ئەو خاڵانەی وا دەکەن شێوازی ئاخاوتن سەرنجڕاکێش نەبێت.
کۆمەڵێک هەڵەی باو هەن کە ئاخێوەران ڕۆژانە لە کاتی ئاخاوتندا ئەنجامیان دەدەن، دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاخاوتنەکەیان سەرنج ڕاکێش نەبێت، لێرەدا هەندێک لەوخاڵانە دەخەینە ڕوو:
1 _ ناڕۆشنی ئامانجی گفتوگۆ: واتە ئاخێوەر دەیەوێت، سەرنجی گوێگر بۆ شتێک ڕابکێشێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاخاوتنەکەی ناڕۆشنە، گوێگر لە ماوەی ئاخاوتنەکەدا، درک بەو شتە ناکات.
2- بێسەروبەری ئاخاوتن: واتە، نەبوونی پلانێکی ڕێکوپێک و ڕلکخراو لە ئاخاوتندا، قسە کردنی هەڕەمەکیی و نا ڕێکخراو، گۆڕینی ئاخاوتن لە بیرۆکەیەکەوە بۆ بیرۆکەیەکی تر، بە شێوەیەکی نا لۆژیکییانە و نەبوونی پەیوەندی لەنێوانیاندا. بۆ نموونە: بابەتەکە باسی وەرزشە، لەناکاو ئاخێوەر دەچێتە سەر باسی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، یان ڕامیاڕی، یان ڕووداوێکی ناخۆشی بەسەرچوو!
3- زیادە ڕەویی لە پێدانی زانیاری بە گوێگر: قسەکەر هەنێک زانیاری دەدات کە زێادەیە و پێویست نییە، یان هەندێکی پێویستە و هەندێکی پێویست نییە، بۆ نموونە: باسی چوونی بۆ شارێک دەکات، باسی هەموو ئەو وردەکارییانە دەکات، کە پێیدا تێپەڕبووە، کە هەندێکیان پێویست نین و گوێگر بێزار دەکەن.
4- نەبوونی بەڵگە: نەبوونی بەڵگە و پاڵپشت بۆ بیرۆکەکان و تێگەیشتنەکان و زانیارییەکانی ئاخێوەر، نەبوونی بەڵگەی بە پێز و نموونەی بەهێز، هەرچەندە ئاخێوەر کۆمەڵێک بەڵگە بۆ قسەکانی بهێنێتەوە، بەڵام بەڵگەکانی لاواز بن و زۆر لەگەڵ ئاخاوتنەکەدا یەکنەگرنەوە.
5- دەنگی بەرز و ئاخاوتنی بێزارکەر: بۆ نموونە ئاخێوەر بە دەنگ و سەدای بەرز قسە دەکات و زۆر بڕوای بە ئاخاوتنەکەی هەیە، هەروەها بڕوای بە گونجاوی بابەتەکەی هەیە و زۆر لەلای گرنگە، بەڵام شێوازی گفتوگۆکردن و دەربڕینەکانی، ئەو هەستە لەلای گوێگر درووست ناکات.
6 - گرینگی نەدان بە پێویستییەکانی بەرانبەر: واتە قسەکەر تەنیا باسی ئەوە بکات کە خۆی مەبەستییەتی و بە گرینگی دەزانێت، لە بری ئەوەی گرنگی بەو بابەتانە بدات، کە لای بەرانبەر گرنگە.[1]