بەرزبوونەوەی گرێبەستەکان کاریگەریی کردووەتە سەر ئەنجامی تیمەکەمان، ئەمە وتەی #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانە بوو لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی یانە و دەستەی ڕاهێنەرانی تیمی تۆپی پێیان.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە #13-03-2025# و لەنێو بارەگەی یانەی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی یانە و، م.#شێرزاد محەمەد حەسەن# -ی سکرتێر و ئەدیب شکور، زرنگ سەڵاح، هەردوو خاتوون کەلسوم محەمەد و نەشمیل محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ هەریەک لە وسام محەمەد سەرپەرشتیاری تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە و #ڕێباز سدیق# ڕاهێنەری یەکەمی تیم و ئەرسەلان جەلال -ی یاریدەدەر و (عودەی عەبدل خالق) ڕاهێنەری جەستەی و ڕاستگۆ محەمەد ڕاهێنەری گۆڵپارێزان بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا و سەرەتا سەرپەرشتیاری تیمی تۆپی پێی یانەکە تیشکی خستە سەر ئەنجامەکانی تیمەکەیان کە لە یارییەکانی ڕابردویان ئەنجامی پێویستیان بەدەست نەهێناوە، هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرزبوونەوەی نرخی گرێبەستی یاریزانان لە خولی نایابی یانەکانی ئێراق کاریگەریی زۆری هەبووە هەر بۆیە دەمانەوێت لە قۆناغی دووەمدا تیمەکەمان بە بەرگێکی نوێ ڕێک بخەینەوە.
دواتر حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد#ی جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا کە وەک دەستەی کارگێڕی بۆ هەمیشە پاڵپشتان دەبین و لە نزیکەوە بە شێوەیەکی مەیدانی کارتان لەگەڵ دەکەین تا تیمەکە ڕۆحی سەرکەوتنەکان لەبەربکەنەوە و بچنەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتنەکان، بەڕێزیان ئەوەشی بە گرنگ زانی کە لە قۆناغی دووەمدا تیمەکەیان پێشمەرگانە لەنێو یاریگە بە ڕۆح و گڕوتینەوە یارییەکانیان ئەنجام بدەن و سەرکەوتنە تۆراوەکان بگەڕێننەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، موڕاد ئاماژەی بەوەکرد کە یانەی پێشمەرگە لەسەر ئاستی ئێراق یانەیەکی کاریگەرە هەر بۆیە بۆ سەرکەوتن و دەست کەوتەکان ناوەستن تا دەگەنە خەونە گەورەکەیان کە خولی ئەستێرەکانی ئێراقە.
لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا، ڕێباز سدیق ڕاهێنەری یەکەمی تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە، سوپاسی بەڕێز جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کرد، کە پاڵپشتیان بوون و هیوای خواست کە لە قۆناغی دووەمدا جیاواز ببینرێن و دڵی هاندەران و هەوادارانی یانەکەیان بە سەرکەوتنەکان خۆش بکەن.[1]