ناونیشانی بابەت: ئەو کاتەی پێویست ناکات سەرباز بنێرن نزیکە
ئامادەکردن: #لائیق حەمە#
=KTML_Bold=پێشەکی=KTML_End=
ژیریی دەستکرد (Artificial Intelligence-AI) بە پێناسەیەکی یەکجار سادە بریتییە لە ئەنجامدانی کردارێک لەسەر چەندین نموونەی پێشوو. کەمێ سەختە لەم بابەتە لەسەری بدوێم، باشترە بەوەی وەرگریت کە، لە بری ئەوەی تۆ پێناسەی شتێک بکەیت، داتاکەت پێناسەت بۆ دەکات. بۆ نموونە، لەبری ئەوەی پرۆگرامکارەکە بڕیار بدات دوای کڕینی پەڕتووکی “شەرەفنامە”، پەڕتووکە وەرگێڕدراوەکانی تری هەژاری موکریانیی نیشانی کڕیار بدە، تەماشای کڕیارەکانی تری شەرەفنامە بکرێت و بزانیت چیان کڕیوە، پرۆگرامەکەش هەمان شت نیشانبداتەوە. ئەمە مۆدێلی ئەمازۆنە تا ئێستاش. وردە وەردە، ژیریی دەستکرد بەم شێوەیە ئەتوانێت مەکینە فێری زۆر شت بکات، بۆ نموونە لێخوڕینی خۆکرد.
بابەتێکی تریش کە خوێنەری کوردیی ئەبێ شارەزای بێت، وشەی ئالگۆریتمە. کە وشەکە بەڵێ لە نازناوی محەمەد خەواریزمی بیرکاریزانی سەردەمی عەبباسییەکان و بەتایبەتیی سەردەمی خەلیفە مەئموندا ژیاوە، بەڵام ئێستا واتاکەی یەکجار گۆڕاوە و بریتییە لە شێوازی کارکردنی پرۆگرامێکی کۆمپیوتەر. بۆ نموونە، بۆ کڕینی شەرەفنامە و نیشاندانی پەڕتووکە “پەیوەندیدارەکان” بریتی نییە لە کردارێکی دیاریکراو پرۆگرامکارەکە دیاریکردبێت، تا ڕادەیەک کۆمپیوتەرەکە بڕیاردەدات کە چ پەڕتووکێکی دی نیشان بدات. واتا پرۆگرامکارەکە لە کاتی نووسینی بەرنامەکەیدا نازانێ یەکەم کەس یاخود هەزارەمین کەس چەند پەڕتووکی نیشاندەدرێت، ئەم تەنیا دەتوانێ بڵێت، نەبا ژمارەکە زۆر بێ لە یەک کاتدا تەنیا سێ بژاردە نیشانی کڕیار بدە.
ئەم دو چەمکە بە بڕوای پڕۆفیسۆر یوڤاڵ حەراری سێیەمین مەترسی گەورەی دنیا پێکدەهێنن.
=KTML_Bold=حەراری کێیە؟=KTML_End=
پڕۆفیسۆر حەراری مێژونووس و فەیلەسوفی ئیسرائیلییە لە زانکۆی عیبریی قودس لە ئیسرائیل و نووسەری سێ پەڕتووکی دیارە. ساپیەنەکان (ناوە زانستییەکەی مرۆڤ) : کوورتەیەکی مێژوی مرۆڤ، هۆمۆدیوس (مرۆڤەخودا) : کوورتەیەکی مێژوی سبەینێ، سێیەمیش بیستویەک وانە بۆ سەدەی بیستویەک. لە هۆمۆدیوسدا، حەراری دێتە سەر ئەوەی کە مرۆڤ چیتر مەترسی شەڕ و تاعونی تێپەڕاندوە و کاتی ئەوەیە خۆی ببێت بە خودا. ئەمەش لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە نەک نەمرێت و دڵخۆش بێت، بەڵکوو دەستەڵاتی وەک خودای هەبێت.
بابەتی هەرسێ بڵاوکراوەکەی بۆ کاتێکی تر، لەم نووسینەدا بە کوورتی هەوڵدەدەم چەند دێڕێک بنووسم لەسەر قسەکانی حەراری دەربارەی وڵاتە دواکەوتووەکانی وەک وڵاتانی ئێمە، هەرچەند ئەو ناوی یەکجار گەورەتری هێنا وەک: ڤەنزوێلا، بەرازیل، هیندستان و ئەندۆنووسیا. قسەکانی لە میانەی سیمینارێکدا بو لە داڤۆس کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا مارک غیتە (یان ڕوتە) دەرکەوتن. دیارە پێشکەشکاریش کەسێکی شارەزا بو بەڵام چونکە نایناسم پێویست ناکات ناوی بهێنم.
لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە سەردەمێک نزیکە کە تیایدا دەوڵەتانی پێشکەوتو، جا بە بڕوای ئەو چین و ئەمریکا پێشەنگن تێیدا، کە چیتر پێویست ناکات سەرباز بنێردرێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شوێنێک بکەن چونکە خۆیان تەواوی زانیاریی سیاسییەکانی شوێنی مەبەستیان لایە و پێویست ناکات بە سەرباز داگیرکاری یان هەر شتێکی تریان بوێت ئەنجامی بدەن. ئەم ترسە لە ژیریی دەستکرد، ئەو دەیخاتە پۆلێنێکەوە کە بریتین لە چەکی ئەتۆمیی، وێرانبوونی ژینگە و پێشێیویی تەکنۆلۆجیی. وەک خۆی دەڵێت و منیش باوەڕم وایە بۆ خوێنەری کورد، چ سادەکەی و چ کەسانی پسپۆڕ و بنەماڵە دەستەڵاتدارەکانیش، ئاگاداریی توانا تەکنۆلۆجییەکە نین.
حەراری ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ئەمجارەیان پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بریتی نییە لە ئیستیغلالکردن و خراپ-بەکارهێنانی مرۆڤە بێتواناکان، ئەمجارەیان بریتییە لە پشتگوێخستن، چونکە وەک خۆی گوتی، بیر لەوە بکەرەوە کاتێ درووستکردنی جلوبەرگ لە کالیفۆرنیا بە کۆمپیوتەر هەرزانتر بێ لە مەکسیک، چیتر پێویست ناکا کرێکاری مەکسیکیی بە یەک سەنتی دۆلارێکیش ئیشیان پێ بکرێت. ئا ئەو کاتەیە کە دەوڵەتێکی وەک مەکسیک چیتر نەک ناتوانێ قسەی هەبێت لە هەڵسوکەوتی زەبەلاحەکاندا، بەڵکوو دەبێت هیواخواز بێت ئەوان بیانەوتێ ئەمان بەکار بهێنن. ئیتر پەراوێزخستن دەبێتە گەورەترین کێشەی وڵاتە دواکەوتووەکان.
ئایا دەوڵەمەندی دادی کەسێک دەدات لەم هاوکێشەیەدا؟
بە بڕوای من و ئەویش نەخێر. وەک خۆی نموونەی جێف بۆزۆی خاوەنی ئەمازۆنی هێنایەوە کە بە یەک ڕەسمی ناو وەتسئاپەکەی هاککرا لەلایەن شازادە محەمەد کوڕی شا سەلمانی سعودیەوە دوای کوژرانی جەمال قاشقچیی ڕۆژنامەنووس کە بۆزۆ خاوەنی ڕۆژنامەکەیەتی. چیتر مرۆڤ، ئەمەش کرۆکی بابەتەکەیە، شتێکی ئەفسوناوی نییە کەس سەری لێ دەرنەکات، چونکە بەپێی هاوکێشەکەی ئەو، مرۆڤ ئیتر بوونەوەرێکە کە دەکرێ هاک بکرێت:
=KTML_Bold=بایۆلۆجیا کەڕەتی کۆمپیوتەر کەڕەتی داتا = توانای هاککردنی مرۆڤ.=KTML_End=
هەڵبەت بە بڕوای مارک غیتەی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و زۆرێکی تر وێنەکە ئاوا ترسناک نییە. دو ڕۆژ دوای کۆڕبەندی داڤۆس بەشدار بوم لە کۆنفرانسێکی “فێرکردنی مەکینە” واتە ژیریی دەستکرد لە شاری لۆزان لە سویسرا و قسەکانی ئەمانی تێدا باس کرا. بە تایبەتی پڕۆفیسۆرێک کە چەندین ساڵە لە بوارەکەدا خەریکە، ئەویش لای وابو کە هیوای باشتر هەیە لەوەی کە مرۆڤ یەکتر لەناوببات بەم تەکنۆلۆجیا نوێیە. بە بڕوای ئەو، یەکێتیی ئەوروپا لانکەی داهێنانە گرنگەکانی 2000 ساڵی ڕابردون و کەسانێکی زۆر هاتون و ڕۆشتون کە تەواوی مرۆڤایەتییان لا گرنگتر بووە و هەیە تا تەنیا خۆیان. هەڵبەت پڕۆفیسۆر حەراری باسی ئەوەشی کرد کە چیتر فەلاسیفە ناتوانن لە ڕووداوەکان تێ گەن، ئەوە هیچ سیاسییەکان تەنیا ئەنجامدەری کردارەکانن، بەڵکوو ئەمجارەیان وەک نموونە، تەنیا یەک کەسیش نابێ لە سیستمی ئابووریی جیهان تێبگات. چونکە بریتییە لە ملیۆنەها تۆماری ناو هەزاران جۆر سیستەمی کۆمپیوتەریی جیاواز کە مرۆڤ توانای تێگەیشتنی نابێت.
=KTML_Bold=ئێمەی دواکەوتو چی بکەین؟=KTML_End=
دەتوانی زیاتر لەسەر 17 ساڵی ڕابردووی من لە بەریتانیا بپرسی، کەمێ سەختە نەک تۆی خوێنەر بەتایبەتی کەسانی دەستەڵاتدار گوێ لە کەسێکی وەک من بگرن. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە من ڕای خۆم نەڵێم. لە چاوپێکەوتنێکی تردا، وابزانم لە دەنگی ئەمریکا بەشی کوردیی لەسەر زمانی کوردیی یان لە پۆدکاستەکانی چاوگ بو وتم: چیتر خوێندەواری بریتی نییە لەوەی بتوانی بنووسیت و بخوێنیتەوە. خوێندەواری ئەمڕۆ بریتییە لەوەی ئایا دەزانی پرۆگرام بنووسیت بۆ کۆمپیوتەرێک بە زمانێک لە زمانەکان؟
بۆیە ئەگەر تەنیا ئامۆژگارییەکی من وەرگێڕێت: تەواوی مزگەوت، چاخانە، نێرگەلە و کافتریاکان دەبێ یەک شت باسبکەن. چۆن مامۆستای کۆمپیوتەر زیادبکەین، چۆن تەواوی قوتابخانەکانمان لە بچوکترین تەمەنەوە فێری نووسینی کۆدی کۆمپیوتەریان بکەین. هەموو شتێکی تر بخرێتە لاوە و ئەمە بکرێتە خواردن و خەوتنی مرۆڤی کورد. کە دەزانم تەنیا خەو و خەیاڵە، دیسان ناچار نیم بێدەنگ بم. دەبێ تەواوی پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەندازیاری شارستانیی، جوتیار، خاوێنکەرەوەی شەقامەکان و بەتایبەتی مەلای مزگەوتەکان هەموو بزاننن ئەلگۆریتمی k-nn چییە.
ئەی واقع چۆن دەبێت؟ وڵاتانی ئێمە، جیاواز لەو ترسە گەورەیەی حەراری باسیدەکات، چونکە منیش وەک مارک غیتە بەڕاستی هیوائەستوورم بە بەشەریەت سەرباری ئەو هەموو نەهامەتییەی بینیومە، وەک فیلمی دایڤێرجنت دێتە پێش چاوم. ئێمەمانان، واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینە بەشی “وازهێنراوەکان” بەڵام نەک بە ویستی خۆمان، بەڵکوو لەبەر بێتوانایی خۆمان و خەمساردیی خۆمان وەک ئێستا بەردەوام شەڕ لەسەر بابەتی بچوک، کەسانی بچوک و دەستکەوتی بچوک دەکەین. [1]