ناونیشانی بابەت: کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی ڕواندز دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەهۆی مێژوو و کۆنیی دەڤەرەکە، چەندین شوێنەواری دێرین و خانووی کەلەپووری لە سنووری قەزای #ڕواندز# و دەوروبەری هەن، داوا دەکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر نۆژەنکردنەوەیان بکات، تا وەک ناسنامەیەک بۆ نەوەی داهاتوو بمێننەوە.
لەمبارەیەوە، ئەحمەد قادر حەمەدئەمین، قائیمقامی قەزای رواندز، بە (باسکورد)ی رایگەیاند: سەدان ساڵ لەمەوبەر میرنشینانی کورد لە دەڤەری ڕواندز فەرمانڕەواییان کردووە، بەتایبەتیش لەسەردەمی #میرنشینی سۆران#، بایەخی زۆر بە دروستکردنی قەڵا و قوللەی سەربازی و کارگەی چەک و تەقەمەنی و پرد و نۆینەی ئاو و چەندین شوێنی دیکە بۆ بنیاتنان و بەرگریکردن لە میرنشینەکە دراوە، دوای تێپەڕبوونی سەدان ساڵ بەسەر ڕووخان و لەناوچوونی میرنشینەکە، تائێستا شوورا و پاشماوەی قەڵاکان لە ڕواندز ماوەن، هەروەک شوێنەوارە دێرینەکان سامانێکی گەورەن بۆ شارەکەمان و هەرێمی کوردستان بەگشتی، بۆیە ئەرکە پارێزگارییان لێبکرێت و نۆژەن بکرێنەوە، تا وەک سامانێکی دەوڵەمەند و ناسنامەیەک بۆ نەوەی داهاتوومان بمێننەوە و پێی ئاشنا بن.
قائیمقامی قەزای رواندز، گوتیشی: ئەگەرچی دوای ڕووخانی میرنشینی سۆران و شەڕ و کاولکاری لە دەڤەرەکە، زیانی زۆر بەر قەڵا و قوللە و پاشماوەی میرنشینەکە کەوتووە، بەڵام لە زۆر شوێن شوێنەوار و دیوارەکان ماون، بۆ نموونە (ئەشکەوتی پاشای گەورە لە ئاکۆیان، کۆشکی پاشای گەورە، #ئیچ قەڵا#، قونگرەی شەمامێ، ئاشی پاشای گەورە، #پردی بەرسیرین#، شوێنەواری بەندیخانەی پاشای گەورە، نۆینەی ئاو لە ماویلیان) و چەندین شوێنەواری دێرینی دیکە هەن، کە گوزارشت لە مێژوو و فەرمانڕەوایی ڕواندز و دەوروبەری دەکەن.
ئەحمەد قادر حەمەدئەمین، قائیمقامی قەزای رواندز، دەشڵێت: جگە لە شوێنەوار و پاشماوەی قەڵا و قوللە و پردەکان، بەهۆی کۆنیی مێژووی ڕواندز، چەندین خانووی کەلەپووری لە شارەکە ماوەن کە لە دار و قوڕ و خشت و گەچ دروست کراون، دوای سەردەمێکی زۆر ماونەتەوە و جوانییەکی زۆری کولتوورییان بە شارەکە بەخشیوە و تائێستا پارێزگارییان لێ کراوە، هەروەها پاشماوەی ماڵی حوزنی و #وەستا رەجەب#، کە وەستا ڕەجەب باشترین داهێنەری چەک و تەقەمەنی بووە لە سەردەمی میر محەمەدی فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران، دوای زیاتر لە 200 ساڵ تائێستا بەشێک لە تۆپەکانی وەستا ڕەجەب لە ڕواندز و شارەکانی دیکە پارێزگارییان لێ کراوە، هەروەها حوسێن حوزنی موکریانی نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر چاپخانەی هێناوەتە ڕواندز و گۆڤار و ڕۆژنامەی چاپ کردووە، بۆیە لە بەرنامە و پلاندایە ئەو خانووانەی ماڵەکانیان تیادا بووە نۆژەن بکرێنەوە.
قائیمقامی قەزای رواندز، ئەوەش دەخاتە ڕوو: بۆ پارێزگاریکردن و نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکانی ڕواندز، هەروەها نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی میرنشینی سۆران، ئومێدەوارین بە پاڵپشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەداهاتوودا هەموو شوێنەوارەکان نۆژەن بکەینەوە، کە ببنە ناوەندێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری لە دەڤەرەکەمان، لە هەمووشیان گرنگتر نۆژەنکردنەوەیان بە شێوەیەک بێت، کە لەگەڵ ڕێنماییەکانی شوێنەواری گونجاو بێت، هیودارین لەداهاتوودا بتوانین قۆناغ بە قۆناغ کاریان لەسەر بکەین.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!