$دیارنەمانی دوو ملیار و نیوەکە و چارەنووسی دەوڵەت لە ئێراق!$
#یاسین تەها محەمەد#
#22-10-2022#
لەکاتێکدا کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە ئێراق لە پاشەکشەدان و ئاماژەکانی هەژاری زیاتر دەبن، دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بۆمبێکی گەورەیان تەقاندەوە؛ بڕی 3.7 ترلیۆن دیناری پارەی بارمتەی باج و گومرگ لەلایەن پێنج کۆمپانیای خەیاڵییەوە براوە کە بەهاکەی بە دراوی قوورس دەگاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار!
ئەو پارەیەی کە براوە سپاردەی کۆمپانیا بازرگانی و نەوتییەکانە کە بەگوێرەی یاسا، بڕی 5%ی هەموو گرێبەستێک لە هەژمارێکی بانکی ڕافیدەین دادەنێن تائەوکاتەی پاکتاوی باج و سزاکانی سەریان دەکەن، ئەگەرنا دەست بەسەر ئەو سپاردانەیاندا دەگیرێت. بەم پێیەش، پارەکە بەشێکە لە سامانی گشتی و لە بری باج و ڕسومات و پێبژاردنی وەبەرهێنەرانە.
بردنی ئەم پارەیەش لە گفتوگۆ پەڕڵەمانییەکان و هەواڵە میدیاییەکاندا ناونراوە دزی سەدە، شێوازی ڕاکێشانەکەشی لە ڕێگەی 247 چەکی بانکی و لەنێوان ئەیلوولی 2021 و ئابی 2022 دا بووە کە وڵات سەرقاڵی هەڵبژاردن و مشتومڕی ئەنجامەکانی بوو. ڕێوشوێنەکانی ڕاکێشانی ئەم پارە قەبەیە، ئەوە دەردەخات کە ئەمە تەنیا کاری ئەو پێنج کۆمپانیا هەواییە نییە کە پاساویان بۆ ڕاکێشانی پارەکە دۆزیوەتەوە، بەڵکوو کاری تۆڕێکی بەرپرس و دەڵاڵ و هەندێک ڕێوشوێنی دیکەی ئاسانکەرە کە لە لیژنەی دارایی پەڕڵەمانەوە دەستیپێکردووە تاوەکووگەیشتووەتە دەزگا باڵاکانی حکومەت و ئەم پارە بردنە مۆڵەی لێ کەوتووەتەوە. لەم میانەیەشدا گومانەکان لە دەورووبەری 16 بەرپرسی پەڕڵەمانی و حکومی دەسوڕێنەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاسانکارییان بۆ ئەم پارەبردنە کردووە و لە ئێستاشدا لەبارەی چۆنییەتیی ئاودیوکردن یان خەرجکردنی، لێکدانەوە و گریمانەی جۆراوجۆر هەیە.
کەیسەکە کە ئێستا جێگەی بایەخدانی ناوخۆیی و دەرەکیشە، نوێترین دەرەنجام و لێکەوتەی ئەو سیستمە دارایی و چاودێرییە هیلاک و بێسەروبەرەیە کە لە دەوڵەتی ئێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت، دەکرێت و تەنانەت توانای پاکتاوکردنی بودجەی زۆربەی ساڵەکانیشی نییە (الحسابات الختامیة) ، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردن چۆنیان بوێت پاساوی خەرجکردن بۆ پارە خەمڵێنراو و تەرخانکراوەکان بدۆزنەوە. لەم میانەیەشدا حەیدەر عەبادی کە زۆر بانگەشەی دەستپاکی و گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەکات، لە سەردەمی خۆیدا (2014_2018) ، تاوەکووئێستا تەنیا حساباتی کۆتایی و پاکتاوی خەرجییەکانی بودجەی ساڵی 2015ی بەتەواوی کردووە و تازە بە تازە، وردبینی لە ژمێرەی 2016ش دەکرێت، ئەویش بەگوێرەی لێدوانی دیوانی چاودێریی دارایی!. شتێکی ڕوونیشە کە لە هەر وڵات و جێگەیەکدا ژمێرەی کۆتایی نەبوو، ئەوە مانایەکی ئەوتۆ بۆ خەمڵاندنەکانی بودجە نامێنێتەوە. ئەگەریش بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی مالیکی کە ساڵانی تەخشان و پەخشانکردنی بودجە 100 ملیار دۆلارییەکان بوون، ئەوە چیرۆکەکانی بەهەدەردان و گەندەڵی کۆتاییان نایێت و جگە لەو پارانەی بۆ مووچەی کاش ڕۆیشتوون، سەرجەم خەرجییەکانی دیکە قسە و ڕاپۆرتیان لەسەرە و هەندێک پارەی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانە و دەزگا خزمەتگوزارییەکان هیچ شوێنەوارێکیان نییە، هەندێ پڕۆژەش کە بەردی بناخەیان دانراوە، نە پڕۆژەکە و نە پارەکەشیان هیچی دیار نین!
لە دۆسیەی دیارنەمانی دوو ملیار و نیوەکەی باجدا زانیاریی هێندە سەیر هەن کە لەگەڵ پرەنسیپی دەوڵەتداریدا نایەنەوە و پێچەوانەی هەموو لۆژیکێکن، ئەویش لە کاتێکدا کە مێژووی دیوانی چاودێریی دارایی ئێراق بۆ ساڵی 1927 دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە گەنجێک کە تەمەنی 21 ساڵە، کۆمپانیایەکی بە سەرمایەی ملیۆنێک دیناری ئێراقی (تەنیا 750 دۆلار) دامەزراندووە بە ناوی (ریاح بغداد) ، کەچی بڕی 624 ملیار دینار (500 ملیۆن دۆلار) ی لە پارەی باج ڕاکێشاوە!
لە پاش دەنگدانەوەی دۆسیەکە، دادگە بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی باجی کردووە، هەروەها فەرمانی گرتنیشی بۆ خاوەنی هەر پێنج کۆمپانیاکە دەرکردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی گومان دەکرێت ئەمانە ڕوخساری لایەنی زۆر قووڵ و دەسەڵاتدار بن و، تەنیا ڕووکاری پڕۆسەکە بن، هیچ هیوایەک بە ئەنجامی لێپێچینەوەکە نییە. بەتایبەت ڕیشەی ئاسانکاری بۆ بردنی ئەم پارەیە لە خولی پێشووی پەڕڵەمانەوە دەستپێدەکات و گومان لێکراوەکانیش بەسەر لیژنەی دارایی پەڕڵەمان و جومگەکانی حکومەت و #وەزارەتی دارایی# و دەستەی گشتیی باجدا دابەش دەبن.
ئاشکرابوونی ئەم گەندەڵییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە هەندێک پەڕڵەمانتاری چالاک نایشارنەوە دەڵاڵ هەن لە پەڕڵەمانی ئێراق کە بەرانبەر چەند ملیۆن دۆلارێک بڕگەی یاسایی لە پەڕڵەماندا لە ڕێگەی لیژنەی داراییەوە لە بەرژەوەندیی خاوەن بەرتیلەکە تێدەپەڕێنن. هەروەها لیژنەکانی چاودێری باسیان لەوە کردووە 37 پۆستی وەزیفی و 17 لیژنەی حکومی و پەڕڵەمانی زۆرترین خواستیان لەسەرە لە بەغدا، چونکە دەرفەتیان هەیە گەندەڵی تێپەڕێنن یان چاوپۆشی لێبکەن. هیچ یاسایەکی تایبەتیش نییە کاری ئەم جومگە هەستیارانە ڕێکبخات، هەندێکیش پێیانوایە ئەگەر یاسای تایبەتیش هەبن زۆر لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە نزیکترین نموونە لە ئێراقەوە کە لوبنانە، دەورووبەری 300 یاسای جۆراوجۆری چاودێری و بەدواداچوونی هەیە کەچی دەرەنجامەکەی بە مایەپووچی و داڕمانی باری ئابووری کۆتایی هات، ئەویش بەهۆی سستی و خراپیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.
چیرۆکی پارە بردنەکەی باج ڕاستییەک ئاشکرا دەکات کە دەشێت کۆتایی ئێراق بەهۆی گەندەڵییەوە بێت. لەو میانەیەشدا دەزگای ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق پێیوایە لە ئێستادا ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ئێراق بوونەتەوە بە پلەی یەکەم چوار شتن کە بریتین لە؛ تیرۆر، مادەی هۆشبەر، گۆڕانی کەشوهەوا، گەندەڵی و خستنەلای سامانی گشتی. مەترسیی هەڕەشەی چوارەمیش کە گەندەڵییە لەوەدایە کە ڕێگر و کێشەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەی سێ مەترسییەکەی دیکە کە پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەگەریش بەهەدەردان و گەندەڵی بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ڕەنگە ببێتە هۆکاری سەرەکیی کۆتاییهاتنی دەوڵەت بە مانا ڕاستەقینەکەی و لە بری ئەوە قەوارەیەکی شێواوی وەک دەوڵەتانی شکستخواردوو بەجێبمێنێت و زەقترین نیشانەی ئەم پێشهاتەش، دۆخی ئێستایە کە سەرباری گرانبوونی نرخی نەوت، ئێراق ساڵی 2022ی بە بێ یاسای بودجە بەڕێکرد، لەو یاسا ناکاوە داراییەشی دەریکرد بە ئاگاداریی پەڕڵەمان بڕی 70 ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆفیسە سەربازی و حکومییەکان ڕۆشتووە لە کاتێکدا یاساکە ناوی پاڵپشتیی کتوپڕی ئاساییشی خۆراکە! [1]