$بەنداوی جروانە، کە بە کۆنترین بەنداوی شوێنەواری لە هەموو جیهان دادەنرێت، بە دووریی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی #شێخان#ەوە.$
ئەم بەنداوە کە مێژووەکەی سێ هەزار ساڵە، لە سەردەمی پاشا سەنحاریبی ئاشووری (705_681ی پیش زایین) درووست کراوە. ئاسەواری ئەم بەنداوە بە درێژیی 280 مەتر و و پانیی 22 مەتر و بەرزیی نۆ مەتر لەسەر زەوی لێی بە جێ ماوەتەوە کە ئەمە تەنیا ئەو بەشەیە کە بە چاو دەبینرێت، بەڵام دەکرێ بەنداوەکە زۆر لەوەی کە باسی دەکرێت، گەورەتر و پانتر بێت، ئەگەر بێت ۆ کاری پشکنینی شوێنەواریی بۆ بکرێت.
جروانە، کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە شوێنەواری خنسەوە دوورە، بە شێوازێکی ئەندازەیی جوان و ڕێکوپێک درووست کراوە و نزیکەی دوو ملیۆن پارچە بەرد تێیدا بەکار هاتووە و هەموو بەردەکان لە چیاکانی دەوروبەری ناوچەکەوە دەرهێنراون و بە شێوازێکی ئەندازیاری و ڕێکخراو تاشراون و لەسەر و تەنیشت یەک دانراون.
بەنداوی جروانە، بە دوو شێواز بۆ کۆکردنەوەی ئاو بەکار هاتووە، یەکەم کۆکردنەوەی ئاو لە پشت بەنداوەکە و سەرڕێژبوونی لەسەر بەنداوەکان و ئەوی تریش کۆکردن و گلدانەوەی لەناو سێزدە دەریچە، یان مەخزەنی تایبەت بەم کارە بووە.
پڕۆژەی درووستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێ بە گرنگترین پڕۆژەکانی سەردەمی سەنحاریبی ئاشووری دابنرێت کە بە ماوەی ساڵێک و سێ مانگ بە بەردەوامی کاری تێدا کراوە تا تەواو بووە .
بە گوتەی شوێنەوارناس کۆڤان ئیحسان ئەم شوێنەوارە بۆ یەکەم جار لە ساڵی1845 لەلایەن شوێنەوارناسی بیانی (لەیارد) ەوە دۆزراوەتەوە و لەبارەیەوە نووسیویە، بەڵام ئەو شوێنەوارناسە نەیزانیوە کە ئەم شوێنەوارە بە چ مەبەستێک درووست کراوە، لە پاش لەیارد چەند شوێنەوارناسی تری وەک (ترو دان جان) و (لێهمان هاپت) سەردانی شوێنەکەیان کردووە، بەڵام ئەوانیش نەیانزانیوە کە مەبەست لە درووستکردنی ئەم شوێنە چی بووە، دواتر لە ساڵی 1904 شوێنەواناسی بەناوباگی ئینگلیزی (دابلیۆ کینگ) سەردانی شوێنەوارەکەی کردووە و پاشان سپایزەر ئەم شوێنەی بەسەر کردووە، بەڵام ئەوانیش ئەیانزانیوە ئەم شوێنە مێژووییە چییە و بۆ چی درووست کراوە، هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی سەوزایی و دار و دارستانی چڕ لەو شوێنە دەگەڕێتەوە کە ڕێگر بووە بۆ بینینی هەموو بەشەکانی شوێنەوارەکە و توێژینەوەی زیاتر لەسەری.
بەڵام لە ساڵی 1913 یەکێک لە ئەندامانی تێمێکی شوێنەوارناسی ئەلمانی بەناوی پڕۆفیسۆر (والتر باخمان) کە لە سەرقاڵی کارکردن لە سایتی شوێنەواری ئاشوور بووە، سەردانی ئەم شوێنەوارەی کردووە و کۆمەڵێک فۆتۆی گرتووە و ئەم بۆچوونەی لا درووست بووە کە ئەم شوێنەوارە (قەنتەرەیەکە) کە ئاو بەسەریدا ڕۆ چووە و و دواتر بە ڕێکخستنی زانیارییەکانی خۆی و ئەو شوێنەوارناسە بیانییانەی کە پێشتر سەردانی شوێنەکەیان کردووە و بە هاندانی شوێنەوارناسانی دیکە وەک (یاکۆبسۆن) و (ستۆن لۆید) دەستی کردووە بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە سەری.
دوایین دۆزینەوەی جروانە بۆ ساڵی 1934 دەگەڕێتەوە کە لەلایەن پەیمانگەی شێکاگۆی ئەمریکی کە لە سایتی شوینەواری خورسوبات سەرقاڵی کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بوون، هەر دوو زانای شوێنەواری ستۆن لۆی و یاک بیسۆن سەردانی شوێنەوارەکە دەکەن و توانیان کەشفی بکەن و ڕووبەر و ئەندازە و شێوازی درووستکردنی بەنداوەکە بدۆزنەوە و لەوێ دەرکەوت کە ئەم بەنداوە تەواوکەری پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاوی خنسە.
زانیارییەکان لەسەر ئەم بەنداوە لەو پارچە بەردانەوە وەرگیراون کە بۆ درووستکردنی بەکار هاتووەن.
شوینەوارناسان تێکستە نووسراوەکانی ئەم بەنداوە بە چوار بەش دابەش دەکەن: تێکستی A: کە زۆربەزەحمەت دەبینرێت، باس لە کۆشکی پاشا سەنحاریب وەک پاشای ئاشوور و مەلیکی دونیا و دەسەڵاتدارییەکای دەکات.
تێکستیB: لە چۆنییەتیی درووستکردنی پڕۆژەکە دەکات.
تێکستی D و C: بریتییە لە مەدحی سەنحاریبی ئاشووری بۆ درووستکردنی ئەم بەنداوە و ستایەشی خواوەندە ئاشوورییەکان کە یارمەتیی سەنحاریبیان داوە بۆ درووستکردنی ئەم پڕۆژەیە.
هەروەک گوتمان بەشیک لە بەردەکانی بەکارهاتوو لەم بەنداوە بە نووسینی بزماری نەخشێنراون و لە تێکستە نووسراوەکاندا باس لە گرنگی و هۆکاری درووستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێت کە بە مەبەستی ڕاکێشانی ئاو بۆ پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشووری، واتە نەینەوا ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بووە. هەروەها لە بەشێک لە نووسینەکان باس لە چەندین گوند و ناوچە دەکرێت کە لەوێ ئاویان ڕاکێشاوە بۆ ئەم بەنداوە. محەمەد عارف تەتەر، ماستر لە شوێنەوار و پسپۆڕ لە خوێندنەوەی زمانە کۆنەکان، بەشێک لە نووسینە بزمارییەکانی ئەم پارچە بەردانەمان بۆ وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی و دەڵێت: لەم تێکستانە بەپێی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ ئەم نووسینانە کراوە، پاشا سەنحاریب دەڵێت: من سەنحاریب پاشای جیهانم، پاشای ئاشوورم، پاشای هەموو وڵاتانم. من لە خنس ئاوم ڕاکێشاوە بۆ ئێرە و ئەم پڕۆژەیەم درووست کردووە تا خواوەندی من ئاشوور لێم ڕازی بێت. من ئاوم گەیاندووە نەینەوا بۆ خزمەتی خواوەند ئاشوور و وڵاتی خۆم و خەڵکی ئاشوور لێم ڕازی بن، هەروەها نەفرەت لە پاشاکانی پێش خۆی دەکات کە چۆن ئەم پڕۆژەیان جێبەجێ نەکردووە.
لەبارەی ناوی جروان، یان جروانە شوێنەوارناسان دوو بۆچوونیان هەیە یەکەمینیان کە لە چەندین سەرچاوەی عەرەبییەوە هاتووە، دەڵێ جروانە بەناوی مەجرایەکی ئاو هاتووە، واتا مەجرایەک هەبووە بەناوی جروانە کە پڕ ئاو بووە و بووتە هۆی بە پیت و بەرەکەتبوونی ناوچەکە. بۆچونی دووەم دەڵێ لە زمانی کوردیدا وشەی چروان هەیە کە بە واتای جراندن یان چراندن هاتووە و بەو شوێنەی کە بەنداوەکە لێی درووست کراوە گوتراوە کە شوێنێکی پڕئاو و سەوزایی بووە بۆ لەوەڕی ئاژەڵ.
شوێنەوارناس محەمەد تەتەر دەڵێت: هەر لە خودی تێکستە بزمارییەکان و نووسینەکانی سەردەمی ئاشوورییەکاندا وا هاتووە کە مانای ناوی جروانە واتە شوێنێک کە ئاوی لێیە، یان بە واتای هەبوونی ئاو هاتووە.
هەر بۆیە درووستکردن و ناونانی ئەم بەنداوە سەلمێنەری ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا کوردستان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بەتایبەت وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاو بۆ ناوچەکانی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و پایتەختەکەیان (نەینەوا) بووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە، ئەمە نەک تەنیا لە درووستکرنی ئەم بەنداوەدا، بەڵکوو بە هەبوونی چەندین نموونەی تری هەمان سەردەم و هەمان پاشا وەک شوێنەواری خنس و بەنداوەکەی بەستوورە بەدەر دەکەوێت.
شوێنەواری بەنداوی جروانە وەک پڕۆژەیەکی گەورەی مێژوویی و لەڕووی کاری ئەندازیاری و ڕێکخستن و چۆنییەتیی دانانی بەردەکان و درووستکردنی شێوازی قەوس یان کەوانەیی لە ئەندازیاری کۆندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و وەک وانەی تایبەت لە بەشی شوێنەواری زانکۆکانی دەرەوە دەخوێنرێتەوە و دەتوانین بڵێین ئەو پسپۆڕانەی کە تا ئێستا کاریان لەسەری کردووە زۆربەیان پسپۆڕ و شوێنەوارناسی بیانی بوون، بەڵام ئەم سایتە شوێنەوارییەش وەک شوێنەوارەکانی تری کوردستان دوور نەبووە لە دەستدرێژی و زیادەڕۆیی و ئەم بابەتە لە کۆمەڵێک وێنەی مێژوویی و کۆن کە لە گوندەکانی نزیک لە شوێنەوارەکەوە گیراوە و دیارە کە بەشێک لە بەردەکانی ئەم ناوچە شوێنەوارییە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ درووستکردنی خانوو و بەکار هاتووە و بۆ کاری ناوماڵ بردراوە و ئێستا جروانە بووەتە جێی لەوەڕی مەڕوماڵات. بێجگە لە دەستکارییە مرۆییەکان، کەمتەرخەمیی حکومەت و بەرپرسە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەکان وای کردووە ئەم ناوچەیە کە سەردەمانێک ناوچەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت و سەوزایی بووە، ببێتە دەشتێکی وشک کە هێچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی نییە و پشتگوێ خراوە.[1]