ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتەکانی مەلەکان
نووسینی: #ئارێز عەبدوڵڵا#
لە گوندی #مەلەکان#ی سەربە شارۆچکەی #خەلیفان# زنجیرەیەک ئەشکەوتی گەورەی سرووشتی هەن. ئەو ئەشکەوتە فروان و گەورانە ڕوو لە باشوورن. بەدرێژایی مێژوو شوێنی حەوانەوە و داڵدەدانی مرۆڤ و ئاژەڵان بوون. ئەو کاتەی منداڵبووم بۆ ماوەیەک لەگەڵ خێزانەکەم لە یەکێک لەو ئەشکەوتانە دەژیاین، هەر ئێمە نا، بەڵکوو (5-7) خێزان لە ئەشکەوتێک بووین. ڕەنگە پرسیار بکرێت بۆچی لەو ئەشکەوتانە دەژیان؟ ئاشکرایە لەبەر بوردمانی فڕۆکە و تۆپبارانی داگیرکەران، ئەمڕۆ لەگەڵ کچەکەم تاڤین و بزەی برازام بە هاوڕێیەتی چەندین هەڤاڵی دێرین و خۆشەویست سەردانی ئەو ئەشکەوتانەمان کرد. هەرچەند هەوڵمدەدا تاڤین نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکات کە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو ئەشکەوتانەدا ژیابین!
ئەو ئەشکەوتانە لە شۆڕشی نوێ بۆ پاراستنی چەک و تەقەمەنی بەکار دەهاتن، بەڵام مخابن لەسەرو بەندی ئەنفال ئەشکەوتە هەرە گەورەکە، کە پڕ لە چەک و تەقەمەنی دەتەقێندرێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئەو چەک و تەقەمەنیانە نەکەونە دەستی داگیرکەران.
ئەشکەوتێکی تریان دەکرێتە نەخۆشخانە و لەوێ چارەسەری بریندارانی پێشمەرگەی لێ دەکرێت. لەوێ ژمارەیەک دکتۆر و یاریدەدەری دکتۆر و برینپێچی ئازا و دڵسۆزی پێشمەرگە لەژێر سەرکردایەتی د. زریان بەو پەڕی لەخۆبردوویەوە ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێ دەکرد.
دکتۆر زریان گەنجێکی شۆڕشگێڕ و بەپەرۆشی ئەم وڵاتە بوو، پیرۆزترین ئەرکی گرتبووە ئەستۆ و لەو پێناوەشدا خزمەتێکی گەورەی بەهێزی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە کرد. دواتر ئەو کاک زریانە لە دادگا شاهیدی لەسەر #سەددام حسێن#دا، کە تاوانی دژە مرۆڤایەتی کردووە، لە حکومەتی هەرێمیش بوو بە وەزیری تەندرووستی. ئەمڕۆ یادمان کردووە و سەربەرزم بەوەی کە ئەو کاک زریانە نیشتمانپەروەر و لەخۆبردووە هاوڕێمە، سڵاو لە کاک د. زریان و هاوکارەکانی.[1]