پەیمان محەمەد
ڕۆژی 21ی شوبات، ڕۆژی زمانی دایکە لە جیهاندا، تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕەوشی زمانی کوردی و زمانی دایکی لە کوردستان لە دیبەیتێکدا خستە بەرباس، شارەزایەکی زمانی کوردی دەڵێت: ''لە دوای ڕاپەڕینەوە بەگشتی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان پاشەکشەی کردووە.''
دیبەیتەکەی ڕووداو شەوی چوارشەممە، 21-02-2024، ڕەنج سەنگاوی پێشکەشی کرد. هەریەک د. هۆگر مەحموود، پسپۆڕی زمانی کوردی و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، د. ئەمیر ئەحمەد، پسپۆڕی زمانەوانی، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، د. میکایل بولبول، مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، نووح بازگوور، مامۆستایەکی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، د. ڕەشاد میران، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی و حاکم محەمەد جاف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری قسەیان تێدا کرد.
''وەکو پێویست بایەخ بە زمانی کورد نادرێت''
د. هۆگر مەحموود، پسپۆڕی زمانی کوردی و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی لە دیبەیتەکەدا وتی: ''زمانی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بێناز کراوە، چونکە لەپێش ڕاپەڕین ئەوانەی کە کاریان لەسەر زمانەکە دەکرد زۆر ڕژدتر بوون و گوێیان لێ دەگیرا، بەڵام ئێستا بەرگریکردن لە زمانەکەمان وەکوو پێویست نەماوە.''
لە مادەی یەکی دەستووری ئێراقیدا هاتووە، زمانی کوردی و عەرەبی هەردووکیان زمانی فەرمین، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی ڕەنج سەنگاوی، کە دیبەیتەکەی پێشکەشکرد، لە کۆی 19 ماڵپەڕ و ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنیی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئێراق، سەرجەم وەزارەتەکان و دادگەی فیدراڵی، مادەی یەکەمی دەستوور لەبارەی زمانەوە پێشێلکراوە و زمانی کوردی وەکوو زمانی فەرمی بەکارنەهاتووە.
''نەپاراستنی زمان، کورد لەسەر زەوی دەسڕێتەوە''
د. ئەمیر ئەحمەد، پسپۆڕی زمانەوانی دەڵێت: زمانی کوردی شوناسی نەتەوەی کوردە و لە ئەگەری نەپاراستنی زمانەکەی، نەتەوەی کورد لەسەر زەوی دەسڕدرێتەوە.
د. ئەمیر محەمەد پێیوایە، کاتێک تاکێکی کورد بە کوردی بدوێت، باشتر دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، داوا لە ئەندامانی پەڕڵەمان و بەرپرسانی کوردیش دەکات لە بەغدا لە شوێنی کاری خۆیان و پەڕڵەمان، بە زمانی کوردی قسە بکەن. دەشڵێت: ''باشترە وەرگێڕیان هەبێت، ئەوکات بەهایان زیاتر دەبێت و پەیامی کوردبوونیان باشتر دەگەیێنن.''
ئەو شارەزایەی زمانی کوردی ئەوەشی خستەڕوو، لە باشووری کوردستان بەروارد بە پارچەکانی دیکە، قۆناخێکی باشی زمانەوانی تێپەڕێنداوە و دەڵێت: ''بەڵام پێویستمان بە داڕشتنەوە، گوڵبژێرکردن، ڕێکخستن و پلاندانانی سیاسەتی زمانەوانی هەیە.''
''نزیکەی 100٪ی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان بە کوردی نووسروان''
زۆرجار هاونیشتمانییان ڕەخنەی ئەوە دەگرن کاتێک دەچنە ڕێستۆرانتێک یان شوێنێکی گەشتیاری، کارمەندی کوردی لێ نییە، دواتر لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە تایبەت بوون بە گرنگیدان بە زمانی کوردی، سەرجەم هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان و شوێنە بازرگانییەکان پابەند کران، بە گۆڕینی تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی، بەڵام تاوەکوو ئێستا هەموو شوێن و دووکانەکان پێیەوە پابەند نەبوونە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: زۆرترین ژمارەی تابلۆکان کە بە زمانی بیانی نووسرابوون لە هەولێر بوون، کە زیاتر لە 60٪ی دووکان و شوێنە گەشتیارییەکانی دەگرتەوە.
ئەمەل جەلال باسی لەوە کرد، دەستەی گەشتوگوزار بە تەنیا ناتوانێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات، بەڵکوو ''بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2014ی پەڕڵەمانی کوردستان کە یاسای زمانە فەرمییەکانە، دەبووایە پەڕڵەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسایی، بەدواداچوونی تەواویان بۆ گۆڕینی تابلۆکان بۆ سەر زمانی کوردی کردبا''.
وەک سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەستیان بە پڕۆسەی گۆڕینی تابلۆکان کردووە و لێژنەی تایبەتیان پێکهێناوە. وتیشی: ''ئێستا نزیکەی 100٪ی لیستی خواردنەکان، تابلۆی شوێنەکان کراونەتە کوردی''.
ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوە کرد، ''کێشەکە تەنیا سێکتەری گەشتیاری نییە، بەڵکوو دەبووایە وەزارەتەکانی دیکەش هەوڵیان دابا، هەموو وەزارەتەکان کەمتەرخەمن و هۆکارن بۆ ئەوەی نەتوانراوە فەرمانەکە بەشێوەی سەرانسەری جێبەجێ بکرێت''.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە گۆڕینی تابلۆکان بۆ سەر زمانی کوردی، ڕاهێنانیان بە سەرجەم کارمەندە بیانییەکان کردووە و مەرجیان بۆ کارمەندەکان داناوە کە دەبێت فێری زمانی کوردی فێر بن.
''لە باکووری کوردستان ترس لەوە هەیە ناوی کوردی لە منداڵ بنرێت.''
نووح بازگوور، مامۆستایەکی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لەبارەی ڕەوشی زمانی کوردی دەڵێت: ''ئێستاش کۆنسێرتی کوردی و شانۆی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدەخە دەکرێت، تەنانەت لە پەڕڵەمانیش ئاخاوتن بە زمانی کوردی قەدەخەیە.''
نووح بازگوور ئاماژەی بەوە کرد، باوکان لە باکووری کوردستان ترسیان لەوە هەیە کە ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن. ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی وتیشی: ''نابێ وەکوو کردەوەیەکی سیاسی مامەمەڵە لەگەڵ ئاخاوتن بە زمانی کوردی بکرێت، بەڵکوو ئەمە مافێکی ڕەوای هەر تاکێکی کوردە.''
''تێزی ماستەر و دکتۆراش هەڵەی ڕێنووسییان تێدایە''
یەکێکی دیکە لە گرفتەکان، کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی زمانی کوردی بووەتەوە، بابەتی ڕێنووسە، کە زۆرجار هەڵەی تێدایە، تەنانەت لە نووسینی هەندێک لە نووسەرانیش هەڵەی ڕێنووس هەیە.
د. ڕەشاد میران، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت: ''ئێمە تێزی ماستەر و دکتۆرامان بۆ دێنن کە بە زمانی کوردی نووسراون. بەڵام ڕەخنەمان لەسەر هەندێکیان هەیە و پڕن لە هەڵەی ڕێنووسی.''
د. ڕەشاد میران باسی لەوە کرد، نامەیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان ناردووە، ''کە چۆن دەبێت لە ئاستی خوێندنی باڵای زمانی کوردی هەڵەی ڕێنووسی هەبێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە.''
''دوای ڕاپەڕین زمانی کوردی پشتگوێ خراوە''
جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەشڵێت، ''بەهۆی ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین سەرمەستی دەستکەوتە سیاسییەکان بووین، هەموومان لە پەرەپێدانی زمانی کوردیدا کەمتەرخەم بووینە و ئێستاش بۆمان ڕێکناخرێتەوە''.
ساڵانە 21ی شوبات، ڕۆژی زمانی دایکە لە جیهاندا. بە گوێرەی کۆمەڵەی زمانەوانانی ئەمریکا، 6 هەزار و 900 زمان لە جیهاندا هەن، 106یان زمانی فەرمین. هەر بەگوێرەی هەندێک لە توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر زمان کراون، کوردی هەشتەم دەوڵەمەندترین زمانە لەسەر ئاستی جیهاندا.
زمانی کوردی لە دادگاکاندا
حاکم محەمەد جاف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵیت، لە یاسای ژمارە 74ی ساڵی 1931ی پاشایەتی کە بە یاسای زمانە خۆجێییەکان ناسراوە، ''زمانی کوردی وەک زمانێکی خۆجێیی ناوی هاتووە و زۆر شتی جوانی تێدابووە، تەنانەت لە زۆربەی شارەکانی کوردستان زمانی فەرمیی دادگەکانیش کوردی بووە.''
وەک حاکم محەمەد جاف ئاماژەی پێکرد، لە ساڵی 1931 زمانی دادگەکان لە ڕواندز، ڕانییە، کۆیە، دهۆک، زاخۆ، ئامێدی و کفری کوردی بووە، ''بەڵام بەداخەوە بۆ خۆمان نەمانپاراستووە.''
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت: لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخێنراوی بەعسدا زۆر دژایەتی زمانی کوردی کراوە و بەپێی یاسای ژمارە 64ی ساڵی1977 زمانی عەرەبی کراوەتە زمانی فەرمیی خوێندن.
بەپێی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007ی پەڕڵەمانی کوردستان، زمانی کوردی کرایە زمانی فەرمیی دادگەکان، تێیدا هاتووە کە تەنیا لە کاتی زۆر پێویستدا زمانی عەرەبی بەکاربهێنرێت، بەڵام بە وتەی حاکم محەمەد جاف ''ئێستا زیاتر زمانی عەرەبی بەکاردەهێنرێت و زمانی کوردیش لە کاتی زۆر پێویستدا.''
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت: ''هەندێک لە پارێزەران بە هەوڵی کەسیی خۆیان، زاراوەی یاساییان داناوە و ئێستاش دادبینییەکان، جگە لە پارێزگای دهۆک هەمووی بە زمانی کوردییە.''
''بەرنامەی خوێندن لە پەیمانگەی دادوەری بە زمانی عەرەبییە''
حاکم محەمەد جاف کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیمانگەی دادوەریشە ئاماژەی بەوە کرد، ''تا ئێستا بەرنامەی خوێندن لە پەیمانگەکە بە زمانی عەرەبییە و تەنیا پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە کوردی و عەرەبین.''
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری وتی، ئێستا لە ئەنجوومەنی دادوەری بڕیار دەرکراوە کە دەبێت زمانی کوردی زمانی فەرمیی دادگەکان بێت، بە بڕیارەکانیشەوە.
لە یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2014ی پەڕڵەمانی کوردستاندا مادەیەک هەیە کە باس لەوە دەکات، ''سەرجەم فەرمانبەران و ئەو کەسانەی کە لە کاتی نووسین هەڵەی ڕێنووسییان هەبێت، سزا دەدرێن، ''بۆ نموونە ئێستا من وەکوو حاکم ئەگەر بڕیارەکانم بە کوردی نەنووسم، یاساکە سزام دەدات.''
هەرچەند یاسا لەسەر کەمتەرخەمی و ڕێنووسی هەڵە، سزای داناوە، بەڵام بەوتەی دادوەر محەمەد جاف، ''تاوەکوو ئێستا یاساکە جێبەجێ نەکراوە و هیچ کەس لەسەر هەڵەی ڕێنووس سزا نەدراوە''.
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری وتی: ''بەپێی یاسا، لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان دادوەر ناچار نییە بە زمانی عەرەبی هاووڵاتییەکی عەرەب دادگایی بکات، بەڵکوو پێویستە وەرگێڕێک لەنێوان دادگە و تۆمەتبار هەبێت، بەڵام ئەم یاسایانە لە واقیعدا جێبەجێ نەکراون.''
''زمانی کوردی لە باکووری کوردستان مەسەلەی مان و نەمانە''
د. میکایل بولبول، مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان پێیوایە، ڕەوشی زمانی کوردی لە باشوور و باکووری کوردستان جیاوازە و دەشڵێت، ''ئێوە [باشووری کوردستان] بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی کوردی هەوڵدەدەن، بەڵام ڕەوشی ئێمە مەسەلەی مان و نەمانە.''
د. میکایل بوولبول ئاماژەی بەوە کرد، ڕەوشی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان گرێدراوی ڕەوشی سیاسیی وڵاتەکەیە و مەترسیی زۆر گەورە بۆ سەر زمانەکە هەیە.
وەک ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی وتی: ''90٪ی منداڵان لە شارە گەورەکانی باکووری کوردستان کوردی نازانن، زمانی کوردی لە باکووری کوردستان نەک پێنج ساڵ یان 10 ساڵ، بەڵکوو 120 ساڵە هەوڵی لەنێوبردنی دەدرێت.''
د. میکایل بولبول هۆشداری دەدات، ''ئەگەر ئەم دۆخەی کە لە باکووری کوردستان هەیە هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، 20 ساڵی دیکە شتێک بە ناوی زمانی کوردی لە وڵاتەکەدا نامێنێت.''
''کوردی زمانی فەرمانڕەوایی بووە''
د. ئەمیر محەمەد باس لە گرنگیی زمانی کوردی لە ڕابردوودا دەکات و دەڵێت: ''زمانی کوردی لە سەردەمی پاشایەتی مادەکان، ساسانی و ئەشکانییەکاندا، نزیکەی 250 ساڵ زمانی فەرمانڕەوایی و حکومەت بووە.''
ئەو شارەزایەی زمانەوانی ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵ دەبێت لە قۆناخی شەشی بنەڕەتییەوە دەست بە فێربوونی زمانی دووەم بکات: ''بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر زووتر لەم کاتە فێری زمانی دووەم و سێیەم دەکرێن، کە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی زمانەکان''.[1]