پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,413
وێنە 105,688
پەرتووک PDF 19,152
فایلی پەیوەندیدار 96,427
ڤیدیۆ 1,307
ژیاننامە
دانا جەلال
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ III
ئامانجمان ئەوەیە وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی داتابەیسێکی نەتەوەییی خۆمان بین..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû1
English1
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ III

درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ III
درامای مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: #مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ# III.
نووسینی: #یاسین سەردەشتی#
$ئەڵقەی بیست و یەکەم: چەند چالاکییەکی دیکەی ڕۆژنامەوانیی و سەندیکایی مەولان زادە$
#کامەران بەدرخان# ، لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارە 23ی ڕۆژنامەی انقلاب بشر دا، کە لەرۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 17ی نۆڤەمبەری 1918دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، وتارێکی بە ناونیشانی کوردلر . تاریخی و اجتماعی تدقیقات / کوردەکان . وردبوونەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بڵاوکردۆتەوە، ئاماژەی بەبایەخی نووسینی ڕۆژهەڵاتناسان بە کورد و کوردستان داوە و لەو ڕووەوە ناوی چەند نووسەر و سەرچاوەی جیاوازی هێناوە کەلەبارەی میللەتی کورد و وڵاتی کوردستان و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد لەکۆن و نوێدا نووسیویانە. ئەوانەش وەک ئەکسزەینەفۆن، ئیسترابۆن، اورسکارمان، سیر جۆن مالکۆلم، دکتۆر فریچ و ..هتد. هەروەها لەم بابەتەدا ئاماژە بە زمانی کوردیی و مەم وزینی ئەحمەدی خانی وەک شاکارێکی شیعر و ئەدەبی و هەروەها ئەو کتیبەی کە دکتور فریچ سەبارەت بە بنەماڵەی بەدرخان بەگی بۆتان نووسیویەتی، کراوە.
هەروەها لە لاپەڕەی دووەمی ژمارە 27ی ئەم ڕۆژنامەیە، کە لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 21ی نۆڤەمبەری 1918 دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کامەران بەدرخان، لەژێر ناونیشانی کورد ارمنی مودتی / هاوسۆزیی کورد و ئەرمەندا، باسی لەپەیوەندی دۆستانەی لەدێرینەی هەر دوو گەلی کورد و ئەرمەنیی کردووە بەدرێژایی مێژوو کە دووربوون لەناکۆکیی بەڵام بەودواییە ئەو پەیوەندییانە بە چەندین هۆکار، کە گرنگترینیان کاریگەریی هۆکاری دەرەکیی و پیلانگێڕیی پیاوانی حکومەتی عوسمانیی بووە، ئەو پەیوەندییانە تووشی ئاڵۆزیی نەخوازراو بۆتەوە کە بەزیانی هەردوو لایان شکاوەتەوە. پاشان نووسەر دێتە سەرباسی تایبەتمەندییە میللییەکانی کوردە چەندین نموونە لە پەڕتووکە بیانییەکان سەبارەت بە کورد دەهێنێتەوە، کە یەکێکیان ئەوەکەی میستەر هۆبەردە بە ناونیشانی گەشتێک بۆ میزۆپۆتامیا و کوردستان کە ساڵی 1917 لە لەندەن چاپکراوە. هەروەها باسی لە ئاکار و ململانێی ڕووسەکان و ئینگلیزەکان کردووە لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات و پێی وایە کە پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەنیی بەرەو هاوسۆزیی زیاترو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاودەنێت.
دیارە، مەولان زادەو ڕۆژنامەکەی، هەروەها عولووییە مەولانی هاوسەریشی کە بابەتی لەم ڕۆژنامانەدا هەبووە، تووشی لێپرسینەوەی یاسایی بوون و لەلایەن دادگاوە دۆسییەی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە. هەر لەلاپەڕەی دووەمی ژمارە 27ی انقلاب بشر، بابەتێک بەناویشانی باب عالی و انقلاب غزەتسی باسێک لەم بارەیەوە هاتووە کە حکومەت و بابی عالی دەیانەوێت بە پاساوی چەمکێکی کۆنی وەک تخدیش اذهان و بەدەر لە یاسا بنەڕەتییەکانی تایبەت بەئازادیی ڕۆژنامەگەریی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامە ئازادەکاندا بکات. هەر بۆیە داوادەکات کە بیری کۆن فڕێ بدرێت و بە دەستوور و یاساکانی پاراستنی ئازادیی مامەڵەبکرێت و کۆتایی وتارەکەی بە دروشمی: بژی یاساکانی ئازادیی چاپەمەنیی و تێکبشکێت مێنتەڵیتەی کۆن دەهێنێت.
شایەنی باسە، لەپاش ئەوەی کە کورد قادینلری تعالی جمعیت / کۆمەڵەی پێشکەوتنی ژنانی کورد یش لە 22ی مایۆی 1919 لە ئەستەمبوڵ دامەزرا، نیزامنامەکەی لە چاپخانەکەی گۆڤاری قادینلر دنیاس لە دیوان یۆڵۆ چاپکرا کە عولوویە مەولان بەڕێوەی دەبرد. بەگوێرەی باربارا هێنینگ ئەم هاوسەرەی مەولان زادە هاوکاریی ئەو کۆمەڵەیەی کردووەو کاری لەگەڵ کردوون.
وادیارە مەولان زادە هەر بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی زمانحاڵی حیزبەکەیەوە نەوەستاوە، بەڵکوو ڕۆژنامەیەکی بە ناوی عقل /ئاوەز لە کۆتایی ساڵی 1918دا، چاپ و بڵاوکردۆتەوە، هەروەها خولی پێنجەمی سەربەستیشی بڵاوکردۆتەوە کە خۆی خاوەن و بەڕێوەبەری بووەو هەوڵدان بۆ دەستخستنی ژمارەکانی کارێکی زۆر گرنگە چونکە پێدەچێت چەندین هەواڵ و زانیاریی و بابەتی گرنگی سەبارەت بەو قۆناغەی دەوڵەتی عوسمانیی و کوردستان لە خۆگرتبێت. ئێمە تەنیا ژمارەیەکیمان کەوتۆتە بەردەست کە لێی نووسراوە اون ایکنجی سنە نمرو: 658 چهار شنبە 23 حزیران 1920 واتە ساڵی دوازدەهەم. لەم ژمارەیەدا، جگە لە چەندین هەواڵ و بابەت سەبارەت بە جووڵانەوەی نەتەوەیی و فیرقەی حورییەت و ئیئتیلاف و هێرشی توند بۆ سەر ئیتحاد و تەرەقی، لەژێر ناونیشانی سوء قسدچی ابراهیم افندیباسی دەستگیرکردنی ئیبراهیم ئەفەندی دەکات کە لەلایەن ئیتحاد و تەرەقییەوە پێشتر نێردراوە کە اسما‌عیل کەمال بەگ لەگەڵ مەولانزادە ڕیفعەت لە ئەوروپا بکوژێت.
هەروەها‌، مەولان زادە لەم قۆناغەدا چ لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانییەوە یان بە کردار هەوڵیداوە هانی خەباتی سەندیکایی بدات و بەشداریی تێدا بکات. هەروەک لەو هەواڵەدا دەیخوێنینەوە کە ڕۆژنامەی STAMBOUL دا لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 19ی ئۆگۆستی 1920دا، بڵاویکردۆتەوەو نووسیویەتی کە ناوبراو وەک خاوەنی سەربەستی، لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری ڕۆژنامە و ڕێکخراوە نێوخۆییەکانی ئەستەمبوڵ، لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 17ی ئۆگۆستی 1920، بۆ کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی نیشتەجێ کرێگرتەکان ئامادە بوون و داوایان لە تەواوی نوێنەری کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانیش کردووە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە بن، ئەوەی کە لە ڕۆژنامەکانەوە ڕادەگەیەنرێت.
$ئەڵقەی بیست و دوو: مەولان زادە لە عوسمانیزمەوە بۆ ناسییونالیزمی کوردییی$
ئەوە ڕاستییەکی ڕوونە کە مەولان زادە، نزیک بە بیست ساڵێکی تەمەنی وەک لیبراڵێکی ڕەخنەگر و بەرهەڵستکارێکی عوسمانیی دژ بە حوکمی سوڵتان عەبدولحەمید و دواتر ئیتحادییەکان بەڕێکرد، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی کە پاش جەنگ بەسەر ئیمپراتۆریی عوسمانییدا هات، ئەو بەخێرایی بەئاڕاستەی نەتەوایەتیی کوردیی و کارکردن لەو پێناوەدا ڕۆیشت.
شایەنی باسە، مەولان زادە، وێڕای ئەوەی لەدەرەوەی کوردستان ژیابوو، هەروەها پەروەدەیەکی ئەستەمبوڵییانەی هەبوو، بەڵام زۆر پێش ئەم قۆناغەش و وەک کوردزادەیەکی ئەستەمبوڵیی، لە سەرەتای کار و چالاکیی و ژیانی سیاسییدا، پەیوەندیی بە ڕێبەر و کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردی وەک: سەید عەبدلقادری نەهریی، سەید تەها، حسێن پاشا بەدرخان، بابانزادەکانی ئەستەمبوڵ وەک ئیسماعیل بابان و عەزیز بابان، شەریف پاشا، عەبدولڕەحمان و ئەمین عالی و جەلادەت و سوورەیا بەدرخان و باقی دیکەی دەستەبژێری کوردی چالاکی ناوەوەو دەرەوەی ئەستەمبوڵەوە هەبوو. هەروەها وەک پێشتر بینرا، مەولان زادە، بڕوایەکی قووڵ و پتەوی بە فرەڕەنگیی و یەکسانیی مافی ڕەگەز و ئایینە جیاوازەکانی نێودەوڵەتی عوسمانییدا هەبوو لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئازادو دیموکرات و ناناوەندگەرادا. دواتر وەک سەرەتا ئاماژەی بۆ کراوە، ئەو ئەندامێکی ڕێکخراوی کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی کورد بوو کە لە ساڵی 1908 دامەزرا، هەروەها بەشداریشی هەیە لەو گەنگەشە هزریی و سیاسییەی کە پێشتر لە کایەی ڕۆژنامەوانیی کوردییدا بینراوە، بەشێوەیەک دەتوانرێت بێ دوودڵی بڵێین کە مەولان زادە ڕیفعەت بەگ خاوەنی بیرێکی نەتەوایەتییانەی کوردیی ڕوون و ڕەوان بووە.
بۆ نموونە، لەوتارێکیدا بە ناونیشانی محترم هتاڤە کورد غزتەسی موئسسلرینە / بۆ دامەزرێنە بەڕێزەکانی ڕۆژنامەی هەتاوی کورد کە لە ژمارەی 2ی گۆڤاری (هتاو کرد) لە ڕێکەوتی 21ی تشرینی دووەمی 1329 بەرانبەر بە 4ی کانونی یەکەمی 1913دا، بە تورکیی بڵاوکراوەتەوە، پێ لەسەر گرنگی خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشان لەپێناو ئاییندەی نەتەوەی کورد و پێشکەوتن و گەشەندنی کۆمەڵگەی کوردیی دادەگرێ و هەوڵەکانی نەتەوەخوازانی کورد و ڕێگای کوردایەتیی لەو بوارە بەرز دەنرخێنێ. پاشان سەرنجی خۆی لەسەر دۆخی هەنوکەیی خەباتی کورد و پێویستیی ڕۆڵ و خۆرێکخستنەوەی دەستەبژێری کوردان لەتاراوگە بەچاولێکەری بزاڤی شۆڕشگێڕیی ئەرمەنییە هاونەژادەکانی کورد دەربڕیوە و داوای هاوکاریی کورد و ئەرمەن و چاکسازیی لەبورای زمان و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی کوردیی کردووە و مەترسی خۆی لەئاییندەی کوردستان پێشانداوە و داوای کردووە کورد خۆی بیر لەحاڵی خۆی بکاتەوە. هەروەها وەک وڵامێکیش بە وتارەکەی پێشووی هاوڕێی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت کە لە یەکەمین ژمارەی ئەو گۆڤارەدا بڵاوکراوەتەوە، پێی وابووە ناکرێ بێ هیچ ڕێکخستن و بەرنامەو چاکسازیی و ئامادەکارییەک لەلایەن دەستەبژێری کوردان لە ئەستەمبوڵ و تاراوگە، لاوانی کورد ڕەوانەی کوردستان و ئەنەدۆڵ بکرێنەوە. مەولان زدە، لەو وتارەکەیدا دەنووسێت:
کار و چالاکییەکانی هەتاوی کورد سەبارەت بە پێشخستنی کورد و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەی و بەهێزکردنی بنەماکانی مانەوەی کۆمەڵایەتی کورد شایستەی ڕێزلینانن. بێگومان کاتێک کە ئەم گۆڤارە پڕبەهایە کارەکانی خۆی ڕێکخست و بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، ئەو کاتە نەتەوەی کورد زیندوو دەکرێتەوە و دەگاتە ئامانجی دوارۆژی خۆی.
بەچاوی خۆمان هەموو گەلان دەبینین کە چۆن بازنەیەکی نەتەوەییان بۆ خۆیان درووست کردووە و ڕێگای پێشکەوتن و گەشەکردنیان گرتۆتەبەر. ئەو گەلانەی کە ئاگایان لە نەتەوەکەی خۆیان نییە و خاوەنی ئایدیالێکی نەتەوەیی نین، دواکەوتوون و لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەجێماون و ڕۆحیان تیدا نەماوە. بێ ڕۆح بوون و زیندوونەبوونی گەلێک شتێکی ئازاردەرە. لەراستیشدا زۆر سەخت و پڕ ئازارە کە خەڵک مەحکوم کرابێت بە مردن و نەمان لەنێو دنیای شارستانییدا.
هەتاوی کورد هەوڵی جێبەجێکردنی ئەرک و ئامانجێکی دوارۆژی زۆر بەرز و پیرۆز دەدات. هەوڵی ڕێگرتن لەفەرامۆشکردن و نەمانی کوردەکان دەدات کە ژمارەیان شەش بۆ حەوت ملیۆن دەبێ و پشتیان یەکە و لەیەک بنەچە وە هاتوون. هەر لەبەر ئەمەش بەئەرکی خۆمی دەزانم کە بەناوی کوردایەتییەوە پیرۆزبایتان لێ بکەم.
هەست بەوە دەکرێ کە کار و چالاکییەکان سەبارەت بە دەستپێشخەری بۆ باشترکردنی بارودۆخی پارێزگاکانی خۆرهەڵات ڕوویان لە زیادبوون کردووە، ئەرمەنەکان کە هاونەژادی ئێمەن بەدوای هەبوون و کەسایەتی خۆیاندا دەگەڕێن، پێیوستە ئاگاداری ئەو هاونەژادانەمان بین و چاومان لە کار و چالاکییەکانیان بێت.
وەک دەزانرێت کورد و ئەرمەنەکان هاونەژادن و لەگەڵی ئۆردۆ- ئۆرارتۆوە سەرچاوەیان گرتووە، مێژووی کۆنی ئۆردوکانیش لەشاخەکانی فەلستینەوە هەتاکوو شاخەکانی ڕەواندوز تێپەڕ بووە. پیتەکان و ئەدەبیات و زمان و نەژاد و نەرتیمان لەگەڵ ئەرمەنەکاندا یەک بووە، بەڵام دواتر ئەوان ئایینی کریستیانیان هەڵبژاردو خۆیان لە ئێمە جیاکردەوە. بەم دواییانەش ئەوان پێشکەوتن و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی نادیار هەنگاویان هەڵگرت. هەر ئەم جموجۆڵانەش بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی کورد و ئەرمەن لەیەکتری جیابینەوە.
من حەزدەکەم کە ئەم دوو هاونەژادە یانی کورد و ئەرمەن دەست بدەنە دەست یەک و پێکەوە بنەمای ژیانێکی باش دابنێن. بەڵی کورد دواکەوتوون و ئەرمەنەکان تۆزێک پێشکەوتوون، بەڵام با کەس تەسەوری ئەوە نەکان کە هیچ کات ئەو داخوازییەی ئێمە نایەتە دی، با ئێمەی کورد تۆزێک خۆمان دەرخەین و جووڵەیەک بکەین، دوای ئەوەش گومانتان نەبێت کە کات ئێمە یەک دەخات.
ئەرکی ئێستای ئێمەی کورد ئەوەیە کە خۆمان بیر لەحاڵی خۆمان بکەینەوەو چارەی خۆمان بدۆزینەوە. دیارە هیچ کوردێک نایەوێ لەلایەن هاونەژادەکەیەوە بتوێنرێتەوە و قووت بدرێت، هیچ کوردێک نایەوێت نەژادەکەی کۆتایی پی بێت و لەنێو دنیای مرۆڤایەتییدا دیار نەمێنێ. لەبەر ئەوەش پێویستە هەر کوردێک لەگەڵ ئەوەدا بێ کە دەبێ کورد بۆ خۆی بیرێک لە حاڵی خۆی بکاتەوە و چارەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە
باشە وشیارکردنەوەی کوردەکان و پێناساندنی مافەکانی ژیان بەوان و دیاریکردنی ڕێگای گەشەکردنی کۆمەڵگەکە و پێشکەوتنی خۆیان پەیوەندی بە چ شتێکەوە هەیە؟ من لەم بارەیەوە وەکوو بەڕێز د. عەبدوڵڵا جەودت بیرناکەمەوە. بە بێ ئەوەی کە ئامانجێکی دیاریکراو هەبێت بۆچی گەنجی کورد ڕەوانەی ئەنەدۆل بکرێن؟ هیشتا زووە بۆ ئەوەی ئامۆژگاریی وەها بکرێت. چونکە هیچ ئەنجامێکی لێناکەوێتەوە. بەر لە هەموو شتێک بۆ وشیارکردنەوەی کورد و پێناساندنی مافەکانی ژیان بەوان و پێشاندانی ڕێگای پێشکەوتن و گەشەسەندن، پێویستمان بە زمان هەیە. پێشخستنی زمانیش لە ڕێگای گۆڕانکاریی و ڕیفۆرمی زمان و هەمەگیرکردنی زمانەوە مومکین دەبێ شێوەیەک کە خزمەتی ئامانجی دوارۆژ بکات. بۆ سادەکردنی نووسین بە زمانی کوردی و ئاسانکاری لە بەردەم دەربڕینی کوردیدا، پێویستمان بە زیندووکردنەوە و باشترکردنی پیتەکانی ئۆردو هەیە کە پیتی کۆنی ئێمەن. نووسینی زمانی کوردی بەو پیتانەی کە ئەمڕۆ بەکاریان دەهێنن، کارێکی مومکین نییە و بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانین بەدوای بەدیهاتنی ئامانجەکەماندا بکەوین، چونکە بێ سوودە و ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ ناکەوێتەوە، ئەگەر بتوانین پیتە کۆنەکانمان زیندوو بکەینەوە و بەپێی میتۆدە تازەکان بەکاریان بهێنین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزمان و فەرهەنگێکی کوردی پێشکەش بە خەڵکی کورد بکەین کە دواکەوتوو ماوەتەوە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجمان گرتۆتەبەر. بڕواناکەم ئەنجامدانی ئەو شتانەش کارێکی سەخت و زەحمەت بێت. چونکە [سوپاس بۆ خودا] کە ئەمڕۆ ژمارەی زاناو کەسانی ڕەوشت بەرز و شارەزای زمان ڕوویان لە زیادبوون کردووە و زۆرن. پێویستە ئەمانە کۆبکرێنەوە و دەزگایەکی زانستییان بۆ دابمەزرێت. گومانیش لەوەدا نییە کە هەموو جۆرە کارێک لە قسەکردن بەهێزترە. هیوادارم کاربەدەستانی هێڤی جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە نەتەوەییەش بکەنە ئامانجی خۆیان. ئەگەر ئەو دەزگا زانستییە لە ئەستەمبوڵ دابمەزرێت سوودی زیاتری لێدەکەوێتەوە. لەو بارەیەشەوە دەتوانم ئاماژە بە ئەزموونی ئەرمەنە هاونەژادەکانم بکەم.
ئەوان کاتێک هەستیان بەپێویستی شؤڕشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کرد، یەکسەر گەنجەکانی خۆیان ڕەوانەی گوندەکان و ئەنەدۆڵ نەکرد، بەر لە هەموو شتێک لەشارێکی ئەوروپاییدا زاناکانی خۆیان کۆکردەوە و بیریان لە ئامانجەکەی خۆیان کرد و سەبارەت بەوەش بڕیاریان وەرگرت، دواتریش بۆ بڵاوکردنەوەی بڕیارەکان و جێبەجێکردنیان، بەرەو دەوروبەری ئێمە هاتن. با ئێمەش وەها بکەین، بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئامانجەکانمان یەک بخەین و دوای ئەوەش بگەڕێنەوە بۆ کوردستان. (مەولان زادە ڕیفعەت) .
$ئەڵقەی بیست و سێ: لەنێوان مەولان زادە و سەعید نوورسی . نەتەوایەتیی کوردیی یان ئیسلامچێتیی$
شوکران واحیدە، ساڵی 2005 پەڕتووکێکی بەئینگلیزیی لەسەر ئیسلام لە تورکیای هاوچەرخدا نووسیوە و لەبەشی حەوتەمیدا، کاتێک باسی لە هەڵوێستی نەرێنیی سەعید نوورسی کردووە سەبارەت بە مەسەلەی سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمی کوردستان لە پاش جەنگدا، خولیای مەولان زادە ڕیفعەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێک هاوشێوەی دەوڵەتی ئەرمەنیی ڕاگەیاندووەو لەوبارەیەوە نووسیویەتی:
نوورسی بە ئاشکرا لە ڕۆژنامەکاندا بەرهەڵستی بریتانییەکانی دەکرد، لەسەروو ئەوانەشەوە وریایی دەدا سەبارەت بە پیلانەکانیان لە بواری سیاسەت و هەوڵەکانیان بۆ بینینی ناکۆکیی لەنێو عولەمادا. هەرچەندە، پێش ئەوەی زیاتر بەوردیی ئەمە بکەین، بابەتێکی دیکەی بایەخدار کە بە بەریتانییەکانەوە پەیوەست بوو، جێگەی نیگەرانی نوورسیش بووە، دەبێت ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەوەش مەسەلەی کوردستان بوو.
ئەگەر ئەوە وەبیربهێنرێتەوە کە لەکاتی دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریی عوسمانیی، بریتانییەکان، هەروەها فەرەنساش، چاویان خستبووە سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی میسۆپۆتامیا. پلانی بریتانییەکان بۆ بەدیهێنانی زیاتری بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە، دامەزراندنی کوردستانی ئۆتۆنۆمی گرتبووە خۆ و بۆ ئەمەش ڕێکەوتننامەی سیڤەر چەندین بەندی لەخۆگرتبوو. بەوەش لەپاش جەنگ، بەڵێنی پێدانی ئۆتۆنۆمی لەلایەن بریتانییەکانەوە بەکارهێنرا- لە ڕێگەی هەندێک لەپیاوەکانی خۆیانەوە وەک سەعید مەولا و هاوڕێیانی لە جەمعیەتی دۆستانی ئینگلیز و داماد فەرید پاشا، وەک ئامرازێک بۆ هاندانی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ یاخییبوون لە دژی دەسەڵاتدارانی عوسمانیی. هەروەها بۆ لەمپەڕ درووستکردن لە بەردەم هێزە نەتەوەییەکان. ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکە لەم بوارەدا دامەزرێنران کە یەک لەوانە جەمعیەتی تەعالی کوردستان بوو، کە سەعید مەولا لەوەشەوە تێوەگلابوو و دەستنێژی بریتانییەکان بوو. ئەو هەروەها لەنوورسیش نزیکبووە بۆ ئەوەی پشتگیریی بەدەسەتبهێنن.
بەڵام هەروەک لەپێشدا و هەروەها دواتریش، ئەو بە ڕەهایی ڕەتیکردەوەو هەر کارێکی ڕیسواکرد کە زیان بە یەکێتی لەگەڵ تورکان بگەیەنێت. یەک لەو کەسانی لێی نزیکبووەوە سەید عەبدولقادر بوو، سەرۆکی ئەو جەمعیەتەی سەرەوە، دەوترێ کە نوورسی ئەم وەڵامەی داوەتەوە: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز فەرموویەتی: خودا کەسانێک دەهێنێت کە خۆشیان دەوێت و ئەویش ئەوانی خۆش دەوێت. من هیوا لەسەر ئەم ئیلهامە خوداییە هەڵدەچنم و وا تێدەگەم کە ئاماژەیەکە بۆ نەتەوەی تورک کە بۆ هەزاران ساڵ وەک هەڵگری ئاڵای ئیسلام لە جیهاندا هەڵسوڕاون. ناتوانم دوای چەند کەسێکی کەم لە هەڵگری بیری ڕەگەزپەرەستی بکەوم. من دەبیت خزمەتی ئەم نەتەوە پاڵەوانەو هەروەها چوارسەد و پەنجا ملیۆن موسولمانی برای ڕاستەقینەمان بکەم. وەرگرتنی چیرۆکێکی سەرنجڕاکیش لەهەمان سەرچاوەوە زیاتر ئەمە ڕوون دەکاتەوە، ئەوەی لەلایەن کۆنسولدیجی عەساف بەگەوە، کە نووسەرێکی بەناوبانگە، گێڕدراوەتەوەو دەڵێت:
ڕۆژێک لەکاتێکدا لە ئۆفیسی چاپخانەکە دانیشتبووین، پیاوێک خۆی بە ژوورێدا کرد و پۆشاکێکی سەیری لەبەردابوو، کڵاوێکی جۆری درێژیشی لەسەردابوو. مەولان زادە، هەر ئەوەندەی بینی هەستایە سەرپێ و ئاوڕی لێدامەوە و وتی:
کۆنسولدیجی عەساف، ئەمە پێشەنگی نووسەرەکانمانە.
ئەمە بەدیعوززەمان سەعید ئەفەندیە. یەکێکە لە زانا پێشەنگەکانمان.
لەو کاتەوە بەدوا، لەسەر ئەوە ڕاهاتم ناوبەناو چاوم بە نوورسی بکەوێت، هەروەها بەراستی، زۆر سوودم لە گفتوگۆ پڕ زانیارییەکانی دەبینی. ئەو جاروبار سەردانی دەزگای چاپەمەنییەکەمانی دەکرد و پێکەوە قسەمان دەکرد، تەنانەت هەندێک جاریش دەچووینە دەرەوە و سەردانی دەوربەری شارەکەمان دەکرد.
نازانم چەندە پاش ئەمە درێژەی کێشا، سەعید نوورسی ئەستەمبوڵی جێهێشت. ناتوانم ئێستاکە بیرم بکەوێتەوە کە ئەو گەڕایەوە زێدی خۆی یان بۆ شوێنیکی دیکە چوو. بەهەرحاڵ، ئەڵمانەکان و هاوپەیمانەکانیان تووشی شکست و بەزین هاتن، وڵاتەکە دابەشکرا، و دەستیانکرد بەوەی لەهەر گۆشەیەکی وڵاتەکە دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنن. ئەرمینیا، یەکێک بوو لەوانە. ڕۆژێک مەولان زادە ڕیفعەت بەگ پێی وتم: ئەوان دەوڵەتێکی ئەرمەنیی دادەمەزرێنن، لەکاتێکدا کە ئیمپراتۆرییەتەکە دادەڕمێت، ئێمەش دەبێت دەوڵەتێکی کوردیی دابمەزرێنین.
کاتێک من بەسەرسوڕمانەوە تەماشام کرد، ئەو پێی وتم: من ناپاک و خیانەتکار نیم، ئەوە من نەبووم کە ئیمپراتۆریی عەلیەی عوسمانییم هەڵوەشاند، نەفرەتی خودا لەوەی ئەوەی کرد، ئەوان کە هەموویان وەک جەردە هەڵاتن. بەدڵنیاییەوە هێزە نیشتمانییەکان هەن، بەڵام ئەوان هیوایەکی زۆر پێشکەش ناکەن. ئێمە لەسەردەمی مۆجیزەکاندا ناژین. من بۆ بەدیعوززەمان سەبارەت بەم مەسەلەیە دەنووسم، چونکە ئەو خاوەن نفوزێکی زۆرە و داوای لێدەکەم پێمانەوە پەیوەست بێت.
مەولان زادە، نامەکەی نووسی و ڕەوانەی کرد، پاشان دوای دە ڕۆژ یان دوو هەفتە دواتر، ئێمە لە ئۆفێسی چاپخانەکە لەگەڵ هەندێک میوان دانیشتبووین، ئەوان جەکاڵی حەمید پاشا کە وەزیری بەحریە بوو لەو کاتەدا، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی دادگای سەربازییش. ئێمە سەبارەت بەمە و بەوە قسەمان دەکرد، کاتێک پۆستەچییەک خۆی بەژووردا کردو نامەیەکی دانا. ڕیفعەت بەگ، کاتێک نامەکەی دەخوێندەوە ڕەش داگەڕا! دیاربوو کە ئەو تووڕەبوو، کاتێک نامەکەی خوێندەوە، فڕێیدایە بەردەمی من و وتی:
ئەمە بخوێنەوەو ببینە! بەدیعوززەمان پێشنیازەکەی منی ڕەتکردۆتەوە و وتویەتی کە پشتگیریی لە بیرۆکەکەم ناکات.
پێم جوان نەبوو نامەکە بۆخۆم بخوینمەوە، هەر بۆیە بەدەنگێکی بەرز دەستم بەخوێندنەوەی کرد. جەکاڵی حەمید بەگ و مستەفا پاشای سەرۆکی دادگای سەربازیی، گوێیان گرتبوو. بە دەقیقی بیرم نایەتەوە نامەکە چی وتبوو، نوورسی پێشنیاری مەولان زادەی بۆ دامەزراندنی [دەوڵەتی سەربەخۆ]ی کوردستان ڕەتکردبۆوە. هەروەها وتبووی: ڕیفعەت بەگ، با دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێنن، با ئیمپراتۆریی عوسمانیی ببوژێننەوە. ئەگەر تۆ پەسەندت کرد ئەم کارە بکەی، من خوازیارم تەنانەت گیانی خۆشم بۆ ئەمە بەختکەم.
پاش بیستنی ئەمە، مستەفا پاشا ئاوڕی لە ڕیفعەت بەگ دایەوە و وتی: ڕیفعەت بەگ تۆ هەڵەی ، بەدیعوززەمان ڕاستە. ئەوە کوردستان نییە کە دەبێت دابمەزرێت، بەڵکوو ئەوە ئیمپراتۆریی عوسمانییە کە دەبێ چاکبکرێت و ببوژێنرێتەوە.
$ئەڵقەی بیست و چوار: مەولان زادە قسەکەری جەمعییەتی تەعالی کوردستان$
شایەنی باسە. ئەو سەرچاوە کوردییانەی کە لە قۆناغی پاش جەنگ باسی چالاکییە نەتەوایەتییەکان و دامەزراندنی ڕێکخراوە کوردییەکانیان لە ئەستەمبوڵ کردووە، کاتێک ئاماژەیان بە دامەزرێنەرانی جەمعییەتی تەعالی کوردستان لە 17ی دیسەمبەری 1918دا، بە ڕێبەریی سەید عەبدولقادر کردووە، ناوی مەولان زادەیان نەبردووە، کەچی کاتێک باس لە ناکۆکییەکانی ئەو ڕێکخراوە و پەرتبوونی دەکەن، ئاماژە بە مەولان زادە دەکەن وەک جیابۆوەیەک لە جەمعییەتی تەعالی کوردستان و دامەزرێنەرێکی جەمعییەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعی کوردیی کە لایەنگریی سەربەخۆیی کوردستان بووە بەدژی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی عوسمانییدا. بەگوێرەی بەڵگەیەکی بریتانیی کە باربارا هێنینگ پشتی پێ بەستووە، هەروەها لە بەدواداچوونی ڕووداوەکانی پاشتردا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە مەولان زادە نەک هەر ئەندامێکی ئاسایی ئەو جەمعییەتە بووە بەڵکوو لە دانیشتنەکانیشدا قسەکەری سەرەکیی بووە. باربارا دەڵێت کە ڕۆژنامەی سەربەستی مەولان زادە لەم قۆناغەدا بووەتە زمانحاڵی جەمعییەتی تەعالی کوردستان.
مەسعود یەگان، لە پەڕتووکەکەیدا کە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بریتانیی سەبارەت بە کوردستان وەرگێڕاوە، یەکێک لەو بەڵگانەی داناوە کە باسی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی کورد و بەرپرسانی حکومەتی عوسمانیی کردووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، کۆمیساری باڵای ئینگلیزیی لە ئەستەمبوڵ لەرۆژی 23ی جوڵای 1919دا، پوختەی وەرگێڕانی ڕاپۆرتێکی نافەرمی سەبارەت بەگفتوگۆی نێوان ئەندامانی لێژنە کوردییەکەی جەمعیەتی تەعالی کوردستان و حکومەتی تورکیی لەئەستەمبول لە 10ی جوڵایدا، بەرزکردۆتەوە، ئەو گفتوگۆیەی لەسەر بانگیشتی حەیدەریزادە ئیبراهیم ئەفەندی، شێخولئیسلامی پێشوو و ئەندامی ئەنجوومەنی ئەو کاتی کابینەکەی داماد فەرید پاشای سەدری ئەعزەم، بوو. ئەوانەشی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون بریتیبوون لە: سەید عەبدولقادری گەیلانیزادە، ئەمین عالی بەدرخان، مەولان زادە ڕیفعەت، موقەدەم ئەمین بەگ، ڕائد عەونی بەگ، کۆبوونەوەکە کاژمیر 4ی بەیانی بەکاتی ئەستەمبوڵ لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 10ی جوڵای لە وەزارەت بەڕێوەچوو، وەزیر عەبوک پاشا و عەونی پاشای وەزیری بەحریەش پێوەی پەیوەست بوون.
سەرەتای گفتوگۆکە لەلایەن حەیدەری زادە دەستی پێ کرد وتی کە گوایە لەلایەن والییەکانی کوردستانەوە، تەلەگرافی ئەوتۆ سەبارەت بە لقەکانی جەمعیەتە کوردییەکە هاتووە کە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، ئەو ڕووی کردە سەید عەبدولقادر وتی: پیمان باشە لەم ڕووەوە ڕوونکردنەوە بزانین و ئەگەر بتوانی داواکارییەکانی خۆت بە نووسین پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بکەیت. لێرەدا ئەمین بەگ دەڵێت: هیچ فەرمانێکی فەرمییمان بە لقەکانمان نەداوەو ئەو تەلەگرافانەی کە لەوالی ویلایەتەکانەوە گەیشتوون بەتەواویی ڕاست نین. ئەگەر کۆپییەکانت پێیە پێشانی بدەن با وەڵامی پێویستی بدەمەوە.
حەیدەریزادە: پێویستە بڕوام پێبکەیت، هەروەک دەزانم کوردان نایانەوێت دەوڵەتی عوسمانیی جێبهێلن، بەڵام لەوانەیە هەڵخەڵەتابن. ئینگلتەرا کە سلێمانی داگیرکردووە، هەوڵدەدات کوردستانی مەزن درووست بکات و پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی (مەبەستی پارێزگا کوردییەکانی باکووری کوردستانە/ سەردەشتی) بخاتەسەر. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە دەیبینین.
مەولان زادە ڕیفعەت: ئەگەر کارەکە بەم جۆرە بێت، ئەوا ئینگلتەرا بوونی کوردستان و دەوڵەتی عوسمانیی باشتر لە فەرید پاشا دەپارێزێت! چونکە کوردستانی مەزن زیاتر لە ئەرمینیای مەزن زیاتر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عوسمانیی دەپارێزێت و لانی کەم دەوڵەتەکە بەتەواویی وەک دەوڵەتێکی موسوڵمان دەمێنێتەوە.
حەیدەریزادە: بەتەواویی تێناگەم مەبەستت چییە؟
مەولان زادە ڕیفعەت: وەک دەزانی، سەدری ئەعزەم لەوتارەکەیدا لەکۆنگرەی پاریس بەوە ڕازی بووە کە ئۆتۆنۆمییەکەی فراوان بداتە ئەرمەن، ئەوەش بەسرووشتی حاڵ وایکردووە نەتەوەی کورد موتەئەسیربێت.
عەونی پاشا: ئەم ئۆتۆنۆمییە فراوانە بە زەوییەکانی ئێمەوە پەیوەست نییە و بەکۆماری ئەرمینیاوە لە قەفقاس، پەیوەستە.
مەولان زادە ڕیفعەت: تێناگەم چۆن سەدری ئەعزەم دەتوانێت بە زەوییەکەوە پابەندبێت کە هی ئێمە نییە!
عەبوک پاشا: (بە بێزارییەوە) کەواتە فەرمانمان دەرکردووە و تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکانمان گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانمان، نیگەران مەبە.
ڕائید عەونی بەگ: کەواتە فەرمانی تەواومان بدەنێ بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە کوردستان.
ئەمین بەدرخان: کەواتە بۆ گلەیی و شکایەت دەکەن و پەلامارمان دەدەی؟!
حەیدەریزادە: ئێمە شکایەت ناکەین، ئێمە لەلایەنگری کوردان دڵنیاین، بەڵام دەمانەوێت داواکاری جەمعیەتەکە بزانین.
سەید عەبدولقادر: ڕاگەیەنراوەکەی سەدری ئەعزەم زۆر ڕوونە، ئەو دەیەوێت قوربانی بە کوردستان بدات لەپێناوی ئەرمەندا.
حەیدەریزادە: قسەکانی فەردید پاشامان لەرووی پرەنسیپەوە پی خراپ بوو، تەنانەت بڕیارماندا ڕاستیشی بکەینەوە.
مەولان زادە: ئەگەر شتەکە بەم شێوەیەیە، بۆچی تا ئێستا بۆ خەڵکتان ڕانەگەیاندووە؟!
حەیدەریزادە: چاوەڕیی لێبوونەوەی سەدری ئەعزەمەکەمان دەکەین.
عەونی پاشا: با ڕاشکاوانە قسە بکەین، ئەمڕۆ چارەنووسیمان تاڕادەیەک چەسپاو نییە، پێویستە بۆ ئامانجێکی هاوبەش کاربکەین. لە حاڵی ئێستادا، ئێمە چاوەڕیی هاوکاریی و گویڕایەڵی ئێوەین. کەی گەیشتە کاتێک بەو چەشنە بیرتان لێدەکەینەوەو ئەوساکە پێتان ڕادەگەیەنین. تا ئەو کاتە بڕۆن بایەخ بە کاروباری خۆتان بدەن.!
مەولان زادە: بەڵام لە پاش ئەوە ئایا کات بەتەواوەتی تێناپەرێت بۆ ئەوەی بایەخ بە کاری خۆمان بدەین؟! ئێستاکە خەریکە چارەنووسی هەمووان لە کۆنگرەی پاریسدا دیاری دەکرێت. لەسەر هەموو حکومەت و نەتەوەیەک پێویستە ڕێز لەو بڕیارانە بگرێت کە لەوێ دەردەچێت. هەر بۆیە کۆمەڵگەکەمان هەوڵدەدات کە ئاشتی و ئارامیی لە کوردستان بپارێزێت لەپێناو نەتەوەی کورددا.
ئەمین عالی بەدرخان: ئایا حکومەتی عوسمانی دەتوانێت لێرە بەدوا گرێنتی بوونی کوردستان بکات؟! ئایا بە بوونی حکومەتێکی سەربەخۆ ڕازی دەبێت؟!
عەونی پاشا: ئەگەر ئەو کارە بەدەستی من بێت، بەڵی پەسەندی دەکەم. حکومەت لێرە بەدواوە ناتوانێت ئەم شێواز و نموونەیە بپارێزێت (مەبەستی ناوەندگەراییە/سەردەشتی) من لەگەڵ ئەو هێزانەدا بووم کە لەکاتی ڕاپەڕینی ئیمام یەحیا ڕەوانەی یەمەن کران، تەنانەت ئەو کاتەش لەگەڵ ئیمام یەحیا گەیشتینە ڕێکەوتنێکی مامناوەندی. من ئەو کاتە ئاماژەم بە پێویستی پێدانی ئەو دەسەڵاتە دا، بەڵام هاوڕێکانم گوێیان لی نەگرتم و وتیان تۆ هەڵەیت، بەڵام دواتر هەر کارەکەیان بەو شێوەیە بەڕێکرد کە من پێم وتبوون. بەوەش کارێکی باشیان کرد، چونکە بەگرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە، لەکاتی جەنگەکە ئیمام یەحیا بەرهەڵستی نەکردین.
ئەمین بەدرخان: ئەگەر دەتەوێت جیاوگ بدەیتە کوردستان، باشتر نییە لە واقیعدا فەرمانڕەوایەکی کورد و بەرپرسانی کورد ڕەوانەی کوردستان بکرێت؟!
عەونی پاشا: بۆچی نا ؟! پێمان بڵی کێ بە شایستە دەزانی؟
سەید عەبدولقادر: تۆ دەزانی کە لەسەر پێداگریی من، لە ماوەی پێشوودا دوو والی کوردم بۆ ئامەد و مەعمورەتولعەزیز (ئیلازیک) دەستنیشانکرد، لەگەڵ ئەوەش، بۆ ڕۆژی دواتر، فەرید پاشا دانی بەم بڕیارەدا نەناو ئەو هەمیشە دژی کوردانە.
عەونی پاشا: دڵنیات دەکەمەوە ئەوە فەرید پاشا نەبوو کە دانی بە بڕیارەکەدا نەنا!
سەید عەبدولقادر: ئەی کێ بوو؟!
عەونی پاشا: ناتوانم ئێستاکە ئەوە بڵێم!
گفتوگۆو گەنگەشەکە سەبارەت بەم بابەتە بۆ ماوەیەک درێژەی کێشاو بەڵینی دامەزراندنی والییەکی کورد و چەند بەرپرسێکی کورد بۆ کوردستان درا.
هەر بە پشتبەستن بە نامەیەکی میستەر هۆهلەر لە ئەستەمبوڵەوە بۆ میستەر تیلەر لە لەندەن، حەقان ئۆزگیلو، نووسیویەتی کە مەولان زادە لە وەڵامی یەو پرسیارەی کە بۆچی جەمعیەتی تەعالی کورد بێ مۆڵەتی حکومەت دیداری لەگەڵ بریتانییەکان ئەنجامداوە، وتویەتی:
بەگوێرەی بنەماکانی ویلسۆن، هەموو نەتەوەیەک مافی یەوەی هەیە کە بۆ خۆشگوزەرانیی و سەرپێکەوتنی خۆی تێبکۆشێت...کورد هاتۆتەسەر ئەو باوەڕەی تەنیا هێزێک کە ئازادیی و ئاساییشیان مسۆگەر بکات، بەریتانیای مەزنە. هەر بۆیە بە شیاویان زانیوە کە لە دەسەڵاتدارانی بریتانی نزیک بنەوە. مەولان زادە ڕیفعەت، پرسیاری کرد کە چۆن حکومەتی تورکیی دەتوانێت هەر مافێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد مسۆگەر بکات لەکاتێکدا ئاییندەی خۆی نادیارە..
خوێندنەوەیەکی سەرپێی ئەم گفتوگۆیە بەسە بۆ ئەوەی درک بەو ڕاستییە بکرێت کە دەسەڵاتدارانی تورکی خۆ بەلیبراڵزانی عوسمانیی لەئەستەمبوڵ، ئەوانەی خۆیان لەلایەنگرانی حیزبی حوریەت و ئیئتلافدا بەرێبەری داماد فەرید پاشای زاوای سوڵتان وەحیدەدیندا دەبینیەوە، هەروەک ئیتحادییە کۆنەکان و نەتەوەییخوازەکانی شوێنکەوتووی مستەفا کەمال، داوای هاوکاریی و گوێڕایەڵییان لەکوردان و ڕێبەرانیان و پاراستنی ئارامیی و ئاساییشی کوردستان دەکرد، بۆ ئەوەی ڕەوشی ناجێگیریی ئیمپراتۆریی عوسمانیی لە قۆناغی پاش شکستی جەنگەکە تێپەڕێنن و مەسەلەی مافی کورد و ئاییندەی کوردستانیان بە داهاتوویەکی نادیار سپاردبوو. ئەم گفتوگۆیە دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەستەمبوڵ و شەخسی فەرید پاشای سەدری ئەعزەم بەراستیی نە دۆستی کورد بوون و نە خواستووشیانە، وەک هەندێک بەهەڵە پێیان وایە ، مافی کورد بسەلمێنن، بەڵکوو ئامادەبوون لەپێناو مانەوەی خۆیاندا فشاری ڕۆژاوا سەبارەت بە مافەکانی ئەرمەن لەسەر حیسابی کورد، بسەلمێنن و کورد بکەنە پارسەنگ و مەترسیی خۆشیان سەبارەت بە خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئەگەری دەستێوەردانی ئینگلیزەکان لەو مەسەلەیە نەشاردۆتەوەو ویستوویانە بەتوندیش ڕووبەڕووی ببنەوەو ئەمەش بە ئاشکرا لەقسەکانی حەیدەریزادەوە دەردەکەوێ، بەڵکوو ویستویانە گەر زۆر ناچاربکرێن بە پێدانی بەڵێنی دانانی والییەکی کورد و چەند بەرپرسێک کێشەی پەرەسەندووی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەیی کورد لەپاش جەنگەکەو لەگەرمەی کۆنفرانسی پاریسدا لەکۆ خۆیان بکەنەوەو تەنانەت هەوڵیانداوە ئەو بەڵێنەش پشتگوێبخەن و جێبەجێی نەکەن. ئەوەی دواتریش لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر بۆ کورد چەسپێنرا زادەی هەوڵەکانی شەریف پاشا و پشتگیریی دەستەبژێریی کورد بوو لەو دواوایانەو بەشێکی چەسپاویش بوو لە تاکتیکی ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی لەئاییندەدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان بیکەنە فاکتەری فشار بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئەستەمبوڵ و هەڵقوڵاوی خواست و ئیرادەو باوەڕی فەرید پاشا و سوڵتان نەبوو، کە نوێنەرانیان لەسەرەتادا ئامادە نەبوون ڕێکەوتننامەکە واژۆ بکەن ودواتر بەسەریاندا سەپاندن.
قسەکانی مەولان زادە کە بۆخۆی لەم کۆبوونەوەیەدا بووەو ئەندامێکی نوێنەراییەتییە کوردییەکە بووە، زۆر جێگەی بایەخن و دەردەکەوێت کە ئەو بەردەوام پرسیار لەو دووڕوویی و سیاسەتی خافڵاندن و دژبە کوردەی حکومەتەکەی داماد فەرید پاشا دەکات و ڕەخنەی دەکات. هەر وەها پێی وایە چاوەڕێکردن و متمانەکردنی بێبنەما بە بەڵێنە بێوادەکانی دەسەڵاتدارانی ئەستەمبوڵ دەبێتە هۆی لەدەستچوونی دەرفەتێکی گەورە لەدەست کورد و لەدۆخێکی هەستیاری بەو شێوەیەدا کە تیایدا چارەنووسی ئیمپراتۆرییەکەو نەتەوەکانی دیارییدەکرێت، ناکرێت مەسەلەی کوردستان و مافەکانی کورد بە قەزاوقەدەر و خانەی چاوەڕوانیی بسپێردرێت و داو دەکات ئەگەر حکومەتی ئەستەمبوڵ بەراستیی خەمخۆریی مانەوەی ئیمپراتۆرییەکەیە بە یەکگرتوویی دیدی ڕاشکاوانەی خۆی سەبارەت بەمافی کورد و کوردستان ڕابگەیەنێت و سیاسەتی دووڕوویی بنێتەلاوەو قومار بە چارەنووسی کوردەوە نەکات.
لەراستییدا، کەسانی وەک مەولان زادە ڕیفعەت و ئەندامانی هۆشیاری ڕێکخراویی جەمعیەتی تەعالی کوردستان لەم قۆناغەدا ناحەقیان نەبوو لە ئاییندەی کوردستان نیگەران بن، چونکە نە حکومەتەکەی فەرید پاشا و سوڵتان لەئەستەمبوڵ لەسەر ئەرزی واقیع هیچیان دیار بوو، وەک بلەچ شیرکویش دەڵێت: هەفتە لەپاش هەفتە و مانگ لەدوای مانگ تێپەڕی فەرید پاشای سەدری ئەعزەم هیچ یەک لەبڕیارەکانی ئەو لێژنەیەی جێبەجێنەدەکرد و وادەی بێ جێو ڕێی دادەنا، ئەوەی نیشتمانپەروەرە کوردەکانی بێزارکردو وای لێکردن هەوڵی نوێ بۆ دواکانیانی لەنێو بازنە سیاسییەکانی ئەوروپاو وڵاتانی دیکە بدەن. لەولاشەوە مستەفا کەمال کە حکومەت خۆی وەک پشکنەر ڕەوانەی ئەنەدۆڵی کردبوو، لە کوردستان خەریکی خۆکۆکردنەوە و ڕێکخستنی هێزەکان بوو تاوەکوو لەئاییندەیەکی نزیکدا بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی تورک بەکاریان بهێنێت و هەر 13 ڕۆژ پاش ئەم کۆبوونەوەیەش لە ئەرزڕۆم یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست. لەلایەکی تریشەوە، ئەمریکییەکان هاوشێوەی کۆمیسیۆنی کینگ کراین کۆمیسیۆنێکیان بەناوی '' هاربۆرد ڕەوانەی ئەنەدۆڵ کردو پێشنیاری ماندێتییەکی ئەمریکییان لە ناوچەکە دەکرد بەقازانجی ئەرمەنییەکان. هەموو ئەمانە نیگەرانیی و دڵەراوکێی کوردانی ئەستەمبوڵی توندتر دەکرد و دەترسان لەئاییندە هەروەک ڕوویدا سەریان بێ کڵاو بمێنێتەوە.
$ئەڵقەی بیست و پێنج: مەولان زادەو پەیوەندییکردن بە بریتانییەکان و یۆنانییەکانەوە$
دیارە بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، هەر لە یەنایەری 1919ەوە، سەید عەبدولقادر دەستەیەکی لە ئەندامانی جەمعییەتەکەی پێکهێنا بە ناوی دەستەی کوردە دیموکراتەکان بۆ چاوپێکەوتنی نوێنەرانی هاوپەیمانان بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان و ئەو دەستەیە چاویان بە دپلۆماتی ئینگلیز و شارەزای کاروباری تورکیی (ئەندرۆ ڕیان) کەوت، ئەوان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پشتگوێخستنی داواکارییە نەتەوایەتییەکان پێشانداو داوای پشتگیریی بریتانییان کرد بۆ سەربەخۆیی کوردستان. پێدەچێت مەولان زادە ئەندامێکی ئەو دەستەیە بووبێت چونکە پاشان ئەندرۆ ڕیان تانەی لە هەڵوێستی پێداگرانەی سەربەخۆییخوازیی و نەتەوایەتیی ناوبراو داوە و دەڵێت کە ئەو هەلپەرستێکی سیاسییە و بادانەوەی توندی بەرەو ناسیونالیزمی کوردیی، بەشێکی بچووکی بۆ ئەو هاندەرە دەگەڕێتەوە کە دەست بەسەر زەوی بنەماڵەکەیدا لە باکووری میسۆپۆتامیا بگرێتەوە!
مەولان زادە، وەک ئەندامێکی چالاکی جەمعییەتی تەعالی کوردستان و جێمتمانەی سەید عەبدولقادر، لە هاوینی 1919دا، چاویان بە ئەفسەری بریتانی مێجۆڕ ئێدوارد نۆێل کەوت. نۆێل بەو پێیەی دەبوو بچێتە کوردستان، بڕیار بوو سەرەتا لەگەڵ مەولان زادەو سەید عەبدولقادر بڕوات، بەڵام ئەمە سەری نەگرت و دواتر مەولان زادە پێی وابوو کە نابێت نۆئێل بە تەنیا بڕواتە کوردستان. هەر بۆیە داوای لە جەلادەت و کامەران بەدرخان کرد کە لە ڕۆژنامەی سەربەستییدا بەرپرسیار بوون، لەگەڵی بچن. دەوترێت خودی مەولان زادە لەگەڵ ئەم گرووپەدا هەتاوەکوو مەڵاتییە ڕۆیشتووە. شایەنی باسە، خودی مستەفا کەمال و بەگوێرەی بەڵگەکانی ژمارە 63و 65 کە جفرەن و بۆ فەرماندەکانی لەشکری 15و 20و 12ی ناردووە لە ئەرزڕۆم و ئەنکەرە و ماڵاتییە، دانی بە هاوەڵیی مەولان زادەدا لەگەڵ مێجۆر نۆئیل ناوە و ئامانجی ئەم سەردانە، پەیوەندییکردن بوو بە عەلی غالب بەگی والی ئاڵازیز و خەلیل بەگی موتەسەریفی ماڵاتییە و پرۆپاگەندە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆو ڕێگریی لە بەهێزبوونی تورکە نەتەوەییەکان.
لە سەروبەندی توندبوونەوەی ململانێی تورکە کەمالییەکان لەگەڵ یۆنانییەکان و بایەخپێدانی بریتانییەکان بە مەسەلەی کوردستان، ئەفسەرێکی ئاساییشی یۆنانیی، لە مایۆی 1921دا، گەیشتە باڵیۆزخانەی یۆنانی لە ئەستەمبوڵ و خوازیار بوو چاوی بە مەولان زادە بکەوێت. لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئەو ڕوونیکردەوە کە دەوڵەتی یۆنانیی دەیەوێت لە دژی کەمالیستەکان پشتگیریی کورد بکات. ئەو وتی کە یۆنان ئامادەیە هاوکاریی مادیی و چەکداریی کورد بکات و لە بەغداوە چەکیان ڕادەست بکات گەر بیانەوێت پێکەوە کار بکەن و بریتانییەکانیش لەم بارەیەوە ئاگادارن. مەولان زادە، پاش شەنوکەوکردنی بابەتەکە لەگەڵ هاوڕێکانی لە جەمعییەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعی لە ئەستەمبوڵ، لەسەر بەستنی ئەو پەیوەندییە ڕێکەوتن بە مەرجێک لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانی دەوڵەتی یۆنانییدا ڕێکەوتن بکەن. هەر بۆیە لە 13ی جوڵای 1921دا، شەش نوێنەری کورد کە یەکێکیان مەولان زادە بوو، ئەوانی تر: مستەفا پاشا، خەلیل بەدرخان، حەمزە ئەفەندی، فەوزی ئەفەندی و حەمدی پاشا بووک، لە ئەستەمبوڵەوە بەرێکەوتن بەرەو ئەزمیر و لەوێ چاویان بە سەرۆک وەزیران و وەزیری دادی یۆنانیی دیمیترۆیس گۆناریس کەوت و لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێکەوتن لەبەرانبەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستاندا کە پایتەختەکەی شاری موسڵ بێت و پاڵپشتیی مادیی و چەکداریی یۆنان، دژی کەمالیستەکان بجەنگن.
هەرچەندە، ئەو شەش نوێنەرە کوردە بەسواری کەشتی هەوڵیاندا بچنە یۆنان، بەڵام لەراستییدا بریتانییەکان بڕیاری خۆیان دابوو سەبارەت بە بەستنەوەی باشووری کوردستان بە ویلایەتی بەغدا و بەسڕەوە و لەمپەڕیان خستە بەردەم ڕێکەوتنەکە. یۆنانییەکایش، پاش ئەوەی لە ئەیلولی 1921دا، لەسەر دەستی کەمالییەکان تووشی شکستی سەربازیی گەورە بوونەوە، جگە لە پاشەکشە هیچ بژارەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نەمایەوە، هەر بۆیە مەسەلەی کورد و کوردستان و ڕێکەوتنیان پشتگوێخست.
نوێنەرانی کورد پاش ماوەیەک دەچنە بە‌غدا بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئنگلیزەکان و لەوێوە دەچنە باشووری کوردستان. وەک موراد ئیسی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە فەرەنسییەکان نووسیویەتی، نوێنەران لە سلێمانی چاویان بە سمکۆی شکاک دەکەوێت، بڕیار دەدەن کە مەولان زادە بنێرنەوە بۆ ئەستەمبوڵ بۆ ئەوەی بە گشتیی دۆخەکە بۆ هاوڕێیان ڕوون بکاتەوە. مەولان زادە لە ڕێگەی بەیرووتەوە دەچێتەوە بۆ ئەسینا و لەوێوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەبەیرووت بەهۆی قەشە مارتنوە چاوی بە کۆمیساری باڵای فرەنسیی دەکەوێت و بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بریتانییەکان بایەخی جیددیی بە مەسەلەی کوردستان نادەن و ئەگەر فرەنسییەکان پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بکەن، ئەوا مەولان زادە بە ناوی هەموو ڕێکخراوە کوردییەکانی ئەستەمبوڵ و تەواوی خانەوادەکانی باکوور و باشووری کوردستان بە بەدرخانییەکان و بابانییەکانیشەوە، بەڵێن دەدات کاربکەن بۆ دژایەتیی هەر هەوڵێکی کەمالیستەکان بۆ پەلامار و دەستبەسەرداگرتنەوەی خاکی سووریا. لێرەشەوە فرەنسییەکان کۆمەڵەی گەلانیان لەوە ئاگادارکردەوە کە دەبێت کوردستان لەژێر ماندێتی فرەنسییەکاندا بێت و نفوزی بریتانییەکان لە ناوچە عەرەبنشینەکانی میسۆپۆتامیا تێنەپەڕێت. شارەکانی: ئەرزڕۆم ، وان، بدلیس، ئامەد، سێواس و خارپوت لە باکوورەوە هەتا سلێمانی لە باشوور لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بێت بە مەرجی پێدانی ئۆتۆنۆمی بە (ئەرمەن و ئاسووری و کلدانەکان) . مەولان زادە، پێی وابوو کە ئەگەر ئەم بۆچوونە سەربگرێت، کورد ئیشی بە ئینگلیزەکان نابێت و بوونی کەمالیستەکانیش لە ئەنەدۆڵ نابێتە ڕێگر، چونکە دەتوانرێت باکوور و باشووری کوردستان لەرێگەی ڕۆژاوا و سووریاوە بە دەریاو دەرەوە ببەسترێتەوە. مەولان زادە، پاش ئەمە بەیرووتی بەرەو یۆنان جێهێشت و لەوێ چاوی بە وەزیری دەرەوەو وەزیری جەنگی یۆنان کەوتووە.
سەرکەوتنی یەکجارەکی جووڵانەوەی کەمالیستەکان لەئۆگۆستۆس و سێپتەمبەری 1922دا، بەسەر یۆنانییەکاندا، زەمینەی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی مستەفا کەمال و شکستی حکومەتەکەی داماد فەرید پاشا لە ئەستەمبوڵ و هەڵاتنی ئەندامەکانی ڕەخساند. بەوەش هیچ ئومێدێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی سیڤەر و بەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بە ئاشتیی نەمایەوە.
$ئەڵقەی بیست و شەش: مەولان زادەو دژایەتیی کەمالیستەکان$
ئەم گۆڕانکارییانەی لە دۆخە سیاسی و چەکدارییەکەدا هاتەپێش، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و چالاکیی کوردە نەتەوەییەکانی ئەستەمبوڵیش هەبوو. یەک لەوانەش مەولان زادە بوو، کە بە یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی تورکە کەمالیستەکان و شەخسی مستەفا کەمال دادەنرێت. وەک مستەفا جۆشکون دەڵێت: مەولان زادە ڕیفعەت جووڵانەوەکەی ئەنەدۆڵی بە سێبەری کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی دەزانی و بە هەراکەی یان ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنەدۆڵی ناودەبرد. تەنانەت پێش ئەوەش کە مستەفا کەمال لە ئەستەمبوڵەوە بڕواتە ئەنەدۆڵ، مەولان زادە لە ڕۆژنامەنەکەی حقوق بشر سەرکردەکانی سوپای بە دزیی و گەندەڵیی تۆمەتبارکردبوو، مستەفا کەمالیش لە 25ی مارتی 1919دا، لە ڕۆژنامەی ینی گون / ڕۆژی نوێوە، هێرشێکی توندی کردبووە سەر مەولان زادە و دواتر ناوبراو ئەم بابەتەی لە دادگا کردە دۆسییەک لە دژی مستەفا کەمال. مستەفا کەمال پێش ئەوەی لە دادگا ڕووبەڕووی مەولان زادە بێتەوە ئەستەمبوڵی بەجێهێشت. هەروەها دواتر لە ساڵی 1920دا، حکومەتەکەی ئەنکەرە، بەپێی مادەی 2 لە یاسای خیانت وتنیا قانونو / یاسای ناپاکیی لە نیشتمان مەولان زادەی بەغیابی بە تاوانی خیانەت سزادابوو، کە دەبوو بگیرێت و ئیعدام بکرێت. دواتریش کە حکومەتی کەمالیستەکان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ نەیاران و پیاوانی ڕژێمەکەی پێشوو ڕاگەیاندبوو، ناوی مەولان زادە ڕیفعەت ژمارە 97 بوو لە لیستی ئەو 150 ناوەی کە لێخۆشبوون نەیدەگرتنەوەو قەدە‌‌غەبوو پێ بخەنە نێو خاکی تورکیاوە.
هەر بۆیە مەولان زادە ناچاربوو لە نۆڤەمبەری 1922دا، ئەستەمبوڵ جێبهێڵێت و سێیەمین و کۆتا قۆناغی دەربەدەریی تەی بکات. ئەو لەرێگەی دەریاوە خۆی گەیاندە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆمانیاو لە هۆتێل بولیڤاردی شاری کۆستانتا جێگیر بوو. وێڕای ئەوەی مەولان زادە لەم قۆناغەدا لە دۆخێکی مادیی و گوزەرانێکی خراپدا بوو، بەڵام وەک کوردێکی نەتەوەیی ئازادییخواز و دوژمنێکی سەرسەختی کەمالیزم و مستەفا کەمال، لە هەموو جووڵانەوە و چالاکەییەک بەشدار بووە کە هەتاوەکوو ساڵی 1930 کە ساڵی مردنەکەیەتی، لەدەرەوەو ناو تورکیا دژی دەوڵەتی تورکیای کەمالیست، ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆنسوڵی سۆفیا لە ڕۆژی 26ی ئۆگۆستۆسی 1923دا، مەولان زادە لەگەڵ کەسانێکی وەک: داماد ساڵح پاشا، محەمەد عەلی وەزیری ناوخۆی پێشوو، سەمسۆن ئەریزۆنی، سەلیم و سەعید مەولادا، لە سۆفیا کۆمەڵەیەکیان بەناوی کۆمەڵەی هاونیشتمانان پێکهێناوە و لە ڕێگەی لقەکانیانەوە لە ڕووسە و ڤارناو بوخارست و کەناری دانوبەوە، ناوی فیدائیانی ئەرمەنیی تۆمار دەکەن و خەریکی کار و چالاکیین دژی تورکیا.
ڕۆژنامەی STAMBOUL کە لە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 19ی یەنایەری 1924دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی ڕژێمە کۆنەکە نووسیویەتی:
حیکمەت بەگی کەشتیوان کە بەو زووانە لە سەمیرنای کۆستانتا گەڕاوەتەوە، هەندێک زانیاریی بۆ ڕۆژنامە خۆماڵییەکان سەبارەت بە بوونی چەرکەس ئیدهەم و هاوبەشەکانی لە ڕۆمانیا پێشکەش کردووە.
چەرکەس ئیدهەمیش مانگێکە گەیشتووەتە ڕۆمانیا، پاش ئەوەی کە ماوەیەک لە یۆنان نیشتەجێبوو. پاشان ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆستانتا پەیوەندیی گرت. لەم شارەدا بەرهەڵستکارانی ئەم ڕرژێمە نوێیە کۆبوونەوەکانی خۆیان دەبەستن.
کیرزا حەمدی پاشا، کە یارمەتیدەری دەستەڕاستی سوڵتان وەحیدەدینە، هەروەها عەونی پاشای وەزیری بەحرییە لە حکومەتەکەی داماد فەرید پاشا، ڕیفعەت بەگ مەولان زادە، موقەدەم ئیسام بەگ، خواجە حەلی بەگ سەرکردەی ئیمامی، خواجە سەفوەت، خواجە یوسف قازیی پێشوو، هەموو لەوێ دەبن.
دەوترێت کە مەولان زادە پەڕتووکێکی بە ناوی زایۆنیستانی تورکیا بڵاوکردۆتەوە، باسی جوولەکەی تێدا کردووەو بەرگریی لە ئەرمەن و یۆنانییەکان دەکات و هێرش دەکاتە سەر تورکیا. حکومەتی ڕۆمانیا ئەم پەڕتووکەی قەدەغە کردووەو کۆپییەکانی دەست بەسەرداگرتووە. ئیسماعیل بەگیش کە ئێستا لە بوخارستە، لە ڕۆژنامەکانی ڕۆمانیاوە دژایەتی بیروڕاکانی مەولان زادە دەکات بە قازانجی جوولەکە.
شایەنی باسە، مەولان زادە پەڕتووکەکەی بە ناونیشانی دولت عوسمانیە و سیونستلر ترکیایە یقان یهودیلر / دەوڵەتی عوسمانی و زایۆنییەکان وێرانکردنی تورکیا لەلایەن جوولەکەکانەوە لە شاری کۆستانتا بە تورکیی بڵاوکردەوەو بەزوویش کرا بە فەرەنسیی. ئەم پەڕتووکە لەنێو عەرەبیشدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە. وەک پێشتر لە ساڵی 1910و لە گۆڤاری الجامعە لە میسر بینیمان، ڕۆشنبیرانی عەرەب ئامادە نەبوون گوێ لە مەولان زادە بگرن و پەلاماریان دەدا، بەڵام پاش ئەو نەهامەتییانەی لەژێر دەستی ئیتحاد و تەرەقی بەسەریان هات، لەم قۆناغەدا کەوتنە بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانی و پێداهەڵدانی.
ئەوەتا ڕۆژنامەی الفلاحکە لە مەکەوە چاپ و بڵاودەکرایەوە، لە ژمارە 11ی خۆیدا لە ڕۆژی 3ی نۆڤەمبەری 1923دا، لاپەڕەی سێیەم و چوارەمی بۆ وەرگێڕانی بۆچوون و پەڕتووکەکەی مەولان زادە تەرخان کردووە. ئەو لەژێر ناونیشانی نداء من عاصمە العوسمانیین /بانگەوازێک لە پایتەختی عوسمانییەکانەوە باسی ئەوە دەکات کە چۆن یەکێک لە پیاوە شکۆمەندەکانی تورک مەولان زادە ڕیفعەت بەگ نهێنی دەسەڵاتدارێتی وێرانکەری ئیتحاد و تەرەقی لە پەڕتووکەکەیدا هەڵماڵیوە، کە چۆن بە پاڵپشتیی مادیی و مەعنەویی زایۆنیزم و ماسۆنییەتی جیهانیی و لە ڕێگەی جوولەکەکانی دۆنمەوە زەمینەی دەسەڵات گرتنەدەست و حوکمی ڕەهایان بۆ ڕەخساو بە پیلان و هاوکاریی ئەوان ئیمپراتۆرییەکەیان لەبەریەکهەڵوەشاندو بە دروشمبازیی درۆیینە و چەواشەکاریی و کۆنترۆڵکردنی بواری چاپەمنیی و ڕۆژنامەکان و خۆدەوڵەمەندکردن و گرتنەبەری سیاسەتی تۆرانیزمەوە وڵاتیان وێرانکرد و بەو ڕەشەکوژییانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکە کردوویانە، ستەمێکی گەورەیان دژی گەلانی ئیمپراتۆرییەکە و جووڵانەوەی سەربەخۆخوازیی عەرەب کرد و ئێستاکەش هەر ئەوانەی پێشوو لە ئەنکەرەوە بە درۆ و بە هاوکاریی زایۆنیزم و لەپێناو ئامانجەکانی ئەواندا کە چنگخستنی فەلەستینە و دەیانەوێت وەک ئامرازێک گەورەترین گورز لە جیهانی ئیسلآمی بدەن و سەڵتەنەت هەڵوەشێننەوەو بنەماڵەی ئالی عوسمان ڕیشەکێش بکەن و سیستمێکی کۆماریی لادینیی ڕابگەیەنن. بەمەش مەولان زادە، لە یەکەمینی ئەو نووسەرە سیاسییانەیە کە کودەتای 1908و دەسەڵاتدارێتیی ئیتحادییەکانی بەگوێرەی بیردۆزی پیلانگێڕیی و هاوکاریی زایۆنیزم شرۆڤە کردبێت و پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت و خەلافەت و دامەزاندنی سیستمێکی کۆماریی لە تورکیا کردبێت. هەر لێرەشەوەیە مەولان زادە بووەتە جێبایەخی عەرەب.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، مەولان زادە لەم ماوەیەدا بەلقانی جێهێشتووە و چۆتە یۆنان، هەروەها دوو جاریش سەردانی شاری سان ڕیمۆی کردووە لە ئیتالیا بە مەبەستی بینینی وەحیدەددینسوڵتانی دەرکراوی عوسمانیی و لەوێ خۆی وەک شۆڕشگێڕێکی کورد پێ ناساندووە، بابەتی کێشەی کورد و پێشنیاری هاوکاریی هەردوولای پێشکەش کردووە، هەروەها لەپێناوی گەڵاڵەکردن و ئامادەکاریی بۆ جووڵانەوەیەکی سەرتاسەریی لە کوردستان و تورکیا، چۆتە بەیرووت و حەلەب و بەغداو بە پاسپۆرتی ساختە بە تورکیاشدا تێپەڕیوە.
$ئەڵقەی بیست و حەوت: مەولان زادەو جووڵانەوەکەی شێخ سەعیدی پیران$
مورات ئیسی، لەژێر ناونیشانی یاخییبوونەکەی شێخ سەعید و مەولان زادەدا و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەکی هێزی ئاسمانیی بریتانی، جەخت لەوە دەکات کە مەولان زادە ڕیفعەت و چەرکەس ئیدهەم لە حەلەبەوە پەیوەندییان بە ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدەوە هەبووە و لەکاتی ڕاپەڕینەکەشدا چوونەتە کوردستان و پلانیان هەبووە بۆ ئەوەی بەنهێنیی چاویان بە شێخ سەعید بکەوێت و لەو کۆبوونەوەیەدا نامیلکەیەکی پرۆپاگەندەیی پێبدەن کە لەسەر بەرگەکە نووسراوە لێژنەی یەکێتی موسوڵمانان لە دیمەشق کە مستەفا بەگ ئەترەش لە ساڵی 1924 لە بەغدا چاپیکردووە. هەروەها پاش شکستی ڕاپەڕینەکەو لەسێدارەدانی شێخ سەعید، مەولان زادە ڕیفعەت و چەرکەس ئیدهەم لەسەر سنووری تورکیا-ئێراقەوە، پەیوەندییان بەو ڕاپەڕینانەوە هەبووە کە لە ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە وەک هەکاریی لە دژی تورکیای کەمالیست بەردەوام بوون.
لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی ''STAMBOUL کە لەرۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 22ی دیسەمبەری 1925 دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە لاپەڕەی دووەم و لەژێر ناونیشانی جووڵانەوە گومانلێکراوەکان نووسیویەتی:
مەولان زادە ڕیفعەت کە ناوی لەنێو لیستی ئەو 150 کەسەدایە کە لێخۆشبوون نایانگرێتەوە، لە بەغداوە بۆ ئەسینا سەفەری کردووە و لەویشەوە بۆ بوخارست. ئەو لەگەڵ ڕەشیدی براکەی ئیدهەم چەرکەسی لەپەیوەندییدایە. ئێمە گومانی ئەوە دەکەین کە ئەم کەسانە خەریکن لەپێناو هەندێک جووڵانەوەی ورووژێنەرانە لەم وڵاتە تێدەکۆشن
دکتۆر وەلید حەمدی، لە پەڕتووکە بەڵگەنامەییەکەیدا، دەڵێت کە لە ماوەی پێشوودا، کاتێک ڕیفعەت بەگ مەولان زادە لە ساڵی 1925 لە بەغدا گەڕاوەتەوە، سەردانی ئیسماعیل حەقی نوێنەری لیژنەی پاشایەتیی تورکیی کردووەو هەوڵیداوە ئەو لێژنەیە هانبدات بەوە ڕازییبن لە تورکیادا ڕاپەڕین ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی سوپای تورکیی پەرتەوازە بێت و فشار لەسەر ناوچە کوردییە ڕاپەڕیوەکان کەمبێتەوە.
هەروەها ئەم نووسەرە کاتێک باس لەو کەسایەتییانە کوردیی و ئەرمەنییانە دەکات کە لە ماوەی ساڵانی 1926-1928 لە یانەو کۆمەڵە سیاسییەکاندا هەڵسوڕاون، ناوی ڕیفعەت بەگ مەولان زادە دەهێنێت و لە پەنایدا نووسیویەتی: 'رۆژنامەنووسێکی پێشوو لە کوردانی سلێمانی و ئەندامێکی دیاری کۆمەڵەکە کە پەیوەندییەکی پتەوی بە لێژنەی پاشایەتیی تورکییەوە هەبوو. سەبارەت بە ئیدهەم چەرکەس بەگیش نووسیویەتی: لە ساڵی 1925 لەگەڵ ڕیفعەت بەگ مەولان زادە سەردانی بەغدایان کردووە، ڕێگەی پێنەدرا سەردانی ڕەواندوز بکات، بەبێ ڕەزامەندیی لە بەغدا ڕۆێشت و لە نزیک ڕەواندزەوە کاتێک دەیویست لە ڕێگەی نایاساییەوە بڕوات، دەستگیر کرا
لەراستییدا، ئیدهەم چەرکەسی پێشتر لە جووڵانەوەی نەتەوەییەکان لە ئەنەدۆڵ و لەشەڕی یۆنانییەکاندا ڕۆڵی گرنگی هەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ عیسمەت ئینەنۆو هەروەها مستەفا کەمال، لێیان هەڵگەڕایەوەو بووە دوژمنێکی هەرە سەختی مستەفا کەمال و حکومەتی تورکیا. چنار ئیڵباشی لەو پەڕتووکەیدا کە سەبارەت بە چەرکەسەکانی تورکیا نووسویەتی، باس لە ئیدهەم چەرکەس دەکات و دەڵێت کە هەرچەندە ڕێکەوتننامەی لۆزان لە 1924دا واژۆکرا، بەڵام جەنگی ساردی نێوان یۆنان و حکومەتی کەمالیی، هەتاوەکوو ساڵی 1928بەردەوامبوو. هەر بۆیە یۆنان پشتگیریی ئەو دژەکەمالیستانەی دەکرد کە لە کاتی جەنگەکەو دواتریش ئەو 150 کەسەشی بە دژەکەمالیست ناسرابوون. یۆنا سەنتەری چالاکیی ئەوانە بوو. لە یۆنان چوار گرووپی دژەکەمالیست هەبوون...یەک لەو گرووپانە گرووپی ئیدهەم چەرکەس بوو کە لە: ڕەشید، تۆفیق، ماژۆر کورد عەبدوڵڵا، نەقیب کەمال، کازم چەرکەس و کاپتن ئیدهەم پێکدەهاتن. چەرکەس ئیدهەم لە یۆنان بێدەنگ و دەست لەسەر ئەژنۆ نەمایەوە چاوەڕێی لێخۆشبوونی کەمالیستەکان بکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێکیدا تاوەکوو تۆڵە لە مستەفا کەمال بکاتەوە. ئەو لە 4ی ئەبریلی 1925دا، لەگەڵ مەولان زادە، بە پاسپۆرتی یۆنانیی چوونە بەغدا تاوەکوو چاویان بە شێخ تاهیر بکەوێت کە لەوێ شێخێکی لۆکاڵی بوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی پۆلیس، چەرکەس ئیدهەم لە مانگەکانی جون و جوڵای 1925دا، لە بەیرووت و سووریا، لەگەڵ مەولان زادە بووە.
وادیارە ئەوە هەر تورکە کەمالیستەکان نەبوون کە ناوی مەولان زادەیان خستبووە لیستی قەدەغەکراوانەوەو ڕێگەی چوونە تورکیا و باکووری کوردستانیان لێگرتبێت، بەڵکوو بریتانییەکانییش، کە کەمالیستەکان مەولان زادەیان بە سیخوڕی ئەوان ناوزەد دەکرد، ناوی مەولان زادەیان خستبووە ناو ئەو لیستەوە کە دواتر لە فێبرایەری 1929دا، ڕەوانەی لایەنە پەیوەندییدارەکانی خۆیان لە ئێراق کردبوو، ئەوەی ناوی 32 کەس لە سەرکردە سیاسی و چالاکوانە نەتەوەییە شۆڕشگێڕەکانی کورد و ئەرمەنی لە سووریا تێدایە، ئەوانەی خەریکبوون لە ڕێگەی پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشەوە ئامادەکارییان دەکرد بۆ دامەزراندنی حیزبێکی یەکگرتووی کوردستانیی کە زەمینەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەریی بۆ سەربەخۆیی کوردستان خۆشبکات. بەگوێرەی ئەم لیستە، ئەو 32 کەسە ڕێگەیان پێ نەدرێت لە سووریاوە پێ بنێنە خاکی ئێراقەوە. شایەنی باسە، ناوەکان بە جەلادەت و مەمدوح سەلیم و سوورەیاو کامیل و کامەران بەدرخان و خەلیل ڕامی دەستپێدەکات و بە حاجۆ ئاغاو جاسم ئاغاو بەدرەدین ئاغاو ئەمین پەری خان و محەمەد تۆفیق موڵکی و شەفیق عەلی و ئیحسان نووری بەگ و دکتۆر کراچیم مورادیان و دکتۆر ئەحمەد سەبری و ئیدهەم چەرکەسی کۆتایی دێت. ناوی ڕیفعەت بەگ مەولان زادە لە لیستەکەدا ژمارە 10 یە.
لە ڕاستییدا، بریتانییەکان بەو هۆیەی کە لەم قۆناغەدا خەریکبوون کێشەی ویلایەتی موسڵ و باشووری کوردستانیان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بەقازانجی خۆیان یەکلا دەکردەوەو پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر ڕاپەڕینەکانی کوردیان لە سلێمانی سەرکوت کردبوو، کاریان بۆ بەستنەوەی باشووری کوردستان دەکرد بە حکومەتەکەی فەیسڵەوە لە بەغداو دابینکردنی ئاساییش و ئارامیی بۆ وڵاتی تازەداتاشراوی ئێراق دەکرد، لەبەر ئەوە حەزیان نەدەکرد هیچ جموجۆڵێکی کوردیی بۆ وروژان و ڕاپەڕینی نوێ، بەتایبەت لە کوردستاندا، ببینن.
دانانی ناوی مەولان زادە لەم لیستەدا، بێگومان بۆ ئەو چالاکییە نەتەوەییانە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانییەوە لەپێناوی کێشەی نەتەوایەتیی کورددا، لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامیدەدا. ئەو جگە لەوەی دەیویست کوردانی بەشەکانی کوردستان پێکەوە گرێبدات، لە هەوڵی بەردەوامیشدا بوو هەتاوەکوو پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن و تورکە نەیارەکانی کەمالییزم، هەروەها پشتگیریی دەرەکیی یۆنانییەکان و فرەنسییەکان و پێشتریش ئینگلیزەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەدەست بێنێت.
$ئەڵقەی بیست و هەشت: مەولان زادە و جینۆسایدی ئەرمەن$
شایەنی باسە، مەولان زادە ڕیفعەت بەگ لە ساڵی 1927دا، ڕەگەزنامەی لوبنانیی وەرگرت، هەر لەم ساڵەشدا عولووییە مەولانی هاوسەریی لە ئەستەمبوڵ لە دادگا داوای جیابوونەوەی کردو دادگاش داواکەی پەسندکرد. ئەو لەم ماوەیەدا بە زمانی تورکیی لە ڕۆژنامەی (الجمهور العربي) دا کە لە حەلەب دەردەچوو، بابەتی بڵاودەکردەوە.
هەروەها لەم ساڵەدا مەولان زادە لە چاپخانەی (وەقت حەلەب)، پەڕتووکێکی بە تورکیی نووسی بە ناونیشانی ترکیایە انقلابن ایچ یوزو / ڕووی ناوەوەی شۆڕشی تورکیی، ئەم پەڕتووکە خوێندنەوەیەکی ڕووداوەکانی قۆناغی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانییە لە ساڵی 1908ەوە هەتاوەکوو هاتنەسەرکاری کەمالیستەکان و زۆر باس و لێکدانەوەی سیاسی گرنگی لە خۆگرتووە، کە هەندێکیان، بەتایبەت پاڵپشتیی زایۆنیزم و ماسۆنییەتی جیهانی بۆ ئیتحادییەکان، پێشتر قسەی لێوەکردبوون و هێندێکیشی یەکەم جاربوون بە ڕوونیی ئاماژەیان بۆ بکات. ئەو وەک ئاگادارێکی ڕووداوەکان و وەک کەسێکی بایەخدارو نزیک لە سیاسەتکارانی ئۆپۆزسیۆنی عوسمانیی و ڕێکخراوە ئەرمەنییەکان و کۆنسوڵە بیانیەکان، زۆر بەوردیی هۆکارەکانی پشتی پەردەی ڕووداوەکانی ئەو قۆناغەی شرۆڤەکردووەو ڕووی ڕاستەقینەی پیاوانی ئیتحاد و تەرەقی و دواتر کەمالیستەکانی دەرخستووە.
مەولان زادە لە بەشی 7و 8و 9و 10ی ئەم پەڕتووکەیدا، بەوردیی شرۆڤەی تاوانی جینۆساید و ڕەشەکوژیی ئەرمەنەکانی نێو ئیمپراتۆریی عوسمانیی دەکات، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تۆرانیی ئیتحاد و تەرەقیەوە ئەنجامدران. ئەو باس لەو بەرنامەیە دەکات کە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە بۆ کۆمەڵکوژیی ئەرمەن و قەڵاچۆکردنیان دانرابوو، لەو بارەیەوە تەواوی قسەکانی دکتۆر بەهادین شاکیرو دکتۆر نازم و شوکری بەگی، کە لیژنەیەکی سێ کەسیی جێبەجێکار بوون بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بە پاڵپشتی تەشکیلاتی مەخسوسەو شەخسی تەلعەت پاشا، لە فێبرایەری 1915دا، ڕاگواستووە. پاشان لە بەشی دوازدەیەمدا، تاوانەکانی تورکە تۆرانییەکانی ئیتحاد و تەرەقی دژ بە عەرەب باسکردووە، ئەوەی بەدەستی جەمال پاشا و بە مەبەستی پاکتاوکردنی عەرەب لە شام و بۆ قازانجی جوولەکە ئەنجامدراون. لە ڕاستییدا، ئەم کتیبەو زانیارییەکانی ناوی بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و ڕەسەن و بنەڕەتیی لەلایەن ئەرمەنەکانەوەو هەر کۆڵەرێک لەسەر ئەو قۆناغەو کێشە و جینۆسایدی ئەرمەن کاری کردبێت.
شایەنی باسە، وردیی و هەستیاریی زانیارییەکانی ئەم پەڕتووکە ، بەتایبەت سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەن، وایکردووە کە هەندێک نووسەر لەکاتی پشتبەستن بەم پەڕتووکە، مەولان زادە بە یەکێک لە ئەندامە دیارو باڵاکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی لەقەڵەم بدەن کە لە دانیشتنە نهێنییەکاندا بەشداریی کردووە، لەکاتێکدا مەولان زادە هەموو ژیان و کار و چالاکییەکانی دژی ئەوان بووە. دیارە یەک لەو مێژوونووسە دیارانەشی ئەم هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕیوەو دووبارەی کردۆتەوە ڕەوانشاد دکتۆر کەمال مەزهەر بووە.
$ئەڵقەی بیست و نۆیەم و کۆتایی: مەولان زادە ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن لە جووڵانەوەکەی ئارارات$
باربارا هێنینگ، لەژێر ناونیشانی کۆلۆنیالیزمی پاتێرنالستیکی فەرەنسیی لەگەڵ نوێنەرە کوردییەکاندا یەکانگیر دەبێتەوە باس لەوە دەکات کە لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، فەرەنسییەکان لەسووریاو لەپێناو کۆنترۆڵکردنی زیاتری سنوورەکانی ناوچەی ماندێتییەکەیان، کاریگەریان لەسەر قەوارەگرتنی کۆمەڵگەی کوردیی لە ڕووی سیاسییەوە هەبووە و ویستوویانە هەروەک باکووری ئەفریقا، سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی پاتریارکی جێبەجێبکەن. لەو ڕووەشەوە، ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخانیان وەک نێوانگرێکی خۆیان و خەڵکی کورد بینیوەتەوە. چونکە ئەوان باشتر دەیانتوانی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کوردیی لەگەڵ بەرژوەندییەکانی سیاسەتی فەرەنسیی لەو وڵاتە بگونجێنن.
باربارا، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی فەرەنسی کە لە 4ی یەنایەری 119928دا نووسراوە، دەڵێت: ئیدارەی فەرەنسیی جەلادەت و کەمەران بەدرخانیان لە سەرکردەکانی دیکەی کوردستانی هاوشێوەی مەولان زادە ڕیفعەت و نەوەکانی شێخ سەعید لەلا لەپێشتر بوو کە هەڵوێستی زیاتر بەرهەڵستکارانەیان لەهەمبەر ڕژێمی ماندێت دەنواند.
ئەمەش دوو خاڵی گرنگ ڕوون دەکاتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە مەولان زادە ڕیفعەت خاوەنی ڕاو هەڵوێستی تایبەت و سەربەخۆی خۆی بووە، بەپێچەوانەی ئەوەی نەیارەکانی لە تورک و ئینگلیزەکان لەم قۆناغەدا بۆیان بڵاودەکردەوە کە گوایە پیاوی فەرەنسییەکانە. دووەمیش کەسایەتیی چالاک و لێهاتووی مەولان زادەیە کە کوڕانی بەدرخانییش نەیاندەتوانی لە کاری قەوارەگرتنی ئەو کۆمەڵگە کوردییە لە سووریاو هەر چالاکییەکی سیاسییدا پشتگویی بخەن. بۆ نموونە هەر خودی باربارا هێنینگ، کاتێک باس لە ڕۆڵی بەدرخانییەکان لە یەکخستنی کۆمەڵگەی کوردیی لە سووریا دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە جەلادەت بەدرخان لە پێکهێنانی ڕێکخراوی خۆیبوون دا، بەهۆی پەیوەندیی و هاوکاریی مەولان زادە ڕیفعەت بەگەوە توانیویەتی هاوکاریی توندوتۆڵ لەگەڵ غەیرە کورد و غەیرە موسوڵمانەکان و هەروەها پاڵپشتی گەورەی بزووتنەوەی ئەرمەنیی بەدەستبهێنێت و وتاری خۆیبوون سەبارەت بە شوناسی کوردیی بگۆڕێت، بەتایبەت ڕەتکردنەوەی جەختکردنەوە لە ڕووە ئایینییەکەی .
لەراستییدا، دامەزراندنی خۆیبوون لەپێناوی یەکخستنی سەرجەم ڕێکخراو و هەوڵ و تێکۆشانی تەواوی سەرکردە نەتەوەییەکانی کورددا بوو بە مەبەستی هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی گشتی لە باکووری کوردستان دژی داگیرکەرانی تورک و پاکردنەوەی لەهەر سیمبوڵێکی داگیرکاریی هەتا دەرکرنی دوا سەربازی تورکیی و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. وەک 'جۆردی تێجێل لەژێرناونیشانی چالاکییەکانی خۆیبوون لەسایەی نفوزی داشناقدا دەڵێت کە کرۆکی دامەزراندنی خۆیبوون لە کۆتایی ساڵی 1927دا، چەند سەرکردەیەکی کورد بوون کە یەکێکیان مەولان زادە ڕیفعەتە .
لەم بارەیەوە، میشێل گونتەر دەڵێت کە لەم قۆناغەدا مەولان زادە ڕیفعەت وەک ڕایەڵەو هۆکارێکی پەیوەندیی لەنێوان کوردەکانی نێو خۆیبوون و ئەرمەنییەکان کاریکردووە. ئەم کەسایەتەییە ئەو نووسەرە کوردەیە کە وەک پرۆپاگەندیستێکی دژەتورک ئەو کۆبوونەوەیەی ئیتحاد و تەرەقی گێڕابۆوە کە ساڵی 1915 بۆ بڕیاڕدان لە قڕکردنی ئەرمەن ئەنجامیاندابوو. وا دەخەمڵێنرێت کە ئەم ئاشکراکردنە ئاسانکاریی بە هاوپەیمانیی کورد و ئەرمەن کردبێت. دکتۆر توتنچیانی سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندیی داشناق لە سووریا، خزمەتی ئامانجی پێکەوە کارکردن و هاوبەشییەکەی ڕیفعەتی کرد.
خۆیبوون لە بەهاری ساڵی 1930، بە ڕێبەری ئیحسان نووری پاشا، ئاگری ڕاپەڕینێکی گەورەی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان هەڵگیرساند کە ناوەندەکەی چیای ئاگری بوو. ئەم ڕاپەڕینە بەخێرایی ناوچەیەکی فراوانی لە باکووری کوردستان گرتەوەو سەرکەوتنی گەورەی بەسەر سوپای تورکدا بەدەستهێنا. وێڕای هەموو هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیای کەمالیی لە ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتەو کۆکردنەوەی 100هەزار سەربازو بەکارهێنانی چەکی قوورس لە تۆپ و تانک و فڕۆکەی جەنگیی، هێشتا لە جوڵای 1930دا، هێزەکانی لە بەرەکانی شەڕدا تێکدەشکان و پاشەکشەیان دەکرد. هەتاوەکوو تورکیا لە ڕێگەی هەوڵی دپلۆماسییەوە توانی ئێران بکێشێتە نێو جەنگەکەوەو ڕێکەوتنی لەگەڵدا ببەستێت، هەروەها توانی فەرنسییەکان لە سووریاو ئینگلیزییش لە ئێراق ڕازیی بکەن کە ڕێگە لە گەیشتنی یارمەتیی بە شۆڕشگێڕانی ئارارات بگرن و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان بخەنەسەر، ئەوەی ڕۆڵی کاریگەریی لە پاشەکشەو دواتر شکستی شۆڕشەکەدا هەبوو لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا، ئەو مانگەی کە جگە لەو نسکۆ نەتەوەییە، مەرگی مەولان زادە ڕیفعەت بەگیشی بەخۆەبینی و ناوبراو لە تەمەنی 61 ساڵییداو پاش زیاتر لە 35 ساڵ تێکۆشان دژی ستەمکاریی حەمیدیی و حوکمی فاشیستی ئیتحاد و تەرەقی و مستەفا کەمال ئەتاتورک و خەبات بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان، بۆ هەمیشە لە شاری حەلەب لەناکاو دڵی لە لێدان کەوت .
[1]
ئەم بابەتە 521 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
فایلی پەیوەندیدار: 2
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 8
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: ژیاننامە
پۆلێنی ناوەڕۆک: چیرۆکی ڕاستینە
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: ئەستەمبوڵ
فۆڵدەرەکان: کوردانی تاراوگە
وڵات - هەرێم: تورکیا
وڵات - هەرێم: باکووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 17-04-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( شادی ئاکۆیی )ەوە لە: 17-04-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 20-04-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 521 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
کورتەباس
لەبەردەم ئاوێنەکەدا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
کورتەباس
چەکخانە ژەهرینەکان
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
کورتەباس
یادە زیندووەکان
کورتەباس
شای بازان
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
مهناز کاوانی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
کورتەباس
گۆرانی میللی کوردی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,413
وێنە 105,688
پەرتووک PDF 19,152
فایلی پەیوەندیدار 96,427
ڤیدیۆ 1,307
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
کورتەباس
لەبەردەم ئاوێنەکەدا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
کورتەباس
چەکخانە ژەهرینەکان
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
کورتەباس
یادە زیندووەکان
کورتەباس
شای بازان
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
مهناز کاوانی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
کورتەباس
گۆرانی میللی کوردی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.375 چرکە!