$تراویلکەی هیلالی شیعی$
#ناسر باباخانی#
#03-05-2015#
سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە، ستراتیژی سەرەکیی ئەو دەوڵەتە بووە.
بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی کۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتە، لە هەمان کاتدا کە ویستوویەتی بازنەی نفووزی خۆی لەناو وڵاتانی دەرودراوسێدا بەربڵاوتر بکا، ئەوە بووە کە ئاستی ئەمنییەتی خۆی لەسەر بنەمای بیردۆزی پێشگیری بەرێتە سەر. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە فاکتەری مەزهەبی شیعە وەرگرتووە و جوگرافیای هیلالی شیعی وەک جیۆپۆلێتیکی شیعی کردووەتە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەم هیلالە کە جەمسەرێکی لە لوبنانە و بەسەر سووریا، ئێراق، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و ڕۆژهەڵاتی عەرەبستاندا خەرمانەی داوە، جەمسەرەکەی تری دەگاتەوە یەمەن. واتە پانتاییەکی جوگرافیی بەرین بە حەشیمەتێکی بەرچاوەوە. بەپێی ئەوەی کە گەورەترین سەرچاوەکانی وزەی دنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئەم هیلالەش بەشێکی بەرچاو لەم سەرچاوانە لەخۆدەگرێ و دەورێکی گرینگی جیۆپۆلێتیکی هەیە. بۆ وڵاتێکی وەک ئێران زۆر ئاساییە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆی لە حەسارخەڵوەتی ئەم وڵاتانەدا ببینێتەوە و ئاستی ئەمنییەتی خۆی لەمەڕ هەڕەشە دەرەکی و تەنانەت ناوخۆییەکانیشی بەرێتە سەر، بۆ ئەوەش کە بتوانێ شوێن پێی خۆی لەم وڵاتانەدا جێبێڵێ، باشترین فاکتەر هاوتەریبکردنی ئەو وڵاتانە لەگەڵ خۆیەتی کە خەڵکی شیعە مەزهەبیان تێدا دەژی و ڕێک هەمان سیاسەتی شا ئیسماعیلی سەفەوییە کە بۆ بەرهەڵستیی ئیمپراتۆری سوننەمەزهەبی عوسمانی، شیعەگەرێتی کرد بە دوکتورینی سولالەی سەفەوی.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە کاتی گفتوگۆی ئازەربایجانی زۆرینە شیعە لەگەڵ ئەرمەنستانی کریستیان لەسەر ناوچەی قەرەباغ، چون ئازەربایجان لەدەرەوەی هیلالی شیعەیە، کۆماری ئیسلامی لایەنگریی ناکات. لەمەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە ئێران لە فاکتەری شیعەگەرێتی بۆ ئامانجەکانی و ئەمنییەتی خۆی کەڵک وەردەگرێ و بەرژەوەندی وڵاتانی دیکەی هاومەزهەبی خۆی کە لەدەرەوەی دوکتورینەکەیەتی بەلاوە گرنگ نییە!
ئەوەی کە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع بەدی دەکرێ، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی لەناو هیلالی شیعیدان بووەتە هۆکاری تێکدانی ئاساییش و ئەمنییەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوچەکە. لەڕاستیدا ئەم ناسەقامگیرییە پەیوەندییەکی ئەم ئەوێتی لەگەڵ درێژەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە هەیە و زۆر جاران لەم دۆخەی کە خۆی خوڵقێنەرێتی، وەک کارتی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت زلهێزەکانی جیهان و لەسەرووی هەمووان ئەمریکا کەڵکی لێوەرگرتووە. دیارە بۆ بەدەستەوە گرتنی ئەم کارتەش بە میلیاران دۆلار لە سامانی نەتەوەکانی ئێران تێچووی بۆ داوە و بارودۆخی ئێرانی لە باری سیاسی و ئابوورییەوە گەیاندووەتە ئەم قۆناغە کارەساتبارەی ئێستا هەیەتی.
بەڵام ئەوەی کە لە داڕشتنی ئەم دوکتورینەی کۆماری ئیسلامیدا، واتە هیلالی شیعی ڕەچاو نەکراوە و دەتوانێ دواجار پارسەنگی هاوکێشەکە بگۆڕێ و بە زەرەری ئێران بشکێتەوە، چەند خاڵێکە کە بە کوورتی ئاماژەیان بۆ دەکەم:
$یەکەم:$ دیارە هەر لە خودی ئەم هیلالەدا ڕێژەی شیعەکان لە وڵاتانی شیعە، بە یەکەوە جیاوازیی بەرچاوی هەیە، بۆ وێنە ئەگەر لە ئێراق و بەحرەین زۆرینەن، لە یەمەن، سووریا و لوبنان کەمینەن.
$دووەم:$ لەناو خودی شیعەکانیشدا کەلێنی سیاسیی گەورە بەدی دەکرێ کە تەنانەت دەگاتە ئاستی دژایەتی کۆماری ئیسلامی.
$سێیەم:$ پەرشوبڵاویی نفووسی شیعەمەزهەب لەسەر نەخشەی ئەم هیلالە، لێکدابڕانێکی جوگرافی سازداوە کە دواجار خۆی بەربەستە بۆ بەرنامەکانی ئێران.
$چوارەم:$ سازبوونی تاقم و گرووپە ڕادیکاڵ و توندئاژۆکانی سوننەمەزهەب وەک دژکردەوەیەک لەبەرانبەر شیعە توندڕەوەکان.
$پێنجەم:$ ناوەندەکانی سوننەمەزهەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرتر گوزارە لە ڕای جیهانی ئیسلام دەکەن (بۆ وێنە ئەزهەری میسر وەک باڵاترین ناوەندی زانستیی جیهانی ئیسلام و مەککەی عەرەبستان وەک قیبلەی موسڵمانانی جیهان) ڕێگرن لە بەدیهاتنی خولیای سەرکردەکانی ئێران.
$شەشەم:$ بیچمگرتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەم ناوچەیە بە دوور لە ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی کە لە زۆر قۆناغی مێژووییدا کاریگەریی خۆی هەبووە.
$حەوتەم:$ ڕکابەرێتیی نێوان ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان و خامنەیی کە بووەتە هۆی کەلێنێکی بنەڕەتی لەناو لایەنگرانی هەردوو لادا.
$هەشتەم:$ دەوری تورکیا وەک دراوسێیەکی بەهێزی ئێران کە ئەندامی ناتۆیە نابێ لەبیر بکرێ، وتەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە ئێران کە دەیەوێ هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەدا بسەپێنێ گوزارە لەوە دەکا کە دەوڵەتی ئیسلامیخوازی تورکیا هەرگیز ڕازی نابێ وەها هیلالێک بەسەرکردایەتی ئێران شکڵ بگرێ.
$نۆیەم:$ عەرەبستان هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا گەلێک کێشەی گەورە و گچکەی لەگەڵی هەبووە و ئێستاش لە قەیراناویترین پەیوەندیدان، عەرەبستان وەک گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا و سەرکردایەتی دنیای سوننە و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و نزیکبوونەوەی لە تورکیا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە بەرگریکردن لە سازبوونی هیلالی شیعی.
جەختی ئێران لەسەر ئەم هیلالە وەک پشتێندێکی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆی ڕەنگە لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا دا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێ، لە کوورتماوەدا جواب بداتەوە، بەڵام بە هێوربوونەوەی ناوچەکە و بە سەرنجدان لەم خاڵانەی ئاماژەمان بۆ کرد و هەروەها دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی، لە درێژماوەدا ئێران بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەو هیلالە شیعییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوایەتی، تراویلکەیە! [1]