$کێ، چۆن، بە چ میتۆدێک حوکم دەکات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کارل پۆپەر پێی وایە ئەفلاتون پرسیارێکی کردووە وا بۆ بیست سەدە دەچێت حوکمڕانیی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردووە. پرسیارەکەی ئەفلاتوون ئەوەیە کێ دەبێت حکومەت بگرێتە دەست و ببێتە حوکمڕان؟ مێژووی وەڵامەکان جیاوازن، هەندێک دەڵێن دەبێت ئەو کەسە عادل بێت، هەندێکی دیکە دەڵێن دەبێت حەکیم و فەیلەسوف بێت، هەندێکی دیکە وڵامیان ئەوە بووە کەسی حوکمڕان دەبێت زانا و دانا بێت هتد..؟
کارل پۆپەر پێی وایە دەبێت گۆڕانکاری لە ئەسڵی پرسیارەکەی ئەفلاتووندا بکرێت، چونکە لەخۆیدا ئەم پرسیارە ناتەواوە. پۆپەر پێی وایە دەبێت پرسیارەکەبەم شێوەیە بکرێت حوکمڕانی دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەک بکرێت، ئیدی کەسەکە گرنگ نییە کێیە کەدەبێتە حوکمڕان. حوکمڕانی درووست دەبێت لە کەس سەنتەرییەوە بگوازێتەوە بۆ میتۆد سەنتەریی
بەبۆچوونی ئەو کەسێکی باش دەشێت حوکمێکی خراپ بکات. بەشێکی زۆری بیرمەندانی فەلسەفەی سیاسەت پێیان وایە ئەو کارەی کە جان جاک ڕۆسۆ کردی هیچی کەمتر نەبوو لە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس و دۆزینەوەی بیردۆزی ئەتۆمیی. ڕۆسۆ باوەڕی وابوو هیچ کەسێک نییە لەئەگەری پێدانی دەسەڵاتێکی زۆردا فاسد نەبێت. بیردۆزە سیاسییەکەی ڕۆسۆ جەختی لە لێکهەڵوەشاندنی دەسەڵاتەکان تفکیک مفهوم القوە دەکردەوە ، بە جۆرێک شتێک بەناوی حاکمی موتڵەق بوونی نەمێنێت، چونکە بەبۆچوونی ئەو هەموو حوکمێکی موتڵەق فەسادێکی موتڵەق بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن بیرۆکەیەکی ڕۆسۆییە. ئەوەی توانی کڵێسا و لویس و قەیسەر و پادشا و حاکمە موتڵەقەکانی ئەوروپا بشکێنێت و شۆڕشی ڕێنیسانس درووست بکات ئەم عەقڵە گەورانەی پشت سیاسەت بوون، نەوەک مۆلۆتۆڤی گەنجێکی حەماسیی پاریس و ئەو ئاگر و ئاسنەی لە شۆڕشی پیشەسازییدا ڕژان بەسەر لویسەکاندا.
هیندییەکان دەڵێن ئەوەی ڕازی نەبوو کورسییەکەی بەجێبهێڵێت بزانە ژێر خۆی پیس کردووە، جا دەسەڵاتی موتڵەق و هێزی ڕەها بەردەوام فەرمانڕەوایان و دیکتاتۆرانی لە مێژوودا تووشی ژەهراویبوون و سکچوونی سیاسیی کردووە و دواتر باجەکەی هەر میللەت میللەتەکە داوێتی.
بەبۆچوونی بەندە گەورەترین کێشەی سیاسەت و حوکم و شۆڕشی کوردیی نەبوونی ماستەرمایند و عەقڵی گەورەی سیاسییە لە پشت جوڵەکانەوە. ئەوەی هەیە بە درێژایی هەشتاساڵی ڕابردوو لەژێر ناوی جەیشێک لە پەڕتووکنووس و ڕۆشنبیر و بیرمەندی سیاسیی و کۆلێژەکانی سیاسەت، هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک چاپلوس و خزمەتکاری حاکمە موتڵەقەکان و سەرانی حوکمی موتڵەقی شۆڕش و دەسەڵات و حوکمڕانیی. دەنا بە چ دینێک ڕەوایە تۆ هەشتا ساڵە خەبات بکەیت بەڵام پەڕتووکێک، ئارتیکڵێکی زانستی، یان پەرەگرافێکی وا زانستیت نەبێت لەسەر ئەو جوڵەو شۆڕشانەی سەد ساڵی ڕابردوو بۆ ئەوەی بتوانیت وەریانگێڕیتە سەر زمانێکی زیندووی جیهان و بتوانیت لە زانکۆیەکی موعتەبەردا ئیڤێنتێک، سیمینارێک یان کۆڕێکی بۆ ڕێکبخەیت و دونیای دەرەوە لە هەشتاساڵی ڕابردووی گەلەکەت تێبگەیەنیت. [1]