((دوێنی لە#هەولێر# تیرۆرست بوون ، ئەمڕۆ لەبەغدا دۆستن!))
#سیروان حوسێن مەخمووری#
ئەگەرچی لە سیاسەت هەموو پێشهات و گۆرانکاری لە هەلوێستەکان شتێکی وارد و نۆرماڵە، لەوەی کەس و گرووپ و وڵاتەکان ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوەی چەند رۆژە لە گۆرەپانی سیاسی عێراقی روویدا، لەسەرووی هەموو بەها ئەخلاقی و پێشبینییەکان بوو، ئەویش ئازادکردن و گەڕانەوەی چەند سەرکردەیەکی دیار و خاوەن جەماوەری سووننەکان بوو، کە هەریەک لە (رافع عیساوی) جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشووی دارایی عیراق و شێخ (عەلی حاتەم سلێمان) ئەمیری هۆزەکانی دلێم لە عیراق بوو.
ئەم سەرکردانە و چەندانی دیکەی وەک (تاریق هاشمی، ئەحمەد عەلوانی و ئەسیل نوجێفی) لەلایەن ئێران و کابینەکەی مالیکی بە تۆمەتی تێرۆر و گەندەڵی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچوو، بەوەی ئەوانە لەژێر ئەم چەترە پشتگیری تیرۆر دەکەن و ئەو سەرکردانەیان لە گۆرەپانەکە دەرکرد، هەندێک لەوانە هانایان بۆ هەولێر هێنا و داب و نەریت، رەوشت و ئەخلاقی کوردستانیان و هەولێر وایە، کە هەردەم باوەش بۆ لێقەوماوان دەکاتەوە، هەروەک چۆن باوەشی بۆ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی کردەوە، کە دژی حکومەتی #بەعس# بوون، لەنێویشیاندا (نوری مالیکی) و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی شیعە و عێراقی، هەربۆیە لەپاش هاتنی #داعش# ساڵی (2014) جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و هەولێر باوەشی بۆ لێقەوماوان و سەرکردە سوننەکانی کردەوە، کە بە بیانووی لاواز لەلایەن ئێران و نوری مالیکییەوە تۆمەتیان خرابووە پاڵ.
خاڵی گەوهەری لێرەدا ئەوەیە، ئەوکات بە هەرێمی کوردستانیان دەگوت: هەولێر داڵدەی تیرۆرستان دەدات و پێویستە بدرێنە دادگا و دەیان تۆمەتی بێ بنەمایان دەخستە پال حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی، بەڵام بڕیاری حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسی بە سەرۆکایەتی (بارزانی) تەحەمولی هەموو فشار و هەڕەشە و گوڕەشەکانی کرد و لەم پێناوەشدا باجی بۆ دانا، ئەم هەڵوێستەش لە دیرۆکی عێراقیەکان و بەتایبەت سونەکان، بەگەورەیی دەمینێتەوە و ئەگەر بێ وەفا نەبن لە ئایندەدا نابێت لەبیری بکەن.
ئێستا دۆخەکە بەرەو چ ئاراستەیەکە؟ ئەم رووداوە بۆ روویدا، کە هەریەک لە (رافع عیساوی و عەلی حاتەم) تیرۆرستی دوێنی و دۆستی ئەمڕۆ کە بە کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی ناوەخۆیی عێراقی دەگەڕێنەوە نێۆ جەماوەر و خەڵکەکەیان، ئەم بڕیارە سیاسیەی ئێران و کاربەدەستانی لەعێراق دوای ئەوە دێت، کە لەبارودۆخی ئەو ولڵاتە و ئایندەیان تەواو بێ ئومێد بوونە، پاش دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەکانی (10 ی ئۆکتۆبەر) و دروستبوونی کوتلەیەکی زۆرینەی پەرلەمانی بەناوی (رزگاری نیشتمانی)، کە هەریەک لە (سەدریەکان و پارتی و سیادە) لەخۆدەگرێت و ئێران هەموو فشار و رێگایەکی تاقی کردەوە، کە خۆی لەهەڕەشە و کردەی سەربازی و مووشەک بارانی هەولێر و مالی حەلبوسی دەبینتەوە، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشت، هەروەها (موقتەدا سەدر) لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان مۆلەتی (40) رۆژی بە ئێران و هاوپەیمانەکانی دا و پێی گوتن فەرموو حکومەت پێکبهێنن، بەڵام تا ئێستا شکستیان هێناوە و نەیانتوانی ئه و هەنگاوە بنێن.
ئەمجارە ئێران گەڕانەوە و ئازادکردنی ئەو سەرکردە سونانەی بۆ گۆڕەپانەکە وەک کارتێک بەکارهێنا، پرسیارەکە ئەوەیە: مەبەست و لەم یارییە ئامانجی چیە؟ دەتوانین لەم خالانەدا شیکردنەوەیەکی بۆ بکەین:
1. گەڕانەوەی ئەم دوو کەسایەتە بۆ گۆڕەپانەکە هەردووکیان دانیشتووی پاریزگای ئەنباری شوێنی لەدایکبوونی (محمد حەلبووسی) سەرۆک پەرلەمانی عێراقن و لە ئێستادا قسەکەری یەکەمی سوننەکانە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، بە گەڕانەوەی ئەم دوو کەسایەتییە لێدانە لە پێگەی (حەلبووسی) لەڕووی کۆمەلایەتی و سیاسیەوە منافسێکی بۆ دروست دەبێت، لێرەدا پرسیارێکی دیکە دەورووژێت، ئەویش ئەوەیە: بۆچی (رافع عیساوی و عەلی حاتەم) بوون؟ بۆچی (تاریق هاشمی) نەبوو، کە پێگەی لەهەموو سەرکردە سوننەکان بەهێزترە، چونکە مەبەست و ئامانجەکە پارێزگای ئەنبار و حەلبوسییە، کە دژی حکومەتی تائیفی و ئێرانیە و لەگەڵ حکومەتی زۆرینەیە.
2. رەهەندی دووەم، ئێران باش لەوە گەیشتووە، خاڵی لاوازی کۆتلەی (رزگاری نیشتمانی) نە سەدرە و نە پارتییە بەڵکو سوننەکانە، کە ریزەکانیان زۆر جێگیر نییە، بۆیە لەهەنگاوی یەکەم کە لە پێگەی حەلبووسی دا کاربۆ هەڵوەشاندنەوەی (هاوپەیمانی سیادە) سوونەکان دەکات، کە (حەلبووسی و خەنجەر) سەرکردایەتی دەکەن، ئەمەش کار دەکاتە سەر هاوپەیمانە زۆرینەکەی (رزگاری نیشتمانی)، کە بەهاوپەیمانی سیانی (سەدر و بارزانی و حەلبووسی) دەناسرێت، ئەگەری زۆری هەیە، لەم دەرگایەوە هاوپەیمانێکی دیکەی نوێی سوننەکان بەسەرکردایەتی (عیساوی) و (عەلی حاتەم) پێکبهێنرێت، کە نزیک بن لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان.
3. رەهەندێکی دیکەی ئەو کارتە لەوەدایە، بەتایبەتی گەڕانەوەی (عەلی حاتەم سلێمان) وەک سەرۆک هۆز و سەرۆکی سەحەواتی عێراقی دژی قاعیدەی ئەو کات و لە ساڵی (2014)ش سەرکردایەتی شۆرشگێرانی هۆزەکانی دەکرد، کە زیاتر کەسایەتیەکی عەشایەریی چەکدۆستە لەوەی سیاسی بێت، سروشتی زیاتر خێلەکی یە و کەس بەگەورەی خۆی نازانێت، بۆیە ئێران لە ئێستادا لەم هاوکێشەیە تاقیدەکاتەوە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی یان و سەرکەوتنی پڕۆژەی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، کە دژی بەرژەوەندیەکانی ئێرانە لە عێراق و ئەگەری زۆری هەیە ئەو کەسایەتیە بەکاربهێنێت و کارەکە بگاتە رووبەڕوونەوەی چەکداری، ئەمەش بە دەرفەتێک دادەنرێت بۆ گەڕانەوەی هەیبەتی هێزەکانی (#حەشدی شەعبی#)، کە لەهەڵبژاردنەکاندا لەدەستیان دابوو و تەنها کارتی شەڕ و سەربازییان بەدەستەوە ماوەتەوە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاژاوە ببەنە نێو ماڵی سووننەکان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=