#کەنەکە# ڕایگەیاند گەلی کورد بەشێک نییە لە شەڕی ئیسرائیل-ئێران، کورد خواستێکی هەموو پرسەکان بە دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و وتی: لەم پڕۆسەیەدا یەکڕیزی نێو ماڵی کوردیی ژیانییە. لە هەوڵدانداین بۆ بوونیاتنانی پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئێران و ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی لە هەرێمەکەدا لە ئارادایە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کەنەکە پەیوەست بە گۆڕانکارییەکانەوە جەختی لەوەکردەوە لەم قۆناغەدا یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی پێویستییەکی ژیانییە. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵدەدات لەنێوان هەموو لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت پارت و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆببێتەوە و ئامانج بتەوکردنی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردیی و پلاتفۆڕمێکی هاوبەشە.
=KTML_Bold=ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:=KTML_End=
شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕێکی نوێ نییە. دەیان ساڵە بە ناڕاستەوخۆ ململانێ و شەڕ لەنێوان ئەم دوو دەوڵەتە لە ئارا دایە. ماوەیەکی درێژ ئەم شەڕە لەنێوان ئیسرائیل و هێزە بە وەکالەت و هاوپەیمانەکانی ئێراندا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ خۆیان هاتە ئاراوە. لە دوێنێوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە بوو. ئەم شەڕە تا دێت گەورەتر و بەرفراوانتر دەبێت. شەڕەکە لە غەززە دەستی پێ کرد، لوبنان و سووریا و یەمەنی تێپەڕاند و ئێستا ئێران بووەتە گۆڕەپانی ئەم شەڕە. بابەتەکە لە پرس و کێشمەکێشی نێوان دوو دەوڵەتەوە پەڕیوەتەوە، بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی.
کورد بەشێک نییە لە شەڕەکە
ئێمە وەک گەلی کورد لایەنێکی ئەم شەڕە نین و هەرچەندەش هەوڵ بدەین نەبینە تەرەفێکی شەڕەکە، بەڵام ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و کاریگەریی زۆری لەسەر گەل و وڵاتەکەمان دەبێت. زۆرێک لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێران کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەلکەوتووە لەلایەن ئیسراییلەوە دەکرێنە ئامانج و بووەتە هۆکاری بارگرانی و زەحمەتی لەسەر ژیان و گوزرانی گەلەکەمان لەم بەشەی کوردستاندا. لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەی مووشەک و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتانە بە ئاسمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبن و لە زۆر ڕووەوە زیانیان لە ئابووری و ژینگەی کوردستان داوە.
خواست کورد؛ چارەسەری بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ...
وەک گەلی کورد نامانەوێت لە بەرەیکی ئەم شەڕدا بین و دەمانەوێت هەموو کێشە و ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکەمان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بکرێن. ئەم شەڕە بە خواستی ئێمە دەست پێ نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە لە ناوەڕاستی ئەم شەڕەداین. ئەم شەڕە کە لە ماوەی 21 مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بووە، لێکەوتەی گەورەی هەبووە و دەبێت. ئەو بارودۆخەی ئێستا کە بەرهەمی پەیمانەکانی سایکس پیکۆ و لۆزانە بەرەو هەڵوەشاندنەوە و گۆران دەڕوات. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دەکرێت نەخشەی ناوچەکە بەتەواوی بگۆڕدرێت. وەک گەلی کورد تا چەند ئامادەین بۆ ئەم گۆڕانکارییانە؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگ و بەجێیە. لەم کاتەدا یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد زۆر گرنگ و ژیانییە. سەرەتا هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایەش هەموو هێز ولایەنەکانی کوردستان دەبێت لەم کات و ساتەدا پێکەوە لە دانووستاندا بن و یەکڕیزیی نێوخۆیان پتەوتر بکەن.
کاری کەنەکە لە پێناو یەکڕیزی ماڵی کوردییە؛ بوونیاتنانی پلاتفۆڕمێکی هاوبەش...
ئێمە وەک کەنەکە هەمیشە کار و خەباتمان لە پێناو یەکگرتوویی ناو ماڵی کورددا بووە و هەوڵمان داوە کار و خەباتی خۆمان بۆ ئەو مەبستە بەرفراوانتر بکەین. بە تایبەتیی لە ئێستادا کە پرسی چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژەڤدایە، هەوڵ دەدەین کار و خەباتی خۆمان لەسەر ئەم بەشەی کوردستان چڕتر بکەینەوە و هەر واکە دەزانرێت ماوەیەکە لەنێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار دەکەین بۆ بنیاتنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش و لە ئێستاشدا کار و خەباتمان لەم بوارەدا بەردەوامە. هەر بەم مەبەستە هەوڵ دەدەین لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو هەوڵ و توانای خۆمان بخەینە خزمەتی پەرە پێدانی یەکڕیزی نێوان پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و لە ڕێگەی سەردانکردنی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانەوە، هەوڵ دەدەین میکانیزمێکی هەماهەنگی لەنێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنین.
بانگەوازی بۆ یەکڕیزی و بتەوکردنی ماڵی کوردی
بەم بۆنەیەوە سەرەتا داوا لەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایەش لە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەین کە پاڵپشتی هەوڵەکانمان بن بۆ بەهێزتر کردنی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و لە زووترین کاتدا کۆببینەوە و لەسەر ستراتیژی و کاری هاوبەش هەنگاو بنێن. لە کۆتاییشدا داوا لە هەموو لایەنەکانی ئەم شەڕە دەکەین بە زووترین کات شەڕ ڕابگرن و کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=