نووسەر و وەرگێڕ: #بەکر شوانی#
کۆماری تورکیا پاش دامەزراندنی لە ساڵی 1923دا پڕۆژەی “کۆمەڵگەیەکی خاوەن یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کولتوور و یەک مێژوو”ی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تورکەکان زۆر زوو هەستیان کرد کە کوردەکان گەورەترین و تاکە تەگەرەی بەردەم پراکتیزەکردنی پڕۆژەکەیانن.
ئاخر هەرچی ئەرمەنییەکان بوون، بەشێکیان لە کۆمەڵکوژییەکەی بەهاری ساڵی 1915دا کوژرابوون و ئەوانی تریشیان ئاوارەی وڵاتان ببوون. بەشی ڕەهای یۆنانییەکانیش لە چوارچێوەی کردەوەی گۆڕینەوەی گەورە (بیوک موبادەلە)دا ڕەوانەی یۆنانستان کرابوونەوە. کەواتە گەلی کورد تاکە ئەستەنگی بەردەم بنیاتنانی نەتەوە-دەوڵەتی تورک بوو.
ڕوودانی سێ ڕاپەڕینی کوردی لە ماوەی هەشت ساڵی تەمەنی کۆماردا ئاماژە بوو بۆ لە سەرەتاوە هەرەسهێنانی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە کۆماری تورکیا بۆ ئاسیملەکردن (بەتورککردن)ی کورد دایڕشتن و پەیڕەوی کردن. ئەو سیاسەتەی کۆماری تازە دامەزراو لەسەری دەڕۆیشت، لە ساڵانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیدا کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی (اتحاد و ترقی جمعیەسی) ئاوی بۆ ڕشتبوو. سەرانی ئەو کۆمەڵەیە ساڵی 1913 بەتەواوی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و کەسانی بەهێزی ناویان کە بە سێکووچکەی ئەنوەر و تەڵعەت و جەمال پاشا ناسرابوون، تا ئەوپەڕی سنوور تورکچی و تورانی بوون. ئەمانە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا دەسەڵاتی دەوڵەتیان گرتە دەست و لەبەرەوە دەست بەکار بوون بۆ پراکتیزەکردنی بیرۆکەی دەوڵەتی یەک نەتەوە.
حکوومەتی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی لە ساڵی 1916دا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی عەشایەرەکان و کۆچبەران (عشائر و مهاجرون مدیریت عمومیەسی)ی دامەزراند. ئەرکی ئەو دامەزراوەیە بریتی بوو لە ئەنجامدانی توێژینەوە و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەی کاریگەر و گونجاو بۆ ئاسیملەکردن و تواندنەوەی کورد و عەلەوی و هەموو گەل و گرووپە ناتورکەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. نۆبەرەی کاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتی بوو لە سازکردنی زەمینەی گونجاو بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاسیملاسیۆن ئەویش لە ڕێی ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی پەرتووکەوە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پاش ئەوەی پەرتووکێکی لەسەر عەلەوییەکان بڵاو کردەوە، ئەم جارە پەرتووکێکی زۆر سەمەرەی لەبارەی کوردەوە بە ناونیشانی (کوردەکان-توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) و بە زمانی تورکیی عوسمانی چاپ و بڵاوکردەوە. ناوی پەرتووکەکە بە تورکی: (کردلەر-تاریخی واجتماعی تدقیقات). بەپێی زانیارییەکانی سەر بەرگی یەکەم، پەرتووکەکە لە (ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتناسیی بەرلین) دەرچووە و نووسەرەکەشی کەسێکی ئەڵمانە بەناوی دکتۆر فریچ. لە یەکەم نیگادا هیچ کێشەیەک بەدی ناکرێت و تەنانەت ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە زۆریان بەلاوە گرنگ بووە کە دەوڵەت پەرتووک دەربارەی کورد بڵاو دەکاتەوە. بۆ نموونە؛ لە ژمارە 130ی ڕۆژنامەی (اجتهاد)دا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1918 دەرچووە، وتارێکی کامەران عەلی بەدرخان سەبارەت بەو پەرتووکە بەرچاو دەکەوێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ دەست بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکە 388 لاپەڕەییە دەکات، هیچ هۆکار و هاندەرێکی تێدا بەدی ناکات بۆ دڵ پێخۆشبوون، چونکە ئەو پەرتووکە بە زمانێکی زۆر ناسک هەندێک تێز دەخاتە ڕوو و تیایاندا نکۆڵی لە هەبوونی میللەتێک بەناوی کورد دەکات و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەم میللەتە هیچ ڕۆڵێکی لە مێژوودا نەبووە و تەنانەت زمانێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیشی نەبووە و نییە. بەوجۆرە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەرتووکە هەوڵی داوە زەمینەی سیاسی بۆ ئاسیملەکردنی کورد خۆش بکات.
وەک ئەوەی زانای کۆمەڵناس پڕۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشکچی و توێژەر عالیشان ئاکپنار لە دوو لێکۆڵینەوەدا ئاماژەیان بۆ کردووە، لە ڕاستیدا کەسێک بەناوی دکتۆر فریچ بوونی نییە و پەرتووکەکە لەلایەن کارمەندێکی ئاساییشەوە بەناوی هابیل ئادەم کە ناوی ڕاستەقینەی (ناجی ئیسماعیل پەلیستەر)ە، نووسراوە. بەڵام بۆ ئەوەی پەرتووکەکە بەهەند وەربگیرێت و ڕای گشتی گومان لە ناوەرۆکەکەی نەکات، نووسەر لە هەنگاوێکی ساختەکارانەدا ناوی خەیاڵیی دکتۆر فریچی خستووەتە سەری و وەک یەکێک لە توێژینەوە و بەرهەمەکانی ناوەندێکی خاوەن ئیعتیباری (ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتناسیی بەلین) خستوویەتییە بەردەستی خوێنەران. ئاکپنار لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا گەڕاوە و سۆراخی ناوی دکتۆر فریچی کردووە. بەڵام هیچ نووسەر و ڕۆژهەڵاتناسێکی بەو ناوەوە نەدۆزیوەتەوە. ئێستا بەتەواوی دەزانرێت کە نووسەری پەرتووکی (کوردەکان -توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) ساختەکار ناجی ئیسماعیل پەلیستەری بەڕەچەڵەک ئەلبانی و کارمەندی ئاساییشی ئەو سەردەمەیە.
ئەوەی تا ئێستا ڕوون بووەتەوە، پەلیستەر کۆمەڵێک پەرتووکی نووسیووە و لە هەر پەرتووکێکێشدا ناوێکی جیاوازی بەکار هێناوە، لەوانە: هابیل ئادەم (وەک وەرگێڕ)، دکتۆر فریچ، فرایلیچ، پڕۆفیسۆر جۆنس مۆل، پڕۆفیسۆر ڤایت، پڕۆفیسۆر لیباﮪ (ئەگەر سەرنج بدەن، ئەمەیان هەر هابیلە، بەڵام بە خوێندنەوەی لە چەپەوە بۆ ڕاست)، تەبرێزی ناجی ئیسماعیل و چەند ناوێکی تر.
سەبارەت بە ناوەرۆکی پەرتووکی (کوردەکان-توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) پەرتووکەکە ساڵی 1918 وەک سێیەمین بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی عەشایەرەکان و کۆچبەران چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە دوای پێشەکی، چەندین سەرباسی وەک: “عەشیرەتەکانی کورد، کوردەکانی ئێران، کوردەکانی ناو سنوورەکانی ئەمڕۆی تورکیا، کوردەکانی ویلایەتی موسڵ، بەگ-میرەکانی مەروان، بەگزادەکانی فازوولییە، بەگزادەکانی لورستانی بچووک، میرەکانی حەسەنکێف، میرەکانی بابان، فەرمانڕەوایانی بتلیس و هتد… لەخۆ دەگێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، تەنیا خوێندنەوەی پێشەکی بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر لە مەبەست و نیازی نووسەر حاڵی ببێت. وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، نووسەر بە زمانێکی فرە ناسک هەوڵ دەدات لە خوێنەر بگەیەنێت کە میللەتێک بەناوی کورد نییە و ڕەچەڵەکی کورد دەباتەوە سەر تورک. بەڵام ڕاستەوخۆ ناڵێت کوردەکان تورکن، چونکە لە سەردەمی بڵاوکردنەوەی ئەو پەرتووکەدا هێشتا کارێکی هێندە ئاسان نەبووە تێزێکی لەو جۆرە ببرێتە مێشکی خەڵکەوە.
پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە لەو سەردەمەدا کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کورد لە ڕۆژنامەکانی ئیستانبوڵدا دەیاننووسی، یان خۆیان ڕۆژنامەی کوردی-تورکییان دەردەهێنا. ئەو کوردانە کە بە ناسنامەی کوردبوونی خۆیانەوە ناسرابوون، هەندێکیان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقیدا بوون و بگرە تیایاندا هەبوو لە دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە بوو. بۆیە هێشتا مەحاڵ بوو بتوانرێت بێ پەردە و بەئاشکرا نکۆڵی لە هەبوونی کورد بکرێت. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو دۆخە دەکرێت ئەم نموونەیە بخەینەڕوو: “کۆمەڵەی تورک” کە دوای مەشرووتەی دووەم هاتە دامەزراندن، سەرەتا بارەگای نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکانی خۆی لە شوێنانی وەک “دار الفنون”، بارەگای ڕۆژنامەی “یەنی گازەتە” و “یانەی کوردی” ئەنجام دەدا کە هەموویان لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ بوون. واتا کەسانی هەڵگری بیری تورکایەتی لەو سەردەمەدا وەک هەر ناسنامەیەکی تر بۆ ناسنامەی کوردیان دەڕوانی. ئەمەش هابیل ئادەمی ناچار کردووە زۆر “وەستایانە” ڕەچەڵەکی کورد بباتەوە سەر تورک.
نووسەر سەرەتا هەندێک لە تێزە باوەکانی سەبارەت بە کورد بەدرۆ دەخاتەوە و “دەیسەلمێنێت” کە کوردەکان بەڕەچەڵەک عەرەب و گوورج و کافکاسیایی نین و پێی وایە: “کوردەکان لەبەر ئەوەی مێژوویان نەبووە، کولتووری میللی و ئەدەبیاتی نووسراویان نییە. ئەوان تەنیا خاوەنی شەرەفنامەن (شەرەفخانی بتلیسی) کە ئەویش تاقانە مێژوونووسی کوردەکانە”.
نووسەر لە باسی زمانی کوردیدا دەنووسێت: “ئەم زمانە بەپێی ڕێزمان سەربە کۆمەڵەی زمانەکانی هند و-ئەوروپاییە و لەسەر بناغەی زمانی فارسییە و وا دێتە پێش چاو وەک ئەوەی لەنێوان فارسیی ئەمڕۆ و زمانی ئێرانی شا عەباسدا مابێتەوە. بۆیە بەتەواوی زمانی میللەتێک نییە، بەڵکوو دەکرێت بە زمانێکی ژێر کاریگەریی جۆراوجۆر دابنرێت. بەتایبەتیی شایەنی باسە کە وشە هاوبەشەکانی نێوان هۆزە کوردەکان وشەگەلی کۆنی کوردی، پەهلەوی، زەند و فارسیی کۆن نین، بگرە وشەی تورکی، تورکی-عەرەبی (وشە عەرەبییەکانی ناو زمانی تورکی)، فارسیی نوێ و فارسیی سەردەمی شا عەباسن.” نووسەر پاش “سەلماندن”ی ئەوەی کە کوردەکان کۆمەڵێک مرۆڤی بێ مێژوو و بێ کولتوور و بێ زمانن و بۆ ئەوە ناشێن پێناسەی میللەت بیانگرێتەوە، ئەمجارە بەخشکەیی دێتە سەر خاڵی مەبەست و دەنووسێت: (دەزانین لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا لە کوردستانی ئەم سەردەمەدا حکوومەتێکی تورانی هەبووە بەناوی (لوردەهو). ئەمانیش وەک جەنگیز وشەی (کورد)یان بەکارهێناوە و دەشێت پێشبینی بکرێت کە لەگەڵ گەیشتنی عەشیرەتە کوردەکاندا بەو سەردەمە، ئەو وشەیە چووبێتە زمانی ڕۆژانەیانەوە. وشەکە (کورد) ناسناوی میرەکانی لوردەهو بووە و پاش ئەوەی کوردەکان جێی سەرگەورەکانی خۆیان گرتووەتەوە، یان لەگەڵ یەکەم هاتنیاندا کاتێک ئەو خزمەتە گرنگەیان بینیووە، ناوی (کورد)یان لە خۆیان ناوە. ئەمە بەهێزترین بیردۆزەیە. بەمجۆرە دەکرێت پەیوەندی لەنێوان ناو و ناولێنراویشدا بدۆزرێتەوە. دکتۆر سییچ پێی وایە وشەی (کورد) لە وشەی (لوردەهو)ەوە هاتووە. ئەمەش بۆچوونێکی گرنگە…”
لێرەوە نیازی نووسەر ڕوون دەبێتەوە و ئیدی هەموو شتێک زەڵاڵ و ئاشکرایە. ئەو پێی وایە وشەی کورد لە وشەی لوردەهو داتاشراوە. لوردەهویش دەوڵەتێکی تورانی، واتە تورکی بووە و بەم پێیە کوردەکان بەڕەچەڵەک تورانی-تورکن! ئەم بیردۆزەیە کە یەکەمجار ساڵی 1918 لەلایەن هابیل ئادەمەوە خراوەتەڕوو، سەرەتا هێندە بەهەند وەرنەگیراوە. بەڵام کۆماری تازە دامەزرا و دوای ساڵی 1925 “نرخ و بەها”ی پەرتووکەکەی ئادەمی بۆ دەردەکەوێت. دوای دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کە یەکەم گەورەترین ڕاپەڕینی گەلی کورد بوو لە مێژووی تازە کۆماردا، دەست کرا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بە تورککردن و پەرتووکەکەی ئادەم بوو بە “شاکار” بۆ ئەوانەی کە پێیان وابوو کوردەکان بەڕەچەڵەک تورکن و زمانی کوردیش تێکەڵەیەکە لە تورکی و عەرەبی و فارسی. ژەنەراڵ ناجی تنازناوێک ساڵی 1926 پەرتووکێکی بەناوی (مێژووی وان -توێژینەوە لەبارەی کوردەکانەوە) سەبارەت بە کورد چاپ کردووە و تیایدا بەئاشکرا نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکات و ڕەچەڵەکی کوردەکان دەباتەوە سەر تورک. ئەوەی کە لەمەڕ پەرتووکەکەی تناز لە هەمان کاتدا مایەی غەم و پێکەنینە، ئەوەیە کە نزیکەی هەموو بۆچوونەکانی خۆی لەبەر ڕۆشنایی تێزە هەڵبەستراوەکانی ناو پەرتووکە ساختەکەی ئادەم داڕشتووە.
سەبارەت بە بیرۆکەی ئامادەکردنی ئەم بابەتە من پێشتر وتارەکەی پڕۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشکچیم دەربارەی ئەو پەرتووکە خوێندبووەوە و ئەو بابەتە سەرنجمی ڕاکێشابوو. بۆیە مەراقم بوو هەرچۆنێک بووە پەرتووکەکە ببینم. مانگی ئایاری ڕابردوو لە میانەی سەردانمدا بۆ کوردستان هاوڕێی نووسەر و ڕۆژنامەنووس خالید سڵێمان پێمی وت کە شاعیر و نووسەر فەرهاد شاکەلی بە ئیمایل پەرتووکێک و دوو وتاری تورکی بۆ ناردووە و دەڵێت پەرتووکەکە ساختەیە و دژی کوردە. هەروەها وتی شاکەلی پێشنیاری کردووە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ئەو نووسینانە بکەن بە کوردی و پەرتووکەکەیش ڕاڤە بکەن بۆ ئەوەی خوێنەری کورد وێنەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر پاشخانی ئەو یارییە هەبێت. من یەکسەر حاڵی بووم کام پەرتووکە، بۆیە بە کاک خالیدم وت ڕەنگە من ناونیشانێکی باش بم بۆ ئەوەی ئەو بابەتەم ئاڕاستە بکرێت. ئەویش بە سوپاسەوە بابەتەکانی بۆم نارد. ئەوەی لێرەدا خوێندتانەوە هەوڵێک بوو بۆ ئاشناکردنی پەرتووکەکەی ئادەم بە خوێنەرانی کورد. ڕاڤەکردنی تەواوی پەرتووکەکە و وەرگێڕانی وتارەکانی بێشکچی و ئاکۆناریش با بمێنن بۆ دەرفەتێکی تر. [1]
سەرچاوە:لە ئامادەکردنی ئەم وتارەدا کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
(1.Dr. Friç, Kürdler-Tarihi ve Içtimai Tetkikat-, Aşair ve Muhacirin Müdüriyet-i Umûmiyesi Neşriyatından:3, Kütübhane-i Sadi, Đstanbul 1334 (1918).2.Alişan Akpinar, BIR SAHTEKARLIK HIKAYESI YA DA KÜRTLERI ASIMILE EDILMELERINE ILK ADIM. Vesta Dergisi, Sayı 3-4, Yıl 2004.3.Îsmaîl Beşîkçî, Ikinci Dr. Friç Olayı, Esmer Dergisi’nin Ağustos 2007 tarihli sayıs.)