وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی #پەژاک# زاگرۆس ئەندەریاری ئاماژەی بەوەدا، بەشێک نین لە شەڕەکە و بانگەوازی لە هێزەکانی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# کرد پێکەوە بجوڵێنەوە و وتی: بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین، لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادە و ڕێکخراوین.
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ژیانی کوردستان (پەژاک) لە چاوپێکەوتنێیکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) پەیوەست بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەیی ئێران و ناوچەکە هەڵسەنگاندنی کرد و جەختی لەوە کردەوە ئامانجی پەژاک بوونیاتنانی ژیانێکی هاوبەشی گەلانە و ڕاماڵینی ئەو ناکۆکییانەی نێوان گەلانە کە دەوڵەتی ئێران کردوونی بە پاساوی درێژەکردنەوەی تەمەنی خۆی.
ئەندەریاری دەستنیشانی کرد قەیرانەکانی ئێران بە شەڕی ئیسرائیل-ئێران پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و ئاماژەی بەوەدا قوڵبوونەوە و توندتربوونی شەڕەکە بۆ گەلی ئێران بە مانای قەیرانێکی قوڵ دێت.
زاگرۆس ئەندەیاری وتی: هەرخۆی لە بنەڕەتدا گەلی ئێران گیرۆدەی چەندین قەیرانی قوڵی گەمارۆی ئابووری، فشاری سیاسی و هەلومەرجی سەختن و بەرپابوونی ئەم شەڕەیش باری گرانی سەر گەلی ئێران زۆر قورستر دەکات.
=KTML_Bold='ڕەنگە ڕژێم لە دژی ڕێکخستبوونی کۆمەڵایەتی بوەستێتەوە'=KTML_End=
ئەندەریاری ڕایگەیاند بەهۆی شەڕەکەوە هاوشێوەی هەموو ئێران، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خراپ بووە و وتی، ڕژێمی ئێران لەگەڵ هەموو قەیرانێکی نوێدا پەلاماری دۆخ و خواستی ئازادیخوازی ناوخۆیی دەدات، بەتایبەت هێرش دەکاتەسەر لایەنە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتووخوازەکان.
ئەندەریاری سەرنجی خستەسەر شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' و بە ماتەوزەی کۆمەڵایەتی ناوی هێنا و وتی: ئەو شۆڕشە لە ئێراندا وزەیەکی کۆمەڵایەتی مەزنی ئافڕاندبوو. پشتیوانییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانی ئافڕاندبوو. ڕەنگە ڕژێم هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەبەهانەیەک وەرگرێت و هێرشبکاتەسەر ئەم پشتوانییە کۆمەڵایەتییە. بۆی هەیە سەرلەنوێ فشارەکانی لەسەر زیندانیانی سیاسی، پێشەنگە کۆمەڵگەییەکان و شۆڕشگێڕان زیاتر بکات، هەروەها لەسێدارەدان زیاتر بکات.
=KTML_Bold='گەلەکەمان دەپارێزین و بێ پاراستن و تەنیای ناکەین'=KTML_End=
زاگرۆس ئەندرەیاری جەختی لەوەکردەوە پێویستە لەم پڕۆسەیەدا گەل بە ڕێکخستن بێت و لەنێو پشتیوانییەکی بەهێزدا بێت و وتی: لە بەرانبەر سەرکووتکردنی گەل لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، پێویستە لە هەموو لایەن و گۆڕەپانێکەوە کۆمەڵگە بەڕێکخستن بێت. وەک پەژاک ساڵانێکە بەم تێگەیشتنەوە دەجوڵێینەوە و ڕێکخراوین. بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین و بێ پاراستن و تەنیای ناکەین. لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەین، بە ڕێکخستنین و توانای ئەوەمان هەیە پاراستنی کۆمەڵایەتی خۆمان بکەین.
=KTML_Bold='دەبێت هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات پێکەوە بجوڵێنەوە'=KTML_End=
ئەندەریاری پێویستە کوردان بە وریای و هۆشیارییەوە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و شەڕی ئیسرائیل-ئێران هەڵسەنگێنن و بانگەوازی لە هەموو سیاسەت و هێزە کوردییان و بەتایبەت لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە بەرانبەر ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا پێکەوە بجوڵێننەوە.
زاگرۆس ئەندەریاری وتی، دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشانگەیەتی پەژاک زەمینەیەکی ڕوونی یەکێتی لەنێوان هێزە کوردییەکاندا بوونیاتنراوە. ئەم یەکێتی و یەکگرتووییە بۆ گەلەکەمان گرنگییەکی ژیانی هەیە. بەتایبەت لە دۆخی شەڕدا ئەم پشتیوانییە زۆر گرنگ و کاریگەرە بۆ گەلەکەمان.
=KTML_Bold='بەشێک نین لە شەڕەکە'=KTML_End=
ئەندەیاری ئاماژەی بەوەکرد هیچ کاتێک کوردان نەیانویستووە ببن بە بەشێک لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەندا و وتی: وەک پەژاک لە دەرەوەی دەستەڵاتی ئێستا و سیاسەتی شەڕکردن، پارێزگاری لە پێگە و تێگەیشتنی سیاسی ڕێگەی سێیەمین دەکەین. پارێزگاری لە بەڕێوەبەری خۆجێی و پێکەوەژیانی گەلان دەکەین. بەشێک نین لەم شەڕە و نامانەوێت گەلەکەمان لەم شەڕە تێوەگلێنین.
=KTML_Bold='چارەسەریی بوونیانتانی ژیانێکی دیموکراتیک'=KTML_End=
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەژاک زاگرۆس ئەندەریاری جەختی لەوە کردەوە تێپەڕاندنی قەیرانەکان بوونیاتنانی ژیانێکی دیموکراتیکانەیە و وتی: چارەسەریی لە بوونیاتنانی ژیانێکی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلاندایە. نەک بە تەنیا بۆ کورد، هاوکات بۆ هەموو کۆمەڵگە ئایینی و ئیتنیکییەکانی ئێران، پێشنیارمان ژیانێکی هاوبەشی خۆسەرە. ڕژێمی ئێران بە درووستکردنی ناکۆکی لەنێوان گەلانی ئێراندا دەیەوێت درێژە بە حوکمی خۆی بدات. لە بەرانبەردا ئێمە پەرە بە جۆرە سیاسەتێک دەدەین ئەم ناکۆکیانە ڕاماڵێت و پشتیوانی گەلان بکات بە بنەمای خۆی. ئیمکانی ژیانێکی هاوبەش بە سیاسەتێکی گەلپارێزی لەسەر بناغەی خۆجێی و دیموکراتیک دێتە ئاراوە. خواستمان جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتەیە. [1]