پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
خێرۆ خودێدا حسێن بشار
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خەولا عەباس حەمەد عەبدی
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خۆخێ خەلەف حسێن بشار
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خنسۆ خدر عەمەر دربۆ
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خەلیل بشار خەلەف عیدۆ
30-04-2024
سروشت بەکر
ڤیدیۆ
سەیرانگای سۆلاڤ ساڵی 1955
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی هەرکییەکان لە باشووری کوردستان ساڵی 1992
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری کۆیە ساڵی 1993
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری کۆیە ساڵی 1998
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هۆتێل شیڕاتۆنی هەولێر ساڵی 1995
30-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,698
وێنە 106,205
پەرتووک PDF 19,173
فایلی پەیوەندیدار 96,618
ڤیدیۆ 1,329
ژیاننامە
هادی مەحمود
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
نیعمەت محەمەد عەبدولڕەحمان ...
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
کوردستانى سوور لە گەمەى سۆڤييەتدا
مێگا-داتای کوردیپێدیا، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بڕیارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەییەکان.. داتا بڕیاردەرە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

کوردستانى سوور

کوردستانى سوور
نووسینى: عادل صدیق عەلى

بەشى یەکەم/ زەمینەى درووستبوونى کۆمارى کوردستانى سوور
باسى یەکەم/ مێژووى پەیوەندییەکانى کورد و ڕووسیا:
زۆربەى سەرچاوە مێژووییەکانی بەتایبەت سەدە‌ و نیوێک‌ و سەدەی ڕابردوو، لەوە دەدوێن کە کورد لە هەرێمی قەفقاس ژیاوە، واتە پێش ئەوەی هەرێمەکە لەلایەن ڕووسەکانەوە داگیربکرێت‌ و، سنوورەکانی سێ‌ ئیمپراتۆریی عوسمانی و ڕووسیا‌ و پاشایەتی ئێران دیاری بکرێن (1) . ئەوکاتیش کوردستان دابەش ببوو بەسەر دەوڵەتانى ئێرانى و عوسمانیدا، گەلى کورد لەلاى سەرووى ئێران و لەلاى ڕۆژهەڵاتى عوسمانییەوە هاوسنوور بوو لەگەڵ قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى ڕووس (2) .
بەداگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە، کە تێکشکانی پاشایەتی ئێران‌ و پاشان عوسمانی لە ئەنجامی زۆر شەڕی خوێناویدا لە سەردەم‌ و قۆناغی جیاجیادا لێکەوتەوە، بەشێکی کوردستان خرایە سەر ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا (ڕووسیا بە درێژایی سەدەی نۆزدە، دوو شەڕی گەورەی لەگەڵ ئێراندا واتە (1805-1813) و چوار شەڕی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی 1805-1813، 1838-1839، 1853-1856، 1877-1878 کردووە) . لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا کە زۆرجار پارچەیەکی کوردستان دەبووە گۆڕەپانی شەڕە دڕندانە‌ و کاولکارەکانیان، گەلى کوردیش تووشی زیانێکی هەمەلایەنەی بەتایبەتی گیانی و ئابووری بووە‌، ناوچە کوردنشینەکان لە ‌ئاکامی شەڕەکانیاندا‌ و بەپێی پەیمانەکانیان، چەندینجار دەستبەدەست کراون، دواین جار، بەپێی پەیمانی (بریست لیتۆفیسک) ، قارس‌ و ئەردەهان لەلایەن بەلشەفییەکانەوە، بەبێ‌ ڕەزامەندی و پرسکردن بە دانیشتووانیان کە زۆربەیان کوردبوون، درانەوە بە کەمالییەکان (3) .
شەڕە ماڵوێرانکەرەکانی ڕووسیا و عوسمانی و ئێرانی پاشایەتی لە سەدەی نۆزدەیەمدا بگرە لە پاش یەکەمین جەنگی جیهانیشەوە زۆربەی هەرە زۆریان لەسەر خاکی کوردستان ڕوویانداوە. کورد زیانێکی یەکجار زۆری گیانی و ماڵى لێکەوتووە چەند جارێک سنوورەکانی نێوان ئەم سێ‌ دەوڵەتە داگیرکەرە بەهۆی ئەم شەڕانەوە هەر لەسەر خاکی کوردستان گۆڕدراون‌، هەردەمێک دەسەڵاتی یەکێکیان بەسەر هەندێک ناوچە‌ و هەرێمی کوردستانەوە بووە، بەوچەشنەی کە خۆیان ویستوویانە لەگەڵ دانیشتووانەکەیدا جوڵاونەتەوە، دانیشتووانەکەیان دەرکردووە یان ناچاریان کردوون بۆ شوێنێکی دیکە بگوازنەوە، بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا‌ و ڕەوشی ئەتنیکیی و قەوارەی ناوچە‌ و هەندێ‌ لەو هەرێم‌ و ناوچانە بۆ وێنە: قارس، ئەردەهان، خۆی، ماکۆ و سەڵماس…هتد (4) .
سەرچاوە ڕووسییەکان هەتا کۆتاییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، باسیان لە دابەشبوونی کوردستان بەسەر سێ‌ ئیمپراتۆری ڕووس‌ و ئێران‌ و عوسمانیدا دەکەن‌، بگرە گەڕیدە‌ و مێژوونووس‌ و سیخوڕ‌ و پیاوانی لەشکریی و ڕۆژهەڵاتناس‌ و….. تا ساڵی 1930، واتە ساڵی هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور لەلایەن ڕژێمی ستالینەوە، هەموویان دان بەوەدا دەنێن کە بەشێکی کوردستان دەکەوێتە چوارچێوەی ڕووسیا (سۆڤیەت) ەوە (5) .
لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا وەک چۆن گەلی کورد لەژێر کاریگەریی بانگەوازی جیهاد و بەناوی ئیسلامەتییەوە کەوتە پشتیووانیکردن لە دەوڵەتی عوسمانی، ڕووسەکانیش کەوتنە پشتگیریکردن لە میلیشیا ئەرمەنییەکان بۆ ئەنجامدانی شەڕی قڕکردن لە کوردستان (6) . فەرماندە سەربازییەکانی ڕووس کە لەژێر کاریگەریی سەرکردە سەربازییە ڕەگەزپەرست‌ و کوشتارچییەکان‌ و کڵێسەی ڕووسى ئەرسەدۆکسیدا بوون هەر بۆیە لە دوای تێکشکاندنی عوسمانییەکان لە کوردستان وێرانکاریی و تاڵان و ئابڕوبردنی”کوردانی کافر و بکوژانی ئەرمەن”یان دەستپێکرد، شەڕی لەناوبردن لە شاری (قامیش) وە دەستی پێ کرد بۆ وان و بایەزید و بە خۆی و ڕەواندز و خانەقین دا تێپەڕی، ڕووسەکان خەڵکی ناوچەکەیان ناچاری دەربەدەری کرد، بە تەنیا لە بایەزید و دەوروبەری دەیەکی دانیشتووانەکەی مابوونەوە و سەدان گوند وێرانکران، هێزە کرێگرتە ئەرمەنی و ڕووسییەکان لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستی و لەکاتی پەڕینەوەیان لە بەرەی ئەرزڕووم- زەنجان هەزاران ئافرەت‌ و منداڵی کوردیان کوشت، ڕۆژانی 14‌و15ی مایسی 1915 شاری وان گەورەترین قەسابخانەی کوردەکانی بەدەستی ئەو هێزە ئەرمەنیانەی کە پێشی هێزەکانی ڕووسی کەوتبوون بەخۆوە بینی، ڕووس بەڵێنی دابوو شاری وان بگۆڕێ‌ بۆ پایتەختی ئەو دەوڵەتەی بەڵێن بوو بۆ ئەرمەنەکانی درووستبکات، نزیکەی (250) هەزار لەو ئەرمەنانە کۆبوونەوە کە بچنە پاڵ دەوڵەت و لەشکری ئەرمەنی، بە پشتیووانی لەشکری ڕووسی دەوڵەتی ئەر‌مەنیان ڕاگەیاند و نەخشەی هێرش‌ و پاککردنەوەی ویلایەتی بەدلیس و ئامەد ڕاگەیەنرا، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا لەبەرانبەر دژەهێرشی عوسمانییەکان شکان.
ڕاپۆرتەکانی ئینگلیز باس لە کوشتار و لەناوبردنی خەڵکی خانەقین کردووە بەدەستی ڕووسەکان، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە نزیکەی (500) کەسیان لە خەڵکی ئەو شارە کوشتووە، ئەوە سەرەڕای قوربانییە زۆرەکانی گوندەکانی دەوروبەری، سەدان کورد لە ترسی کوشتاری بە کۆمەڵ هەڵهاتن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز، ڕەواندزیش بە هەمان دەردی سرێبرینیکای بۆسنە ‌ و هێرزەگۆڤینیای ساڵی 1997 لێ‌ بەسەرهات کە هێزەکانی سڕبیا ئەنجامیاندا، (ئەندرانیک) ئەفسەری ئەرمەنی تینوو بەخوێنی کورد نزیکەی (6000) منداڵ و ئافرەتی ئەو شارەی کوشت، بەشێوەیەک لە کۆی (3000) منداڵ تەنیا (60) منداڵ مابوونەوە. ڕووس و ئەرمەنەکان (30) گوندیان لە برادۆست وێرانکرد، هەزاران کەس لە خەڵکی بادینان لە ترسی ئابڕووی خۆیان بەرەو موسڵ هەڵهاتن‌ و بەشێکیان لە شەقامەکانی موسڵ لە برساندا مردن (7) .
باسى دووەم/ دامەزراندنی کۆماری کوردستانی سوور:
دواى سەرکەوتنى شۆڕش لە ڕووسیا (1917) ، کە بە زیندانى گەورەى گەلان ناودەبرا، یەکێک لە هەنگاوە یەکەمینەکانى بەلشەفییەکان جاڕنامەى مافەکانى گەلانى ڕووسیا بوو. لەگەڵ ڕەتکردنەوەى سیاسەتى چەوساندنەوەى نەتەوەیى و ئەفراندنى بێمتمانەیى و دوژمنایەتى لەنێوان گەلانى ڕووسیادا، کە دەسەڵاتدارانى سەردەمى تساریزم پەیڕەویان دەکرد، جاڕنامەکە یەکسانى و سەروەرى گەلانى ڕووسیاى ڕاگەیاند و دانى بەوەدانا کە ئەو گەلانە مافى ئەوەیان هەیە بە ئازادى چارەنووسى خۆیان دیارى بکەن بە مافى جیابوونەوە و دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیانەوە. هەروەک هەموو جیاکارییەکى لەنێوان گەلانى ڕووسیادا قەدەغەکرد و مافى گەشەکردنى ئازادیدا بە کەمینە نەتەوەیى و ئیتنیکییەکانى وڵات. بەپێى ئەو جاڕنامەیە دەبوایە لە ماوەیەکى کوورتدا ڕێکارى پێویست بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە دەربکرێن. جاڕنامەکە بە ‌ئیمزاى لینین و ستالین بوو (8) . ئەڵبەت بەڕەچاوکردنى هۆکارەکانى مێژوویى و ئیتنۆگرافیى و جوگرافى، سنوورى ئیداریى و نەتەوەییان بۆ دیاریکرا (9) .
کوردیش یەکێک بوو لەو کەمە نەتەوایەتییانەى کە دەبوو قەوارەیەکى بۆ درووستبکرێت، بەڵام کوردانى سۆڤیەت لە ساڵانى دواى شۆڕشى ئۆکتۆبەر لەوپەڕى نەهامەتى و ناڕەحەتیدا دەژیان، ئەوەش بەهۆى ئەو وێرانکاریى و قات و قڕیى و برسێتییەى کە لە ئەنجامى شەڕى ناوخۆ و هاتنە ناوەوەى بەریتانیا بۆ باکۆ، هەروەها هێرش و پەلامارەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر ئەرمینیا و ئازربایجان لە ساڵى 1918 ڕووبەڕوویان بوویەوە (10) .
لە سەرەتادا ئازەرییەکان ناڕازى بوون لە درووستکردنى قەوارەیەک بۆ کورد، بەڵام لە کۆتاییدا یەکێک لە سەرکردە بەلشەفییە ناسراوەکان و یاوەرى لینین و ستالین، کیرەف، کە لە ساڵى 1921 کرا بە سکرتێرى پارتى کۆمۆنیستى ئازربایجان کاربەدەستانى ئازربایجانى ناچار کرد (1923) قەزاى کوردستان دابمەزرێنن (11) ، کە پایتەختەکەى شارى لاچین بوو (12) .
ناوچەکە، کە بە کوردستانى سوور یان قەزاى کوردستان (بە ‌ڕووسى ئویەزد) ئەناسرا، یەکەیەکى کارگێڕیى و ئەتنیکى بوو لە ئازربایجانى سۆڤیەتى لەنێوان ساڵانى 1923-1929. ئەم هەرێمە ناوچەیەکى فراوانى لەسەر سنوورەکانى ئازربایجان و ئەرمینیا (ئەرمەنستان) گرتبووەخۆ و ناگوڕنە قەرەباغى لە ئەرمینیا جیادەکردەوە (13) ‌.
دامەزراندنى قەزاى کوردستان یان کوردستانى سوور لە ئازربایجان بەپێى ئەو بڕیارە بوو، هۆى دواکەوتنى دامەزراندنیشى هەتا ساڵى 1923 بۆ دوو هۆى سەرەکى دەگەڕایەوە:
1 تا نیسانى ساڵى 1920 دەسەڵاتى سۆڤیەتى لە ئازربایجان سەرنەکەوتبوو.
2 ئازەرییەکان نەیاندەویست قەوارەیەکى نەتەوەیى بۆ کورد لەسەر خاکى ئازربایجان درووست ببێت. ئەوان ئەوەیان بەمەترسى لەسەر دواڕۆژى وڵاتەکەیان دەزانى و گومان لەوە نەبوو کە ئەو قەوارەیە ڕۆژێک دێت دەبێتە بنەمایەک بۆ دەوڵەتێکى کوردى، لێرەوە بوو دژى ئەو بیرۆکەیە‌ وەستانەوە (14) ‌.
لەلایەکى دیکەوە لە پاش‌ شۆڕشى ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکارى بەسەر زۆر شتدا هات، ئەو گۆڕانکارییانەش دوو ئەنجامى لێ بەدەست هات: ئەو کوردانەى کە بەردەوام لە کۆچ و ڕەودا بوون شوێن و جێگاى خۆیان بۆ دیاریکرا، لەنێوان ساڵانى 1923-1929 لە سەردەمى لینیندا خوێندنگاى تایبەت بە زمانى کوردى کرایەوە، هەروەها ڕۆژنامە و بڵاوکراوە بە زمانى کوردى بڵاوکرایەوە (15) ‌.
کوردەکانى سۆڤییەت بەگشتى لە ناوچە کشتوکاڵییەکانى ئەرمینیا و ئازربایجان و جۆرجیا و ژمارەیەکى تر لە کۆمارەکانى ترى یەکێتى سۆڤییەت نیشتەجێ ببوون (16) [1]. ئەوەبوو لە ناوچەیەکی ئەم بەشەی کوردستاندا لە ئابی 1923 کۆماری ڕۆژاوای کوردستانن دامەزراند و (حسێن گاجیێڤ) یش وەک سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەرێتی (حکومەتی خۆجێیی) کوردستانی سوور (17) و ئەلیاسۆف بە بەڕێوەبەرى کاروبارى پەروەردە و فێرکردنى کوردستان سوور دانران (18) .
بێگومان ئەوە بوو بە کەشوهەوایەکی لەبار کە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە خۆیان بە کورد بزانن و کوردبوونی خۆیان لەو خاکەی (کوردستان) کە تێیدا دەژین سەلماند (19) . کۆمارەکە لە شەش ناوچەیەک پێکهاتبوو، کە پێیان دەگووت دایرە (بازنە) ، ئەوانیش بریتى بوون لە: کەلەبجاڕ، قوتوورلى، کوردحاجى، مورادخانلى، قەرەقشڵاخ و قوبادلى (20) . دانیشتووانى ئەم ناوچانە کوردى زمان و بە دیالێکتى کرمانجى دەدوان (جگەلە قوبادلى) (21) . پاشان ئەم قەزایە گۆڕا و بووبە هەرێمى نەتەوەیى کوردستان و خاوەنى ئۆتۆنۆمى (22) .‌
سنوورەکەشى بەم شێوەیە بوو، باکووری ناوچەی کوردستانی سوور بەهێڵی سەراورد (خط الراس) زنجیرە چیاکانی مراڤ داغی ئەم ناوچەیە لە ناوچەی گەنجە جیادەکاتەوە ‌ (واتە لە باکوورەوە زنجیرە چیاکانی مراڤ داغ کوردستان لە ناوچەی گەنجە جیادەکاتەوە هەورامی) و بە هێڵی سەراورد زنجیرە چیاکانی کانگوور- ئالانگیز کوردستان لەگەڵ ناوچەی نور=بائێزدی سەر بە ئەرمینیا هاوسنوورە ‌ و لە باشووری ڕۆژاوایشەوە کوردستان هاوسنووری ناوچەکانی شارئورا-دەریلاگیز (دارالگیز) و زەنگەزوری کۆماری ئەرمەنستانی سۆڤیەتە.
سنوورەکانی کوردستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بە ڕووباری ئاکیردا دەڕوات، تا سنوورەکانی ناوچەی پێشووی جەبرەئیل کە لە گوندی (ئەفەندیلەر) ەوە دەستپێدەکات تا لەو شێنەی کە لقی لای چەپی ئەم ڕووبارەوە، واتە میل خیلۆڤ، دەڕژێتە ئەم ڕووبارە‌ و سەرەنجام کوردستان لەگەڵ ناگورناقەرەباغ هاوسنوورە ‌و، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە، واتە لەو شوێنەی کە ڕووباری میل خیلۆڤ دەڕژێتە ڕووباری ئاکیرەوە تا زنجیرە چیاکانی موراڤداغ (20) .
دەشتوانین بەم شێوەیە سنوورەکەى دیارى بکەین، مەڵبەند یان قەزاى کوردستان کەوتبووە نێوان ناگۆرناقەرەباغ و ئەرمینیاوە، واتە لە ڕۆژهەڵاتەوە قەرەباغ و لە ڕۆژاواشەوە ئەرمینیاى سۆڤیەتى، لە باشوورەوە ناوچەى زەنگیلان و جوبرانلى لەسەر سنوورى ئێران و لە باکووریشەوە چەند ناوچەیەکى ئازربایجان. مەڵبەندى کوردستان، کە ناوەندەکەى ئەبداڵیار (24) بوو.
ناوچەى کوردستان لەڕووى جیۆگرافییەوە دەکرێ بەسێ بەشەوە:
1 دەوروبەرى ڕووبارى ئاراس کە دەشتە و کشتوکاڵى باشى لێ دەکرا، وەک: برنج و لۆکە، لە زستانانیشدا دەبووە لەوەرگاى ئەو مەڕ و ماڵاتانەى لە زۆزانەکانەوە دادەبەزین.
2 بنارى شاخەکان، کە بە لەوەرگا و پاوانى زۆر دەوڵەمەند بوو، هەروەها خاوەنى زەوى کشتوکاڵیش بوو.
3 چیاکان، کە بەزستانان ڕێژەیەکى کەمى خەڵکى لێ دەمایەوە، بەڵام هاوینان دەبوونە لەوەڕگا بۆ شوێنى مەڕ و ماڵاتەکانیان (25) .
ژمارەى دانیشتووانى کوردستانى سوور بەپێى گێڕانەوەکانى مێ.پێچێلینا کە یەکێک بووە لە ئەندامانى ئەو تیمەى ساڵى 1924 سەردانى ناوچەکەى کردووە نزیکەى (35-40) هەزار کەس بووە (26) ، بەڵام سەرژمێرى 1925 ژمارەکەى بە (52426) کەس داناوە، کە لەو ڕێژەیە 72.3% واتە (37182) کەسیان کورد بوون. ئەوەش بڵێین لە هەر شەش دایرەکە، قوبادلى نەبێت، کورد زۆرینە بوون (27) . دواى ئەم سەرژمێرییە هیچ سەرژمێرییەکى دیکە لەو ناوچەیە ئەنجام نەدرا (28) . لەڕووى مەزهەبیشەوە وەک پێچێلینا ئاماژەى بۆ دەکات، کوردانى ئەم ناوچەیە شیعە مەزهەب بوون (بەهۆى کارتێکردنى فارسەکانەوە) ، ئەوە لەکاتیکدا کوردانى یەریڤان یان سووننى شافیعى بوون یاخود ئێزدى (29) .
درووستکردنی کۆماری کوردستانیش لەو ناوچەیەدا ژمارەیەک فاکتەری لە پشتەوە بوو، لەوانە:
1 زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە کوردبوون.
2 بانگەشەی بەلشەفیییەکان سەبارەت بە یەکسانی و ئازادی گەلان‌ و مافی چارەی خۆنووسینیان، بێگومان کوردیش یەکێک بوو لەو گەلانە.
3 بۆ ڕاکێشانی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی باشووری کوردستان، کە ئەو کات لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو.
4 ئازەریی و ئەرمەنییەکان کێشەیەکی زۆریان لەسەر ناوچەی ناگورناقەرەباغ هەبوو، بە درووستکردنی ئەو کۆمارە کوردییە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا تاڕادەیەک چارەسەر ئەو کێشەیە کرا لەو ماوەیەدا.
5 داواکاری خەڵکی ناوچەکە بۆ درووستکردنی کۆمارێکی کوردی وەک تەواوی گەلانی تری سۆڤیەت.
6 ئەو بەڵێنانەی کە ڕووسەکان هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە بە سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەیان دەدا کە ئەگەر ناوچەکەیان ببێتە بەشێک لە ڕووسیا ئەوا ئەوان جیاواز لە ئێران و عوسمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن و دەسەڵاتی زیاتریان پێ‌ دەدەن (30) .
دواتر لە ساڵى 1925 لیژنەیەکى تایبەت پێکهات بۆ تاوتوێکردنى بارودۆخى قەزاى کوردستان، ئەو ڕاسپاردانەى کە ئەم لیژنەیە پێشنیازى کرد و جێبەجێ کرا ڕۆڵێکى بەرچاوى هەبوو لە گەشەکردنى ئابووریى و ڕۆشنبیرى قەزاکە. لە گرنگترین ئەو کارانەى کە ئەنجامدرا، بریتى بوون لە:
1 دەرکردنى ڕۆژنامەى (کورستانى سۆڤیەتى) .
2 کردنەوەى پەیمانگایەکى پەروەردەیى هونەرى لە شارى شوش.
3 کردنەوەى پەخشى کەناڵێکى ڕادیۆ بە زمانى کوردى.
4 بڕیاردرا کە منداڵان بە زمانى دایک بخوێنن.
5 جگەلە پەڕتووکى قوتابخانەکان، چەندین پەڕتووکى کوردى ئەدەبى و سیاسى چاپکران.
6 دەستبەکاربوونى هەموو دامودەزگا کارگێڕییەکانى قەزاکە (31) .
باسى سییەم/ هەڵوێستى هەرێمى بەرانبەر درووستکردنى کوردستانى سنوور:
یەکەم/ ئەرمینیا:
ئەرمەنییەکان ئەمەیان‌ بە هەوڵێکى ئازەرییەکان دەزانى بۆ بەکارهێنانى کورد لە دژى ئەرمەن و دابڕاندنى هەرێمى نەگۆڕنەقەرەباغ لە ئەرمەنستان. لەهەمانکاتدا هەوڵێکى مۆسکۆ بوو بۆ لەنێوبردنى دوا پێگەى سەربەخۆیى گەلى ئەرمەن لە ناوچە چیاییەکانى باشوورى قەفقاز.
دووەم/ یەکێتى سۆڤیەت:
بۆ مۆسکۆ دەبوایە کوردستانى سوور ڕێگربێت لە بەریەککەوتنى ئازەریى و ئەرمەنەکان و دەروازەیەکیش بێت بۆ گەیاندنى پەیامەکانى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و پارتى کۆمۆنیستى سۆڤیەتى بە کوردانى ڕۆژهەڵاتى نزیک.
سێیەم/ ئازربایجان:
ئازەرییەکان پێیانوابوو کوردستانى سوور ئامێرێکە بەدەست مۆسکۆوە بۆ فشارخستنە سەر ئازربایجان بۆ ئەوەى ناچارییان بکات گۆێڕایەڵ و ملکەچى مۆسکۆ بن لە بوارەکانى نەوت و پەیوەندى لەگەڵ جیهانى تورکیدا. ترسێکى دیکەى ئازەرییەکان لەم هەرێمە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەى گرتبوو ک لە 85%ى سەرچاوەکانى ئاوى ئازربایجان لەنێو خاکى کوردستانى سووردا بوو (32) .
لەلایەکى ترەوە، بۆ ئازەرییەکان هەبوونى دەڤەرێک بەناوى کوردەوە مەترسییەکى هەرە گەورە بوو، چونکە ئەو ناوە ئاماژە بوو بۆ هەبوونى گرووپێکى ئیتنیکى جیاواز لە ئازەرییەکان، لەکاتێکدا هەموو یەکە کارگێڕییەکانى ترى ئەو کۆمارە سۆڤێتییە ناوى ئیتنیکییان هەڵنەگرتبوو. ئەوان لەوە دەترسان ئەمە ببێتە بنکەیەک بۆ کوردەکانى قەفقاز بۆ ئەوەى لە داهاتوودا لەسەر خاکى ئازربایجان قەوارەیەکى نەتەوەییان بۆ درستبکرێت (33) .
هەر بۆیە ئازەرییەکان لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندنى کوردستانى سوورەوە لە هەوڵى ئەوەدابوون لەنێوى ببەن، لەوپێناوەشدا کۆسپ و تەگەرەى زۆریان خستە بەردەم کامڵبوونى دامودەگاکانى ئەم هەرێمە کوردییە. واپێدەچیت لەکاتى خۆیدا دەسەڵاتى سۆڤیەت لە مۆسکۆ ئازەرییەکانى ناچار کردبێت هەرێمى کوردستانى سوور دابمەزرێنن، بۆیە هەرگیز لە دڵەوە کاریان بۆ گەشەکردنى نەدەکرد. سیاسەتەکانى کاربەدەستانى کۆمارى ئازربایجان بەرانبەر بە و هەرێمە بەتەواوى ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوان لە یەکەمین ڕۆژەوە لە هەوڵى سڕینەوەیدابوون (34) .
بەنموونە ئەوەى زۆر سەیر بوو سەرۆکى هەرێمە‌ کوردییەکە کەسێکى ئازەرى بوو بەناوى حسێن گاجیێڤ! دامودەزگاکانى هەرێمەکە لە شارى شوشێ بوو کە دەکەوتە دەرەوەى سنوورەکانى کوردستانى سوور. بیانووشیان ئەوە بوو کە لە هەموو هەرێمەکەدا باڵەخانەیەکى وەها نییە بۆ ڕاییکردنى کاروبارەکانى دەوڵەتى دەستبدات. واتە هیچ دامودەزگایەکى دەوڵەتى لەم هەرێمەدا نەبووە.
هەروەک هیچ هەوڵێکى جددى نەدرا بۆ ئامادەکردنى کادیرى پێویست لە ‌ماوەى ئەو شەش ساڵەدا کە کوردستانى سوور لە ژیاندا بوو. بۆ مەبەستێکى نادرووست بەکاردەهێنرا، چونکە زۆر گەلى ترى ناو یەکێتى سۆڤیەت، بەتایبەتى لە ئاسیاى ناوەڕاست لە ئاستى کۆمەڵایەتى کورددا بوون، سەربارى ئەوەش لە ماوەیەکى کوورتدا کادرى پێویستیان بۆ ئامادەکرا و دامودەزگاى دەوڵەتییان بۆ دامەزرێنرا (35) .
هەر لەو چوارچێوەیەدا کەمکردنەوەى ڕێژەى کوردى هەرێمەکە لە 100% بۆ 73% دانیشوان یەکێکى دیکە بوو لە هەنگاوەکانى ئازەرییەکان لە دژى کۆمارەکە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بەپێى هەندێک لە سەرچاوەکان ڕێگەیان نەدا بە و دوو هەزار کوردەى لە دواى سەرکوتکردنى شۆڕشى شێخ سەعیدى پیرانەوە (1925) هەڵهاتبوون و پەنایان بردبووە بەر ئازربایجان لە کوردستانى سوور جێگیر ببن، بەڵکوو ناچارکران لە گوندێکى نوێ بەناوى نەریمان ئاباد نیشتەجێ ببن. لەبەرانبەردا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى ئازەرییەکان لە هەرێمەکە زیادى دەکرد، لە ماوەى یەک ساڵدا (1925-1926) ڕێژەى کوردیان لە 80% وە هێنایە خوارەوە بۆ 73%، واتە بەڕێژەى لە 7% ڕێژەى کورد لەو هەرێمە کەمى کرد. جیالەوانەش ئازەرییەکان بەمەبەستەوە ناوچەى قوبادلى کە 98%ى ئازەرى بوون و ئەوانى دیکەش ئەرمەن، بۆ ئەوە خستیانە سەر کۆمارى کوردستانى سوور هەتا ڕێژەى دانیشتووانى کورد لەناو کۆمارەکەدا بهێننە خوارەوە (36) ‌.
هەوڵى تواندنەوەى کورد و بەتورک کردنیان پڕۆسەیەکى بەردەوامى ئازەرییەکان بوو. بۆ گەیشتن بە و ئامانجە ڕێگە نەما نەیگرنەبەر. بەر لە هەموو شتێک شکاندنى کەسێتى کورد و تەماشاکردنیان بەچاوێکى نزم و پێناسەکردنیان بە کۆچەر، نەخوێندەوار و دواکەوتوو وایان لە بەشێکى زۆرى کوردانى ئەو وڵاتە کردبوو شەرم لە کوردبوونى خۆیان بکەن. پێدەچێت ئەمە خەسڵەتێکى گشتى تورک زمانەکان بێت لە هەر شوێنێک بن، تورکى تورکیا لەم بوارەدا پێشەنگ و ڕێنیشاندەرە بۆ هەموو ئەوانى دیکە، ئازەریش چ ئەوانەى قەوقاز و چ ئەوانەى ئێران بە هەمان شێوە لە کورد دەڕوانن و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، تەنانەت کەمینەیەکى لاوازى وەک تورکمانەکانى ئێراق بەهەمان چاو سەیرى کورد دەکەن (37) .
بەشى دووەم/ هەڵوەشانەى کوردستانى سوور و چارەنووسى کوردانى سۆڤیەت
باسى یەکەم/ هەڵوەشاندنەوەی کۆمار:
دواى مردنى لینین و گەیشتنى ستالین بەدەسەڵات ، ڕەوشى گەلانى سۆڤیەت بەتەواوى بەرەو خراپى گۆڕا، یەکێک لەو نەتە‌وانە کورد بوو (38) ، بەتایبەت لە کۆتایى بیستەکانى سەدەى ڕابردوودا ڕەوتى مامەڵەکان لەگەڵ کورددا ڕووى لە خراپبوون و تێکچوون کرد (39) ، ڕەگەزپەرستانی تورک بە ‌پلەی یەکەم و دوای ئەوانیش ئازەریى و ئەرمەنییەکان ‌ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا لە فشار خستنە سەر سۆڤیەتییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سوور (40) ، ئەو ڕەوشەش دەرەنجامى گەشەکردنى خواستى نەتەوەخوازى بوو لەناو سەرکردەکانى ئازربایجان و ئەو بارودۆخەى کە هاتبوویە پێشەوە لە سیاسەتى دەرەوەدا، کە پەیوەست بوو بە پەیوەندییە دۆستانەکانى نێوان یەکێتى سۆڤیەت و تورکیاوە (41) ‌. بۆ تورکەکان وڵاتێکى وەها دەستى نەدەدا، سۆڤیەتیش نەیدەویست پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا تێکبدات (42) .
جەعفەر باقرۆڤ بە سیاسەتێکى میکیاڤیلییانە کوردانى ناو سنوورى ئازربایجانى بەرەو توانەوە پەلکێش کرد، بەوکارەشى خزمەتێکى گەورەى بە کەمالیستەکان لە تورکیا کرد (43) ، لەوچوارچێوەیەدا دەسەڵاتدارانى ئازربایجان هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ لەناوبردنى ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمییەى کوردان لە کۆمارەکەیاندا (44) ، بەتایبەتى دواى ئەوەى کە کیرەف بوو بە بەرپرسیارى پارتى کۆمۆنیست لە لینینگراد، ڕاستەوخۆ هەوڵى ئازەرییەکان بۆ لەناوبردنى کوردستانى سوور دەستی پێ کرد (45) . سەرەنجام قەزاى کوردستان بە ‌بڕیارى کۆنگرەى سەرانسەرى سۆڤێتییەکانى ئازربایجان لە 8ى نیسانى 1929 هەڵوەشێنرایەوە، ئەویش دواى ئەوەى دەسەڵاتدارانى یەکێتى سۆڤییەت بڕیارى درووستکردنى هەرێم یان ناوچە (ئۆکروگ) یان لە جێگەى مەڵبەند یان شارۆچکە (ئۆیەزد) دا. بەڵام جێبەجێکردنى بڕیارەکەیان بۆ دەسەڵاتدارانى ناوچەیى بەجێهێشتبوو. دەسەڵاتدارانى ئازربایجان ئەم هەلەیان قۆستەوە و کوردستانى سووریان هەڵوەشاندەوە و دایرەکانیان بەسەر هەرێمى قەرەباغدا دابەشکرد، کە یەکێک بوو لەو هەشت ناوچەیەى تر. بەوشێوەیە دەسەڵاتدارانى ئازربایجان دواى ئەوەى چەند ناوچەیەکى ئازربایجانشینیان خستە سەر قەرەباغ، توانیان هەرێمى ئۆتۆنۆمى ناگۆرنە قەرەباغ درووستبکەن، کە بەشێکى بەرچاوى ئازەرى بێت.
هەرچەندە لەگەڵ ئەو نیازە شاراوەى ئازەرییەکان بەرانبەر بە کوردستانى سوور، لە25/5/1930 کۆمیتەى جێبەجێکردنى ناوەندى ئازربایجانى سۆڤیەتى بڕیارى درووستکردنەوەى هەرێمى کوردستانیدا. ئەم هەرێمە جگە لە ناوچەکانى مەڵبەندى کوردستان، ناوچەى زەنگیلان و جوبرایلیشى لەسەر بوو، بەم پێیە لە باشوورەوە سنوورى بەتەواوى بە سنوورى ئێرانەوە دەبوو. ئەمجارەیان شارۆچکەى لاچین بوو بە ناوەندى‌ مەڵبەندەکە. لەڕاستیدا لاچین هەر ئەبداڵیار بوو، کە ساڵى 1926 دواى ئەوەى فراوانتر کرا، ناوەکەى بۆ لاچین گۆڕا. بەڵام ئەم هەرێمەش هەتا 8ى ئابى 1930 مایەوە و دواتر بەیەکجارى هەڵوەشێنرایەوە (46) . بەوشێوەیە کوردستانى سوور کە وەک خەڵاتى لینین بۆ کورد تەماشا ئەکرا، لەلایەن ستالینەوە لێیان وەرگێڕایەوە (47) ‌.
بەبڕواى د.جەبار قادر، هۆکارێکى ترى لەناوبردنى کوردستانى سوور پەیوەندى هەبووە بە سەرکوتکردنى جووڵانەوەکانى کوردییەکان لە هەموو پارچەکانى کوردستان لە بیستەکانى سەدەى ڕابردوو، بە و واتایەى یەکێتى سۆڤیەت دەستى لەوە شوشت کورد وەک هێزێکى شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵاتى نزیک ببنە پێگە بۆ یەکێتى سۆڤیەت و بڵاوکردنەوەى بیر و پەیامى بەلشەفى.
لە کۆتاییدا ئازەرییەکان لەژێر پەردەى گۆڕانکارى کە هەموو یەکێتى سۆڤیەتى گرتبوویەوە، قەزاى کوردستانیان لەنێوبرد. ئەگەرچى پەیمانى ئەوەیان دابوو کە جارێکى تر درووستى بکەنەوە، بەڵام دواتر لە سەردەمى ستەم و دیکتاتۆڕى ڕەشى ستالیندا بەیەکجارى لەبیرکرا (48) .
باسى دووەم/ ڕێ و شوێنەکان لە ‌دژى کوردانى سۆڤیەت دواى ڕووخانى کۆمار:
هەر دوابەدواى لەناوبردنى کوردستانى سوور، بەکارهێنانى وشەى کوردى قەدەغەکرا، لەگەڵیشیدا بەشێوەیەکى ڕەسمى دەستکرا بە کەمکردنەوە ژمارەى دانیشتووانى کورد، لەکاتێکدا لە ساڵەکانى بەڕێوەبردنى خۆجێیەتى کورد ژمارەى دانیشتووانى کورد نزیکەى 48هەزار کەس بوون، بەڵام بەپێى سەرژمێرى ساڵى 1979 تەنانەت یەک کوردیش لەو ناوچەیە نەمابوویەوە، ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر زۆرى منداڵبوون لە خێزانە کوردەکان و گەشەى سرووشتى لەیەکبدەینەوە، دەبوو هەتا کۆتایى شەڕى دووەمى جیهانى ژمارەى کوردانى ناوچەى کوردستانى سوور لە 100 هەزار کەس کەمتر نەبێت. سەربارى ئەوەش لەژێر فشاردا زۆربەى زۆرى کوردانى ئازربایجان زمانى دایک و کلتوور و دابوونەریتى خۆیان لەدەستدا. هەمان چارەنووس ڕووبەڕووى کوردانى نیشتەجێى تورکمانستانیش بوویەوە، بەپێى هەندێک لە خەمڵاندنەکان لە بیستەکانى سەدەى ڕابردوودا نزیکەى 100 هەزار کورد لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام سەرژمێرییەکانى دواتر دەریخست ژمارەى کورد لەو‌ وڵاتە زۆر کەمیکردووە لە هەموو ئەو ناوچانەى کە پێشتر تیایدا ژیاون (49) .
لەوەش زیاتر فشاری تورکەکان گەیشتە ئاستێک، سۆڤیەتییەکان لە ساڵی 1935دا ڕێگرییان کرد لە بەستنی کۆنفڕانسی کوردناسی لە باکۆ، دواتریش هەموو قوتابخانە و پەیمانگا و دامەزراوە کولتوورییەکان داخران. ئەو داخستنە بەشێوەیەک بوو تا ڕووخانی سۆڤیەت ڕێگە نەدرا کە ئەو جۆرە کۆنفرانسانە ببەسترێت. تەنانەت بەلشەفییەکان پێیانوابوو هەموو ئەو کۆنفڕانسانەی کوردناسی کە لەدەرەوە بەستراون دەستی ئیمپریالیزمیان لە پشت بووە. بەوهۆیەشەوە ڕێگەشیان نەداوە بە هیچ یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای وڵات کە بەشداری کۆڕ‌ و کۆنفڕانسە کوردییەکان بکەن.
سۆڤێتییەکان لە سەرەتادا ڕێگرییان دەکرد لە ئاڵوگۆڕی بڵاوکراوە کوردییەکان، دواتر هەستان بە داخستنی ڕۆژنامەی (ڕێیا تازە) و دوورخستنەوەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بەبیانووی هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوایەتیان یاخود پەیوەندییان بە نووسەرانی کوردی دەرەوە، دواتر لەوە زیاتر پێیان لێنا و بواریان نەدا بە هیچ یەکێک لە چاپکراوە سۆڤێتییەکان کە بابەت و وتار لەسەر کورد و ئەلفوبێی کوردی بڵاوبکەنەوە. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە دەتوانین بڵێین بەرهەمی زۆربەی کوردناسەکانی سۆڤیەت بەرلەوەی زانستییانە و مێژوویی و بابەتیانە بن ئایدۆلۆژیانە و بەمەبەست بووە، بەگشتی سۆڤیەت توانی بزووتنەوەی کورد لە پەیوەندی گرتنی بە ڕۆژاواوە داببڕێ‌ و دووری بخاتەوە (50) .
باسى سێیەم/ چارەنووسی کوردانی سۆڤیەت دوای هەڵوەشانەوەی کۆماری کوردستانی سوور:
لە ڕووى کارگێڕییەوە، پاش هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور، هەر ناوچە ‌ و شارێکی کوردستانیان بەناوی”دابەشکردنی سستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئازربایجان”ەوە، خستە سەر ناوچە یان هەرێم‌ و شارەکانی تری ئازربایجان. بەم چەشنە ناوی کورد‌ و کوردستان، یا بەواتایەکی تر قەوارەکەیان لە فەرهەنگی سۆڤیەتی و ئازربایجانی سۆڤیەتیدا سڕییەوە (51) . لەلایەکى تریشەوە لە‌ ناوەڕاستى سییەکانەوە ئیدى کۆتایى بە پیادەکردنى سیاسەتى کلتوورە هەمەجۆرەکان هات و لەوکاتەوە سیاسەتى مەرکەزییەت پیادەکراوە، بەشێوەیەک هەموو بڕیارەکان لە سەرەوە دادەبەزینە خوارەوە، بەوەش دوبارە کیشەى نێوان ڕووسەکان و کەمینە نەتەوایەتییەکان سەریهەڵدایەوە کە یەک لەوانە کورد بوو (52) . دانیشتووانی کوردى ئەو وڵاتە کەوتنە بەر شاڵاوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی جیاوازی ڕەگەزیی و تواندنەوە‌وە، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆریان لە ترساندا ناو و ناسنامە‌ و نەتەوەی خۆیان گۆڕی، بۆ ئەوەی دەرنەکرێن، یان لەناو نەچن یان ئیشوکار‌ی خۆیان لەدەست نەدەن یان بتوانن بخوێنن‌ و کاربکەن‌ و لە نیشتمانەکەی خۆیاندا بمێننەوە. ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کورد بەم چەشنە هەتا ئەمڕۆش لەبەر نەبوونی قەوارە ‌ و بواری خوێندن توێندراونەتەوە، بەڵام ئەمەش واتە بێ‌ دەنگبوون‌ و تواندنەوەیان. شانبەشانى ئەم هەنگاوانە قوتابخانە‌ و ڕۆژنامە ‌ و بەڕێوەبەرایەتی ‌و، بەگشتی دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان نەهێشت.
کوردەکانی سۆڤیەت لە کارەساتی تریش نەپارێزراون (53) ، ڕاگواستنى کوردەکان لەودیوى قەوقازەوە بۆ ناوچەکانى ترى یەکێتى سۆڤیەت ڕۆڵى هەبوو لە تواندنەوەیان. بەنموونە لە ساڵى 1937 دەستکرا بە ڕاگواستنى بەشێک لە کوردانى ئەودیو قەوقاز (وەک ڕەگەزێکى نەخوازراو) بۆ کۆمارەکانى ئاسیاى ناوەڕاست و کازاغستان. دواتر لە ساڵى 1944 کورد و تورک و هەمەشییەکان لە خاکى جۆرجیاوە ڕاگوێزران بەرەو هەمان ناوچە (54) . بیانووشیان بۆ ئەم تاوانە گەورەیە ئەوەبوو” گوایە بەرەی قەفقاز، لەبەر “کۆمەڵانی گومانلێکراو”یان”بڕوا پێ‌ نەکراو”، کە کوردیش خرابووە ئەو خانەیەوە (بەبەهانەی ئاری بوون‌ و هاوهەستییان لەگەڵ ئەڵمانەکاندا یان هاوئایینییان لەگەڵ تورکیادا) ‌و، لەبەر نزیکبوونەوەی هێزەکانی تورکیا و ئەڵمانیا، دەبوو پاکبکرێنەوە ‌ و دوربخرێنەوە، نەوەک بە دەستپێکردنی شەڕ یارمەتیی ئەڵمانەکان و تورکەکان بدەن.
بەوهۆیەشەوە کوردەکانیان لە ئازربایجان‌ و ئەرمینیاوە گواستەوە، زۆربەیان بۆ ئاسیای ناوەڕاست و کازاغستان و ئۆزبەکستان‌ و سیبیریا. گواستنەوەکەشیان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە ‌ و بێ‌ ئاگاداری پێشوەخت‌ و بەشە و بوو، بە گەمارۆدانی گوند و شارەکوردنشینەکان و بردنیان بە ئۆتۆمبیلی سەربازی بۆ ئێستگەکانی شەمەندەفەر‌ و گواستنەوەیان بە شەمەندەفەری تایبەت بە ئاژەڵ‌ و بارهەڵگر، بەبێ‌ ئەوەی بهێڵن شتومەک‌ و پێویستی ناوماڵ و سامانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن. کاتی کۆکردنەوە‌ و ناردن و لە ڕێگا، ژمارەیەکی زۆریان لەبەر ڕەخنە ‌ و ناڕەزایی دەربڕین لەلایەن سەربازەکانی سوپای سوورەوە گوللەباران کران، یان خۆیان لە شەمەندەفەرەکان فڕێداوەتە خوارەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان لە ڕێگا‌دا بەهۆى سەرما‌ و برسێتی و نەبوونی خواردن‌ و… گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەت بەساڵاچووان و منداڵان.
کوردانى سۆڤیەت لەکاتى ڕاگواستنیان
کارەساتی ژیانی ئەو کوردە ڕاگوێزراوانە لە شوێنی نوێی نیشتەجێبوونیان، بەهۆی بارودۆخی نامرۆڤانە‌ و ڕانەهاتنەوە لەگەڵ کەشوهەوای بەتایبەتی سیبیریادا، ئەوانی ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە کردەوە، لە تاراوگە‌ و ئۆردوگا زۆرەملێکاندا، دەستبەسەر‌ و لەژێر کۆنترۆڵ دەزگاکانی پاراستنی سۆڤیەتدا بوون، گەشتکردنیان لێ‌ قەدەغەکرابوو، هەروەک پاسپۆرت و ناسنامەشیان لێوەرگێڕابوویەوە (55) . لەمبارەیەوە لازاریف دەڵێت:” کوردە ڕاگوێزراوەکان لەژێر چاودێرییەکى توندا بوون، مافى سەردان و دەرچوونیان نەبوو، لە بازنەى ئەو ناوچانەى کە تیایدا نیشتەجێ کرابوون، هەروەها بێ بەشکرابوون لە مافە دەستوورییەکان. تەنانەت زۆرێکیان ناچار دەبوون دەستەبەردارى ڕەگەزى و نەتەوەیى خۆیان ببن و بچنە سەر ڕەگەزى ئازەرى یاخود کازاغى یان هەر ڕەگەزێکى ترى ناوچەکە، ئەوەش بۆ خۆدوورخستنەوە لە چەوساندنەوە یاخود بۆ ئەوەى مافى چوونە دەرەوەیان هەبێت بۆ خوێندن (56) ”.
ستالین ڕاستەوخۆ بڕیاری گوللەبارانکردنی دەستگیراوانی نەدەدا، پێویستی بە هێزی کرێکار بوو، پێش مردنیان دەبوو کار بۆ کۆمەڵگەی سۆسیالیزم بکەن، کوشتنی یەکجارەکییان کەڵکێکی ئەوتۆی نەبوو، دەبوو کێڵگە بکێڵن، ئاژەڵ بەخێو بکەن، ڕێگە ڕابکێشن، بیابانە چۆڵەکان ئاوەدان بکەنەوە دواتر بمرن. بۆیە دەتوانین بڵێین میتۆدەکانی ستالین لە هیتلەر و سەدام‌ و ئەتاتورک ژیرانەتر بوون.
بەکوورتی، گوللەباران کردن‌ و برسیکردن‌ و نەخۆشخستن‌ و بێکار کردن‌ و لە سەرمادا ‌ڕەقبوونەوە‌ و خۆکوژیی و لە خەم و ئازاردا مردن و سووکایەتیکردن بە هەموو شێوەکانییەوە، وەک ناچارکردن بە ڕەفتارکردن وەک ئاژەڵ، بگرە تا دەستدرێژیکردنە سەر شەرەف و نامووس‌، ناو‌ و نەتەوە‌ و دابوونەریت گۆڕین‌ و دەرکردن و داگیرکردنی نیشتمان‌ و گۆڕینی ناوی گوند و کانی و شاخ و هەرد‌ و ڕووباری وڵات، گۆڕستانی مردووەکان خاپوور بکەن‌، سەردانی کەسوکار و ناشتنی تەرمی مردووەکان، هەمووی مۆڵەتی ڕەسمی بێ‌‌ و نێرینەکان بدزن و بێ‌ سەروشوێنیان بکەن (57) .
بێ‌ دەوڵەتی کورد وای لە ستالین کرد نەک هەر کوردستانی سوور هەڵوەشێنێتەوە، بەڵکوو ئەو هەموو کارەسات‌ و تراژیدیایانە بەسەر گەلی کورددا بهێنێت بەتایبەتی ڕاگواستنی کوردانی ئەو وڵاتە بۆ کۆمارەکانی دیکەی سۆڤیەت (58) . لە ناوخۆدا گوێ‌ بە سکاڵاکانی کوردانی ئەو وڵاتە لەسەر خراپی ڕەوشی ژیانیان نەدەدرا (59) و، بەهۆى نەبوونى دەوڵەتیشەوە نوێنەری نەبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەش وایکردبوو نە‌توانێت ناڕەزایی دژی سیاسەتەکانی سۆڤیەت دژی کوردانی ئەو وڵاتە دەرببڕێ (60) .
بەکوورتی، ئەو سیاسەتەی کە سەرانی سۆڤێت بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کوردی ئەو وڵاتە هەر لە سەرەتاوە گرتیانەبەر، بەرانبەر بە هیچ گەلێکی دیکە بە و چەشنە نامرۆڤانە و گڵاونەبووە (61) ‌. سەرانی یەکێتی سۆڤیەت و دواتریش ڕووسیا هەرگیز بواریان نەداوە بە کورد دەستی بە هیچ پۆستێکی گەورە‌ و بچووکی وڵات بگات، ئەم حاڵەتە لە کۆمارەکانی جۆرجیا‌ و ئەرمینیا‌ و ئازربایجانیش هەر بەوشێوەیە بوو (62) .
ڕووخانى یەکێتى سۆڤیەت گۆڕانکارى گەورەى بەسەر بارودۆخى کوردانى ئەو وڵاتەدا هێنا، کە بوو بەمایەى تێکچوونى پەیوەندییە نەتەوایەتییەکان لە ‌ناوخۆى وڵاتدا بەتایبەتیش کە کاتێک یەک نەتەوە پێگەى یەکەمى بۆ خۆى قۆرخکرد لەناو کۆمارەکانى یەکێتى سۆڤیەتى جاران، ئەمانە بوون بەهۆى تێکچوونى بارودۆخى کەمەنەتەوایەتییەکان بە کوردیشەوە (63) ، سەربارى ئەوەش زۆربەی کەمەنەتەوەکانی ئەو وڵاتە مافەکانیان بۆ گەڕێنرایەوە لەکاتێکدا زۆرێک لەو نەتەوانە خاوەنی خاک‌ و نەتەوە نەبوون، ‌تەنیا کورد نەبێ‌ کە ئەو مافەی پێ‌ ڕەوانەبینرا، ئەوە لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا زۆرباش ئاگاداری کێشەی کورد بوون لەو وڵاتەدا. لەوەش زیاتر، لەبەرئەوەی کوردستانی سوور دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەی کە ئەرمینیا‌ و ئازربایجان شەڕی لەسەر دەکەن. کوردانی ئەو ناوچەیە قوربانی یەکەمی ململانێکانی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان، ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی ڕووسیا بوون، بەشێوەیەک لەو یەک ملیۆن‌ و دووسەد هەزار ئاوارەی ناوچەی ناگوڕنەقەرەباغ، نزیکەی (180-200) هەزاریان کورد بوون (64) ، کە ئەمڕۆ بەشێکى زۆریان لە ناوچەکانى: کرانسدار و ستارفروید و هەرێمەکانى یارسلاف و تامبوف و شارى مۆسکۆى پایتەخت دەژین (65) .
دەرئەنجام
دواى شۆڕشى ئۆکتۆبەر کۆمەڵێک گۆڕانکارى گرنگ لە هەلومەرجى ناوخۆیى و دەرەکى سیاسەتى سۆڤیەتى تازە لەدایکبوودا هاتە ئاراوە، یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانە بریتى بوو لە درووستکردنى قەوارەیەک بەناوى کوردستانى سوور، قەوارەکە ئەگەرچى تەمەنى کوورت بوو (1923-1929) ، بەڵام کۆمەڵێک کارى گرنگى لەسەر ئاستە جیاوازەکان ئەنجامدا، سەربارى ئەوەش درووستکردنى قەوارەیەک بەناوى کوردستانەوە بۆخۆى بابەتێکى گرنگ بوو. بەداخەوە هەلومەرجە ناوخۆیى و هەرێمى و نێودەوڵەتییەکە وەک هەموو جارەکانى دیکە لە بەرژەوەندى کورد نەبوو، هەرئەوەش وایکرد کۆمارە ساواکە بەرگەى ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و فشارە ناوخۆیى و هەرێمیانە نەگرێت و سەرئەنجام دواى شەش ساڵ لە مانەوەى ڕووبەڕووى هەڵوەشانەوە ببێتەوە. لەوەش زیاتر دواى ڕووخانى کۆمار کوردانى ئەو بەشەى خاکى کوردستان ڕووبەڕووى کۆمەڵێک سزاى توند کرانەوە کە دواجار بە کارەسات بۆ خەڵکانى دانیشتووى کۆمارەکە شکایەوە، کارەساتێک کە هەموو شێوە و سنوورەکانى جینۆسایدى تێپەڕاند، بەشێوەیەک خاکەکەیان کرایە سوتماک و خەڵکەکەى کرایە ئاردى ناو دڕک و وەک گۆشتى قوربانى بەسەر ناوچەکانى ئاسیاى ناوەند و تەنانەت سیبریا پەرت و دابەشکران.
هەر‌ئەوەش نا کۆمەڵێک ڕێ و شوێنى توندیان وەک سزا لە شوێن و جێگا نوێکانیان بەسەردا سەپاندن کە هەر جۆرە لادانێک لێیان یەکسان بوو بە مەرگ، بەوهۆیەشەوە دەیان هەزار مرۆڤى کورد بوونە قوربانى سیاسەتەکانى ستالین و تەنانەت بەشێک لە ئازار و مەینەتییەکانى کوردانى ئەو وڵاتە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. بەوشێوەیە کوردانى ئەو وڵاتە نەک هەر خاکەکەیان، بەڵکوو خودى خۆشیان بوونە قوربانى سیاسەتە چەوت و دیکتاتۆرییەکانى ستالین و دامودەزگاکانى سۆڤیەت.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
[1] د.ئەفراسیاو هەورامى: کوردستانى پشت قەفقاس (دۆسیەى تاوانەکانى ڕژێمى سۆڤیەت بەرانبەر بە کوردەکانى ئەو وڵاتە) ، چاپخانەى شڤان، سلێمانى، 2006، ل422.
2 نەوشیروان مستەفا ئەمین: کورد و عەجەم، چ2، سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیجى، سلێمانى، 2005، ل218.
3 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل422؛ نەوشیروان مستەفا ئەمین: س.پ، ل218-219؛ م.أ. هسرتیان: کورد الاتحاد السوڤیتی، ت. د.جبار قادر، گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژمارە (24) ، 2013، ص341؛ مجموعة من المشتشریقین السوفیت: موضوعات من الکردولوجیا السوفیتیة، ت.د.اسماعیل حصاف، ط1، مطبعة خانى (دهۆک) ، هولیر، 2008، ل10-38؛ د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیى: کوردستان لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانیدا لە ناوەڕاستى سەدەى نۆدەهەمەوە هەتا جەنگى یەکەمى جیهان، سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیجى، سلێمانى، 2004، ل63.
4 ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل58.
5 ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل442.
6 د.عوسمان عەلى: چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەى بزاڤى هاوچەرخى کورد، و.کامەران بابان زادە، ب1، چ1، چاپخانەى ڕێنوێ، 2010، ل312.
7 د.عوسمان عەلى: س.پ، ل314-315
8 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل77؛ د.ڕەشاد میران: کورد لەمێژە لە ناوچەکانى قەفقاز نیشتەجێیە لە پەڕتووکى (کوردستانێکى ونبوو) ، چاپخانەى کارۆ، لە بڵاوکراوەکانى کوردستانى نوێ، 2016، ل108-109.
9 د.ڕەشاد میران: کورد لەمێژە، ل109.
10 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: مێژووى کوردستان، و.هۆشیار عەبدوڵڵا سەنگاوى، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2008، ل401.
11 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل78.
12 د.ڕەشاد میران: کورد لەمێژە، ل108-109.
13 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل78.
14 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل77-78.
15.شترۆهمایەر و ل.یاڵچین هێکمان: کورد لە سووریا و ئازربایجان و ئەرمەنستان، و.ڕێبوار تۆفیق بەنگینە، لە بڵاوکراوەکانى ئەکادیمیاى هۆشیاریى و پێگەیاندنى کادیران، سلێمانى، 2011، ل32.
16 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل401.
17د.ئارام عەلى: دامەزراندنى کوردستانى سوور هیچ پەیوەندى بە خواست و نیازى دەسەڵاتدارانى ئازربایجانەوە نەبوو لە پەڕتووکى (کوردستانێکى ونبوو) ، چاپخانەى کارۆ، لە بڵاوکراوەکانى کوردستانى نوێ، 2016، ل96.
18 د.ئارام عەلى: س.پ، ل96؛ مێ.پێچێلینا: گەشتێک بە کوردستانى سۆڤیەتدا، و.د.ڕشاد میران لە پەڕتووکى (چەند بابەتێکى ئیتنۆکۆمەڵایەتى) ، ب1و2، چ1، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2016، ل282.
19 ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل77.
20 ئارام عەلى: س.پ، ل96؛ کلکشار نۆرەمار: ڕەوشى کوردى ئەرمەنستان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، و، دلاوەر عوسمان، ڕۆژئنامەى کوردستانى نوێ، ژمارە (6890) ، هەینى و شەممە 5و6/2/2016، ل7؛ عەلى ئەسغەر فەریدى: کوردستانى سوور لە کێشمەکیشى نێوان ئازربایجان و ئەرمەنستاندا، فۆکەس، ژمارە (1) ، تەموزى 2016، ل71.
21 مێ.پێچێلینا: س.پ، ل282.
22 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل401-402.
23 ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل72-73.
24 لاچین هەتا ئەو ساڵە بریتى بوو لە ئاواییەک بە ئەبداڵیار ئەناسرا. (د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندنى کوردست.انى سوورەوە لە هەوڵى ئەوەدابوون لەناوى ببەن لە پەڕتووکى (کوردستانێکى ونبوو) ، چاپخانەى کارۆ، لە بڵاوکراوەکانى کوردستانى نوێ، 2016، ل78)
25 مێ.پێچێلینا: س.پ، ل283-284.
26 ه.س، ل282-283؛ پ.ى.ئەڤیر یانۆڤ: کورد لە جەنگى ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا (بارودۆخى سیاسى کوردى تورکیا و ئێران و ڕووسیا) ، و. د.ئەفراسیاو هەورامى، لە بڵاوکراوەکانى مەکتەبى بیرو هۆشیارى، سلێمانى، 2004، ل321.
27 د.ئارام عەلى: س.پ، ل96؛ کلکشار نۆرەمار: س.پ، ل7؛ عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72.
28 عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72.
20 مێ.پێچێلینا: س.پ، ل283.
30 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل106-107.
31 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل402.
32 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل79.
33 ه.س، ل82
34 ه.س، ل80.
35 ه.س، ل83.
36 عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72
37 د. جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل80-81.
38 د.ڕەشاد میران: کورد لەمێژە، ل109.
39 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل402.
40 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل108.
41 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل402.
42 کلکشار نۆرەمار: س.پ، ل7.
43 ه.س، 7. عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72.
44 د.ڕەشاد میران: کورد لەمێژە، ل109.
45 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل79.
46 د.ئارام عەلى: س.پ، ل96-97. عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72.
47 عەلى ئەسغەر فەریدى: س.پ، ل72.
48 د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل82.
49 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل402-403.
50 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل107-113.
51 ه.س، ل443.
52 م.شترۆهمایەر و ل.یاڵچین هێکمان: س.پ، ل33؛ د.ئارام عەلى: س.پ، ل97-98
53 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل443.
54 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل403؛ م.أ. هسرتیان: م.س، ص345؛ م.شترۆهمایەر و ل.یاڵچین هێکمان: س.پ، ل32.
55 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل444.
56 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل403.
57 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل176.
58 ه.س، ل436.
59 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل177.
60 ه.س، ل432.
61 ه.س، ل113.
62 ه.س، ل228.
63 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل410.
64 د.ئەفراسیاو هەورامى: س.پ، ل441؛ د.جەبار قادر: ئازەرییەکان لە یەکەم، ل84.
65 م.س.لازاریف و ئەوانى تر: س.پ، ل411.
- ئەم بابەتە لەژمارە (32) گۆڤاری خاڵ بڵاوکراوەتەوە..[1]
ئەم بابەتە 318 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | zahawi.org 23-01-2022
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 1
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: کوردستانی (سوور)
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 97%
97%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 30-04-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 30-04-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 30-04-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 318 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
کورتەباس
بڕیار
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
مردن و ژیانەوە
ژیاننامە
هاوکار ئاسۆ
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
دوو مستەفا شەوقی-بەشی یەکەم
کورتەباس
خوازبێنی
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
کورتەباس
(چرکەی هونەری) و (وێنەی هونەری) لە (تەنیایی)دا-بەشی دووەم
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مهناز کاوانی

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
هادی مەحمود
20-10-2009
هاوڕێ باخەوان
هادی مەحمود
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
02-06-2014
هاوڕێ باخەوان
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
نیعمەت محەمەد عەبدولڕەحمان ئاغا
30-04-2022
سروشت بەکر
نیعمەت محەمەد عەبدولڕەحمان ئاغا
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
خێرۆ خودێدا حسێن بشار
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خەولا عەباس حەمەد عەبدی
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خۆخێ خەلەف حسێن بشار
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خنسۆ خدر عەمەر دربۆ
30-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
خەلیل بشار خەلەف عیدۆ
30-04-2024
سروشت بەکر
ڤیدیۆ
سەیرانگای سۆلاڤ ساڵی 1955
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی هەرکییەکان لە باشووری کوردستان ساڵی 1992
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری کۆیە ساڵی 1993
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
شاری کۆیە ساڵی 1998
30-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هۆتێل شیڕاتۆنی هەولێر ساڵی 1995
30-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,698
وێنە 106,205
پەرتووک PDF 19,173
فایلی پەیوەندیدار 96,618
ڤیدیۆ 1,329
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
کورتەباس
بڕیار
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
مردن و ژیانەوە
ژیاننامە
هاوکار ئاسۆ
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
دوو مستەفا شەوقی-بەشی یەکەم
کورتەباس
خوازبێنی
پەرتووکخانە
پەرستاری ئاسانکراو
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
کورتەباس
(چرکەی هونەری) و (وێنەی هونەری) لە (تەنیایی)دا-بەشی دووەم
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مهناز کاوانی

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.5
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 1.297 چرکە!