۆر قوڵبووەتەوە و هەڕەشەى دەستشکاندنەوەى یەکتر و بەڵێنى یەکترڕووخاندن دەدەن، هەروەها بەهۆى دەرکەوتنى هێزى سیاسیی نوێ و ڕکابەرى تازە لەنێو گۆڕەپانى سیاسیی کوردستان، خەڵکانێکى زۆر چاوەڕوانیى ئەوەیان هەیە گۆڕانکاریی گەورە و ڕیشەیى لە دۆخى سیاسى و حوکمڕانى کوردستان بێتە ئاراوە.
بەڵام ئەزموونى خولەکانى ڕابردووی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى، هیوابەخش نین بۆ گۆڕانکاریى گەورە لە کوردستان، ئەویش چ بەهۆى ئەو وابەستەییە جوگرافییەى وەک دوو زۆنى سیاسى کوردستانى دابەشى سەر پارتى و یەکێتی کردووە و لە ڕێى ئەوانیشەوە بووەتە جێنفووز و گۆڕەپانى تورکیا و ئێران، هەروەها بەهۆى ئەوەى هیچ هێز و کارەکتەرێکى دیکەى سیاسى وەک پڕۆژەى بەدیلى سەرتاسەریى لە گۆڕەپانەکەدا نییە تەنگى بە دوو لایەنەکەى دەسەڵات هەڵچنیبێت و خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزتربێت لە هەژموونى ئێران و تورکیا بەسەر ئەم دوو زۆنە سیاسییەوە، تاوەکوو چاوەڕوانى ئەوە بکرێت؛ ببێتە پەرجووى هەڵبژاردن و کوردستان بەرێتە قۆناخێکى دیکەوە.
بۆیە چاوەڕوانى ئاسۆیەکى ئومێدبەخش بۆ داهاتوویەکى باشتر، شانس و ئەگەرێکى لاوازترە لەو ئەگەر و پێشهاتانەى دۆخى هەرێمى کوردستان خراپتر دەکەن، لە باشترین حاڵەتیشدا ڕاگرتنى هاوسەنگى هەژموونى هەرێمایەتى و بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەگەرێکى نزیکترە کە دۆخى سیاسیی کوردستان وەک خۆى بهێڵێتەوە، نەوەک بیگۆڕێت. بەمەش ئەو خەون و ئومێدە زۆرەى بۆ هاووڵاتییان درووستکراوە و بەستراوە بەم هەڵبژاردنەوە، بەدیهاتنى ئاسان نابێت.
گۆڕانکاریی گەورە لە کوردستان، بەستراوە بە هاوکێشە نێودەوڵەتى و پێگەى هێزە هەرێمایەتییەکانەوە، ڕووداوى گەورە لە ناوچەکە ڕوونەدات، گۆڕانکاریی گەورەش لە کوردستان ڕوونادات. ئەوەى پڕۆسەى هەڵبژاردن و دەنگى خەڵک دەتوانێت بیگۆڕێت، یاخود کاریگەریى لەسەرى هەبێت، لە ئاستێکى دیکەدا دەتوانێت کاریگەربێت و خزمەت بە پڕۆسەى حوکمڕانى کوردستان بکات، ئەویش ئەوەیە خەڵک گوێ نەداتە لایەنگیریى و حیزبایەتى و دەنگ بە کەسانى گونجاو بدات بۆ چوونە پەڕڵەمان، بۆ ئەوەى کوردستان پەڕڵەمانێکى هەبێت ئەرکى پەڕڵەمان ئەدابکات، ڕۆڵ و پێگە یاسایى و دەستوورییەکەى پەڕڵەمان بپارێزێت و ببێتە فاکتەرێکى گرنگ لەنێو سیستمى سیاسیی کوردستان بۆ حوکمڕانیێکى درووست. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا خەڵک ئەوە لەبەرچاو دەگرێت؟ یاخود تەنانەت لەنێو حیزبى دڵخوازى خۆشیدا جیاکارى دەکات لەوەى لەنێوان کەسێکى گونجاو بۆ ئەو کارەو کەسێکى ناشایستەدا، گونجاوەکە هەڵبژێرێت؟ بەداخەوە ئەزموونى هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو ئەوەشى بۆ سەلماندووین، کە دەبێت بڵێین 'نەخێر'، دەنگدەرى کوردستان بە ئاگاییەوە دەنگ نادات.
لەو کاتەوەى سیستەمى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان لە لیستى داخراوەوە بووە بە لیستى کراوە، کوالێتى پەڕڵەمانتار و ڕۆڵ و پێگەى پەڕڵەمان بۆ ئاستى زۆر نزم دابەزیوە. پێشتر حیزبەکان بە لیستى داخراو و خۆیان خەڵکیان دیاریدەکرد بۆ ئەندامیێتى پەڕڵەمان، کەسانى زۆر شیاوتر بوون لەوەى کە هاووڵاتى لە ڕێگەى دەنگى ڕاستەوخۆوە دیارى کردوون. ئەمە دەرخەرى ڕاستییەکى تاڵ و ناخۆشە کە؛ میللەتەکە ئەوەى دەوێت.
ئەگەر بەراوردێک لەنێوان خولى یەکەمى پەڕڵەمان بکەیت بە خولى ڕابردوو وەک نموونە، سەرەڕاى ئەوەى لە ڕووى زەمەنییەوە نزیکەى سێ دەیە نێوانیان هەیە، سەربارى ئەو پێشکەوتنانەى لەو 30 ساڵەدا ڕوویانداوە، ئاستى ئەندامانى پەڕڵەمانى خولى یەکەم و ئەداى کارکردن و توانا و پسپۆڕییان، زۆر لە ئاستێکى باڵاتر بووە لەوانەى ئێستا. تەنانەت ئەگەر کەسێک هیچ ئاگایى و چاودێرییەکى بۆ ڕەوشى کوردستانیش نەبێت، تەنیا بە خوێندنەوەى پرۆتۆڵەکانى پەڕڵەمان، ئەوەى بۆ دەردەکەوێت خول لە دواى خول، ئاست و کوالێتى پەڕڵەمان دابەزیوە. بە ئەندازەیەک کە پەڕڵەمان نەک سوودێکى بۆ پڕۆسەى سیاسى و حوکمڕانى نەبوو، بەڵکوو بووە بە بار بەسەر کوردستانەوە، ئەمە کارەساتێکى گەورەیە.
هەر حیزبە سیاسییەکانیش بەتەنیا بەرپرسیاریێتى ئەمەیان ناکەوێتە ئەستۆ، بە پلەى یەکەم، هاووڵاتییان بەرپرسیارن، چونکە ئەمە لە سایەى سیستمێکى هەڵبژاردنى لیستى کراوەدا ڕوویداوە. خەڵک حەزى بە چ جۆرە کەسانێک بووە، حیزبەکان هەوڵیان داوە ئەو کەسانەیان بۆ بەربژێر بکەن، کە دڵخوازى خەڵکن. تەماشا بکەن بۆ کارى پەڕڵەمانتاریى و بۆ دامەزراوەیەک کە ئەرکى یاسادانانە، حیزبێک یاساناسێک و بێژەر و ڕۆژنامەنووسێکى زۆربڵێت دەخاتە بەردەست، تۆى هاووڵاتی، چەقاوەسووەکەیان هەڵدەبژێریت، نەوەک یاساناسەکە. ئەوە هاووڵاتییان بوون وەک دەنگدەرى حیزبێک لەنێوان بەربژێرەکانی هەمان حیزبدا لەنێوان بژاردەى کەسێکى ئابووریناس و گۆرانیبێژێکدا، گۆرایبێژەکەیان هەڵبژارد نەک ئابووریناسەکە.
دەنگ و ڕۆڵى خەڵک لێرەدا کاریگەریى لەسەر دۆخى حوکمڕانى دەبێت، کە بتوانێت کەسى گونجاو، کەسى ناشایستە لەیەکدی جیابکاتەوە. بۆ داهاتوویەکى باشتر و مانەوەت لەنێو ئەو دۆخەدا کە لێى ناڕازیت، هەر ئەوە پێوەرەکەیە، کە تۆ دەنگ بە کەسانێک بدەیت بۆ ئەو کارە بشێن، نەوەک لەسەر بنەماى ئەوەى کێ جنێوفرۆشى باشە، یاخود کامیان لە تیکتۆک و شاشەى تیڤییەکان باشتر دەشیڕێنێت تۆ ئەوەیان هەڵبژێریت و چاوەڕوانى ئەوەبیت داهاتووت باشتر بکات، دەبێت بەدواى (خەلەل)ى مێشکى خۆتدا بگەڕێیت نەوەک شتى دیکە.
هەرچەندە هێشتا دڵنیایى ئەوە دەستەبەر نەبووە، کە هەڵبژاردنێکى پاک و بێخەوش بەڕێوەدەچێت و سیستمە ئەلیکترۆنییەکەش پرۆگرام ناکرێت بۆ ساختەکارى، بەڵام لە گریمانەى ئەوەشدا کە دەنگى ڕاستەقینەى هاووڵاتییان یەکلاکەرەوە بێت و ببێتە پێوەر بۆ نەخشە و دیزایینى پەڕڵەمانى داهاتوو، دڵنیایى ئەوەش دەستەبەر نییە، کە دەنگدەر چەند بەئاگاییەوە دەنگ دەدات و کێ دەنێرێتە پەڕڵەمان. مەترسیی ئەمە لە تەزویر و ساختەکاریى زیاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەوە بەرهەمى نائاگایى دەنگدەرە، پەڕڵەمانێکى لە ئێراق بەرهەمهێناوە، کۆمەڵێک شەهوەتباز دەیانەوێت بە یاسا کچەکانمان لە 9 ساڵیدا بەشوو بدەن.
بۆ داهاتووى کوردستانیش، لە بەردەم ئەو پرسیارەداین، هاووڵاتییان چ جۆرە پەڕڵەمانێکمان بۆ بەرهەمدەهێنن. لەنێو کاندیدانى هەموو حیزب و هاوپەیمانیێتییەکاندا کەسانى زۆر هەن بۆ ئەرکى پەڕڵەمانتارى دەگونجێن و شیاون ئەندامى ئەو دەزگا گرنگە نیشتمانییە بن، کە ئەرکى سەرەکى و لەپێشینەى چاودێریى دامەزراوە حوکمڕانییەکان و دەرکردنى یاسایە، بەڵام لیستى حیزبەکان کەسانى ناشایستەى زۆریشى تێدایە، لە جنێوفرۆش و خەڵکى دەست و دەم و داوێنپیسەوە بگرە تاوەکوو ئەوانەى گونجاون بۆ شەڕە گەڕەک. ئەوە تۆى هاووڵاتیت لەنێوان ئەم بژاردە باش و خراپانەدا کامیان هەڵدەبژێریت، پەڕڵەمان دەکەیتە شوێنى یاسادانەرى پسیۆڕى بوارە جیاجیاکان، یاخود دەمهەراش و جنێودەرى باش؟ [1]