ناونیشان: تێگەیشتن لە کەرکووک
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #10-05-2016#
هەرچەندە کەرکووک بۆ کورد تەنیا خاک و نەوت نییە و بەهایەکی مەعنەویی هەیە، بەڵام کاتی هاتووە بەخۆماندا بچینەوە و هەوڵ بدەین لێی تێبگەین. مادام بڵێسەی ئاگری کەرکووک ڕۆژێک لەڕۆژان چارەنووسی وڵاتەکەمانی گۆڕی، نابێ ئەم جارە بڵێسەی ئاگری دەمارگیری وابکات گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان دوابکەوێت.
هەفتەی ڕابردوو لە بەرنامەی بەهێمنی-دا هەستم بە ڕاستییەکی تاڵ کرد. ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هێشتاش بەتەواوەتی لە کەرکووک تێنەگەیشتووین. زۆرتر لە چل ساڵە بە هوتاف و کردەوە شۆڕشی کوردستان پێداگیری لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک دەکات. ئەوەش ڕاستییەکی مێژوویی حاشالێنەکراوە کە شۆڕشی کوردستان لە حەفتاکاندا بەهۆی کەرکووکەوە تووشی نسکۆ بوو. ئەوانەی شایەتحاڵی دانووستاندنەکانی ئەو ڕۆژانەی نێوان مەلا مستەفا-ی ڕێبەری شۆڕش و سەرکردەکانی دەوڵەتی ئێراق بوون، شایەتی دەدەن کە دەوڵەت ئامادەبوو ڕووباری خاسە بکاتە سنووری کوردستان و کەرکووک وەکوو ئۆرشەلیم ببێتە دوو پارچە. بەڵام بارزانی بەو چارەسەرە ڕازی نەبووە و ڕەتیکردووەتەوە.
ئەو ساڵانەی بەدوای نسکۆی تاڵی شۆڕشدا هاتن، وایکرد کەرکووک جێگەیەکی تایبەتی لە وتاری حیزبەکانی باشووردا هەبێت. دیمەنی ئازادکردنی کوورتخایەنی کەرکووک لە ڕاپەڕینی سەرەتای نەوەتەکاندا هێندە سەرنجڕاکێش و هەستی نەتەوەیی بزوێنەر بوون کە ساڵەها دواتر لە میدیای کوردیدا لێدەدرانەوە و کەرکووک و کەرکووکییەکانی پێ دەلاواندرانەوە. وای لێهات لەبەرانبەر قسەی مەلا مستەفا کە گوتبووی “کەرکووک دڵی کوردستانە”، قسەیەکی #مام جەلال#یش هاتە گۆڕێ و کەرکووک بووە “قودسی کوردستان”. خاڵە ئایرۆنیکییەکەش ئەوەبوو کە بژارەی بە قودسکردنی کەرکووک کرۆکی ناکۆکیی دانووستاندنەکانی نێوان شۆڕش و دەوڵەت بوو لە حەفتاکاندا و کورد ڕەتیدەکردەوە!
ئەو هەموو لاواندنەوە و هەست و سۆزەی لە باشووری کوردستان بەرانبەر کەرکووک خەڵکی پێ مۆبیلیزەکراوە، وایکردووە وێنەیەکی هەڵەمان لەسەر کەرکووک بۆ درووست بێت. وێنەیەک کە زۆرتر لەوەی وێنەی واقیعی کەرکووک بێت وێنەی ئەو کەرکووکەیە کە دەمانەویست هەبووایە، بەڵام بووەتە بەشێک لە ڕابردوو. کەرکووکێک کە بەر لە نیوەی یەکەمی پەنجاکان هەبووە و چیدیکە ناکرێ بگەڕێتەوە.
وێنە نوێیەکەی کەرکووک ئەوەیە کە هەرچەندە زۆرینەی کوردییە، بەڵام عەرەب و تورکمان و کریستیان بەشی دانەبڕاون لێی و بەبێ ڕازیکردنی ئەوان ناکرێ بگەڕێندرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. میوانە ناکوردەکانی بەرنامەی بەهێمنی هەمان ئەو قسانەیان دەکرد کە کورد ساڵەهایە بەرانبەر بەغدا دەیکات: “بۆ ئەوەی بڕوامان بەوە هەبێت کە دەتوانین لە چوارچێوەی کوردستاندا بژین، دەبێ گەرەنتیمان بدرێتێ کە مافی تەواوی هاووڵاتیبوونمان هەیە”. کاتێکیش پێیاندەڵێیت: “هەموو مافێکتان هەیە”، وەڵامت دەدەنەوە: “تاوەکوو ئێستا پێچەوانەکەیتان سەلماندووە”. بێگومان ڕاستیش دەکەن و کوفر نابێ ئەگەر لێیان تێبگەین. [1]