ناونیشانی بابەت: هونەرمەند بەهزاد موختار: بەداخەوە بینەری دراما و فیلمی کوردیمان تووڕە کردووه
ئامادەکردنی: یادگار چاوشین
سیناریست و دەرهێنەر و هونەرمەند #بەهزاد موختار# کاروانی هونەری و قەیرانی دراما و فیلمسازی و بەرهەمی نوێی لە کوردستان لەم چاوپێکەوتنەدا بۆ ئێمە و خوێنەرانی (باسنیوز) ئاشکرا دەکات.
(باسنیوز) دەسپێکی هونەریتان بۆ کەی دەگەڕێنەوە؟
بەهزاد موختار: دەسپێکی کاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1977، کە بەشدار بووم لە شانۆگەریی نەخشەی خوێناوی لە دەرهێنانی هونەرمەند هێمن ناشاد بوو، لەسەر شانۆی ئامادەیی #سلێمانی# نماییش کرا و ڕۆڵی ئەفسەرێکی ئیسڕائیلیم تێدا بەرجەستە کرد.
(باسنیوز) لەو تەمەنەی کاری هونەریتان خاوەنی چەند بەرهەمن؟
بەهزاد موختار: لە مێژووی کاری هونەریمدا خاوەنی ئەم بەرهەمانەم (فیلمی ڕێگا، فیلمی ناز، کارەساتی هەڵەبجە بەناوی یازدە و بیست چرکه، کە لە هەموو کەناڵە کوردییەکان پەخش کرا، تا ماوەیەکیش لە مۆنەمێتەکەی هەڵەبجە بۆ میوانەکان پیشان دەدرا، کارێکی زۆر جوان بوو و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو) ، هەروەها درامای ژوانێک بۆ خۆشەویستی بۆ کەناڵی (زاگرۆز) ی ئەوکات ئەنجام درا، کە پازدە زنجیرە بوو، چەندین کاری دیکەی هونەرییم ئەنجام دا، یەکێک لەو فیلمە کۆمیدییانە خرایە سەر سیدی و کەوتە بازاڕەوە و نزیکەی حەوت هەزار سیدیی لێ فرۆشرا.
(باسنیوز) لەگەڵ ئەوەی وەک دەرهێنەرێک دەرکەوتوویت، بەڵام بۆچی کارە هونەرییەکانت لە پەنجەی دەست تێناپەڕن؟
بەهزاد موختار: ئەگەر بگوترێت کاری نوێت ونە، ئەمەیان گونجاوتره، ئەویش هۆکاری ئەوەیە ئەمڕۆ سپۆنسەر و ئۆکەی بۆ کارە هونەرییەکان نییە، بەڵکوو هەمووی بووەتە کۆد کە پاسوۆردی دەرگا داخراوەکانی پێ بکەیتەوە، تا بتوانی لەو ڕێگایەوە کارەکانت بڕوێنی، ئەگەرچی ئەو کۆدانەی من دۆزیمنەوە ئابڕووبەرن و دەبێت کەرامەتی لەسەر دابنێیت، هیچ کات سەیری ناوەرۆکی سیناریۆ ناکرێت، بەڵکوو حساباتی دیکەی لە پشته، هەر ئەمەیە دەرگاکان بەڕووماندا داخراون و ناکرێنەوە، زۆر لایەنی دیکەیش هەیە کە بەرپرسی کەناڵەکان وردەکاریی پەیوەستبوونی حزبیت لەگەڵ دەکات.
(باسنیوز) وەک دەرهێنەرێک، کارە دراماییەکان تا چەند هونەری کوردی لە ئاست فێستیڤاڵی ساڵانە گەیاندووەتە لوتکە؟
بەهزاد موختار: وەک هونەرمەندان نەمانتوانیوە بینەری دراما یان فیلم تێر بکەین، کەچی پەلاماری دەرەوە دەدەین، دەزانی داهاتی ناوخۆی سینەما و تی ڤییەکانی عەرەب و هند بۆ ناوخۆی خۆیان چەند زۆرە، ئینجا فیلم هەناردەی دەرەوە دەکەن، بەڵام ئێمە بینەری دراما و فیلمی کوردیمان تووڕە کردووە، ماومانە لە ئاست فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان قسە بکەین (بەپێکەنینەوە) ، لەکاتێکدا خۆمان بووین بە فیلمی سینەما.
(باسنیوز) ئەوەی ئەمڕۆ وەک فیلمی کوردی نماییش دەکرێت دەچێتە کاری فیلمسازیی سینەماییەوە؟
بەهزاد موختار: بەڕای من ئەوەی ئێستا بە ناوی فیلمی سینەما نماییش دەکرێت تەنیا سکرینە، چونکە ئەوەی کارەکانی پێدەکرێت بۆ ئەو فیلمانە کامێرایەکە بەقەد مشتی دەستێک دەبێت، هیچ تەکنیکێکی پێشکەوتووی نییە.
(باسنیوز): ئەوەی لەبەرانبەر بەڕێکردنی تەرم و مەراسیمی هونەرمەند عومەر چاوشین لە سلێمانی کرا زەنگێکی بێوەفایی بینەر و هونەرمەندانی هاوڕێی نەبوو؟ لەکاتێکدا خۆشت بەشدار نەبووی لە پرسەکەدا بۆچی؟
بەهزاد موختار: پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم، توێژی هونەرمەندان بە چینێکی بەخیل و ڕکابەری یەک ناسراون و بەبێ هۆ ئیرەیی بە یەک دەبەن. سەبارەت بە کۆچی دوایی هونەرمەند عومەر چاوشین، ئەو کاتە من لە بەغدا بووم، بۆم نەگونجا بگەڕێمەوە و بەشداریی پرسەکە بم، ئەگەرنا لە سلێمانی بوومایە بەشدار دەبووم، چونکە ئەو هونەرمەندە لە کاتی خۆیدا مێژوویەکی زێڕینی هەبوو.
(باسنیوز) تا چەند ئاسوودەی بەوەی شوناسی هونەرمەندت بەباڵادا بڕاوە؟
بەهزاد موختار: هونەر ناوێکی پیرۆزه، چونکە پێش ئەوەی ناوی خۆت بڵێن، ناوی هونەرەکەت پێش دەخەن، نموونەیەکتان بۆ باس دەکەم، جەمال عەبدولناسڕ، سەرۆکی میسڕی ئەوکات بۆ سەردانێک دەچێتە وڵاتی سوودان، لەگەڵ سەرۆکی سوودان پیاسیەکی ناوشار دەکەن، لەو کاتەدا یەکێک لە هاووڵاتییە سوودانییەکە بە دەنگی بەرز بە جەمال عەبدولناسڕ دەڵێ، کە گەڕایتەوە وڵاتی میسڕ سڵاومان بگەیەنە بە هونەرمەند ئیسماعیل یاسین. هونەر کارێکی پیرۆزه، بۆیە هەمیشە پێش ناوەکەم شانازی بە وشەی هونەرمەندییەکەمەوە دەکەم.
(باسنیوز) ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی هونەرییتان لەبەردەستە بۆ ئێمە و خوێنەرانی (باسنیوز) بیدرکێنی؟
بەهزاد موختار: بەڵێ ئێستا سەرقاڵی کارێکی هونەریم بە ناوی (تەلاری نهێنییەکان) پازدە ئەڵقەیه.'[1]