لولەی تفەنگ نابێت زاڵبێ بەسەر قەڵەم!
شەهید زاهیری حاجی حەمەدی تەها، لەسەر سنوور هاوینی ساڵی 1987 لە گوێزێم دیت. لەو چەند ڕۆژەی کە لەوێ مامەوە. ڕۆژێکیان قسەیەکی زۆر بەتوندی لەگەڵ کردم، لەبەر ئەوەی خزم بوو دەیزانی بە خراپی لێکی نادەمەوە.
وتی؛ چاپوک ناتکەن بە ئامر مەفرەزە؟ زۆر سەرم سووڕما لە پرسیارەکەی چونکە ئێمە بە ژمارە کەرتێک دەبووین، ئەویش لێپرسراوی چاپخانەی شەهید جەعفەر عەبدولواحید بوو، قەدیم خۆشی کە لە پارتیشدا کاری کردبوو، هەر کاری حزبی و سیاسی کردبوو.
وتم؛ کاک زاهیر دیارترین کەسایەتی سەربازی ملازم عومەرە، کەچی تەنیا ئەندامی سەرکردایەتی بووە نەک مەکتەب سیاسی، لە کاتێکدا لێپرسراوی مەکتەب سەربازیش بووە، بەدەگمەن سەرکردەی سەربازی هەیە پلەی سەرکردایەتی هەبێت، چونکە نامانەوێ لولەی تفەنگ زاڵبێ بەسەر قەڵەم (مەبەستم لە فکر بوو، کە ئەو سەردەمی وامان لێکدەدایەوە)، وتی ماوتە تێبگەی، هەندێک شتی دیشی وت.
کاک زاهیر و پەخشان خانی خێزانی، کە هەردووکیان ئەندازیاری کشتوکاڵ بوون، لەگەڵ هەر چوار منداڵە نازدارەکەی، کاروان و ئاوارە و تامان و بێری، ئەنفالکران، ڕۆژگار تێپەڕی، کە دیتم زۆربەی نەک ئێراق و دەوڵەتە عەرەبییەکان، عەسکەر سەرۆکی حزبەکانە، بەڵکوو تورکیا و ئێرانیش، لە پەنا پەردەی عەسکەرن، تێگەیشتم لەو دەربوونە حزب خۆی معەسکەرە. [1]