ناونیشانی بابەت: بۆچی بە بەردەوام کەسانی ناتەندرووست سەرنجت ڕاکێشن؟
ناوی نووسەر: #سەیران بەرزنجی#
بۆچی هەمیشە دەکەوێتە ناو پەیوەندییەک لەگەڵ کەسانێک کە ئازاربەخشن، ساردن، یان ژەهراوێن ؟
ئەمە ڕێکەوت نییە بەڵکوو هۆکاری قووڵی دەروونی هەیە.
تۆ دەچیتە ناو پەیوەندییەکەوە و بۆت دەردەکەوێت کە کەسەکە هەمان کەسایەتی مرۆڤی پێشترە تەنیا دەمچاوەکان جیاوازن،
لە خۆت دەپرسیت بۆچی هەمیشە سەرسامم بە هەمان جۆر سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەی بەسەرمدا هاتووە؟
ئەگەر وایە، تۆ تەنیا نیت.
بەڵکوو زۆرێنە بەسەریان هاتووە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەلاوازی تۆوە نییە... بەڵکوو پەیوەندی بە پڕوگرامکراوی دەروونی زۆر قووڵەوە هەیە!
1. ڕاکێشان بە شێوەی هەڕەمەکی ڕوونادات
بەڵکوو لە ناخی خۆتدا پڕوگرامکراوە.
سەرسامبوون و ڕاکێشان کردارێکی سۆزدارییە نەک لۆژیکی ، پەیوەندی هەیە بە بەشینائاگایی.
خەڵک پێیان وایە خۆشەویستی و پەیوەندی درووستکردن هەڵبژاردنێکی عەقڵانییە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆرجار ئەوی سرنجت ڕادەکێشی ئەوەیە کە ئاشنایە نەک ئەوەی باشە واتا ئەوەی لە قۆناغی منداڵێدا هەبووە.
ئەوانەی لە منداڵی لە ژینگەییەکی پشتگوێخستن، تووندوتێژ، سارد، یان خۆشەویستی مەرجداردا گەورە بوون...
عەقڵی نائاگایی ئەم جۆرە خۆشەویستییە بە “ئاسایی”، تەنانەت “سەلامەت” تۆمار دەکات.
ئەگەر چاوی بە کەسێکی سارد یان ئازاربەخش بکەوێت یان هەر کەسایەتییەک کە لە ژینگەی منداڵێدا هەبووە، لەوانەیە لە ناوەوە هەست بکات کە خۆشەویستی ڕاستەقینەی دۆزیەوەتەوە... تەنانەت ئەگەر بە ئازاریش بووبێت!
ئەم جۆرە زیانبەخشانە سرنجت ڕادەکێشی چونکە لە ژینگە کۆنەکەت دەچن...بۆیە هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت لەگەڵیان هەرچەندە ئازارت دەدەن.
2. برینە چارەسەرنەکراوەکانی منداڵی
ئەگەر یەکێک لە دایک و باوکت نەرجسی بوو، ناجێگیر بوو، لە ڕووی سۆزدارییەوە بێدەنگ بوو، یان بە مەرج خۆشی ویستووی، منداڵی ناخت فێربووە کە:
خۆشەویستی = گرژی، ئازار، ترس، دڵەڕاوکێی بەردەوام
کاتێک گەورە دەبیت، بە نائاگایی ئەم سیناریۆیە دووبارە دەکەیتەوە، چونکە بە نائاگایی دەتەوێت ئەوە چاک بکەیتەوە.
بۆ نموونە کەسێک گرێی ملکەچبوونیهەبێت ئەو کەسانە سرنجی ڕادەکێشن کە زاڵن و کۆنترۆڵی دەکەن ، یان ئەوەی لە گرێی شایستەبوونیان هەیە ئەو کەسانە سرنجی ڕادەکێشن کە وایلێبکات هەمێشە هەست بەکەممی خۆی بکات .
وەک ئەوە وایە لە ناخەوە بڵێیت: ئەگەر بتوانم خۆشەویستی ئەم کەسە نەتەندرووستە بەدەست بهێنم، ئەوا دواجار شایەنی خۆشەویستیم.
3. ئایا ئەمە خۆشەویستییە؟ یان هۆگربوون؟
ڕاکێشانی بەهێز واتای خۆشەویستی پێگەیشتوو نییە.
هەندێک جار بریتییە لە:
هۆگربوونی نەخۆشی کە لە ئەنجامی بۆشایی سۆزداری درووست دەبێت.
یان هەوڵدان بۆ سەلماندنی خۆد یان ترس لە تەنیایی
بۆیە بە نائاگایی هەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنی برینەکەی لە ڕێگەی درووستکردنی پەیوەندییەوە ، ناویشی دەنێت خۆشەویستی.
خۆشەویستی ڕاستەقینە واناکات هەست بە ئازار و دڵەڕاوکێ بەردەوام بکەیت... بەڵکوو ئاسوودەیی و ئاساییشی دەروونییە.
چارەسەر چییە؟ چۆن ئەم ئەم بازنە ناتەندرووستییە لە سرنج ڕاکێشن بشکێنین؟
1. هۆشیاری هەنگاوی یەکەمە:
من ئەم قۆناغە ناو دەنێم ئاشتبوونەوە و تێگەیشتن لە خۆت.
سەرەتا بە تێبینیکردنی دەست پێ بکە:
-ئەو کەسانە کێن کە سەرنجت ڕادەکێشن؟
-چ خاڵێکی هاوبەشیان هەیە؟
-چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردیت؟
-گرنگترێنیان ئەوەیە لەخۆت بپرسە چ شتێکی ئەم کەسە سرنجم ڕاکێشی ئەگەر وەڵامەکەت هیچ هەڵوێستیکی ڕاستی یان کرداریکی خۆشەویستی و خەسڵەتی تەندرووست نەبوو ئەوە سرنج ڕاکێشانی ناتەندرووستە و تەنیا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو کەسە گرێی و برینە دەروونیاکانت دەجوڵێنیت ، چونکە سەرسامبوونی ڕاستی ئەوەیە ئەو کەسە پێگەیشتوو بێت و لەگەڵ خۆشێدا تۆ گەشە پێبدات و پشتێوانت بێت .
2. ساڕێژکردنی برینەکانی منداڵی:
لە دوای دان پێدانان و تێبینی کردن بەوەی لەو جۆرەی ، دواتر لە ڕێگەی چارەسەرکردن یان خوێندنەوەی قووڵەوە، خۆت لە پڕوگرامییە سۆزدارییە کۆنەکەت ڕزگار بکە ، دووبارە لەخۆت تێبگەوە و چاکسازی لەخۆتدا بکە و گرییەکانت دەسنێشان بکە و کاریان لەسەربکە ، چونکە گەر نەوەستێت و لەخۆت تێنەگەیت ئەم حاڵەتە هەر درێژەدەکێشیت لە پەیوەندی تردا دووبارە دەبێتەوە و لەبازنەیەکی ناتەندرووستی ڕاکێشان دەخولێیتەوە.
3. بەرزکردنەوەی هەستی شایستەبوون:
کاتێک دەست دەکەیت بە باوەڕبوون بەوەی کە شایستەی پەیوەندییەکی ئاشتییانەی شایستەی پەیوەندییەکی پڕبێت لە ئارامی و ئاساییش و جێگیری، ئەو کات واز دەهێنیت و دوای ئەوانە ناکەوێت کە کەساییەتی ئازار بەخشیان هەیە.
4. هەوڵوێست وەرگرتن:
ئەوانەی خاوەنی ئەزموونن پێویستە لەسەریان کاتێک ئەم ڕاکێشانە ئازاربەخشە لە ناخیان کاردەکات ستۆپی پێ بکەن و تەکنێکی پێچەوانە بەکاربهێنن وەک پێشتر هەمان ڕەفتار نەکەن، واتا کاتێک هەست دەکەێت دووبارە دەکەویتەوە ناو هەمان بازنە بە خۆت بڵی بوەستە ئەمە ڕاکێشانیکی نادرووستە ڕێگا لەخۆت بگرە ، ئەم ڕەفتارە پێچەوانەییە سەرەتا ئازارت دەدات لە ناخەوە هەست بە مردن دەکەیت دەتەویت تەنیا لەگەڵ ئەو بێت ، بەس ئەوەندەی تەکنێکی پێچەوانەت بەکارهێنا ئەو کات تۆ بۆ ئەقڵت دەسەلمێنیت کە ئەم بازنەیەت شکاند دواتر ئەقڵی نائاگات ئەمە پڕوگرام دەکات و ڕزگارت دەبێت .
لە کۆتاییدا
مەهێڵە خۆشەویستی ڕێگایەک بێت بۆ سەلماندنی بەهای خۆت.
کەسێک هەڵبژێرە کە لە پێگەیشتنی تۆ بچێت...
نەک کەسێک کە لە برینەکەت بچێت.
درک بەوە بکە ئەم حاڵەتە تەنیا ڕێکەوت نییە بەڵکوو کێشەیەکی جددیە لە دەروونی خۆتدا ئاماژەکانێش ئەوەیە کە کاری لەسەر بکە و چاکسازی لە خۆتدا بکە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=