براکان
1
خۆ بە کوشتدان بۆ نیشتیمان، مۆدی بەسەر چوو.
فرمێسک ڕشتن بۆ نیشتیمان ، بوو بە شەرم.
برسی بوون لەپێناوی نیشتیمانا،
بوو بە جۆرێک لە گەمژەیی
ئیتر بۆت هەیە میز بە هەموو پنتێکی نیشتیمانا دابکەی.
-چۆلەکەیەک ناڵێ نااا
لەهەموو کون و قوژبنێکی نیشتیمانا ، بۆت هەیە گوو بکەی.
-سوێسکەیەک ناڵێ ناااا
بۆت هەیە، بەسەر هەموو لوتکەکانی نیشتیمانا ، بڕشێیتەوە.
-ماینێک ناڵێ نااا
داکۆکی کردن لە نیشتیمان مۆدی بەسەر چوو..
ئیتر بۆت هەیە کەی بتەوێ جنێو بە نیشتیمان بدەی
- پشیلەیەک ناڵێ نااا
بۆت هەیە بەرد بگریتە پەنجەرەکانی نیشتمان- کارمامزێک ناڵێ نااا.
هەموو کاتێ بۆت هەیە بە نیشتمان بوەڕیت.
-گوجیلەیەک ناڵێ نااا.
ئەوان بوون،
نیشتیمانیان ناشیرین کرد..
شاعیرو هونەرمەند نەبوون،
ئەوان بوون؛
براکان بوون،
براکان!!
2
خودایە سەرێکمان لێدە
ناڵێم بەهەشت لەگەڵ خۆتا بهێنە..
بەس تەماشاکە چەند سەخت تر بووە کوشتن.
ئەوەی من دەیکوژم؛
براکەمە
ناڵێم فریشتە و غیلمان بەسەرمانا ببارێنە..
سەیرکە؛
سێدارەیەکمان هەڵواسیوە
بۆ؛
خنکاندنی ژن.
سەرێکمان لێبدە خودا، ڕووبارمان گەرەک نیە لە شەرابەن تەهوور.
بڕوانە،
هەر یەکە و دوکانێکمان کردۆتەوە،
بۆ؛
فرۆشتنی نیشتمان!!
خودایە سەردانێکمان بکە..
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]