ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە #ئاڵدار خەلیل# وتی: خواستمان لەبوونیاتنانی سیستەمێکی ناناوەندیی بۆ هەموو سووریایە نەک بە تەنیا بۆ کورد.
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی کە لە #26-04-2025# لە شاری قامیشلۆی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام درا، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا کە شاندێکی 10 کەسی درووستبکرێت کە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دانووستان بکات. شاندەکە لە نوێنەرانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، ئەنەکەسە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پارتەکانی دیکەی کورد، تەڤگەری ژنان و نوێنەرانی سەربەخۆ پێکدێت.
ئامانجی سەرەکی شاندەکە بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئامادەکردنی زەمینەیە بۆ بوونیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکەدا پەسەندکرا.
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا ڕێبازی دەوڵەت-نەتەوە و ئیدارەی ناوەندی کە تاوەکوو ئێستا سەپێنراوە قبووڵ ناکەن. هەروەها دەشلێت چارەسەری نوێ و هەمیشەیی بە ڕێبازەکانی کۆن نابێت.
=KTML_Bold=پێکهاتەی شاندی کوردی و ئەرکە سەرەکییەکانی چییە؟=KTML_End=
ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردیدا پەسەند کرا، بنەمای سەرەکی شاندەکەیە. ئەم بەڵگەنامەیە هەم چارەسەری پرسی کورد و هەم بوونیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک بە ئامانج دەگرێت. شاندەکە سیاسەتێکی نوێ پەرەپێنادات؛ ئەو بەڵگەنامەیە دەپارێزێت. چونکە هەموو هێزە کوردییەکان لەسەر ئەم بەڵگەنامەیە ڕێککەوتوون. ئیرادەیەکی هاوبەش نیشاندرا کە هەمووان بەشداری بکەن و نوێنەرایەتیان هەبێت لە شاندەکەدا کە بە گشتی لە 10 ئەندام پێکهاتووە. ئەرکی شاندەکە تەنیا درووستکردنی دیالۆگێک نییە لەگەڵ دیمەشق، لە هەمانکاتدا ناوەرۆکی بەڵگەنامەی پەسەندکراو بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ڕاڤە دەکرێت.
شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا؛ تەنیا یەک ئەندامی ژن لە عەفرینەوە نەیتوانی بەشداری بکات. ئامانجی سەرەکی شاندە 10 کەسییەکە گوزارشتکردنە لە سیستەمی دیموکراتیکی ئێستای هەرێمەکە و پڕۆسەی شۆڕشگێڕی. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێشەنگایەتی ژن و پێکهاتەی پاراستنی لە هەرێمەکانی دیکەی سووریا جیاوازە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش شاندەکە بە هەستێکی زۆر بە بەرپرسیارییەتییەوە لە دانووستانەکان لەگەڵ دیمەشقدا مامەڵە دەکات. دەزانن هەر هەنگاوێک نەک تەنیا بۆ کوردان، بۆ هەموو سووریا کاریگەریی جدی لێ دەکەوێتەوە. پێیان وایە هەنگاوی ڕاست مۆڕاڵ بە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی لە وڵات دەبەخشن.
ئامانج و ناوەرۆکی ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە گەلانی وەک عەرەبی سوننە و عەلەوی، دروز، سریانی-کلدانی-ئاشووری، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەسی و ئەو کوردانەی لە هەرێمە جیاوازەکان دەژین ڕابگەیەنرێت. هەر بۆیە زۆر گرنگە شاندەکە بە هۆشیاری و بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکات کە هەموو سووریا لەخۆ بگرێت.
=KTML_Bold=ئایا ڕۆژی کۆبوونەوە لەگەڵ دیمەشق دیارە، دەبێت چ بابەتێک تاوتوێ بکرێت؟=KTML_End=
تا ئێستا هیچ ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ دیمەشق دیاری نەکراوە، بەڵام شاندێک کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی کورد، عەرەب، ئاشووری لەم دواییانەدا سەردانی دیمەشقیان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی سەرەتاییان ئەنجامدا. بڕیارە پڕۆسەکە بەپێی پەیوەندییەکان لە دوای جەژنی قوربان ڕوون بکرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت هەر بابەتێک بەپێی شارەزایی لە لیژنە جیاوازەکاندا لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی لەسەر بکرێت. بۆ نموونە بۆ پرسەکانی وەک پرسی سەربازی، سیاسی، ئابووری و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، شاندێک ئامادە دەکرێت کە لە شارەزایانی پەیوەندیدار پێکدێت. نوێنەرانی سیاسی کورد باس لە پرسەکانی پەیوەست بە چارەسەری دۆزی کورد دەکەن. شاندەکە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کاتێک داوای لێدەکرێت.
=KTML_Bold=نزیکایەتی شاندەکە لە بەرانبەرە کەمینەکانی کۆمەڵگە، ئایین و ئەتنیک جگە لە کوردان چییە؟=KTML_End=
دیدگای شاندەکە نەک تەنیا مافەکانی کوردان، هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگە و ئایینەکان کە لە سووریا دەژین لە خۆ دەگرێت. بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکەدا پەسەندکراوە، ئامانجی ئەوەیە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس سووریایەکی دیموکراتیک بۆ هەموو گەلان بوونیات بنێت. ئامانجی ئەوەیە کە گوزارشت لە هەموو بەشە جیاوازەکانی وەک عەلەوی، سوننە، دروز، عەرەب، ئاشووری و ئێزدی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بکات.
چارەسەری پرسی کورد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی هەموو گەلانی سووریا پێکەوە بە دی دێت. دەبێت ئامانجی سووریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی بێت، کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی نەک تەنیا بۆ کوردان، لە هەمانکاتدا بۆ دروز، عەلەوی، و سوننەی ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەکانی دیکەش مسۆگەر بکرێت. پێویستە لە ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو فێربین.
=KTML_Bold=باسی کام ئەزموون دەکەن؟=KTML_End=
سووریا لە ساڵی 1963ەوە لەبەر پێکهاتەی ناوەندی و دەوڵەت-نەتەوە نەیتوانی پەرە بە کەلتوورێکی دیموکراسی بدات. سەرچاوەی کێشەکان ئەم سیستەمەیە. گەر ئەمڕۆ دیموکراسی بکرێتە ئامانج، بە ئامرازە کۆنەکان (ناوەندگەرایی و مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە) مەحاڵە ئەنجامێکی جیاواز بەدەست بهێنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە دڵنیاییەوە نابێت سیستمی ناوەندی دووبارە بکرێتەوە.
کێشەکە ئەوەیە ئەو وڵاتانەی هەژاری، گێژاو و شەڕوپێکدادانی توندیان هەیە زۆرجار لەلایەن دەوڵەتە ناوەندەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. لە لایەکی دیکەوە، زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو و ئازاد سیستەمی ناناوەندییان هەیە. هەر بۆیە سیستەمێکی لەو شێوەیە بۆ سووریا پێشنیار دەکەین. سەختی و ئەو لە دەستدانانەی لە ساڵی 2011ەوە ئەزموونکران، پێویستی گۆڕانکاری نیشان دەدەن. بەو پێیەی ساڵانێک ئیدارەی ناناوەندی بووەتە هۆی شەڕ و وێرانکاری، دەبێت ئێستا سیستەمێکی ناناوەندی لە سووریا دابمەزرێت.
داواکاری سیستەمی ناناوەندی نەک تەنیا بۆ کوردان، بۆ هەموو گەلی سووریا گرنگە. هەرچەندە ڕەنگە هەندێک ئەمە بەهەڵە لێکبدەنەوە کە خواستێکی کوردە بۆ جیابوونەوە، بەڵام ئامانجەکە بوونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیکە. دەبێت زمان و کولتووری کوردی دانی پێدابنرێت، قەدەغەکردنەکان هەڵبگیرێن؛ دەبێت کورد هەست بکات کە بەشێکی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەیە.
ئامانجمان لە چوون بۆ دیمەشق تەنیا ئەوە نییە داواکارییەکانمان ڕابگەیەنین، لە هەمانکاتدا شرۆڤەی ئەوە دەکەین کە سووریا لە دوای شۆڕش چۆن بێت. ئەم پڕۆژەیە چارەسەری زۆر گونجاوە کە نەک تەنیا پرسی کوردان، لە هەمانکاتدا پرسەکانی عەلەوی، دروز، ئاشووری و هەموو جیاوازییەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت. مێژووی هەزار ساڵەی شارستانییەتی سووریا دەریدەخات کە پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە دەژین. دەبێت بەپێی ئەم ڕاستییانەی ژیان هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتییمان نیشان بدەین و پێکەوە سووریایەکی دیموکراتیک بوونیات بنێین. [1]