پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
دەرسیم ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئامەد (دیاربەکر) ساڵی 1919
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شنگال ساڵی 1950
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دەڤەری بارزان ساڵی 1951
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری سنە ساڵی 1980
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
خۆپیشاندانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پاریس بۆ پشتیووانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
باشووری کوردستان دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ساڵی 1975
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1982
29-04-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
29-04-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 517,609
وێنە 106,172
پەرتووک PDF 19,172
فایلی پەیوەندیدار 96,585
ڤیدیۆ 1,317
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، مانیفێستی شیعری نوێبەخشی
هاوکارانی کوردیپێدیا، بابەتییانە، بێلایەنانە، بەرپرسانە و پیشەییانە، ئەرشیڤی نەتەوەییمان تۆماردەکەن..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، مانیفێستی شیعری نوێبەخشی

ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، مانیفێستی شیعری نوێبەخشی
ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، مانیفێستی شیعری نوێبەخشی
سەباح ڕەنجدەر
#12-05-2023#
لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هیچ سەرچاوە و وزەیەکی ئەدەبی بە ئاستی شیعر نەبووەتە بنەمای پەیوەندی و مایەی بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی چالاک، واتە: ئەندێشەی چاک، کرداری چاک، وتاری چاک. هەروەها بەو پایە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەکراوە و نەدرەوشاوەتەوە.
گیانی زمانی دەربڕینی کوردیش، تا ئێستا هەر بە تەنیا لەناو پڕۆژە شیعرییەکاندا زیندووە، کوردیش ویستی شیعر نووسین و هەستیاریی شیعری زۆر بەهێزە، تواناکانی خۆی تێدا تاقی دەکاتەوە، هەڵکەوتە کۆمەڵایەتییەکەشی وەریدەگرێت و ڕەوایی بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دەدات، داهێنان بە وەرگرتنی قووڵایییەکانی ژیان بەرهەم دێ، لەم بەرهەمهێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پڕۆژەی دۆزینەوەوە.
ئەگەر دەربڕینێکیش لە فۆرمی ئاستدار و تیشکۆی خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەی تەواوی دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و کەشوهەوایەک ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پڕۆژەی دۆزینەوەوە.
بۆ شاعیری نوێبەخش وەرگرتنی قووڵایییەکانی ژیان زیندووبوونەوەی زمانە، زمانی دۆزینەوەش زمانێکی یەک ئاڕاستەیی نییە، بەپرسیاری زۆرەوە لە ئاستە هەمەچەشنەکانی خۆی دەکۆڵێتەوە، قووڵایییەکان هێزی وشە و ئەزموونی تێدا نووستووە، لە دەربڕیندا ئەم هێزە تاقی دەکرێتەوە و دێتە ناو پڕۆژەی دۆزینەوەوە، لەو چرکە زیندووەی مرۆڤ خۆی لێ ئاشکرا دەبێت و دەزانێت کێیە، لەم چرکەدا: زمان دەبێتە هەست و سۆز و مۆسیقا و خەون.
بەشێوەیەکی سەرەتایی نوێبەخشی لە ژیان و بیر و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە دەرکەوتووە و هەنگاوی بۆ نراوە، بنەماکانی گۆڕان بەرەو پێداویستییە هاوچەرخەکان و هۆشیاری دەبێتە پێوەری دۆزینەوەی ئەدەبی، هەروەها نوێبەخشی هۆ و ئامانجە بۆ پەیوەندیکردن بە چالاکییەکانی ژیانەوە، بەشێک، بەشێکی لابەلاش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ناوکی ژیانە، مرۆڤ لە باروبواری بەختەوەریدا وەک خوداوەندێکی ڕاستەقینە دەژێنێت، ئەفسانە و ئەفسوونێکی واشی تێدایە گیان و جەستە لە بڵندی بحەوێنێتەوە.
بابەت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هەستکردنە بە چرکە زیندووەکانی ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنی سرووشت و لەدایکبوونی وەرزەکان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابهێنێ هەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەی نێوانیان بکات.
هەستی نووسینیش بە ساتەوەختی زۆر ناسک، یان زۆر دژوار تێدەپەڕێ. تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕیان تێدەکەوێ و دەڕسکێن.
شیعری ڕاستەقینەی خاوەن جیهانبینی، کە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت کرایەوە لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بە هیچ جۆرێک ڕاستەقینە و خاوەن جیهانبینی نییە، کە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە.
شاعیری نوێبەخش هیچ کاتێک چاوەڕوانی هاندان و ستایش ناکات، هەر کاتێکیش چاوەڕوانی هاندان و ستایشی کرد، ئەوە بڕوای بەوە نییە ئەوەی کە نووسیویەتی خۆبوونی و داهێنان بێت. دەربڕینی نایاب بەهۆی کرداری گەیاندن و هۆشیاریی زمانەوە لە ئاستی ئاسایی دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی ئێستێتیکا و خۆبوونی، دەبێتە خاوەن پرسیار لەنێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیکا، شێواز و ئەدگاری خۆی لە دەربڕینکردن و دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانی جەستەیەکە شێوەیەکی دیاریکراوی چرکە زیندووەکانی بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند و گیانی نووسەرە، هیچ گیانێکیش بۆ جەستەیەکی دیکە وەرناگیرێت.
شێواز و شیعرییەت و زمان، ئەزموون بۆ دیاردەکانی ژیان و وێناکردنی کۆمەڵگە پێشنیازیان دەکات، دیاردەکانی ژیان و وێناکردنی کۆمەڵگەش پەیوەندی بە هەموویانەوە هەیە، بەشدارین لە چالاککردن و بەڕێوەبردنی، پەیامی هونەریی مرۆڤگەلێکە، کە هەوڵی سڕینەوە و لەبەینبردنی ئەو شتانە نادات، کە ژیان دەخەنە باروبوارێک بەرگری لە بە ژیانبوون و ئازار و ئازادیی خۆی دەکات.
ژیان و بوون و دنیاش لەناو شیعری نایاب و ئێستێتیکی و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا نوێبەخشی هێشتان بە ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نەکراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە هەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەی لەم بارەیەوە بوونەتە مایەی سەرنجی کەمەیەکی کەم، بە ئاستێکی دیکەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.
ئایا ئاخاوتنەکانمان لە خودی نوێبەخشیی دەقەوە دەرچوونە، یان لەدەرەوەی دەقەوە وەرگێڕاون و لە جەستەی تەنک و ناسکی دەقدا پراوەی پێدەکەین، کە جەستەی تەنک و ناسکی دەق هیچ پراوەیەک وەرناگرێت جگە لە پراوەی گیان نەبێت.
نووسینێک گەیشتبێت بە ئاستی دەق، پەیوەندیی ئاستداری چارەنووسسازی بە ئێستێتیکا و خۆبوونییەوە هەیە، کە هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی ڕوون، هێزێکە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی دیکە، بەرەنجامی خودێکی هەژاو و هۆشمەند و وریایە. بەشێکیش لە خودی هەژاو و هۆشمەند و وریا گەیشتوون بەو هەقیقەتە، کە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز و هەست و ڕوونی و ئاشکرایی لە دەربڕیندا، ئەمەش وەک دیاردەیەک پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانکارییە ڕەچاوانەکراوەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنییەتیی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و بیر و دەربڕینی تاکی نووسەرەوە هەیە. دەبێتە بابەتی نووسینەکانیان، بەڵام نابێتە مانای ڕوون و دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشی مانا و چالاکیی وێنە، سرووشی مانا و چالاکیی وێنەش شاعیر لەوە نزیک دەخەنەوە بچێتە ناو جیهانبینیی تەسەوفەوە و لەو جیهانبینییەوە پەی بەنهێنییەکان ببا و بە هەقیقەت بگات، واتە: شاعیر پەیبەر و شیعریش پەیپێبراو.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$جیایی$
پانتایی جیاکارم لە بەرهەمەکانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەکدا دەستنیشان ناکرێم. ئەرێ لە پانتایییە شیعرییەکاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەکی خۆ تایبەتیکردن. تایبەتکار بۆی هەیە تەواوی هەبووەکانی، کە توانای کاریگەرییان تێدا دەرکەوتووە، ڕاکێشێتە ناو بیرکردنەوەی چالاکی، کە بەردەوام هێما و هێماپێکراو بەرهەم دەهێنێت. لە یەک کاتیش لەناو هەموو پانتایییەکاندا کار بکات و دەستیان بۆ ببات.
بەرانبەر بە ئاگایی خۆم جەنگاوەرێکی مەشقکردوو و ئەهلی زیندووێتی دڵ و یەکێتیی ئەشقم، پانتایی ئێستێتیکا و ڕێبازی وردبوونەوەم لە ژیانمدا هەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هەستیار بکەم، هەستیاریی تەواوی زمانی کوردی لە شیعری کلاسیکیماندا تواوەتەوە و دەرکەوتووەتەوە. کاتێک شیعری کلاسیکی دەخوێنمەوە هەست دەکەم تەواوی زمانی کوردی ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیهانێک، کە قسەی لەبارەی دۆزینەوە و چرکە زیندووەکانی بوون کردووە، نەک گێڕانەوە. خەون و ناوەندی وشە: هەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵی گەورەی شیعردا هەموومان پێکەوە داوای شیعرییەت و زمانێکی نەرم دەکەین، ئەو داوایە وزەی گەشەکردنی کرۆکیجوانی و بەرزکردنەوەی ئاستی هەقیقەتی گیانی و درامای ژیانە. نەرمیی زمان لە نەرمیی ئەو کەرەستەوە دێت، کە دەربڕینی لێدەکات، زمان شانەیەکی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێکهاتەی مرۆڤ لە گۆڕانی دید و پەیوەندییەکاندا.
جیاییی تاقیکردنەوەی من ئەوەیە: جیهانی پارچەپارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی هێما و هێماپێکراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناکەم. سەرچاوەکانی نووسین و ئاستەکانی دەنگ و تێبینیکردن و سەرنجدانم، لە جوانیی بێگەرد و بێ هاوتای ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە هێما و هێماپێکراو.
شیعر چەند بچێتە ناو ژیان و دنیای خودایی و هەقیقەتی ڕۆژگارەوە، هێندەی دیکە گیانی تا هەتایە پەروەردە دەکا و دەیپارێزێت و ئەفسانە و ئەفسوون لەخودی خۆیەوە برەو پێدەدا.
شتێک لە نووسین، کە وەک ئەزموونێک پێشکێشم کردبێت، بەکاربردنی زمانی خەونە بۆ زمانی نووسین و ڕاچەناندن و چالاککردنی ناخی پڕ توانایی و یادەوەری. دواجار تواندنەوەی چالاکییەکانی بیر لە هەستیاریی نووسیندا.
چامەی درێژی فرە دەنگ و ئاستدار، پڕۆژەیەکی کامڵە و لەسەر ئاستی بوون و کرانەوەی بەردەوام ڕادەوەستێت، سرووشتی دایکی هەستەکانمە، ئاسۆیەکی ئەفسانە و ئەفسوون ئاسایییە، ناتوانم لێی دەربازبم، بە کامڵترین فۆرمی شیعریی دەزانم و پەیڕەوی دەکەم، لە ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستەکانییدا توانای جووڵاندنی فرە دەنگی و فرە پەیوەندی دەڕسکێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەی هێزی نووسین ئاشکرای دەکات و دەیهێنێتە گۆڕێ، واتە: قووڵبوونەوە بە ناخی بیندراو و شەپۆلی کات و شوێن سیمای بوون.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.
$فرە دەنگی$
ڕوانینی گەردوونی بار و بوار بۆ گەشەسەندنی شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیی بە شۆڕشی گەیاندن و فۆرمەکانییەوە نییە. خەیاڵ و ئەو ئاسۆیەی جیهانی بەهۆیەوە وێنا دەکەیت، لەدەرەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کاری شیعرییەت بەڕێوە دەبەن، لە کەڵک وەرگرتن: دەست واڵا و دیموکراسین، سەرسامیی خۆشیان بە نەشونمای نوێبەخشیی گیانی ژیان ناشارنەوە.
دەتوانین لەوە دڵنیابین، کە شیعر هەموو سەنگایی ساتە وردەکانی بە تەنیا خستە سەر هەڵقوڵانی خەیاڵ، وەک بەرزایی و ناوەندی کاریگەر چووە ناوی و کرۆکی ژیانی بەهۆیەوە وێنا کرد. بێگومان لە باروبوارێک نزیک دەبینەوە، شیعری تاک دەنگی دەبێتە خۆنیشاندانێک و دەربڕین لەو باروبوارە بێهێزەدا.
دەکرێ لە بچووکبوونەوەی دنیا لە بینینی شاشەدا، یان هەر فۆرمەکی گەیاندنەوە، شیعری فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵ و تانوپۆی توند و تۆڵی ببێتە جێگرەوەی خەیاڵ، وەک بەرزایی و ناوەندی کاریگەر.
لە شیعری فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزی سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندی کاریگەر نییە. نیشاندانی باوەڕ و گیانی کراوە و دەوڵەمەندیی ئەم شێوازە، بەئەندازەیەک لە چیرۆک و شانۆنامە و ڕۆمان و داستان و ئەدەبی پەخشاندا بە ئاشکرایی دەگاتە لووتکەی بینین و تێگەیشتنی ڕوون.
لە شیعری درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ هەست و ئەقڵی خوێنەر و شاکەس و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان دادەمەزرێنێت، هاوتایییەک دەدۆزێتەوە لەباری نووسیندا پەیڕەوی دەکات. لە پێکهاتە و بنەمای منی شیعریدا پێکدێت و دەبیندرێت، خۆی لە منی تاکە کەسی شاعیر دەکشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستی شاکەس و کەسایەتییە جۆرا و جۆرەکان و چێژێک دەگەیەنن، چێژی ئاڕاستەکراوی شاکەس و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان و واتاناسی.
زۆرێک لە شیعری ئیمڕۆمان، لەسەر سیستمی تاکدەنگی منی شاعیر وەک ڕەگەزێکی کارپێکەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەک هونەر هەرچی پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناکرێت هونەرێکی کاریگەریی پێ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامی، چونکە هیچ شتێک ڕوونادات قسەکەر یەک قسەکەرە و پانتایی نووسینەکەی داگیرکردووە، هەروەها بوونی شیعریش وەک شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە کارایی و زیندوویی و هێز دووری دەخاتەوە، کە کارایی و زیندوویی و هێز باروبوارێکن هەمیشە زیندوومان دەکەنەوە و سەرچاوەی سەرسوڕهێنەرن.
یەکەمین کردەی هەستیارکردنی زمان، ڕستەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چاوگە دەنگییەکان درێژ دەکاتەوە، چاوگە دەنگییەکانیش هەمیشە ئاگایی زمان تێیدا دەبێتە باروبواری ڕاستەقینەی نووسین و وزەی ترپە و ئاواز، لەم باروبوارەیەوە هەستیاریی زمان ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێکی لێ دەبێتەوە بەناو خۆیدا دووبارە پەخش دەبێتەوە، جۆراوجۆریی ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرک و ماکی ناسینی ئەم چەشنەن، پشت بە وێنەهێنانەوەی یەک لە دوای یەکیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەکاتە خۆبووژانەوە و دەرکەوتن و ئاڕاستە وەرگرتن.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.
$دەستکاریکردن$
دەقەکانم، ئەوانەی چاپم کردوون و ئەوانەی چاپیشم نەکردوون، هەمیشە لەسەر مێزی کارکردن دەستیان بۆ دەبەم، هەر چەند ڕستەیەکیان دەستکاری دەکەم و چەند لاپەڕەیەکیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەکیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو هونەر و دڵەڕاوکێیەی دەستکاریکردنەش لە کارکردنی بێ وچانی کاتژمێر، گواسترایەوە ناو باروبواری دەروونیی شاعیریەتیی من.
کاتژمێر تەکان دەدا بەرەو ناو دەقی کات. دەقی کاتیش هەمیشە ئەو چرکەیەی جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، کە هێز دەخاتە ئەو چرکەیەی بۆی دەڕوات، ڕۆیشتنی منیش هەمیشە بەرەو دەقی شیعرییە. هەموو شتەکانی کاریگەرییان بە نەشونمای ژیانەوە هەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەکەم و دەیانکەم بە بەشێک لە چالاکییەکانی بیرکردنەوەم. دەستکاریی بەردەوامیش کارێکی درووستە بۆ نووسەری پڕ توانا و ئەزموونی پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەکانی، کە بوون بەیەک جۆر دەستنیشان ناکەن، بەرگری و دەربڕین لە داهێنان دەکەن، چونکە هەر جارێک، کە دەستکاری دەکات، بەو نیازە بە تەواوی ژیان لەناو دەقەکەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوی بهێنێتە ناو دەقەکەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستی خەونی نووسین. ئەویش یەک لە مەحاڵەکانی نووسینە، نووسین هەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونی نووسەرە بۆ بینینی ژیان بە تەواوی لەناو دەقی بێگەرددا.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$شاعیر$
شاعیر، سەر گەرمییەکانی خۆی لە سنووری بیرکردنەوە و جیهانبینییەوە دەست پێدەکات و گیان و هەستەکانی چالاکە بەگشت جوانییە هاوبەشەکان. ئاڕاستەی ئاڵۆزکردنی جوانییە هاوبەشەکان نییە. سادەکردنەوەیەتی، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسکاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییەت و جووڵەی ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەی پەیوەندییەکانی نێوان جوانی و فۆرمەکانی کۆمەڵگە وەک پڕۆژەیەکی پەرەپێدان و پەرەپێدراو وەربگرێت.
کاری وتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەکانەوە بکاتە وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەزموونکراوی هەقیقەت و بەهای مرۆڤ. لە هەمان کاتدا لە تواناکانی دەربڕیندا بەرزیان بکاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستە و ترپە و ئاوازی ویژدانیان، لێیەوە وەک نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، هەروەها دەسەڵاتی هەستیاریشی بەسەر ئاشکراکردنی چارەنووسی جوانی لە شێوازی نادیاردا، پشتگیر و پاڵپشت لە بەرزبوونەوە و بەهێزکردنی و داکۆکی لە مانەوەی بکات.
تەوەرەکانی هەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی بەردەوامیی چێژی گیانی. جوانی وەک ڕەگەزێکی چالاک و بنیادنەر، لە پێکهاتەی دەقدا بکاتە ناوەندی بەیەکگەیشتنی پەیوەندییەکان و باوەڕهێنان بە هەقیقەت و تواناکانی ژیان. بۆ واتای ڕاستەقینەی لەناو دەوروبەرێکی بێ هێز لە هۆشیاریی فیکریدا، ئاکار دابڕێژێت. بەدواداچوونی مێژووی گیان و ئەوانی دیکە و چاوانەترسیش بەرەو ڕووی ئەم ئاکار داڕشتنە بکاتە ماڵی هەر هەموومان و گەوهەر و ناوکی هونەری مانا دەرنەکەوتووەکان لە چرکە زیندووە دەگمەنەکان هەڵداتەوە.
کردەی نووسین وەک سەرەتایەکی هەمیشەیی و خاڵە یەکتربڕەکانی کات و شوێن بپارێزێت. بە فراوانییەکی ئاستدار و کاریگەریش بانگەوازی لایەنداریی تەواوی ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستی بەهای مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرێ ئاستدارییەکانی شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بکات و جێی پەسندی بن. تا چەند توانیویەتی جوانی و هونەر بگەیەنێتە ئاستی ژیان و درکاندن و بەهای مرۆڤ.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.
$فەرهەنگ$
وشە لەناو فەرهەنگدا بە یەک مانایی سنووردار و پابەندە، باروبواری هەڵکۆڵینی نەماوە و چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕە، لەسەر ئاستێکی چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندی بۆ دەستنیشان کراوە، واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەی بەرەو پێشچوون کار و چالاکی لێ وەرگێڕاوەتەوە و خانەنشین و لاکەنارە و ئاستداری لێ وەرگێڕاوەتەوە.
شاعیر لە وشەکانی ناو ژیاندا دەچێتە کەشی زاڵ و ڕۆشنی خۆیەوە، وشە لە ساتێکی وردەکارانەدا لە ژیان ئەزموون دەکات. شیعریش، هێز لە خودی زمان وەردەگرێت، بە زمانی ناو ژیانیش شیعرییەتی دەڕژێتێ و پەیوەندییەکانی بە جیهان دەبەستێتەوە، کار و چالاکیی وشە گەرمەکانی ناو ژیان، وشە بێ هێزەکانی ناو فەرهەنگیان لە خەیاڵگەی نووسەری خودوریا دەربەدەر کردووە. هەست بە نائومێدییەکی ترسناک دەکەم لەو وشانەی لەناو فەرهەنگاندا وەنەوز دەدەن. دوای گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەی شیعریی کتوپڕ خەوی دووبارەکردنەوەی لێ دەکەوێت. لەباری دووبارەکردنەوەشیاندا، بچووکتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرهەنگدا خۆشباوەڕ و بێ ئومێدە، بەیەک مانایی دڵی داکەوتووە و فۆرمەکانی کۆتایی پێهێناوە.
شاعیریش لەناو فەرهەنگدا سڕ دەبێت و وێناکانی کوورت دەهێنێت، نەک سەرسام. لە وشەکانی بەردەست و زەینی خۆیەوە دەست پێدەکات و ئاسۆی هاندان و فەزای زاڵ دەبێت. ڕۆشنبیرانی ئەکادیمی و فەرهەنگنووس و زمانەوان لە وشەکانی ناو فەرهەنگدا کار و چالاکییەکانیان بەرهەم دێنن. لە فەرهەنگدا ئاستی جیاکاری زمان نییە. هەموو داهێنانێکی زمان لە ئەدەبدا لەدەرەوەی فەرهەنگ ڕوودەدات، دەقی نایابیش لە کرۆکدا لە پەیوەندیی زمانەوە هێز و سەرکەوتن وەردەگرێت، ئاسۆیەک هاندەریەتی، ئاسۆی ئاستداری و پێکهاتە و پێکهاتن.
لەناو مێژووی ئەدەبدا، ئەدەبێک نییە لە وشەکانی ناو فەرهەنگەوە سەرکەوتنی بە دەست هێنابێت، بۆیە فەرهەنگ لای من بووە تەلیسمێکی بکوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەرهێنا. ژیان فەرهەنگی شیعرە، هەر شاعیرێکیش هانا بۆ وشەکانی ناو فەرهەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەیی خۆی بە شیعر ئاشکرا دەکات. مامەڵەی لەگەڵ وشەی ئامادەکراوە، بایەخی ساتە هۆشیارییەکانی ناوەوەی خۆی لە دەست داوە، واتە: ڕۆڵی بەکارهێنانەوەی لەبیرچووەتەوە و هەست بە کاریگەریبوونی ناکات. ئەگەر نووسینێکی ئەدەبیش ساتە هۆشیارییەکانی ناوەوەی نووسەر، خرۆشانی تواناکان و چالاکیی نەبووبێت. دەقێکی بەتاڵە لە ئەفسانە و ئەفسوون و هۆشیاریی نووسین.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$ناونیشان$
زۆر نییە لەناو ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردیدا ناونیشان وەک بابەتێکی سەربەخۆ و گرینگ، بەهای پێبەخشراوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە هەموو باروبوارەکانیشدا ناونیشان و ناوەرۆک دەچنەوە سەر یەک ماک و بنەما، ئەویش ناوەندە، واتە: دەقەکە، ئەگەر ناونیشان داهێنان بێت، دەبێتە هەستگەرمی و سرووشێک، داهێنانێکی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵبژاردنی لەسەر بنەما و بیرۆکەی: ئەفسانە و ئەفسوون هەڵبژاردنێکی هۆشمەندانە و داهێنەرانەیە، لە وێنە و سرووش و دەربڕیندا بەدەردەکەوێت و وزەی ئەو هەستە دەدۆزێتەوە، کە لە ناوەرۆکدا بەدواداچوون و هەنگاو هەڵێنانە بۆ کۆکردنەوەی تاڵە تیشکەکان و وزەی ڕاستەقینە و هەوێنی شیعرەکە. لە ناوەرۆکدا دەقی نوێبەخش یەکەیەکی یەکگرتووی تێدا نییە، چونکە ژیان پارچەپارچە بووە و جۆرێک هەڵوەشێندراوەتەوە. هەندێک جار پارچەکان لێک دوورن و هەندێک جاریش لێک نزیک. گرینگ ئەوەیە لە هەردوو باروبواری لێک نزیکی و لێک دووریی پارچەکان هەرەم و دەربڕینی ژیانن و بنەمایەکی پەیوەندییان هەیە. هەست بە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ناونیشان و ناوەرۆک ناکەین. ئەم دوو باروبوارەی لێک نزیکی و لێک دووری دابەش دەبن بەسەر دوو خاڵدا:
خاڵی یەکەم: ئەو دەقەی، کە دەقێکی نوێبەخشە یەکەیەکی یەکگرتووی تێدا نییە، ناونیشانەکە دەبێتە تاڵە تیشکێک لە ناوەرۆکەکەدا.
خاڵی دووەم: ئەو دەقەی، کە دەقێکی ئاسایییە یەکەیەکی یەکگرتووی تێدایە، ناونیشانەکە دەبێتە ڕامانی سەرەکی و بە تەواوی جەستەی دەقەکەدا شۆڕ دەبێتەوە و دەبێت بە ڕایەڵ و تانوپۆ، لە ناونیشانە وەش درێژە بە شیعرەکە دەدات ناونیشانەکانی من وەک تاڵە تیشکێکن بۆ مانا و ناوەرۆکی دەقەکان. نەک وەک ڕامانی سەرەکی بەتەواوی جەستەی دەقەکەدا شۆڕ بووبێتەوە، هەروەها تاڵە تیشکەکان لەخۆیدا کۆ دەکاتەوە.
ناونیشان ناتوانێت ڕایەڵ و تانوپۆی ناو دەق ڕێکبخات، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی هەوڵدەدات بە زمانێکی نەرم لەگەڵ ڕەگەز و توخمەکان پەیوەندی درووست بکات و هاوگونجان پەیدا بکات، لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا: (ئەحمەدی مەلا) زێدی خۆی: (زەردک) بۆ ناونیشانی کۆشیعرێکی بەکارهێنا. ئەمە دەستپێشخەری و دیاردەیەک بوو لە ناونیشانی کۆشیعری کوردی، زۆریش بەجوانی گەیشتووە بە ناوەندی خۆبوونی داهێنان.
بەشێک لەناونیشانی کۆشیعری کوردی بەڵامەوە وردبوونەوە و مەودایەکی هونەری و دۆخگۆڕن و سەرسامبوومە پێیان، نەشمتوانیوە سەرسامیی خۆم بەرانبەریان بشارمەوە، ئاستێکی باڵایان بەدەقەکان داوە و هۆکارێک بوونە لە هۆکارەکانی داهێنان و گەلێک پنتیش لە ناوەرۆکدا ڕووندەکەنەوە، ئەو ناونیشانەی سەرسامیان کردووم ئەمانەن:
یەکەم: سەمای بەفری ئێواران - ی جەلال بەرزنجی.
دووەم: سووتان لەبەر باراندا - ی ڕەفیق سابیر.
سێیەم: تەمە سپییەکانی ڕۆح - ی کەریم دەشتی.
چوارەم: هێلانەی نغرۆ - ی مارف عومەر گوڵ.
پێنجەم: تاڤگەی مەند - ی نەژاد عەزیز سوورمێ.
شەشەم: کاتێ قامیش بەئاگا هات بووبووە بلوێر - ی سامان دزەیی.
ناونیشان بەلای منەوە بەسەر سێ دۆخ و ئاستدا دابەشدەبێت و تێدەپەڕێت: ئەوەی لێرەدا وەک بار و بوار و دۆخگۆڕین، بەجۆش و ئەمەکەوە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم. ناونیشانی: (خەون وا خۆی گێڕایەوە) یە. سرووشی ئەم ناونیشانەم بەجۆش و سرووشێکی دووربەدووری ناونیشانی: (زەردەشت وا دوا) ی نیتشەوە لا درووست بووە و لە داڕشتنیدا هاوگونجانێکم بەکارهێناوە، هەروەها ناونیشانی: (کاتێ قامیش بەئاگاهات بووبووە بلوێر) ، لە سرووشت و سرووشی دێڕە شیعرێکی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی، لە سروودی نەی) وەرگێڕاوە. ئەوەی من گەرموگوڕییەکی زۆر شاراوەیە، ئەگەر خۆم ئەم گەرمی پێبەخشینەی ئەزموونی خۆم نەهێنمە بەرباس، کەس هەستی پێناکات و خاڵێکی هاودەقی لێ نادۆزرێتەوە، چونکە زۆر بە ئاگایییەوە لە ناوەندی ناونیشانەکەی نیتشەوە بەهرەم وەرگرتووە و چوومەتە دەرەوە، یان ناونیشانەکە لە سەرسامیی خۆی وەستاندوومی و بەڕێی خستوومەوە بۆ درووستکردنی سەرسامی خۆبوونی خۆم. هەرچی سامان دزەیییە لە ناوەندی دێڕەکەی ڕۆمی نەچووەتە دەرەوە و ماوەتەوە، هەروەها ئەوەندەی من ئاگاداربم، واشبزانم ئاگایییەکی ڕوون و وردم لە شیعری نوێی کوردیدا هەیە. وشەی (ئاو) ، وەک ناونیشان یەکەم جار: (سامی شۆڕش) لە ژمارە (1) ی بڵاوکراوەی (نۆبەرە) ، ساڵی 1970 بەکاریهێنا، شیعرێکی تێدا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی: (بووکی ئاو) . ئەم ناونیشانە بۆ سەرەتای حەفتاکان ناونیشانێکی دۆخگۆڕ و کاریگەر بوو، پاش چوار ساڵی: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) بە جۆرێک لە جۆرەکان وەریگرت، یان گواستییەوە، کردی بە ناونیشانی نامیلکەیەکی بە ناونیشانی: (ئاو) . جا نازانم ئەم شێوازی وەرگرتنە دەچێتە چ خانەیەک، وەرگرتن، یان گواستنەوە، یان … تاد، بەڵام هەندێک ناونیشان هەیە. دەقاودەق وەرگێڕاوە، یان گواستراوەتەوە، یان … تاد، (بەفری گەرم - الثلج الحار) لە بنەڕەتدا ناونیشانی ڕۆمانێکی: (یوری بونداریف) ە، (غائب طعمة فرمان) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. (نەوزاد ڕەفعەت) لە ساڵی 1992، دەقاودەق وەریگرتووە، یان گواستوویەتییەوە، یان … تاد، کردی بە ناونیشانی کۆشیعرێکی خۆی، هەروەها ناونیشانی بەزەبر زەمینەیەکی کاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوە لە مێشکدا دەهێڵێتەوە و واقیعی خۆی تێدەپەڕێنی، دەبێتە واقیعی خواستراوی نووسینێکی تر، یان دۆخگۆڕینێک. نموونە: ناونیشانی کۆشیعری: (گوڵە بەدەکان) ی بۆدلێر، ناونیشانێکی ئێجگار ناسراوە و کاریگەریی و زەمینەی کاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوەی لە مێشکی: (نەوزاد ڕەفعەت) دا جێهێشتووە و بە بێ هیچ ئاماژەیەک لە شیعرێکیدا، جا بێ ئاگایی بێ، یان بەئاگایی بەکاری هێناوە: (شەڕی گوڵە بەدەکانی باخی ئیرەم. گۆڤاری ڕامان، ژمارە 50. ل: 128) ناتوانین لەم بارەوە لە وردەکاری بەراورد بکۆڵینەوە، لەبەر ئەوەی دۆخگۆڕین نییە. گواستنەوەیە.
من هەروا بە سادەیی ناونیشان وەرناگرم و بە قووڵی و وردبینییەوە، فەزای زاڵی دەخوێنمەوە و جێگای بایەخمە، ناونیشانی دۆخگۆڕ واتای جیابوون و جیاوازییە. لەو دۆخەوە خوێنەری نموونەیی تێدەگات نووسەر قووڵبینە، یان ڕووکەش.
ویستم لە ناونیشاندا کارێکی تایبەتمەند پێشکێش بکەم، لە جێگای پیت و دەنگدا وێنەبکێشم، واتە: ئەگەر ناونیشانی شیعرێکم: (باڵندەی مەلەوان) بێت. لە شوێنی ناونیشان وێنەیەکی ماسیگرە، یان قورینگ … تاد، بکێشم. لەیەک کاتدا هەم شێوەی وێنە و هەم نیشانەی نووسین بدات. ئەو ویست و هەوڵەم تەنیا وەک بیرکردنەوەیەک مایەوە و جێبەجێم نەکرد، پێکهاتەی شێوە کارکردنەکەشم بنیاد نابوو. جێبەجێ نەکردنەکەشم تەنیا لەبەر ناکارایی و ئاستی شارەزانەبوونی نەخشەسازەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بوو.
ساڵی 1993، هەوڵێکم لە شێوازی ناونیشان پێشکێش کرد. شیعرێکم بە ناونیشانی: (سەباح) ، لە ژمارە (460ی پاشکۆی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ) دا بڵاوکردەوە. مامەڵەم لەگەڵ چوار توخمەکەی بوون، وەک پێکهاتەی گەردوون و جەستەی خۆم کردبوو. (با، خۆڵ، ئاگر، ئاو) . لە هەر بەشێکی سەربەخۆدا ناوی توخمە مامەڵە لەگەڵ کراوەکەم وەک ناونیشانی لاوەکی لەژێر بەشەکە دانابوو، نەخشەسازی ڕۆژنامەکە هونەرمەند: (هەڵگورد جوندیانی) ، ئەم شێوازی ناونیشانەی بە ڕیزپەڕ و نامۆ زانی، بەنابەدڵی کاری تێدا کرد، ئەنجام هەوڵەکەی منی بە تەواوی نەگەیاند. لە دوای بڵاوبوونەوەیدا، بۆم ئاشکرا بوو ئەم شێوازە سووریالییە فەرەنسییەکان لە سەرەتای درووستبوونیان پێشکێشیان کردووە. ئەم هەوڵەشم وەک سەرەتایەک مایەوە و لێی دوورکەوتمەوە، بەڵام ناونیشان بەوێنە وەک پڕۆژەیەکی دواخراو لام ماوەتەوە و لە کۆشیعرێکم تا بۆم بکرێت و بتوانم پێشکێشی دەکەم، دەشزانم لە شێوە کارکردنەکەمدا بەرەو کوێ دەڕۆم و چ هێڵ و هێمایەک دەکەم بە ناوەند.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$مانیفێست$
وەک پڕۆژەیەک مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشکۆ بۆ ئەزموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونکردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینی تایبەتیی نووسەرن، بە کەرەستەیەکی خەمڵیو و ئەزموونێکی ڕاستەقینەوە بەرانبەر نووسین و ئاسۆی چاوەڕوانی نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەکردنی، بە قووڵی سەرجەم دەقەکانی خۆم بە توانای گۆڕان لە ژیان و هونەر، هێنایەوە ناو زەینم. لە مەودای خاڵی لاوازی، تا خاڵە سەرسوڕهێنەکانی ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕی هۆشمەندی جیاکاریی هەستکردن لە مەوداکانی مامەوە و تێفکریم، تا بووە پڕۆژەی باش بیرکردنەوە و گفتوگۆیەکی ڕۆشن. بنەماکانیم لە شەوق و کاکڵە و ناخی ئەو مەودایانە دۆزییەوە، کە لە واقیعی نووسیندا هێناومەتە گۆڕێ. ئەو واقیعەی چۆنیشی بیر لێ دەکەمەوە و دەیجووڵێنم.
پێش نووسین بیر لە مانا ناکەمەوە، دوای نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، هەروەها بیروڕاکانی ڕامگەیاندوون، هەموویان لە دەقەکاندا شوێنی ژیربێژی و ئەو ئاماژە و نیشانانەی تێیدا بەرهەم هاتوون، ئاشکران. چارەسەری هەندێک لە هەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەکانیشم کردوون، هێڵم بە ژێر دێڕە لاواز و سەرسوڕهێنەکانی کێشاون. خەونم کردووە بە فۆرمی دەستپێکردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێکی دامەزراوی خەونی.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$قۆناغ$
شیعر وەک درێژبووەوەی قۆناغی پێشتری وەرناگیرێت، لە هەندێک ڕەگەزدا یەک دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیدان دەکەوێتە نێوان، دژی قۆناغ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشکردنم، دەقی داهێندراو بەسەر تەواوی ژیاندا دابەش دەبێت.
ژیان و خوێندنەوەی ڕووداو و دیاردەکان بەیەک ئاڕاستە نایەن، بە جیاکاری بیری یاخی و کەرەستەکانی شیعری لە کەشی شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرن. هیچ قۆناغێکیش ناتوانێت قۆناغی پێشەخۆی تەواو لەناو خۆیدا ون بکات، داهێنانەکانی لە گۆشەیەکی تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاکارییەکان سرووشتین. جیاکارییەکانی ئەو قۆناغ و ئەزموونانەی لە داهاتووشدا دەبنە هۆ و مایەی گفتوگۆی گۆڕانکاری هەمدیس هەر سرووشتی دەبن.
شیعر لە زماندا ڕەونەقی شیعرییەت بەدەست دەهێنێت، زمانیش بە ئاڕاستەی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێکەڵاوبوون وەردەگرێت.
ئایا زمانی قۆناغەکانی ژیان درێژەپێدەر و دووبارەکردنەوەی یەکن. بە جیاکاریی ئەو دەستکەوتە هونەرییانەی لە ئاکامی پەرەسەندنی بیر و پێویستییە کۆمەڵایەتی و شارستانییەکان ئەزموون کراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەکان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەکانی هەست پێدەکرێن. زمانی شیعر، شیعرییەت لە زمانی قۆناغێکی دیاریکراو وەرناگرێت، واتە: زمانی شاعیرێک، لە زمانی شاعیرێکی ترەوە دەست پێناکات، هەموو سەردەم و مەوداکان ڕادەکێشێتە ناو بازنەی بەڕێوەچوونی خۆی، هێز دەڕژێنێتە ناو تەکانەکانی بۆ بەکاربردن و ئاماژە ژیربێژییەکان.
هیچ قۆناغێک نابیندرێت، داهێنان تاجی لەسەر هێمایەکی دلێری نەنابێت و ئەستێرەیەکی بەرهەم نەهێنابێت. نموونە: قۆناغی کلاسیکی تاجی داهێنانی خستە سەری: (نالی) . قۆناغی یەکەمی نوێبەخشی، تاجی داهێنانی خستە سەری: (گۆران) . لە قۆناغی دووەمی نوێبەخشیدا، ئاستێکی تر دێتە گۆڕێ و ناتواندرێت داهێنەرێک وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێت و هەموو هونەرەکانی تێدا کۆبووبێتەوە.
نموونە: هەندێک فۆرم و شێواز و وتاری شیعریی لای: (لەتیف هەڵمەت) هەیە. لای: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. هەندێک فۆرم و شێواز و وتاری شیعرییش لای: (شێرکۆ بێکەس) هەیە. لای ئەوانی تر نییە، یان هەندێک فۆرم و شێواز و وتاری شیعریی لای: (فەرهاد شاکەلی) هەیە. لای هیچێکیان نییە، کەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و وتاری شیعری پەرەی سەندووە و ئاستی کۆی وەرگرتووە، تاک وەک ئەستێرە و هێمایەک وەرناگیرێت. فرە هێمایی هاتووەتە ناو داهێنانی شیعری کوردییەوە، بەڵام لە قۆناغی کلاسیکی و قۆناغی یەکەمی نوێبەخشیدا، هەموو هونەرەکان لە هەریەک لە: (نالی و گۆران) دا کۆببوونەوە. بۆیە تواندرا وەک تاک و ئەستێرە دەستنیشان بکرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناغ و ڕێباز و تەوژم … تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعری بێگەرد. بە پلەی یەکەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویی نین. هەندێ باری قووڵی سەرسامی تەسەوف لە شیعری ئەمڕۆ دەبیندرێن و دەربڕین لە ژیان دەکەن.
سیماکانی لە قۆناغی کلاسیکی ڕەونەقیان بیندراوە، وەک پێویستییەک لەمڕۆدا ئەزموون دەکرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونی نوێبەخشی نییە لەناو کلاسیکدا، ئەو شتانەی لە ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەکانی لەناو کۆمەڵگەدا ئەدەبن و ئەوانی تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاکاریی، بنیادی دامەزراندنە. هێڵی ڕوونی ڕوانینەکان بخاتە باری قووڵبوونەوە و سیما هاوبەشەکان بناسێنێت. زمانی جیاکار، ترپە و ئاوازی جیاکاری لێ دەبێتەوە. شێوەکانی دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەک فۆرم و پێکهاتەی ڕستە بەندیش جیاکارییەکان بەرەو چەندین ئاڕاستەی جیاکار ڕاماندەکێشن و بە کارامەیی بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنی ژیان، کە ژیان خۆی کردەیەکی دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەکی سەرسوڕهێنیشە.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$پێویستی$
من چێژ لە سەردەمی خۆم، واتە: چرکە زیندووەکانی ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەکی گەرم و ئاسوودەی دەزانم، ڕۆژ و ڕۆژگارەکانی تێدا بەناویەکدا دەچن و بەیەک دەگەن، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەمە منی دوورخستەوە لەوەی شیعری خۆسوورکردنەوە و هەڵوێستی درووستکراو بنووسم. ئەدەبێکی بە کاکڵ و زیندوو، لە گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووەوە بەرهەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە هەستم بۆ ژیان و هەڵبژاردنی شتەکانی دەوروبەر، پێکهێنان و شیکردنەوە هەڵوێستی وەرگرت. شەپۆلی هۆشیاری لە ناخمدا خۆی هەڵاوێشت و بەڵگەی ئەوەی پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێک خوڵقاوە پێویستی بە دەربڕین و نووسینی پەڕتووکێکە بۆ هەموان، پەڕتووکی بۆ هەموانی من شیعرە، شیعری بێگەردیش پەیامی نییە، بەڵام مانا و سرووشی هەیە، واتە: هەست بکەیت شتێک هەیە و بیرت پێدەکاتەوە.
لەو خرۆشانەی خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم کرد، پێویستە کۆمان بکەیتەوە، خاڵی بەیەکگەیشتنمان شیعرە. فەزای زیندووی پەیامبەریەتی لە بوونم ڕسکا. گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ڕوانینە سەرەتایییەکانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گیانیی یەکەمین ئامادەبوونی نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەی دا. خۆی وەک کاتێکی بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا کردە سەرمەشقی پایەداربوون.
سرووشتی دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندێ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون. هەندێ جاری دیکەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو چرکە زیندووەکانی واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕکێکردنە بیرکردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەکەن و دەچمە ناو کەشی نووسین، واتە: دۆزینەوەی واقیعی نووسین. نووسینیش لە هەموو شوێنێکدا هەیە، لە هەندێک شوێندا بەڕوونی و سادەیی، لە هەندێ شوێنی تردا بە نیمچە ڕوونی، لە هەندێ شوێنی تریشدا بە شاراوەیی. تا لە بۆشایییەکانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامی پێداویستییە شیعرییەکان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسی لەدایکبوونم لە وڵاتێکدا بووە، شیعری تێدا شتێکی جەوهەری و خۆشەویستە.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$ڕەخنە$
نووسین لەبارەی دەقەکانم ڕێکخراون، ئایا بوونەتە هۆیەک لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێکە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێک بۆ خوێنەر بەدی ناهێنێت. سەربەخۆیی دەق و خوێنەر گرینگە، کردەیەکی شارستانی و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێی، بەڵام لەو ڕەخنانەی وەک مەبەست ڕایدەکێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەکێکیانم بۆ دەستنیشان نەکرا پسپۆڕانە لەناو دەقێکم بە پرۆگرامێکی ئەکادیمی، یان خەیاڵێکی داهێنەرانە کاری کردبێت و بەشێک لە کردەی ڕەخنەیی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. کەم ئەزموونی و کەم و کوورتیی دەقی منی خستبێتە بەردەم کۆمەڵێک نیشانە وە، یان خوێنەری خستبێتە خوێندنەوەیەکی تایبەتییەوە، کە پشت بە میتۆدەکانی ڕەخنەگر ببەستێت.
ئەو دیاردانە وامان لێدەکەن بپرسین، ئەرێ ئەم نووسینانە بۆ ڕێکدەخرێن. هەقیقەت لە کوێیە. ئایا هیچ لەو نووسەرانەی، کە ڕۆشنبیریی خۆیان ئامادەیی لە نووسینە ڕێکخراوەکەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەکانی نێوان دەقەکانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بکەن بۆ کارێکی زانستییانە، کە توانای مانەوەی هەبێت، خاڵێک، یان چەند خاڵێکی قەناعەت پێکەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، کە مەترسی بێت بۆ ئەو بیروڕا هونەرییانەی من پێشکێشم کردوون، ئاڕاستە و بڕوای ئەدەبیی منیان پێکهێناوە.
ڕەخنەگرانی ئەکادیمی و خەیاڵ داهێنەریش، توانیویانە پانتایییەکی هەمیشە ئامادەی ئەزموونم پیشان بدەن. هەستیارییەکی قووڵی تێدابێت لەناویدا ئاسوودە بیر بکەمەوە و پەیوەست بم بە خەونی نووسین. هەمیشە بڕوایەکی پتەویشم بە جیهانی منداڵییەوە هەیە. ئەو هەستە پاکەی لە گیانی منداڵییەتی پەروەردە کراوە. هەمان هەستی پاکیش لە سرووشتدا دەجووڵێت. منداڵی و سرووشت ناوەندێکن لە هەموو لایەکەوە بۆیان دەچم.
لە پەیوەندییە برادەرییەکانم بە هەموو هەستەکانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، کەچی زوو لەوە حاڵی دەبم بەرانبەر پێویستە وەک گوێزێکی پووچ لە لێژاییدا فڕێ بدرێت. چۆلەکە پشت و پێش و تەنیشتی خۆی دەبینێت. خاوەنی بینین و مەودایەکی بێشووماریشە. بە پێچەوانەی چۆلەکە یەک ئاڕاستەی بینینم بۆ ژیان هەیە. ئاڕاستەی بینینی هەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، پەیڕەویشی دەکەم. چ زیانێکیش بەو هۆیەوە پێم بگات پێی زەرەرمەند نابم.
دیاردەی بێزراو لە ئەزموونی شاعیریەتیی من بیندراوە، هەبووە بە نووسینێک بردوومیەتە کەشکەڵان، دوای ماوەیەکی ئێجگار کوورتیش هەر خودی هەمان کەسی خاوەن ئاڕاستەی کەشکەڵان، بوونی ئەدەبیمی ڕەت کردووەتەوە، کە ئەو ماوە ئێجگار کوورتە ناتواندرێت وەک گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بکرێت.
ئەگەر نووسەر خۆی لە ئەنجامی ئەزموون و کارکردنی لەناو ئاماژە ئەدەبییەکاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاڕاستەیەی کارکردنە و هاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێک، وەک ئاکامی وەرچەرخانێک بیر لە ئاستەکان دەکەمەوە و پێی خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەی سوودوەرگرتن بێت، سوودیشی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونی و ڕازیکردنی دژەکانم ئەو هەڵگەڕانەوەیەی کردبێتە داو و هێڵێک و کردەی نووسینی بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەکی ئێجگار کوورتدا بە چەند ئاڕاستەیەکی دیکەشدا کێش و نیشانە و ئاڕاستەکردن وەربگرێت. کاری ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگی ئەدەب لە ڕۆشنبیریی کوردیدا دەربخات. هەندێک نووسین لە ئاستی هەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیی تێدایە. هەشە بە شێوەیەک دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستی ئەدەبی دیاریکراوی کردووم. ئەمەشیان بێگومان ونکردنی ڕۆشنبیریی تێدایە.
خۆشم لەو دوو بەرەی دژ بەیەکە باش حاڵیم، داهێنان لەو پاداشتە نییە، کە لە ڕەخنەگر، یان هێزی باڵادەستی سیاسی وەردەگیرێت. خورپەی دڵ فەرمانڕەوایی بەردەوامیی داهێنانە. دیارییەکە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنێ و ئاشکرای دەکەن.
هیچ ڕستەیەک لەبارەی نووسینێک نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر هەست و دەروونی نووسەرەکەی تێیدا ئازاد نەبێت، تا سەر ئێسکان گیر بخوات لە خوڵقاندنی دوو دیوی و کلکایەتی، لەگەڵ هەموو نووسینێکدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕک و بوغز و تاکتیکی سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە هۆشیاریی ڕەخنەیان تێدا بەکار نایەت. زیاتر چاودێریی نووسین و هەڵکوتانە سەر و پەلاماردانن. ئەم جۆرە ڕەتکردنەوانەش تەنیا شکست بۆ خاوەنەکەی تۆمار دەکەن. شکستییەکەش دەبێتە بابەتی لادانی ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەکان و ئەم و ئەو ڕازیکردن لەسەر ڕەنجی ئەو دەقانەی خاوەنی هەقیقیترین بنەمای شیعرییەتن.
هەندێک لە نووسینی بێزراو، یەک لەوانە لە ژمارە (126) ی هەفتەنامەی: (پاشکۆی ئێراق - 28/2/1990) ، بە ناونیشانی: (عاجباتی هەشتەم لە جیهانی ئەدەبی کوردی) ، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەکرتێنێت) داوە.
لە ئاییندەشدا گاڵتەکردن بە ئەزموونی سەرکێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونی سەرکێشانی دی کراون، دواتریش بوونەتە هێمایەکی ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، کە توانیویەتی سیمای داهێنانی تاقانەی خۆی دەربخات، چووەتە ناو هەندێک کۆڕ و کۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیری کەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (هەلوور بەلوور تەکامە - زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەی شیعری لەدەرەوەی ژیان دەرهێنا و کردی بە ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتایییەکیشی بۆ خوێنەری نموونەیی جێهێشت. ئەم دەربڕینەیان وەک بەهانەیەک دەهێنایەوە، کە لەسەر ئەم کێشە خۆماڵییە سیماکانی شیعری کوردی دەرخستووە و بە کارامەیی و وردی هەوڵی تێگەیشتنی کێشە خۆماڵییەکانی داوە، من لێرەدا سەرنجەکانم دەرخستووە و لێم نەکۆڵیوەتەوە، واتە: ئەم دەربڕینەم تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەیە. بەهەرحاڵ ئەرێ ئەو ڕێزدارانە کێ بوون و لە مێژوودا چییان پێکرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەک ڕەگ و سەرچاوەی چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەکانی خەیاڵکردن و بیرکردنەوەمان لێک ئاشکرا بکەن. لە لێکجیابوونەوە و پێکەوەبوونیانیش هاوگونجانێک نیشان بدەن، یان لە پانۆرامای داهێنان لە کوێندەر دەستنیشانیان بکەین. ئەوانەی هەقیقەتی داهێنانی مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، کە (گۆران) توانی دیوانی نوێبەخشی شیعری کوردی بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتی زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەی، کە خۆی لە ژیاندا مابوو، هەیبوو، کەواتە: بەرهەمهێنانی شیعری بێگەرد ئەفسانە و ئەفسوونی هەموو سەردەمەکان و بەگەڕخەری هێزی ژیانە. لێکدانەوەی شیعر، یەک لەو گوناهانەیە، کە لێخۆشبوونی بۆ نییە، لە لەدەستدانی ئەزموونی ئێستێتیکای بەشێک لە نووسینی کوردی، لە لێکدانەوەی ئەم وێنە شیعرییەم، بەدڵ داوای بووردن لە گیانی بەهێزی ئەم گوناهە دەکەم، ڕەنگە خوێنەر هەندێک جار تێگەیشتنی بۆ دەق بگاتە ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەکە و قووڵتریش بچێت.
دەقی من کەم تا زۆرێک هۆشیارییەکی جیاکاری هێناوەتە گۆڕێ و لەناو کولتووری کوردییەوە هاتووەتە بەرهەم، ڕەنگە هۆیەکەشی ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم کلتوورەدا هەوڵ بۆ خۆبوونی خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرهەمی بیری گەرمی منە، خەیاڵی شاعیرییەتیم لە هێنانە پێشەوەی منداڵی تاقی کردووەتەوە.
یەک لە جەژنەکانی حەفتاکان، جەژنانەکانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەک لە کوڕەکانی مامم چووین پەنجا فلسەکەمان خستە سەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەو نیازەی، کە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەکە گەورە دەبێت و فۆرمی سەد فلسی وەردەگرێت. بە ئەنجامی ئەو کردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین. کەچی بە شێوەیەکی وا هەردوو دیوی پەنجا فلسەکەی سڕییەوە شوێنەوار و نیشانەی پارەی پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژی جەژنێک بێبەشی کردووم و چێژی ساتێک لە منداڵیی کوشتووم و نەفەسبڕ دنیای ئەفسووناوی دەستکاری کردم.
لەم وێنەیەدا سڕینەوەکەم وەک کاردانەوەیەک کار پێکردووە و جووڵاندوومە. بەلای زۆرێک شەمەندەفەر هۆی گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵی و بڵاچەی ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگای ئەو کاتی من وەک دڕندەیەکی ترسناک تەماشا دەکرا، هەروەها وەک وێنەیەکی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەکار براوە. شەمەندەفەر هاوتا کراوە بە کەسایەتیی دیکتاتۆر و جووڵێندراوە، کە نەشونماکردنی ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێکی نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن.
هێزی خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەکی نیشانە ناسیشم لەنێوان هێزی نووسین و هۆشمەندیی کۆمەڵگەدا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەقئاوێزانییە لە کێشی ڕەخنەنووسێک نییە، کە خاوەنی پڕۆژەی دۆزینەوە نەبێت.
کات و شوێن و هێما و هێزی خودی چالاک لە دەربڕینەکانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هەمەچەشنی مرۆڤ و شێوە و شێوازی تەقینەوەی خێرا.
لەبارخراپیی کێشە و گرفتی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا، هەندێک لە نەوەی پێش خۆم و نەوەی دوای خۆمی گوێڕایەڵیان، بەهەوڵی شانەیەکی لێک نزیک، نووسینم لەبارە ڕێکدەخەن. بە ئاشکراش کار بۆ ئەم هاوکارییەیان دەکەن. شانە دووبارەکردنەوەی ڕەفتاری خێڵایەتییە، بەهەمان جۆر و دەستووری سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. هەر خەوندیدەیەک ئەفسانە و ئەفسوون و ناوەندێکی زاڵ و کاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە کۆنخوازانەی بڕوایان بە بیرکردنەوەی ئەوی دی نییە. ترسی هەڵوەشانەوە وەک عەلیشیشی گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەی سرووشتیی خۆیان، کەواتە: دژایەتیکردنەکە بە سرووشتی و تۆمارکردنی ناکۆکیی ئەوی دی وەردەگرم. نووسەر بینینی ژیان و سەیری دنیاکردنی، بووە کۆنترۆڵکردنی ئەوی دی، لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەی خۆی گەییوەتە کۆتایییەکی بێزراو. نووسەرێکیش لەگەڵ خودی خۆی گەیشتە کۆتایی، گوڕنەتەڵە و چەنەباز و منگەمنگکار و دەعبای پەلوپۆ شکاو و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بکات لە خانەی پیر و پەککەوتووەکان ناونووس بکرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوی دی نییە، بینینی ژیان و سەیری دنیاکردنم لەگەڵ دەروون و بیرکردنەوەی خۆمدا، هەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. شانە دەستکردی دەسەڵات و هێزی باڵا دەستی سیاسییە. کار پێکردنیشی بە نیازی ڕێ پێ بزرکردن و دووچاری گرفتکردنی ئەوی دی، خۆی ترسێکی کەمەرشکێنە لە ئەزموونی پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەهێزی خەونبینیم بۆ نوێبەخشی، وا دەبینم یەک یەک دەگلێن و ڕووبەڕووی داهێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پڕۆژەش دەبێت بە خاوەنی ئەو سەروەرییە بێدەنگەی کە دەقە، هەروەها جیاکاریی نەوە جیاکارەکانیش بە دیاردەیەکی تەندرووست دەزانم و ڕێزی لێدەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسرووشتییە دەکەمەوە لەسەر بنیادی ڕوانین درووستی ناکەن و ئیرەیی و حوکمی پێشینەی بێ کەڵک بەڕێوەی دەبات. بە هیچ جۆرێکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە هێڵی هاوبەشی خۆم لە شیعری کوردیدا جیا بکەمەوە، بەڵام هەردەم ئەو بیرکردنەوەیە دەمخواتەوە، کە هەنگاوێکی چوست و بنچینەیی دیکەبم لە ئەزموونی قەناعەت پێهاتووی خۆم. لە هەموو ناوەندێکی بە گێچەڵیش دوور دەکەومەوە، سەرگەرمی بەدیهێنانی خەونی نووسین دەبم، جۆشێکی خۆڕسک و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونی هیچ شاعیرێکی کوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعری تاک تاک و هەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم کردووە. ئەم بارەی خۆم بۆ ئەزموونی ئەوانی دی، بەهەمان چەشنیش لای ئەوانی دی بۆ ئەزموونی خۆم بە ڕەوا دەزانم.
لە سەرجەم دەقەکانیشدا ئاڕاستەیەکی خەونیم، یان نیمچە خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سرووشتی پێغەمبەرانە، خودا دەیدات بە کەسی پەیامدار. من وەک کەسایەتی، خەونێکم لە شیعرەوە بەرهەمهاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەک لە خەوندا هەموو گەمارۆکانی شکاندووە، نووسین ڕاوی ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەی واقیعە، زمان لە دەقی خەونیدا ئامرازی گەیاندن نییە، ئامرازی سرووش و چالاکیی وێنە و ناسینی ڕەنگەکانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوی دی، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودی وریای خۆت، کە گەیشتی بە خودی وریای خۆت، دەرەوە و ئەوی دی بەلاتەوە دەبنە شتێکی لاوەکی، یان زۆر لاوەکی. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەهایە، تەمەن و کات هەر هێندە باروبوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرینگیشی نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوی دی چییان لە من دەوێت.
ئیلتیزامم بە بڕوا هونەرییەکانی خۆمەوە هەیە، کولتووری نیمچە تایبەت بە خۆشم هەڵبژاردووە و کاری پێدەکەم. هەستیش دەکەم کۆمەڵگەی ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردووەوە، پێویستە دەربهێندرێت، مانەوەی توانا و ئەزموونی هەڵدەبزڕکێنێت و زیان بە گەشەسەندنی دەگەیەنێ و خەمڵینی دوا دەخات.
لەو هەموو گێچەڵانەی پێم کراون، تەنیا وەک نموونە و ڕوونکردنەوە: تیشکێک لە یەکێکیان وەردەگرم و مەودایەک دادەمەزرێنم: لە 6/3/1985 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خوێنەری هەولێر، یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی هەولێر، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەی بۆ کۆمەڵێک شاعیر ڕێکخست، ڕێکخەر و کۆڕگێڕ: (محەمەد خدر مەولوود) بوو، من بەشی پێنجەمی (زێوان) م خوێندەوە. کۆپلەیەک لەم بەشەی خوێندمەوە ئەمەیە:
(من کەوتنی خۆم خۆش دەوێ
باوەشمی تێوەردێنم) زێوان: ل41
کۆڕگێڕ بەم کۆپلەیە کاریگەر بوو. تاسەی بەردەوامیشی بۆی هەبوو، هەر چەند جارێک یەکتریمان دەبینی باسی ئەم کۆپلەیەی دەکرد. ویستی کۆچیرۆکێک چاپ بکات. داوای لێکردم ئەم کۆپلەیە وەک کلیل بەکار بهێنێت و ناونیشانی کۆچیرۆکەکەی بکاتە (کەوتن) ، لە کاتێکدا ئامادەبوو هەموو دەربڕینی ڕۆحی خۆی لەژێر کۆپلەیەکی زێواندا ناودێر بکات. دواتر ساردییەک کەوتە نێوانمان و زێوانیش وەک پەڕتووک چاپکرا. لە ژمارە (15) ی ڕۆژنامەی: (ئاسۆ - 14/11/1989) ، نووسینێکی لەبارەی زێواندا نووسی بە ناونیشانی: (دەقی مردوو: زێوان = جلوبەرگ = .) ، کارێکی بە زێوان کرد، مەگەر ڕەشەبا بە داری بەری کردبێت و هەر ئەڵڵا ئەڵڵا و دەستنیشانکردنی چییەتییەکی دیاریکراوی بوێ.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$خوێندنەوە$
شێوازی خوێندنەوە بەشێک لە بەهای چێژی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەی چێژەش دەبێتە بەشێک لە ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وەک دەق، شیعر وەک شێوازی خوێندنەوە. دوو یەکەن لە یەک سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.
وەک دەق دەسەڵاتی جوانی و بیرکردنەوە لە چێژدا درووست دەکات.
وەک شێوازی خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماکانی دەست و ڕوخسار، ڕۆڵی جوانی و بیرکردنەوە دەگێڕن و درووستی دەکەن.
ئەزموونی شیعر خوێندنەوەی ناو هۆڵ و بەر میکرۆفۆنم هەیە، بەڵام شێوازی خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماکانی دەست و ڕوخسارم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینی گواستنەوەی مانا و جوانی لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداکانی بیرکردنەوەی خۆم لەگەڵ مەوداکانی چێژی گوێگر سەرچاوەکانیان تا ڕادە و ئاستی ڕژانە ناویەک لێک نزیک نابێتەوە.
لە 15/9/1985: (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی) نووسینگەی هەولێر، کە: (مەحموود زامدار) بەرپرسی بوو، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەی بۆ شاعیران: (فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی و قوبادی جەلیزادە و ئیسماعیل بەرزنجی و محەمەد حسێن هەڵەبجەیی و من) لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر ڕێکخست، من شیعری:
(دابارین) م تێدا خوێندەوە. (حسێن عارف) سەرنووسەری گۆڤاری (کاروان) بوو، دوای تەواوبوونی کۆڕەکە ئەم گەورەیییەی نواند و بە بزەیەکی باوکانەوە شیعرەکەی لێ وەرگرتم و لە ژمارە (43) گۆڤاری کارواندا بڵاوی کردەوە. ئامۆژگاریشی کردم، شێوازی شیعر خوێندنەوەم باش نییە. ئەم ئارەزووە لەناخی خۆم بمرێنم، کە لەبەر میکرۆفۆن دەربکەوم و بناسرێم. پێی وتم: میکرۆفۆن بۆ گۆرانیبێژ سەکۆی تاقیکردنەوە و خۆپێشکێشکردنە، تۆ شاعیری و بەرەو شیعری جیهانبینی و تێڕامان دەڕۆی. لەم چوار شاعیرەی تر، کە شیعریان خوێندەوە جیابووی. لەم باروبوارەدا زمان و شێوازت بە هونەری جۆراوجۆر و قووڵبوونەوە دەوڵەمەند بکە، بەردەوامبوونیش بۆی سەلماندم ئەو چوار شاعیرە وەک سەرەتا و لە یەک شوێنپێ مانەوە. دوای ئەم گەورەیی نواندنەی هەمیشە وەک داهێنەرێک و مرۆڤێکی گەورە تەماشام کردووە و ڕێز و شکۆیە لەنێوانمان بەردەوامی هەیە.
شیعر شوێنی ڕاستەقینەی گرتووە. چڕبوونەوەی چێژی کۆمەڵگەی کوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. هیچ هونەرێکی دی هێندەی ئەم بەشە پەروەردەی چێژی کۆمەڵگەی نەکردووە. هەندێک خورپەی بزربووی ناخ هەن، ڕەگەزەکانی دیکەی ئەدەبی نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەباری درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و هونەر ئاڕاستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام کردەی داهێنانی پەتی، ستایشی ژیان نییە لەپێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ لەبارەی ژیان و چێژ دەخوڵقێنێ و دەیکاتە قەناعەتی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەکان دەدۆزێتەوە.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین.
$تێپەڕاندن$
بە هیچ شێوەیەک بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیهانبینیی جیاکار هەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بهێنم: (نالی) ، (باباتاهیر) ی تێپەڕ کردووە، هەروەها: (گۆران) جەستەی شیعری کلاسیکی بەتەواوی جێهێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵی جیابوونەوەی ڕەهامان لەگەڵ نەوەی پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەکی بەهێز لەنێوان هەموو نەوەکاندا ئاشکرایە و لەوانەی دوای ئێمەمانانیش بەردەوامی دەمێنێت. وا دەبینم هەر ڕۆژ و ڕۆژگارێک جیهانبینیی خۆی بەسەر کەسی خاوەن جیهانبینیی ڕۆشنکار و هێمای هەمەچەشن دەسەپێنێ. وەک چۆن هەموو وەرزێک بە فراوانی سەیری ئاو و هەوای تایبەت بەخۆی دەکات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و هەوایەش کەم و زۆرێک کاریگەریی بە بارستی خۆی بەسەر نەشونمای درەختەکان جێدەهێڵێت. ئەوەی تێبینیم کردووە نەوەی پێش ئێمە ستوونی ژیانیان هێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان کرد. ئێمە ستوونی و ئاسۆیی و بازنەیی ژیان و خەیاڵ و خەونمان هێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان کرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.
نەوەی دوای ئێمەش کۆمەڵێک جیهانبینیی زیاد دەکەنە سەر قۆناغی شیعری ئێمە. ئەمە یاسای ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵکردنی ئەم هەقیقەتە ناوەندێکی چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و هەقیقەت بینین و دیاردەکانی پەیوەندیدار بە چییەتی بوونەوە.
پڕۆژەی تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەی پێکهێنانی هێڵ و هێماکانی خۆمم، شیعرییەت سیمای ڕوونی گشت نەوەکانە و شانەیەکی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێکهاتەی مرۆڤدا.
دەقئاوێزانی دەتگەیەنێت بە فۆرمی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی چالاک و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەک دەقئاوێزانی لەگەڵ گیانی بەهێزی ڕۆشنبیریی دنیا نەهێنێتە ئاستی هەست پێکردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ئەوانی دیکەدا، ببێتە کەسایەتییەک: بتوانێت زانستی ژیان کۆ بکاتەوە. ڕۆشنبیرییەکیش نەتوانێت ببێتە کەسایەتییەک. زانستی ژیان کۆ بکاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریی دنیادا خەیاڵی باش بەڕێوە نەچووە.
لە بەرزبوونەوەی هێڵی هونەری دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشتەجێ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاک و بەرهەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێتەوە. چرکەساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چرکەساتێکی گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$بەهرە$
لە دامێنی هەر دەقێکم، مێژوویەک تۆمارکراوە، بڵێی بڕوام بەوە هەبێت نووسین هەڵچوون و کاتی تایبەتییە، یان بەهرە و سرووش ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بەشدار و هاوکارم بن لە نووسینی بەشە پێکهێنەرەکانی دەق. لەو تەمەنەی نووسینمدا، کە نزیکە چارەگە سەدەیەکە بەکامی دڵ لەناو سنوورەکانی لە هاتوچۆدام، ژیان هاندەر و هۆکاربووە بۆ وزەی خرۆشان. ڕاوی چەند دەقێکم کردوون، ئەوانەی نووسیویشمن هێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەهرە و سرووش کار لە ئامادەبوونی نووسەر دەکەن بۆ کەشی خرۆشان، بەڵام وەک هاندەر و هۆکار و خورپەیەکی شاراوە نەک شتێکی بنەڕەتی و تەواوکاری بنیادی بەردەوامیی نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیکای ویژدانی، بە پلەی یەکەم کاریگەریی و بەشداریی بەردەوامیم دەدەنێ. ناخی وریام ئامادەی بنیادی بەردەوامیی نووسین دەکەن.
سەرەتاکانی نووسین لە هۆشیاری و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانی کەشی نووسین دەکات. لەوانەیە ئەم کەشە چێژبەخشە شکۆ و بەهرە و سرووشی نووسین بێت و بنەماکانی بەڕێوە ببات، کە ژیان و سرووشت و دڵبەر وەک تۆیەکی گەردوونی ببینێ و مامەڵەی ئێستێتیکی لەگەڵدا بکات. تا ڕادەیەکی زۆر باش نووسین پێویستی بە ژیری هەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە هونەرییەکانییدا بشکێت، ئەفسانە و ئەفسوونی نووسین بەهۆی بەهرەیەکی پەروەردەکراودا بەجێ بهێنێت.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$خوێنەر$
لەناوەوەی خۆم، بە بۆچوون و تێگەیشتنی زاهیدێک ژیانم هەڵبژاردووە و بە چاوی دەمار و خوێن و پشت سەیری تەواوی شیعری کوردی دەکەم، شیعری: زمان و ئێستێتیکی و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر وەک توانا و ئەزموون هەڵگری وزەی ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچاری نەسرەوتن و هەندێک جەنگی پێویستی کردووم. بوێرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی لە لەناوچووندا دەبن بە هەست، پەڕتووکی دەگمەنن. هەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسم، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، هەست و خەون لەناو دەقی شیعریدا دەیکەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵی هاوبەش نزیک دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێک بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەری لە سێبەریدا بە یەکتری دەگەن و دەبن بە واقیعێک لە واقیعەکانی بوون. لەنێوان پەسندکردن و ڕەتکردنەوەی خوێنەرانی هۆشیار و خوێنەرانی ئاساییدا، نووسین لەکوێ خۆی دەدۆزێتەوە. جیاکاریی نێوان خوێنەری زۆر و خوێنەر ئاشکرایە. قۆناغی شیعری کلاسیکی کوردی پڕ خوێنەرە، بەڵام خوێنەری نییە.
ئەو مشتومڕە لە نهێنیی ئەو دەقانەدا بە دەست دەکەوێت، وەک سەرچاوەی چێژبەخش پێویستمان بەخوێندنەوەیانە. پەیوەندییەکی دڵخۆشکەریان لەگەڵ مووچڕک و تەزوو و خورپەی شاراوەی ناخ پێکهێناوە.
من یەک بەباری خۆم، کە پەستی دامدەگرێت و لە هەموو دنیا بێ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانی: مەحوی، یان دیوانی: حاجی قادری کۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان، یان کۆشیعری: ئەحمەد تاقانە … تاد، دەبەم. لە شیعری کوردیدا ئەمانە نموونەی دەگمەنن. ئامادەم دەکەنەوە بۆ گرینگیدان بە هەموو بوارەکانی ژیان، یان دەگەمە فۆرمی گەیشتن بە هەموو شتەکان و ناخی خۆم. هەر هەموو ئاستێکیش ڕێز لە ژیان دەنێت و هەوڵی بەرەو پێشەوە بردن و گەشەسەندن و بیرکردنەوەی باشتر دەدات، هەریەکیش بە تێگەیشتنی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونی مەوداکانی زمان و هێشتنەوەی بە زیندووێتی ئەو متمانەیەی دەبێتە خەونێکی بەدیهاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەکاتەوە. من خەونم هەیە، لە خەونەکانمدا دەست پێدەکەمەوە و دەچمە ناو مەوداکانی بیرکردنەوە و نووسین.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$وشە$
وشەی: خەون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنی خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە هەبێت و چوارچێوەیەکیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزی ئەم وشانە دیدگای منیان دیل نەکردووە، زیاتر بەلای خۆیاندا بەکێشیان کردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەکردنم ناساندوون، کەشوهەوان بۆ ئەزموونی خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزای بوونەوە هەیە، نەک فەزا و ڕەگەزی هاندەر و هۆکار. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلی مانا و جوانی و شیعرییەت. شیعری من مەبەستی مێژوویی تێدا نییە. داڕشتنێکی بوونی و گەردوونی و خەونییە. کار لەناو خەون دەکەم بۆ درووستکردنی جیهانبینی، خەون و منداڵی و مردن پرسیاری ئەزەلین، نەکراوە وەڵامێکی ڕەها بۆ پرسیارەکانی ئەزەلییەت بدرێنەوە، هەر وەڵامێکی دەبێتەوە کۆمەڵێک پرسیاری دیکە بۆ ئازادکردنی واقیع. دووبارە نیاز و کەڵکەڵەی گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەکەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیی دەربڕین و هۆکاری گۆڕاو، خەون و خەیاڵ و توانا و ئەزموونمان دەجووڵێنێت، دەکرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دوای کۆتایی زەوی، یان دوای دۆزینەوەی بزەی مۆنالیزا و بەختیاری تا هەتایی، بڕوا بە بەختیاری تا هەتایە، کاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆکی مێژووی گیانی پێکهێناوە.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$لایەنگر$
بەڵامەوە گرینگە هەموو ئاستێک ببێتە لایەنگری دەقەکانم، یان نا. بەهای دەربڕینی ئازاد شوێنی نووسینی لە جیهان دۆزیوەتەوە، بە تەواوی مانای ئازادی، ئازادیم لە جۆری بیرکردنەوە و هونەرە جوانەکان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین کردووە، ئازادی لەناو هەستیاریی نووسین دەتوێنمەوە، کەسی دووەمیش بەهەمان ئازادی بەڕێوە دەچێت. منی وەک نووسین بەلاوە گرینگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشی لا وێنا دەکەم بە هەموو توانای گیانی و هێزی ئەقڵیمەوە ئاماژەکان بە دەربڕین و ناوەندی بەرهەمهێنان بگەیەنم، بارێکی گیانیش لەناوەندی نووسین چێژی هاندانم دەگەیەنێتە پلەی توانەوە و تێکەڵاوبوون بە زۆرێک لە شتەکان. هەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانی پەیوەست بخزێنمە گیانی گەردوون و ئادەمیزادەوە. گەردوون و ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە باری یەکەمین فڕین. ئێستێتیکای هاوبەش و ڕۆشنایییەکانی ناو دەق دەکەمە هونەری لێکدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشکردنەوەی ڕۆشنایییەکانی خەیاڵ و ئەندێشەی وەرگر. وابەستەی کولتووری پڕ چالاکیی کوردیم، ئەو کلتوورەی پەیوەندیی بەهەر هەموو کۆمەڵگەوە هەیە. بەرهەمی هۆشمەندییەتی، کەواتە: ئێمە ناوەرۆکی گشتیی کولتوورین. تێکۆشانێکی سەخت دەکەم، ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.
کلتوور بەو بارە زیندووەی خوڵقاندوویەتی، بەناوبانگترین جۆری دەربڕینی ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێکی دووریش هەر بەو شێوە چالاکەی دەمێنێتەوە. مامەڵەی من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەی ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتی بوون و نەبوون و شوێنەزا و گەردوون. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، کە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەکانگیربوونەوەی ئاسۆکانی ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$شێواز$
جوانی لە سادەیی و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەکان لەناو دەبا و دڵی جوانی تێدا هێور ناکرێتەوە، شتە جوانەکان بە سادەیی دەوترێن. لە بەشێک لە بەرهەمی هەشتاکانم لە بنیادی قووڵی تەمومژدا کارم کردووە، تەمومژ لە ئەنجامی جوانیی زمان درووست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامی بنیادی ڕووکەش و هەڵەی زمانەوە.
نموونە: بێزمانێک، واتە: لاڵێک دەچێتە لای مرۆڤێک، داوایەک دەخاتە ڕوو. بێزمانەکە لای خۆی مانا و لێکدانەوەیەکی بۆ داواکەی هەیە و دەزانێت چی دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوونیی زمانی نییە. ناتوانێت داواکەی لەبەرانبەر بگەیەنێت.
شاعیر هەن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییە. لە دەروون و هەستی یەکئاستیی خۆیان مانایەکیان بۆ نووسینەکەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێکی ڕوون لەبەرانبەر بگەیەنن، لێڵی ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆی پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ و هاندان و هۆکار، تەنانەت ڕەنگی سرووشتیش گۆڕان لە خودی خۆی پەروەردە دەکات. درەخت لە پارچە زەوییەکی بچووکدا کەشوهەوای نەشونما وەردەگرێت، هەموو ساڵێکیش گەڵاکانی خۆی لەناو دەدا و هێمای ڕوون و شێوازی گەڵا نوێیەکانی دەکاتە کردەیەکی ڕاست. یەک شێوازیش لە ئەزموونی خەوندیدە و وێڵی دۆزینەوەی ژیانی بە پیتدا، دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و کارکردنیش لەناو شێوازێک ڕایەڵ و تانوپۆی داهێنان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەموو سەربەخۆیی و دەسەڵاتێکی کەلکێشیش زەوت دەکات، گیانی بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەی لەناوەڕاستی هەشتاکانەوە ئەزموونم کرد، هەوڵم دا لەو ئەزموونەدا کار لەناو مانای زمان بکەم و مانای بابەت بمرێنم.
ئەزموونێک بوو، ویستە هونەری و کەلکێشییە زمانەوانییەکانم تێیدا پێشکێش کرد. دوای ئەم پێشکێشکردنەش خواستی گۆڕان لەناوەوە هەژاندمی، هەستم کرد کارێکی دیکە هەیە بۆ کردن، دنیایەکی دیکەش هەیە بۆ بینین و شێوازی ژیان. کاتێک ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێک واز لێ بێنم و سەرگەرمی ئەزموونێکی دیکە بم، دیارە وەک ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستی و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچاری خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتە دێم، خۆدووبارەکردنەوە و پێکوتەش کەشی نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو باروبوارەدا هێزی خود و ڕستە کاریگەرەکانی مرۆڤی نوێبەخشیش بۆ جوانی و ژیان، بێ کاریگەر دەبن.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$ڕاگەیاندن$
ڕاگەیاندن کەناڵ و ناوەندێکی خزمەتگوزارە بۆ کردەی ڕۆشنبیری. لەناو ڕۆژنامەوانیی کوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونی بەپیتی زۆرێک لە نووسەرانی کورد و سوودمەند بوویمە بە بیروبۆچوون و فۆرمەکانیان. لەلایەکی دیکەشەوە هێندەی لە بەشێک لە ڕۆژنامەوانی بە ناهەق لەبارەی منەوە نووسراوە، هێندە بەهەق لەبارەی ئەهریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕای ئەمانەش بەبێ هیچ هۆیەک بە مەبەست و هەڵەی دەستئەنقەست ناوم لە لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنە ئەدەبییەکان دەسڕنەوە. بەشێک لە ڕۆژنامەوانیی کوردی هەوڵی تێدا دراوە هەقیقەتی شیعری من بشێوێنێت. لە ڕۆژگاری ژیاندا ئەوانەی لە چێژی باوخوازەوە تەماشای ڕستە کاریگەرییەکانی ژیان دەکەن تاوانکارن، نوێبەخشەکانیش قوربانیی ئەو هێزە باڵادەستانەن، کە تاوانکاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەکەن بۆ بەجێهێنانی مەرام و تاکتیکە سیاسی و شکستە ئەدەبییەکانیان، دیمەنە سادە و کاریگەرەکانی ژیان وەردەگرم بە تێکەڵاوکردنی فۆرمەکانی گەیاندن چەند ئاستێکی زمانەوانیی شیعرییەتی تێدا دەکەمە ستوونی تایبەتکردن و درەوشانەوە. وەک دەقی بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم کۆمەڵێک نیشان و پرسیار، شتە سادەکانیش بەردەوام لە سرووتی تایبەتی و دانایی لەناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گەرمایی هەستەکانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیهانبینییەکی باشتر بەرجەستە دەکەن، تا لە ژیان کاریگەریی و کردەوەی خۆیان نیشان بدەن.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$تێڕامان$
بێدەنگی لە قووڵایی نەزاندراودا پەیوەندیی دیکە لەگەڵ ژیان و بوون و گەردوون دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەکانیشی لەگەڵ واقیع زیندوو دەکاتەوە. هەندێک شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیرکردنەوەی ڕێکی دەخاتەوە و ئامادەی گوتنی دەکات. پێکهاتەی سرووتی کەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەکانی ژیان وا هەڵکەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق درووست دەکەم. لە قسەکردندا خودی ئامادەکراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنی ناو دەقیش ئەفسانە و ئەفسوونی خودی وریا و هۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوەوەم دەکوژێت و بنیادی ئامادەبوونی بەردەوامیی نووسینم دەشڵەژێ، ئەفسانە و ئەفسوونی خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ کەسی سیاسی گونجاوە، باروبوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەویدی درووست بکات، نووسەریش باروبوار بۆ تێڕامانی تاکییەتی و هەستەکانی خۆی دەستەبەر دەکات. خۆم بە تێگەیشتن لە کرۆکی ڕۆژگار و بێباکی گرتووە، پڕۆژەکانم بەهۆی زمان و ئەفسانە و ئەفسوونەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەی نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە هەوڵی تێڕامان و بێدەنگی بەردەوامبم، کە دەقی بێگەرد بێدەنگییەکی بەردەوامە.
بێدەنگی لای من مانا قووڵەکانی خەون و گەردوون ئاگادار دەکاتەوە و پرسیاری ژیان و بوونی هەیە و دەیکات بە توانا و ئەزموون.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
$گفتوگۆ$
هەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بەدوور گرتووە، ئەو دەسکەوتانەی لە بار و بواری شیعرەوە بە دەستم هێناون، دەکرێ بکرێنە جێگرەوەی هەموو گوتن و نووسینێکی دیکە. هیچ نیازێکی گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکان بیکەم بە ناوەندی دەربڕین و درکاندن. هەموو ساتە هۆشیاری و نهێنی و هەستکردنەکانی ڕایەڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم، لە هەناوم خۆیان ڕاپسکاندووەتە دەرەوە و لە دەقەکانم درکاندوومن. خۆ تەرخانکردنیشم بۆ بەرهەمهێنانی دەق بەلاوە گرینگ و ناوەندە. دەق بنەمای پەیوەندییەکان جوان و فراوان دەکات، فۆرمەکانی دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەکان دەدۆزمەوە. دواتر گیانی بزێوی شتەکان دەنووسمەوە و هەستی تێدا دەخوڵقێنم.
نووسین و قسەکردن لەبارەی شیعر بە کردەی دۆزینەوە تێناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. هەوڵ دەدەم خۆمی لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە هەموو بابەتێک پتر، تامەزرۆی خوێندنەوەی دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانی شاعیرانی بە ئەزموون و ژیننامەی کەسایەتییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعردا دەمانباتەوە بۆ سەردەمی لەدایکبوونی یەکەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەی یەکەمین مرۆڤ ڕستەیەک، تەنیا ڕستەیەک بەهێز بکات، تەنیا لەرزەی گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەباری تێڕامانی یەکەمین مرۆڤ.
سەنگێک هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەک شیر دەکوڵێنێت، بۆی دەردەکەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕکێین
تشرینی یەکەمی 2002 هەولێر[1]
ئەم بابەتە 318 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | dengekan.info
فایلی پەیوەندیدار: 1
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 5
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: ئەدەبی / ڕەخنەی ئەدەبی
پۆلێنی ناوەڕۆک: هەڵبەست
پۆلێنی ناوەڕۆک: ڕەخنەی ئەدەبی
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: هەولێر
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( کاکۆ پیران )ەوە لە: 05-06-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 05-06-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هومام تاهیر )ەوە لە: 31-07-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 318 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.166 KB 05-06-2023 کاکۆ پیرانک.پ.
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
کورتەباس
(چرکەی هونەری) و (وێنەی هونەری) لە (تەنیایی)دا-بەشی یەکەم
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
ئینجانە
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
لەیادی نەمراندا-مەلا ئاوارە
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
کورتەباس
لەیادی نەمراندا-مەلا محەمەدی عەلیاوەیی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
کورتەباس
لە کەلتووری میللیمانەوە-حەیران
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
02-06-2014
هاوڕێ باخەوان
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
دەرسیم ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئامەد (دیاربەکر) ساڵی 1919
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شنگال ساڵی 1950
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دەڤەری بارزان ساڵی 1951
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری سنە ساڵی 1980
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
خۆپیشاندانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پاریس بۆ پشتیووانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران ساڵی 1979
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
باشووری کوردستان دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ساڵی 1975
29-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1982
29-04-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
29-04-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 517,609
وێنە 106,172
پەرتووک PDF 19,172
فایلی پەیوەندیدار 96,585
ڤیدیۆ 1,317
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
کورتەباس
(چرکەی هونەری) و (وێنەی هونەری) لە (تەنیایی)دا-بەشی یەکەم
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
ئینجانە
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
لەیادی نەمراندا-مەلا ئاوارە
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
کورتەباس
لەیادی نەمراندا-مەلا محەمەدی عەلیاوەیی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
کورتەباس
لە کەلتووری میللیمانەوە-حەیران
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.578 چرکە!